کۆبوونەوەی کاتی ئەنجومەنی بەڕێوەبرییە ناوخۆییەکانی دەم پارتی لە ناوەندی کۆنگرەی کەلتووری ئامەد دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. تولای حاتەم ئوغوڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی و هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیگدەم کلچگون ئوچار ئامادەی کۆبوونەوەی ژنانی بەڕێوەبەرییە ناوخۆییە دیموکراتیکەکان بوون.
بۆجاک: ژنان پێشەنگی بنیاتنەرن
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سارا بۆجاک، هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ژنان پێشەنگن لە بنیاتنانی کۆمەڵگای دیموکراتیکدا و وتی: "بەو بۆنەوە لە هەموو چالاکییەکەدا، ئێمە بەو ڕوانگەیەوە چالاکییەکانمان ئەنجام دەدەین. ئێمەی ژنان بە ئاسانی نەگەیشتووینەتە ئەم ئاستە. هەروەها ئێمە بە ڕێزدارییەوە یادی هەموو ئەو هەڤاڵانەی ژنمان کە بۆ ئەم ڕۆژانە تێکۆشانیان کرد و گیانیان لەدەستداوە و لە زیندانەکاندان، بەرز رادەگرین."
بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ
تولای حاتەم ئۆغوڵاری هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکی" ڕێبەر ئاپۆ کرد و وتی: "لەبارەی پرسی هەنگاوەکانی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا، بەدڵنیاییەوە کارێکی زۆر هەیە کە پێویستە ئەنجام بدرێت. ئێمە لەبەردەم ئەرک و بەرپرسیارێتێکی مێژوییداین لە ڕوانگەی ئاشتی و دیموکراسیەوە. کۆمەڵگەی دیموکراتیک واتە ژیانێکی یەکسان و ئازاد بۆ گەل. پێویستە شارەکانمان ببنە ماڵی گەل. بەبێ جیاوازیی ئایینی، زمان، ڕەگەز و نەتەوە، دەبێت هەموو چین و توێژەکان ببنە پێکهاتەی سەرەکی. هەروەک چۆن شەقامەکان ڕووناک دەبنەوە، دەبێت دڵ و مێشکی هەمووان ڕووناک بێتەوە، هەروەها ژنانی ئێمە بە ئازادی و یەکسانی بژین، خزمەتگوزارییەکان دەبێت بەگوێرەی زمان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئێمە بێت، بە گوێرەی زمانی دایکی بێت، هەروەها پێویستە توندوتێژی دژی ژنان، سروشت، منداڵان و کەسانی کەمئەندام کۆتایی پێ بهێنرێت، بۆ ئەم مەبەستەش تێکۆشانی بەردەوام پێویستە."
حاتەم ئۆغولاری ئاماژەی بەوەدا کە بە دڵنیاییەوە پەرلەمان بەرپرسیارێتی و ئەرکی زۆر گرنگی دەبێت لەوبارەوە و وتی: "یەکەمیان ئامادەکردنی یاسایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی قەیومەکانە. جگە لەوەش بەهێز کردنی بەڕێوەبەرییە ناوخۆییەکانە. ئەمە ڕێگای گەیشتن بە کۆمەڵگای دیموکراتیک هەموار دەکات. ئێمە لەو باوەڕەداین دیموکراسی لەم وڵاتەدا بەدی دێت. هەروەها یەکسانی نێوان ژن و پیاو و ئازادی ژن لەم وڵاتەدا گەشە دەکات."