نوێکرایەوە

یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی پەرلەمانتاری کورد لە ئامەد دەستی پێکرد

بە بەشداریی ژنانی پەرلەمانتار لە باشوور، باکوور و ئەورووپاوە لە ئامەد یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی پەرلەمانتاری کورد کە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، دەستی پێکرد. لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی لەیلا گوڤەن خوێندرایەوە.

کۆنفرانسی ژنانی پەرلەمانتاری کورد

لە ناوەندی کۆنگرەی کەلتووری ئامەد، بە دەستپێشخەریی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی پارلەمانتاری کورد، بە درووشمی "سیاسەت دیموکراتیک دەکەین، کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد دەنێین" دەستی پێکرد.

لە سەکی کۆنفرانسەکە بە زمانەکانی کوردی، تورکی، عەرەبی، پۆستەرەکانی "ژن سیاسەتی دیموکراتیک بەڕێوەدەبات، کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد دەنێت"، "ژن، ژیان، ئازادی" و "ئەگەر ژن ئازاد بێت، کۆمەڵگەش ئازاد دەبێت" هەڵواسراون.

لە باشووری کوردستانەوە، ژمارەیەک ژنانی پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی (یەنەکە، گۆڕان، پەدەکە، یەکگرتوو، کۆمەڵ) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشدارییان کردووە، هەروەها لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕێگریی لە ژمارەیەک ژنە پەرلەمانتاری دیکە کراوە بەشداریی بکەن.

کۆنفرانسەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد و پاشان گوڵجان کاچماز سایگیت، هاوسەرۆکی دەستپێشخەری یەکێتیی دیموکراتیک لە کۆنفرانسەکەدا قسەی کرد.

لە بەردەوامی کۆنفرانسەکەدا هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) لەیلا گوڤەن کە لە گرتووخانەی ژنانی سنجار لە زینداندایە، پەیامێکی بۆ کۆنفرانسەکە نارد 

پەیامی لەیلا گوڤەن لەلایەن ئەندامێ تەژەئا، مزگین ئیرگاتەوە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی پەیامەکەییدا لەیلا گوڤەن باسی لەوەکرد بە زانستی ژنۆلۆژییەوە دەبێت هەم لە ئاستی نەتەوەیی و هەمیش لە ئاستی چاندییەوە ژنان پلانسازی خۆیان بکەن و گوتی: "ئێمەی ژنانی کورد زۆر بە بەختین، چونکە هاوڕێیەکی وەک ئۆجالانمان هەیە. وی بەخۆمانی ناساندین. لەوباوەڕەدام کۆنفرانسەکە سەرکەوتوودەبێت و ڕێگە بۆ سەردەمێکی نوێ بکاتەوە. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم."

کۆنفرانسەکە بەردەوامە...

OSZAR »