یوکسەل گەنچ: گەلی کورد چاوەڕێی هەنگاوێکی کرداریین

ڕێکخەری ناوەندیی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی کۆمەڵایەتیی_سیاسی، یوکسەل گەنچ ڕایگەیاند بەگوێرەی لێکۆڵینەوە مەیدانیەکانیان، گەل چاوەڕێی هەنگاوی کرداریین و لەبارەی پرۆسەکەوە خاوەنی سێ هەڵوێستی سەرەکیین.

ڕێکخەری ناوەندیی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی کۆمەڵایەتیی_سیاسی، یوکسەل گەنچ کە لە سەرەتای پرۆسەکەوە بەدواداچوون بۆ هەڵوێستی گەل دەکات، ڕایگەیاند بەگوێرەی داتاکان، سەرەتا گەل نیگەرانی هەبووە.

یوکسەل گەنچ گوتی: "بانگەوازی ٢٧ ی شوبات، یەکێک لەو ساتانە بوو کە نیگەرانییە گریمانەییەکانی دەربارەی پرۆسەکە نیشاندا. لێرەدا، نیگەرانییەکە پەیوەست نەبوو بە بەشداربوون لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان یان بێ‌متمانەیی بە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک. وەک ئەزموونێک لەو پرۆسانەی تا ئێستە ڕوویانداوە، بێ‌متمانەیی بە دەوڵەت بوو کە لەم ڕووەوە هەردەم بەدوای فێڵ و تەڵەکەدا گەڕاوە.

هەروەها لەماوەی تێکۆشانی ٤١ ساڵەدا، زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا، پەکەکە وەک ڕێکخستنێک دەبینێت کە دەیانپارێزێت و بەرگری لە ماف و داوا ڕەواکانی گەل دەکات. بۆیە ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکە بۆ کۆتایی‌هێنان بە چالاکی و تێکۆشانی چەکداری، بۆشایی و خەمگینییەکی لێ کەوتەوە. لەپاش ئەم بڕیارە، هەستی سەرەتایی خەڵک بەم جۆرە بوو: "لەبەرامبەر چی، بۆچی، چۆن متمانە بکەین؟.

بەڵام پاش ٢٧ ی شوبات، ناوەڕۆکی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان بە گەل ڕاگەیاندرا و زانیاری بە گەل درا، لە بواری گۆڕینی ڕێبازیی تێکۆشانی ستراتیژییەوە قەناعەت بە گەل کرا، کاتێک ١٢ ی ئایار بڕیارەکانی کۆنگرە ئاشکرا کرا، گۆڕەپانەکە چاوەڕێی ئەم بڕیارە بوو".

"سێ هەڵوێست دەرکەوتن"

یوکسەل گەنچ گوتی: "کاتێک لە پرۆسەی پاش کۆنگرەکە دەڕوانین، ڕووبەڕووی سێ هەست دەبینەوە. گرووپی یەکەم دەڵێن: "ئۆجالان و دەوڵەت لە چوارچێوەیەکی ڕووندا ڕێککەوتوون، پرۆسەکە بەرەوپێش دەبەن، هەموو شتێک لەسەر ڕێی خۆیەتی". گرووپی دووەم دەڵێن: "با چاوەڕێ بین، با بزانین چی دەبێت و دەیانەوێت چی بکەن". گرووپی سێیەم هیچ متمانەیەکیان بە پرۆسەکە نییە و دەڵێن: "فریومان دەدەن، مەترسی هەیە کە بەبێ دەسکەوت کۆتایی بە تێکۆشانەکەمان بێت". نیگەرانیییەکان بەم جۆرەن".

هەروەها گوتی: "هەست و هەڵوێستەکان بەکورتی بەم جۆرەیە: یەکێک دەڵێت: "دەتوانین چی بکەین". بەشێکی گرنگ دەڵێن: "چاودێری دەکەین، با بزانین چی ڕوودەدات". بەڵام هێشتا بێ‌متمانەیی بە دەوڵەت لە ئاستێکی بەرزدایە".

"گەل زیاتر چاوی لە کردارە نەک گوفتار"

یوکسەل گەنچ تیشکی خستەسەر چاوەڕوانییەکانی گەل لە دەوڵەت، ڕایگەیاند لە سەرەتای پرۆسەکەوە وتە و ڕوانینی لایەنگرانی دەسەڵات مایەی نیگەرانی بوون، ئاماژەی بەوە کرد لە سەرەتای پرۆسەکەوە دوو هەنگاوی گرنگ نران، گوتی: "یەکەم بانگەواز و نەخشەڕێگاکەی بەڕێز ئۆجالان بوو، ئەویتریش کۆنگرەکەی پەکەکە و ئەنجامەکانی کۆنگرەکە بوون. ئەم هەنگاوانە، بوێرانە و ڕادیکاڵ و ستراتیژیی بوون، بەڵام دەوڵەت بەرامبەر ئەم هەنگاوانە هیچ هەنگاوێکی کرداریی و بەرپرسیارانەی نەهاویشتووە، ئەمەش نیگەرانیی کۆمەڵگە زیاتر دەکات و چاوەڕوانییەکان لاواز دەکات. گەلی کورد چاوەڕێی هەنگاوی کردارییە، گەل گوێ بە گوفتارەکان نادات. چاوەڕێی ئەوە نییە کە دەسەڵاتی ئاکەپە قسەی جوان بکات لەسەر ئاشتی و خوشک_برایەتیی؛ هەرچەند لەمیانی پرۆسەکەدا گەل ئەمەشی نەبینی. تا ئێستە گوێبیستی زمانێک نەبووە دەربارەی خوشک_برایەتیی یەکسان بدوێت، بەڵام گرنگی بەمە نادات و چاوەڕێی ئەمە نییە. ئەم کۆمەڵگەیە سەرنجی لەسەر کردارە نەک گوفتار. چونکە بە ڕوانین لەو پرۆسانەی لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە دەستیان پێ کردووە، بە تایبەت شکستی پرۆسەی ٢٠١٣_٢٠١٥ ئەوە نیشان دەدەن، کە خەڵک سەیری ئەنجامی پراکتیکی دەکەن نەوەک قسەکان، دەیانەوێت هاوشێوەی پەکەکە، دەوڵەتیش گۆڕانکاری ڕادیکاڵ بکات، هەنگاوی جددیی بنێت بۆ بنیاتنانی ئەو تورکیایەی کە خۆزگەی پێ دەخوازرێت".

OSZAR »