لە دوای 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ و بەستی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە، کە تێیدا چەندین بڕیاری گرنگ و مێژوویی تێدا درا، پرۆسەی چارەسەری پەڕیوە بۆ هەنگاوێکی پراکتیکی، ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەشدا کاردانەوە و پێشوازی ئەرێنی لێکرا.
ئەندامی پێشووی سی پی تی جیان-پیرەر ڕیستیلینی کە پێشتر سێ جار سەردانی ئیمراڵی کردووە و لە ئیمراڵی چاوی بە ڕێبەر ئاپۆ کەوتووە، باسی لەوەکرد گەلی کورد ڕێبەر ئاپۆیی وەک ڕێبەری خۆی داناوە و گوتی: "دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازد ببێت."
ڕیستیلینی کە زیاد لە سی ساڵ ئەندامی سی پی تی بووە، هاوکات ماوەیەک سەرۆکایەتی کۆمسیۆنی نەتەوەیی ڕێگری لە ئەشکەنجەی سویسرایش بووە. جیان-پیرەر ڕیستیلینی بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەی بۆ چارەسەری دیموکراتیکانەی پرسی کورد وەک بانگێشتنامەیەکی بوێر و ئاشتیانە هەڵسەگاند کە پێشکەشی دەوڵەتی تورک کراوە و باسی لەوەکرد بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت. ڕیستیلینی دەسنیشانی کرد دەبێت دەوڵەتی تورکیش هەنگاوی کۆنکرێتی بگرێتەبەر و گوتی: "هیوادارم دەوڵەتی تورک پەیوەست بەم دۆخەوە هەنگاوی ئەنجامگیری کۆنکرێتی بنێت."
'دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت'
ڕیستیلینی ئاماژەی بەوەدا هەموو ئەو هەنگاوانەی ڕێبەر ئاپۆ دەینێت ئەرێنییە و گوتی هیوادارم بەرپرسانی تورکیش لای خۆیانەوە ئەوەی پێویستە بیکەن و ئەمەی گوت: "بەڕاستی دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت. هەروەها لەسەر ئاستی یاسایی و دەستووری دەبێت تورکیا گۆڕانکاری بکات. چونکە هەندێک بابەت هەیە پێوستە بە هەمواری یاسایی چارەسەر بکرێت."
'عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەر گەلی کوردە'
ڕیستیلینی سەرنجی خستەسەر بانگەوازییە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ و ئاوا هەڵیسەنگاند: "ئۆجالان بانگەوازییەکی مێژوویی کرد، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە و لە بەرژەوەندی تورکیاشدایە. ئەوەی پێویستە حکومەتی تورکیا بیکات ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانە. دۆخەکە و پێویستییەکانی زۆر ڕوونە. عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردە. ئازادی وی خزمەتی چارەسەری پرسەکان دەکات. ئاشنای کوردانم و بەڕاستی کوردان عەبدوڵا ئۆجالان وەک ڕێبەری خۆیان دەبینین."
'دەبێت پەکەکەش لە لیستی تیرۆر دەربکرێت'
ڕێستیلینی دەستنیشانی کرد لە چارەسەری دیموکراتیکانەی پرسی کورددا کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش دەتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و ئاوا بەردەوام بوو لە قسەکانی: "کێشەکە ئەوەی لە ئێستادا ڕۆژەڤەکانی جیهان گەرم و گوڕن، ڕەنگە بابەتی جیاواز هەبێت کە ئەوانە لە پێش هەموو بابەتەکانی دیکەوە بێت. بەم شیوەیە بیردەکەمەوە. هەڵبەتە ئەمەش هەیە؛ وەک هەموان دەزانن پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی 'تیرۆریستی' ڕاگەیاندراوە کە لەو باوەڕەدام بڕیارێکی زۆر نا عەقڵانییە. پەکەکە بە ئاشکرا دەستبەرداری تێکۆشانی چەکداری بووە، بۆیە دەبێت دەستبەجێ لە لیستی تیرۆر دەربکرێت."
'دەمەوێت عەبدوڵا ئۆجالان ببینم'
جیان-پیرەر ڕیستیلینی کە وەک شاندی کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی ئەرووپا (سی پی تی) پێشتر سێ جار لە ئیمراڵییدا چاوی بە ڕێبەر ئاپۆ کەوتووە، باسی لەوەکرد دەیەوێت لە بارودۆخی ئازاددا ڕێبەر ئاپۆ ببینێت و گوتی: "دەمەوێت هەستەکانم لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالاندا هاوبەش بکەم. هەرجارێک دیداریم کردبێت ئەوم وەک مرۆڤێکی بێهاوتا بینیووە."