دادگای ئەڵمانیا سزای بەسەر یوکسەل کۆچدا سەپاند
هاوسەرۆکی پێشووی کەجەدەکە-ئە یوکسەل کۆچ دوای ئەوەی لە ٢٠ـی ئایار لە ئەنجامی هەڵکوتانەسەر ماڵاندا لە لایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە لە برێمەن دەستبەسەرکرا، لە لایەن دادگاوە خرایە زیندانەوە.
هاوسەرۆکی پێشووی کەجەدەکە-ئە یوکسەل کۆچ دوای ئەوەی لە ٢٠ـی ئایار لە ئەنجامی هەڵکوتانەسەر ماڵاندا لە لایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە لە برێمەن دەستبەسەرکرا، لە لایەن دادگاوە خرایە زیندانەوە.
هاوسەرۆکی پێشوویی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیانی ئەورووپا (کەجەدەکە-ئە) ئەمڕۆ لە دادگای شاری کارلسروە دادگای کرا.
دادگا بە مادەی 129b پەیوەندیداری "ئەندام لە ڕێکخستنی تیرۆر" یاسای سزادانی ئەڵمانیای لە دژی یوکسەل کۆچ بڕیاری گرتنی دا. دوای بڕیاردان دادگا بە مەبەستی زیندانیکردن یوکسەل کۆچی ڕەوانەی گرتووخانەی برێمەن کرد.
فەرمانگەی ئاسایشی ئەڵمانیا ئاشکرای کرد لە ساڵی ٢٠١٦ەوە چاودێری یوکسەل کۆچ دەکەن، زانراوە دانیشتنی سەرەکی دۆسیەی کۆچ لە دادگای باڵای هەرێمی هامبۆرگ بەڕێوەدەچێت.
هاوکات پارێزەرانی یوکسەل کۆچ باسیان لەوەکرد دادگایکردنە بە هۆکاری سیاسی ئەنجام دراوە و ئاشکرایان کرد تانە لە بڕیارەکە دەدەن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە دادگایکردنی کۆچ لە کاتێکدایە، هەفتەی پێشوو پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـەمینی خۆی بەست و تێیدا بڕیاری کۆتایهێنان بە هەموو ئەو کار و چالاکییانەی دا کە لەژێر ناوی پەکەکەدا ئەنجام دراون.
شایەنی بیرهێنانەوەیە دەوڵەتی ئەڵمانیا دەتوانێت بەپێی یاساکانی ژمارە 129a و 129b ئەندامانی ڕێکخستن دیپۆرتی وڵاتەکانیان بکاتەوە. بە زۆری ئەم یاسایانە لە دژی کوردەکان و گرووپە چەپ گەراکان بەکار دەهێنرێت.