پەکەکە لە ئەڵمانیا سکاڵای یاسایی دژی قەدەغەکردن تۆمار کرد
قەدەغەی سەر پەکەکە لە ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٩٣ ـەوە بەردەوامە، لەبەرئەوەی داواکارییەکان بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکە تا ئێستە بێ ئەنجام بوون، پارێزەران داواکارییان پێشکەش بە دادگای کارگێڕیی کرد.
قەدەغەی سەر پەکەکە لە ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٩٣ ـەوە بەردەوامە، لەبەرئەوەی داواکارییەکان بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکە تا ئێستە بێ ئەنجام بوون، پارێزەران داواکارییان پێشکەش بە دادگای کارگێڕیی کرد.
پارێزەران بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە لە ١١ ی ئایاری ٢٠٢٢ داواکارییان پێشکەشی حکومەت ئەڵمانیا کرد. ڕاگەیاندرا کە حکومەت وەڵامی نەرێنی داوەتەوە.
لە Bundespresskonferenza (کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی فیدراڵی) لە بەرلین، ماف_داد و کۆمەڵگەی ئازاد، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان خوێندەوە، جەختیان کردەوە، بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە کە لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە بەردەوامە، داواکارییان پێشکەش بە دادگا کردووە.
سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی ماف_داد، پارێزەر هەیکە گەیسڤاید، کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی بەڕێوەبرد، پارێزەر لوکاس تیون کە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە داواکاریی پێشکەش کردبوو، وتەبێژی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) نەیلوفەر کۆچ و ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵ لە پشکی پارتی چەپی ئەڵمانیا (Die Linke) فورات کۆچاک وەک قسەکەر بەشداربوون.
کردارەکانی تاوانبارکردن
سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی ماف_داد، پارێزەر هەیکە گەیسڤاید، دەربارەی قەدەغە و ئەو داواکارییانەی پێشکەش بە حکومەت کراون زانیاری دا، پاشان ئەوەی بیرهێنایەوە کە پەکەکە لە کۆنگرەی ڕۆژانی ٥_٧ی ئایاردا بڕیاری دا بۆ کۆتاییهێنان بە کاری ڕێکخستنی لەژێر ناوی پەکەکە.
گەیسڤاید ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورک هێشتا زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی نەڕەخساندووە و درێژە بە هێرشەکانی دەدات، گوتی: "حکومەتی ئەڵمانیش دژی کوردانی نیشتەجێی ئەڵمانیا ڕەفتاری دژی ئاشتی وەک تاوانبارکردن و قەدەغەی چالاکی درێژە پێ دەدات".
پەکەکە سکاڵای یاسایی تۆمارکرد
گەیسڤاید ڕایگەیاند حکومەت بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەڵمانیا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا نەکات، داواکارییەکانی ڕەتکردووەتەوە، بۆیە پەکەکە دژی کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا، داواکاریی پێشکەش بە دادگایی کارگێڕیی پەیوەندیدار کردووە.
وەک نوێنەری داواکارییەکە، پارێزەر لوکاس تیون قسەی کرد و تیشکی خستەسەر بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە، گوتی: "بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و دەرفەتدان بە خۆڕێکخستنی بزووتنەوە کوردییەکان، کاتی ئەوەیە لە ئەڵمانیا قەدەغە هەڵبگیرێت".
پارێزەرەکە گوتی: "پەکەکە سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە و دۆسیەکە لە دادگای کارگێڕیی بەرلین بەردەوامە. دۆسیەکە دژی ئایدیای ئاشتی نێونەتەوەیی نییە، هەڕەشەی ئەمنی نییە، وە هەڕەشەش نییە بۆ سەر پرۆسەی ئاشتی".
هەروەها تیشکی خستەسەر ئەو پرۆسەیەی کە پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات پەرەی سەندووە، گوتی: "وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە پشتگیری لەو پرۆسەیە دەکەن کە عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێ کردووە. بۆیە دەبێت حکومەتی بەرلین دەستبەجێ پشتگیری لەو نەخشەڕێگایە بکات: کە هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکەش لەخۆدەگرێت".
پارێزەرەکە داوای لە بەرپرسان کرد، داواکارییەکانی پەیوەست بە هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە قبووڵ بکەن و یاساکە هەڵبوەشێننەوە.
پارتی چەپی ئەڵمانیا: دەبێت هەنگاوی درووست بنرێن
ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵ لە پشکی پارتی چەپی ئەڵمانیا (Die Linke) فورات کۆچاک ڕایگەیاند پارتەکەیان هەردەم پشتیوانی هەڵگرتنی قەدەغەکەی کردووە، دووپاتی کردەوە، بۆ ئاشتی لە کوردستان و تورکیا دەبێت هەنگاوی درووست بنرێت.
نەیلوفەر کۆچ: دەبێت بەرلین پشتگیری پرۆسەی ئاشتی بکات
وتەبێژی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) نەیلوفەر کۆچ ڕایگەیاند حکومەتی ئەڵمانیا پشتگیری کردووە لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، گوتی: "دەبێت ئەم لێدوانانەی پشتگیری، کرداری بەدوادا بێت".
کۆچ جەختی کردەوە، لایەنی کوردی هەنگاوی گرنگ و بەرپرسیارانەی ناوە، تەنانەت ئەردۆغان و باخچەلیش بە ئەرێنی پێشوازییان لێ کردووە، گوتی: "بەڵام تێناگەین بۆچی لە ئەڵمانیا قەدەغەی سەر پەکەکە هەڵناگیرێت".
کۆچ داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد کۆتایی بە گرژییەکان بهێنێت و پشتگیری لە "پرۆسەی ئاشتی" بکات، گوتی: "دەبێیت هەموو ئەو کەسانەی بۆ ئاشتی خەبات دەکەن، ئازادبکرێت... بەهیواین بەرلین داوای ئاشتی بکات و نەبێتە بەربەست".