بە دیمەن

لە بەرلین دەستگیرکردنی یوکسەل کۆچ ئیدانە کرا

کوردستانیان ڕایانگەیاند؛ دەستگیرکردنی یوکسەل کۆچ لە ئەنجامی قەدەغەکردنی پەکەکەوە بووە کە لە ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٩٣بە دواوە کاری پێ دەکرێت و داوای هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە و ئازادیی یوکسەل کۆچ و هەموو زیندانیانی سیاسی کوردیان کرد."

لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەستگیرکردنی یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکی پێشووی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کوردانی ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) ئیدانە کرا.

کوردستانیان لەسەر بانگەوازی ئەنجوومەنی ژنانی ناوەڕاستی-بەرلین و دەست-دان هێڤی لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ کۆبوونەوە و ریانگەیاند؛ ئەڵمانیا بۆ چارەسەری پرسی کورد تەنیا لێدوان دەدات، بەڵام بە کردەوە پارێزوانانی ئاشتی تاوانبار دەکات.

لە میانی چالاکییەکەدا پانکارتی "ئاشتی تاوان نییە"، "ئازادی بۆ یوکسەل کۆچ" و "قەدەغەکردنەکانی سەر پەکەکە هەڵبگرن" بەرز کرایەوە.

هەروەها لە چالاکییەکەدا ئەوەش بە بیرهێنرایەوە کە ئەڵمانیا بانگەوازیەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکی بە ئەرێنی زانی و بڕیاری پەکەکە بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری کە لە ١٢ی ئایاردا ڕاگەیەندرا بە هەنگاوێکی ئەرێنی زانی و پشتگری خۆی نیشاندا. بەڵام دەستگیرکردنی کەسایەتیەک کە بۆ ئاشتی تێدەکۆشێت پێچەوانەی ئەو هەڵوێستانەیە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش ئاماژەی پێکراوە کە یوکسەل کۆچ بەساڵانە بۆ ئاشتی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ تێکۆشان دەکات، دەستگیرکردنی کۆچ لە ئەنجامی قەدەغەکردنی سەر پەکەکەیە کە لە ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٩٣بەدواوە کاری پێدەکرێت. بەداخەوە ئەم قەدەغەکردنە بۆ سەرکوتکردنی داواکارییەکانی گەلی کورد لە پێناو ئاشتی و دیموکراسیدا بەکار دەهێنرێت.

ئەم داواکارییانە ئاراستەی حکومەتی ئەڵمانیا کرا:

- یوکسەل کۆچ و سەرجەم زیندانیانی سیاسی کورد ئازاد بکرێن.

- دەبێت قەدەغەکردنی سەرر پەکەکە هەڵبگیرێت.

- دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی بەتاوانبارکردن دژ بە گەلی کورد بهێنرێت.

- پێویستە پشتیوانی جدیی لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بکرێت.

OSZAR »