لەم وتارەدا بیرەكانی ئۆجالان لە ڕێگەی بیرمەندە دیارەکانی ڕۆژئاواوه دەخوێنمەوە، لەوانە فرێدریک نیتشە، ئیمانوێل واڵهرستین، تیۆدۆر ئەدۆرنۆ، مورای بووكچین و هەروەها فێرناند برۆدێل. بە قووڵبوونەوە لە ژیانی ئۆجالان لە چوارچێوەی تێكۆشانەكانی بۆ ئازادیی كوردان، هەوڵ دەدەم وێنای ڕەوتی ڕۆشنبیریی ئەو لە تەمەنی منداڵییەوە تا کاتەکانی دروستبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان – پەکەکە و تا دوایی كە ڕووبەڕووی زیندان بووەوە لە لایەن توركیاوه، بکەم. لە درێژایی ژیانیدا، ئۆجالان داهێنەرانە تێكەڵ بە بەرهەمەكانی كۆمەڵێك بیرمەند و ڕۆشنبیری ئەورووپی و ئەمهریكی بووە. ئۆجالان هەوڵی بۆ بەدەستهێنانی چارەسەر داوە، نەک تەنها بۆ كێشەی كورد، بەڵکو بۆ كێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان بە گشتی. من لێرەدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەم كە پرۆژە سیاسییە داهێنراوەكانی ئەو دەگهنە ئاستی سەرپێخستنەوە (بەگوڕخستنەوەیەک)ی سیاسییانە. بەڵام پێویستە ئەوەش باس بكەم كە ئەم بەگوڕخستنەوانە تەنها بیركردنەوەی خەیاڵیی لەخۆ نەگرتووە، بەڵكو بریتین لە سیاسەتی ژیرانە كە لەسەر شێوازی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك و نەتەوەی دیمۆكراتیك كڵێشەی خۆی وەرگرتووە و دامەزراوە.
تەحەدایهكی شیکارییانه
تێكەڵبوون لەگەڵ قەوارەی ئیشەكانی ئۆجالان كارێكی تەحەداییە. ئەو گێڕانەوە مێتافۆریكە دەوڵەمەندەی ئۆجالان بریتییە لە تێكهەڵكێشانی مێژوو، شوێنەوارناسی، تیۆریی ڕەخنەیی، ئیکۆلۆژیی كۆمەڵایەتیی و هەروەها فەلسەفەی زانست كە ئامانجەكەی بریتییە لە بهرپاكردنی شۆڕشێكی پراكتیكی جەماوەرییی. لە هەر هەوڵدانێك بۆ تێكەڵبوونی ئەكادیمییانە لەگەڵ بەرهەمەكانی ئۆجالان، پێویستە درك بە سێ خاڵی گرنگ بكرێت و لە بیرمان نەچيت کە: ١) لە ماوەی بیست ساڵی ڕابوردوودا ئۆجالان زیندانێكی سیاسی بووە، لە لایەن دەوڵەتی توركییەوە لەژێر ئەشكەنجەدا زیندانی كراوە؛ ٢) ئەو مامۆستایەكی ئاسایی نییە، مەبەست و ئامانجی ئەو زیاتر بریتییە لە كاری شۆڕشگێڕانە، نەك كاری مامۆستایی و ئاكادیمیی فەرمی لە دامودەزگاكانی خوێندن؛ ٣) توێژینەوەکانم سەبارەت بە ئاشنایەتیی ئۆجالان لەگەڵ بیرمەندە ڕۆژئاواییەکان بە هیچ شێوەیەك بریتی نییە لە كەمكردنەوەی ڕەسەنایەتیی بەرزی بەرهەمەكانی ئەو وەك كە ئەوەی بگوترێت وەرگیراون. بەڵكو هەوڵ دەدەم ئەوە بخەمە ڕوو كە بەرهەمەكانی ئەو تێکەڵەیەکی داهێنراوی زهینین. هەروەها دەیڤد گرێبەریش تێبینیی ئەوەی كردووە. ئەوەی ئۆجالان كردوویەتی، بریتییە لە “هێنانی هەمان پارچە، بەڵام بە جۆرێكی تر پێكەوەی لكاندوون. بەو شێوەیە، ڕێبەرایەتیی وڵاتە ڕەسەنەکەی خۆی، کوردستان دەکات.”١ زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت بگوترێت ئۆجالان یەكێكە لەو كەسایەتییانەی كە گرامشییانە بیرمەندێکی ئۆرگانیكییە، تیۆریسیهنێکی شۆڕشگێڕانەیە کە پشت بە گرووپە فەرامۆشکراوەکان دەبەستێت و توانیویەتی زۆر بە ڕوونی گوزارشتیان لێ بکات.٢ هەر بەو شێوەیە، ئەوە دەبینرێت کە نووسینەكانی بهبێ جیاوازی لە ئەزموونی مێژووی كورددا قووڵ بوونەتەوە و بێشك پابەند بوون بە ئازادیی كوردستانەوە. وێڕای لەئامێزگرتنی ئینتەرناسیۆنالیزم و هاوپشتیی کولتوورەکان. ڕێڕەوی ڕۆشنبیریی ئۆجالان دەتوانرێت لە سەرەتای ژیانیدا بەدی بكرێت.
بەشی یەكەم: هێڵکارییەک لە ژیاننامەکەی
ئۆجالان لە ٤ی نیسانی ١٩٤٨ لە ئۆمەرلی، لادێیەكی سەر بە شاری ڕحا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیا، لە دایک بووە. بیستوپێنج ساڵ پێش ئەو كاتە، لە ساڵی ١٩٢٣، پەیماننامەی لۆزان شەرعییەتی دا بە دامەزراندنی سنووری توركیای ئێستا –هەر وەك پەیمانی سایكس–پیكۆ كە پێشتر لە لایەن دەوڵەتانی ئەورووپای ئێمپریالیستەوە داڕێژرابوو– و لە لۆزاندا سنوورەکانیان زیاتر تۆخ کردەوە و نەتەوەی كوردیان زیاتر پەراوێز خست. لەو کاتەوە كوردەكان لە ناو دەوڵەتانی تازەدامەزراوی توركیا، عێراق، سوریا و ئێراندا پێگهی كەمایەتییان پێ بەخشراوە. وەك میراتێكی ئیمپراتۆرییەتی داڕووخاوی عوسمانی، كۆماری تازەدروستبووی توركیا بەرنامەی مۆدێرنکردنەوەی بە سەركردایەتیی كەمال ئەتاتورك، دامەزرێنەری ئەو كۆمارە، دەست پێكرد. بە شێوەیەکی سەرەکی پەرە بە ئایدیۆلۆژیای نەتەوەپەرستیی زۆر ڕادیكاڵ هاوتا لەگەڵ گەشەسەندنی پیشەسازی درا. دوای ئەوەی دواڕەشنووسی دەستووری توركیا لە ساڵی ١٩٢٥ پەسەند كرا، هاووڵاتیبوونی لە ڕوانگەیەكی تەسكی مەرجداری ئیتنیكییەوە پێناسە كرد و پێناسەی هاووڵاتیبوون مانای توركبوون بوو.٣ بۆ كوردەكانی وەك ئۆجالان و هەروەها كەمەنەتەوەكانی تر، ئەم پێناسەیە مانای ئەوە بوو كە تێكەڵبوون لەگەڵ ژیانی مەدەنیی لە توركیا بریتییە لە نکۆڵیكردن لە ناسنامەکانیان. ئەو كەمایەتییانەی جەختیان لەسەر هەبوونی خۆیان كردەوە، سەرەڕای ئەوەی كە بەپێی دەستوور مافبڕاو بوون، گۆشەگیر کران و داپڵۆسێنران. لە سەردەمی لەدایکبوونی ئۆجالاندا مۆدێرنبوون و توانەوە و گونجاندنی تورکیا لە دونیای گەشەندنی سیستەمی جیهانییدا گەیشتە ئەوپەڕی. هەر وەك بۆ خۆی تێبینیی ئەوەی کردووە و دەگێڕێتەوە:
چیرۆكی ژیانی من هاوکات بوو لەگەڵ سەرەتاكانی ساڵانی ١٩٥٠كان كاتێك بزوێنەری جیهانی سەرمایەداری لەو سەردەمەدا گەیشتە لوتکە. لە لایەكی تر، شوێنی لەدایكبوونم بەپیتترین خاكی بەشی سەرەوەی میزۆپۆتامیایە – خاكێكی کەوانی بەپیت، چواردەورەدراو بە شاخەكانی تۆرۆس–زاگرۆس– ئەو شوێنەی كە دەتوانرێت كۆنترین و قووڵترین بۆماوەی ژیریی مرۆڤایەتیی لێ ببینرێتەوە و چاخی نیۆلیتیكی و سەرەتای شارستانیی بەرایی لەوێ بۆ ماوەیەكی زۆر بەدی دەكرا و بوونی هەبوو. بناری ئەو چیایانە هەڵگری شارستانییەتن.٤
بە درێژایی نووسینەكانی، تێڕوانینەکانی ئۆجالان مێژووی كۆمەڵایەتیی پڕ لە کێشمەکێش، کە توانیویەتی بەردەوام بێت، لە ڕابوردوویەكی دوور و قووڵەوە بە ئێستاوە دەبەستێتەوە. بیرکردنەوەکانی ئۆجالان دووربینن. لە قەناعەتی ئەودا شۆڕشی گۆڕانكاریی پێویستی بە تێگەیشتنی ئەو باکگراوندە مێژووییانە هەیە كە ئەمڕۆیان لێ دروست بووە. سەرقاڵیی ئۆجالان بە مێژووی كۆنی میزۆپۆتامیاوە زیاتر لەبەر ئارەزووی تێگەیشتنی ئەو بووە لە هۆكار و چارەسەری نەهێشتنی كوردان.
بەبێ ڕەزامەندیی دایكی، ئۆجالان لە تەمەنی گەنجییەوە ماڵەوە و گوندەکەیانی بەجێ هێشت.٥ لێكدانەوەكانی ئۆجالان لەسەر ئەم ماوەیە تا ڕادەیەك تەمومژاوین. لە لایەكەوە، ئۆجالان دەڵێت “من زۆر دڵنیام كە ڕاست بووم لەوەی کە مل بۆ کۆمەڵگەی لادێ نەدەم.” بەڵام، زۆری پێ ناچێت بە جۆرێکی تر دەری دهبڕێت و دەڵێت، “بەڵام بە هەڵەدا چووبووم لەوەی كە وام دەزانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەبێتە ژیانێكی بەدیل بۆ ئەوەی جێم هێشتبوو. لە سەرەتای ژیانمدا من هەڵەیەكی گەورەم كرد بەوەی كە زۆر بە ڕادیكاڵانە لە ژیانی لادێ دوور كەوتمەوە.” من پێویستە تێبینیی ئەوەش بدەم كە لە زاراوەناسیی ئۆجالاندا مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، ماركسیزم–لینینزمیشی دەگرتەوە كە ئێستا خۆی لێ بەری دەكات. دیسانەوە، بەپێی ئەو، ژیانی كۆمەڵایەتیی لادێ، “هەرچەندە بە دیمۆکراسی نەکرابوو، بەڵام لە هەمان کاتیشدا زۆر جیاواز بوو لە قۆناغە بنچینهییهكانی وهك دەوڵەت-نەتەوە و سەردەمی پیشەسازگەرایی.”٦
بە جیاوازی لەگەڵ ژیانی لادێ، هەڵسەنگاندنی ئۆجالان بۆ ژیانی شار كەمتر ناڕوونیی پێوە دیارە. ئەو دەڵێت، “پێم وابێت کۆمەڵگەی شار کە ناوەندی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە، وەك موگناتیس لە ژیانی كۆمەڵگەی لادێ دووری خستمەوە. هەروەها ئەو کۆمەڵگەیەی لەسەر شارستانییەتی شار، کە لەسەر بنچینەی دەوڵەت پۆلێن کراوە وەک یەکەیەکی بچووک لە دەوڵەت، لە سەرئەنجامی ئەوەوە درووست بوونە، نەک هەر بووەتە هۆكاری ڕزین و پووکانەوەی كۆمەڵگە، بەڵكو دووركەوتنەوەشی لە سروشت.”٧ بەڵام دەبێت ئەوە لەبیر نەكەین كە نابێت لێکدانەوەیەکی وا بۆ هەستی ئۆجالان بکرێت کە بۆچوونەکانی ئەو بۆ سرووشت و ژیانی لادێ پشتگیرین لە “نیۆ–پریمیتیڤیزم”. ڕەخنەكانی ئۆجالان لە مۆدێرنێتە بە شێوەیەکی سەرەکیی بریتین لە ڕەخنەگرتن لە سرووشتی ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە بێمانا و بێمۆراڵانەی لە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە سەرچاوەیان گرتووە. بە جیاوازی لەگەڵ ئەوانە، ئامانجی سیاسیی ئۆجالان بریتییە لە گەشەپێكردنی ژیانێکی مانادار و ئیتیکییانە، ژیانێك كە نزیك بێت لە مرۆڤەكانی تر و سرووشت. کڵێشە سیاسییەکەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لهگهڵ بهئامرازکردنی ئەقڵانییەتدا واتادارییەکەی گۆڕا. هەر لەسەر ئەم بنچینەیە، ئۆجالان ستایشی ڕەخنەكانی نیتشە دەكات كە ئاڕاستەی سەرمایەداریی كردوون و بە جۆرێک گەیشتووهتە ئەوەی کە نیتشە “پێغەمبەری سەردەمی سەرمایەدارییە.”٨ بە هەمان شێوە، ئۆجالان سەرنجی ئەوەی لە ماكس ڤێبەر داوە كە ئەو “توانیویەتی کاراکتەرە مادییەکانی شارستانییەت دەستنیشان بکات لەو کاتانەی کە ئەقڵانییەتی وەك هۆكاری بەرەو بێهیوابوون لە جیهانی ئەمڕۆدا بینی.”٩ بەڵام ئۆجالان هاوڕای ڕەشبینیی ڤێبەر نییە كە لەوانەیە زاڵبوون زەحمەت بێت بەسەر ئەو حاڵەتی بێهیوابوونەی بە ئەقڵانییەت کراوە.
وەك كەسێك کە كاریگەریی ژیانی لادێی پێوە دیارە، قۆناغی منداڵی و چۆنێتیی ژیانی ئۆجالان لە ژیانی نیتشە نزیکترە وەك لە ڤێبەر. لە یادگارییەکانی خۆیدا بۆ خۆشەویستیی شاخەکان، ئۆجالان ئەوەی بیری دێتەوە کە:
“وەك كوڕێكی لاو، هەر لەبەر ئەوە من بە “شێتی چیاکان” وەسف دەكرام. لە دواییدا زیاتر فێر بووم كە ئەو ژیانە تایبەتە بە خودای دیۆنیسۆس، هەروەها گرووپێك لە نیگاركێشە ئازادەكان (باكچانتێس) كە لە پێش و پشتی ئەوەوە دەڕۆیشتن، هەر بە ڕاستی حەسوودیم پێ دەهات. وا وتراوە كە نیتشە ئەم خودایەی پێ قبوڵتر بووە لە زیوس، لەبەر ئەوەش زۆربەی ئیشەكانی بە ناوی “دەروێشەكانی دیۆنیسۆس”ـهوه واژۆ دەکرد. كاتێك هێشتا لە لادێكەماندا دەژیام، هەموو كات دەمویست لەگەڵ كچانی لادێكەمان یاری بكەم. هەرچەندە ئەمە لەگەڵ یاساكانی ئاییندا نەدەگونجا، بەڵام هەموو كات وا بیرم دەكردەوە كە ئەمە شتێكی زۆر سرووشتییە. قەت كولتووری بەندكردنی ژنانم لە پشت دەرگاکانەوە پێ پەسەند نەبووە. ئێستاش دەمەوێت بێكۆتا، بە یاریكردنەوە لەسەر پیرۆزییەكانی ژیان گفتوگۆیان لەگەڵ بكەم. ئێستاش بەبێ مەرج دەڵێم نەخێر بۆ کۆیلایەتی و ئەو پەیوەندییەی کە بۆنی لایەنگری و بنەمای ڕایەڵەی هێزی هەیە.”١٠
لە ڕوانگەی نیتشەوە، دیۆنیسۆس زاراوەیەكی مێتافۆرییه كه پێداگری لەسەر ژیان و گەشەسەندنێکی تەندروستی مرۆڤایەتی دهكات (تێپەڕاندنی). دیۆنسەس بریتییە لە ڕەمزێكی مانادار و تەعبیر لەوه دەکات مرۆڤەکان توانای هەم خوڵقاندن و هەم تێکدانیان هەیە، بە تایبەتی سەبارەت بە بەها كولتوورییەکان. هەر وەك بێرنهام ڕوونی دەکاتەوە کە “گەشەسەندن، بە تایبەتی گەشەسەندن لە ڕوانگەی دەربڕین و هەستهوه بۆ دەسەڵات، خوڵقاندن (داهێنان لە پراکتیزەکردن و بەهای نوێی ژیاندا) و تێكدان (پەیڕەوکاری لە بەها هەنووکەییەکان، بەوانەشەوە كە لە خودی خۆدا بوونیان ههیه) دهخوازێت.”١١ خەباتی ئۆجالان سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی ئەو بەهایانەیه کە بوونیان بەدەست هێناوە، هەر بۆ ئەوەش، ڕەخنە وێرانكارەكەی بەرانبەر بە كولتووری باوكایەتی، نموونەیەكی بەرچاوە.
پێگەیشتنی بیرە سیاسییەكانی ئۆجالان
لە توركیا، لە كۆتایی ساڵانی ١٩٦٠ـەکاندا، چەندین گرووپی جیاوازی چەپگەرای خوێندکاران بانگەشەی شەڕیان لەگەڵ یەكتردا، تەنها لەسەر دەمەتەقێی ئایدیۆلۆژی، هەڵگیرساندبوو. ‘مەسەلەی كورد’ یەكێك بوو لەو خاڵە بنەڕەتییانەی كە بەردەوام لایەنەكان كێشەیان لەسەری هەبوو. دەڤ–گەنج، فیدراسیۆنی شۆڕشی گەنجان، گرووپێكی چەترئاسا بوو، دەتوانرێت بگوترێت لە ناو گرووپی تورکە چەپەکاندا ئەوان لە هەموان زیاتر، بە گوڕوتینێكی هاوكارانەوە، برەویان بە مانەوەی خۆیان دا. ئۆجالان، كە دوایی بوو بە خوێندكاری زانستی سیاسی، خۆی لە ناوجەرگەی گوڕوتینی دەمەتەقێی ئایدیۆلۆژی لە زانكۆی ئەنقەرە دۆزییەوە. دەگێڕێتەوە كە “لەئەنقەرە لە ساڵانی ١٩٧٠دا، پەیوەندیم بە کۆمەڵێک گەنجانی چاونەترسی شۆڕشگێڕەوە کرد. كوشتنی ماهیر چایان و هەڤاڵەکانی لە قزلدەرە (مارسی ١٩٧١) و هەروەها كوشتنی دەنیز گەزمیش و هەڤاڵەکانی (لە ئایاری ١٩٧٢) پەیامێك بوو بۆ ئێمە كە ببینە هاوسۆزێكی ڕاستەقینەی ڕێبازی خەباتی ئەوان.”١٢ گەزمیش كه خوێندكارێكی ڕێبەر بوو، به پەرەدان بە ستراتیژییەتی گیڤارایی، سوپای ئازادی خەڵكی توركیا (THKO)ی درووست كرد، بۆ ئەوەی گورزی شەڕی گەریلاییانە لە دەوڵەتی توركیا بوەشێنێت. بە هەمان شێوە، چایان ڕێبەرایەتیی گرووپێكی تۆكمەی دەكرد بە ناوی بەرەی پارتی ئازادیی گەلانی توركیا (THKP–C). هەرچەندە ئەم سەرهەڵدانانە ماوەكانیان كورتخایەن بوو، بەڵام ئیلهامیان به نەوەیەكی ڕادیكاڵ بهخشی و هەروەها كاریگەرییان لەسەر تواناکانی خودی ئۆجالان بۆ شیکردنەوەی ستراتیژییانە دانا. تا دەوروبەری ساڵانی ١٩٧٤، گرووپێك كادری چەكدار لە دەوری ئۆجالان كۆ بوونەوە. ئۆجالان دەگێڕێتەوە كە “ئێمە گرووپێكی دوازدە كەسیی گەنجمان پێك هێنا، هەموویان لە خێزانی هەژار بوون. هەندێكیان تورك بوون. هۆکاری پەیوەندیکردنی ئەوان بە ئێمەوه ئەوە بوو کە ڕوانگەیەكی جیهانییان هەبوو.”١٣ ئەو گرووپە لە دواییدا بوون بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە). لە هەموو ئەو كاتانەدا، ئەو گرووپە بچووكە خۆیان سەرقاڵ كرد بە پێگەیاندنی خۆیان لە ڕوانگەی ڕۆشنبیری و ئایدیۆلۆژیی و پێشخستنی توانای جەستەیی بۆ ململانێكان، بەڵام ئەمە مانای ئەوەی نەبوو کە بۆ بەرگریی چەکداریی بێت. بەڵام تیرۆرکردنی حەقی قەرار لە ساڵی ١٩٧٧، كەسێكی خۆشەویست کە كاری ڕێكخستنی گرووپەكەی دەكرد، لە كۆتاییدا بوو بە پاڵنەرێك بۆ دامەزراندنی پەكەكە. هەرچەند وا ڕاگەیهنرا كە بەرەیەكی دژی ئێمە حەقی قەراریان كوشتووه، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) پیلانەكەی داڕشتبوو. بەپێی یادەوەرییەکانی ئۆجالان، ئەو دەرفەتە بووە هۆی ڕادیكاڵبوونی ئەو گرووپە بە تەواوی. “پلاتفۆرمی سیاسیی ئێمە و ناوی ڕێكخراوەكەمان، پەكەكە، وەک پێویستییەکی خێرا بۆ وەڵامدانەوەی كوشتنەكەی ئەو دروست بوو. ئێمە وا حساب دەكەین كە ئەوە میراتی ئەوە.”١٤
پەکەکە و دوای ئەو
کۆنگرەی دامەزراندنی پەکەکە لە ساڵی ١٩٧٨دا گیرا. زۆربەی بەشداربووان لە کەسانی کەمدەرامەت و چینی کرێکار پێک هاتبوون کە دوای ئایدیۆلۆژیی تێکەڵەی مارکسیزم–لینینیزم و بیری نەتەوەیی کوردی کەوتبوون. ئۆجالان دەڵێت، “زانیارییەکانمان تەنها لە چەند کتێبێکی سنووردارەوە دەست دەکەوت کە تێگەیشتنمان و گفتوگۆکردنمان لەسەر بابەتەکان لە ئاستێکی سەرەتاییدا بوو. بە دڵنیاییەوە، ئەم تێگەیشتنە سنووردارەی ئێمە وای کرد کە هەم لە ڕوانگەی مێژووییەوە و هەم لە ڕوانگەی بارودۆخی ئێستادا شیکردنەوەی خهوشدار بكهین.”(١٥) نووسینەکانی ئۆجالان پڕن لەم جۆرە ڕەخنەلەخۆگرتنە کردارییانە، ئارەزوویەکی ڕەسەن و ڕوون ئاشکرا بۆ فێربوون و هەروەها گەشەسەندن لە ئەنجامی ئەزموونوەرگرتنی لە هەڵەکردنەوە پێوە دیارە. ڕەنگدانەوەی ئەم جۆرە کارەکتەرە و هەروەها گونجاندنیان بووەتە کلیلی مانەوە و سەرکەوتنی ئەم گرووپە. لە سەرەتاوە، سەرەڕای کەموکورتی لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە، پەکەکە سەلماندی کە زۆر بەتوانا بوو، بە تایبەتی لە ڕێکخستنی جەماوەریدا. جیاواز لە گرووپە شۆڕشگێڕەکانی تر، پەکەکە جەختی لەسەر ئهوه کردەوە كه “کێشەی کورد” کێشەیەکی بەردەوامی کوردەکانه لە تورکیا و دەرەوەیە بە گشتی.
ئەمەش وای کرد ڕێکخراوەکە لە ناو کوردە پهراوێزخراو و داپڵۆسێنراوەکاندا ناوبانگ دەربکات و جەماوەر پهیدا بكات. هەر وەک وایت دەڵێت، “ئەم جووڵانەوە نوێیە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی ئایدیۆلۆژیی بووەوە، بە شێوەیەک کە دەوڵەتی تورکیا و تورکە نەتەوەپەرستەکان بە گشتی نکۆڵییان لە بوونی کورد دەکرد – به ئاسانییش پهنایان برده بهر توندوتیژی بۆ داپڵۆسینی ئەو بزووتنەوەیە.”١٦ به هەبوونی توانا و ئارەزووی بەرەنگاربوونەوەی هێز بەرانبەر هێز، پەکەکە خاوەن موڵکەکان و ئەوانەی کە هاریکاریی تورکیایان دەکرد، کرد بە ئامانج، بە تایبەتی لە سەرەتای چالاکییە گەریلاییهكاندا. کەسانێکی بەجەرگ و پابەند بوون، بەڵام زۆر باش مەشقپێکراو نەبوون. ساڵی ١٩٨٠، کادرەکانی پەکەکە ئامادەی مەشقی سەربازی بوون لە لوبنان. لە هەمان ساڵدا، لە تورکیا کودەتای سەربازی کرا. لەسەر ئەو بنەمایە، بەگوێری وایت “کۆنگرەی دووەمی حزبەکە… ستراتیژییەتی سەربازیی پەکەکەی دانا، لە سێ بەش پێک دەهات: بەرگریی، هاوسەنگی، هێرش. هەر وەک ستراتیژییەتی ماوتسیتۆنگ بۆ شەڕێکی درێژخایەن، ڕێکخراوەکە دووربینیی خۆی بۆ دەستپێکردنی شەڕی ململانێی درێژخایەن دانابوو، لە قۆناغێکی شەڕی نابەرانبەرەوە کە گەریلاکان بەرانبەر بە دەوڵەت دهیانكرد، بۆ شەڕی ڕووبەڕوو، هاوشێوەی دوو دەوڵەت بەرانبەر بە یەکتر.”١٧ ساڵی ١٩٨٤، پەکەکە دەستی بە شەڕی ڕووبەڕوو بەرانبەر تورکیا کرد. پەکەکە زۆر کاریگەر بوو، بەس هەر وەک گەورە دەبوو، لە هەمان کاتدا کەمتر ئاگای لە پرەنسیپەکانی دەبوو. بە شێوەیەک ئۆجالان لە ئێستادا ڕەخنە لەو کات دەگرێت کە:
زۆرێک لەو بوارە کردارییه نێگهتیڤانەی لە سەردەمی دامەزراندنی پەکەکەدا پەیڕەو دەکران، زادەی پەیڕەوە کردارییەکانی ڕیاڵ سۆسیالیزم بوون، یان ئەو سیستەمانەی لە دەورمان بوون و دواتر باشتر بۆمان دەرکەوت. هەروەها زۆر لە چالاکوانەکان بیروڕای سۆسیالیستیی ئێمەیان فەرامۆش کرد، کە ئەوان هەر لە سەرەتاوە له ناخهوه قەناعەتیان بەو بابەتە نەهێنابوو. ئەو کادرانەی کە کاریگەریی نەرتییانەی ناسنامەی کوردییان لەسەر بوو، بە هۆی ئەو دەسەڵاتە سیاسی و سەربازییەی کە لەناکاو بە دەستیان هێنا، لە بەرەوە هەستیان دەکرد کە ئەوان وەک نەمروود وان. هەندێکی تریان کە خەسڵەتێکی توندوتیژیی خێڵەكییانەیان هەبوو، لە ڕوانگەی بیر و بۆچوونی خۆیانەوە هەموو شتێکیان بە دژایەتییەوە هەڵدەسەنگاند. بۆ بەدەستهینانی ئامانجەکانیان، زۆر بە چڕوپڕی گەمەیان لەسەر نەتەوەگەریی بەرایی ئەوانی تر کرد. بە زهینییەتە خێڵەکییەکەیان، پشتئەستوور بە نەتەوەگەریی بەرایی، ببوونە کەسانێکی لەخۆبایی. زۆر شتی گرنگ کە چالاکوانەکانی تر بە دەستیان هێنابوو، ئەوان بە تاڵان بردیان و لەناویان برد. بە شێوەیەکی گشتی، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧–١٩٩٧ پەکەکە زۆربەی ئەوەی لە ڕووی پێکهاتە و پشتیوانییهوه بە دەستی هێنابوو، لە دەستی دا.(١٨)
سەرکەوتن وەک شمشێری دوو سەر بوو. زیادبوونی پشتیوانییەکی بەرچاو بوو بە قوربانی پەرتەوازەیی ناوخۆیی و گەندەڵی. ئۆجالان لە ڕەخنەکانی بەرانبەر بە شکستەکان لە ڕووی ستراتیژی و تێڕوانینەوە، بە هەڵەدا نەچووبوو. ئۆجالان لە ڕوونکردنەوەیەکیدا دهڵێت “هۆکاری سەرەکیی کەموکورتییەکانی ڕۆژگارە سەرەتاییەکانی پەکەکە، تێڕوانینی بوو بەرانبەر بە دەوڵەت و هەروەها پەنابردن بۆ توندوتیژی،”١٩ بەڵام پەکەکە سەلماندی کە توانایەکی بەهێزی ڕەخنەلەخۆگرتن و خۆچاککردنی هەیە. تا ساڵانی ١٩٩٠ەکان، پرۆسەیەکی زۆر تێروتەسەلی ڕیفۆرم خرایهگهڕ. پەکەکە دەستی کرد بە بەپیرەوەچوونی پرۆسەی ئاشتی و ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٩٨دا تاکلایەنانە ئاگربەستیان ڕاگەیاند، ئەو ساڵەی کە ئۆجالان گیرا و بەرەو تورکیا ڕەوانە کرایەوە، ئاگربەستێکی تر لە ساڵی ١٩٩٩دا ڕاگەیەنرا کە بە فەرمی تا ساڵی ٢٠٠٤ درێژەی کێشا.٢٠
لەو ماوەیەدا، لە ڕێگهی ئەو نووسینانەی کە لە بەندیخانەدا دەینووسین، ئۆجالان درێژەی بە هەڵسەنگاندنەوە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی دا. ئۆجالان هەمان ڕۆحییەتی لە نووسینی نووسەرێکی تردا هاتە بەر چاو، ئەویش سۆسیالیستێکی ئازادیخوازی ئەمهریکی، مورای بووکچین بوو.٢١ فەلسەفەی بووکچین بریتی بوو لە سۆشیال ئیکۆلۆژی (ژینگەناسی کۆمەڵایەتیی) لەگەڵ خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگەکان لە جیهانێکی بێدەوڵەتی ناناوەندێتیدا (لامەرکەزی). ئەم فەلسەفەیە کاریگەریی هەبوو لەسەر پێداچوونەوەی ئۆجالان بەرانبەر بە دەوڵەت–نەتەوە و کردنەوەی پرۆژە نوێیەکەی کە بریتی بوو لە سەرپێخستنەوەی سیاسی.
بەشی دووەم: سەرپێخستنەوەی سیاسی
پرۆژە ڕۆشنبیرییەکەی ئۆجالان –کە من بە سەرپێخستنەوەیەکی تری سیاسییانە وەسفی دەکەم – بریتییە چوارچێوەیەکی چەمکاندنی ئاڵۆز. مێژووناسی بوارێکی سەرەکییە لە هزرە پێگەیشتووەکانی ئەودا. ئۆجالان بەردەوامییەکی هەمیشەیی لە نێوان چاخی نیۆلۆتیک (چاخی بەردینی نوێ)، چاخە کۆنەکان و هاوچەرخدا دەبینێت. ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە تێڕوانینێکی نهگۆڕه بۆ مێژوو. ئۆجالان بە ڕوون و ئاشکرایی باوەڕی وایە کە وەرچەرخانی مێژوویی شۆڕشگێڕی شتێکی مومکینە. بەپێی ئۆجالان، پێویستە ڕەگوڕیشەی ئەو چەوساندنەوانەی لە مێژوودا ڕوویان داوە، دیاری بکرێن پێش ئەوەی بە تەواوی هەڵبوەشێنرێنهوه. ئۆجالان سێ سیستەمی مێژوویی مەعریفەتناسی دەستنیشان دەکات کە ئەفسانە، ئایینی پلەداریی و زانستگەراییە – کە بانگەشەی حەقیقەت لەمهڕ جیهان دەکەن و ڕێنیشاندەرن بۆ کردەی واتادار. ئەم “ڕێبازانە”، هەر وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات، مانا سۆسیۆ–مێژووییەکان و بوارە کردارییەکان پێک دەهينن.
ئۆجالان و بەکارهێنانی مێژوو
بۆ گونجاندنی زاراوەکەی ئێریک ووڵف، کوردەکان خەڵکێکن کە مێژوویان نییە.٢٢ بە مانایەکی تر، مێژووەکەیان لە لایەن دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان و ئیمپراتۆرەکانەوە شێوێنراوە و پەراوێز خراوە. نابێت بۆنەگێڕانی ئۆجالان بۆ ئەو دەستکەوتانەی کورد لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە بە دەستی هێناون، لەگەڵ نەتەوەگەرێتیەکی تەسک تێکەڵ بکرێت. سروشتی بیرۆکەکانی ئۆجالان نێونەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەن. لەجیاتیی ڕاگەیاندنی مانیفێستێک بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە بەپەلەکان، خوێنەر لە نووسینە تێروتەسەلەکانی ئۆجالاندا شیکردنەوەیەکی دەستنیشانکەری زۆر ورد و دەوڵەمەند بەدی دەکات کە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سەردەمەمان بۆ ڕیشەی قووڵی لەیەکنەپچراوی مێژوویی دەگێڕێتەوە. ئامانجە سیاسییە بەپەلەکان و ستراتیژییەکانی ئۆجالان دەتوانرێت لە ڕێگهی شیکردنەوە مێژووییە دوورودرێژەکانیەوە تێبگەین.
شیکارییە مێژووییەکانی ئۆجالان قەرزباری کارەکانی فێرناند برۆدێل، ئیمانوێل واڵهرستین، ڤی. گۆردن چایلد و ڕۆبەرت جەی. برایدوودن. بە تایبەت چەمکی ماوەدرێژ (درێژخایەن – longue durée)ی برۆدێل زۆر گرنگە؛ بە هەمان شێوە، “سیستەمی جیهانی”ی واڵهرستین، کە دەرەنجامه شوێنی و جوگرافیاییەکانی ماوەدرێژەکانن، زۆر بایەخدارن.٢٣ هەروەها کارەکانی شوێنەوارناس چایلد و برایدوود زۆر کاریگەر بوون. تیۆری چایلد بۆ شۆڕشی چاخی بەردینی نوێ وەک قۆناغی گواستنەوە لە سەردەمی کۆچەری و ڕاوکردن و کۆکردنەوەی بەروبووم بۆ سەردەمی کشتوکاڵ و بەماڵیکردنی ئاژەڵ لە شیکارییەکانی ئۆجالاندا زۆر بەبایەخن.٢٤ قۆناغی گواستنەوە لە چاخی بەردینی نوێ بۆ چاخی برۆنزی بریتی بوو لە نیشاندانی سەرەتای دەوڵەتداری. کارە شوێنەوارناسییەکان و هەڵکۆڵینەکانی برایدوود بە درێژایی زنجیرەچیاکانی تۆروس–زاگرۆس، کە لە ڕووی جوگرافیاوە پێناسەی کەوانەکانی باکووری دەشتاییەکانی میزۆپۆتامیا دەکهن، ڕوونیان کردووهتەوە کە ئەم شوێنانە بریتین لە شوێنی چاندن و ماڵیکردنی ئاژەڵان. زۆر گرنگتر، لە ڕووی جوگرافییەوە، شێوەی کەوانەیی ئەم چیایانە سنووری سروشتیی کوردستانیان دیاری کردووە.٢٥ لە ڕوانگەی ئۆجالانەوە، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە کوردەکان لە شۆڕشی چاخی بەردینی نوێدا دەستێکی باڵایان هەبوو. بەڵگە نوێیەکانی شوێنەوارناسی پشتگیریی ئەو دەمەتەقێیە دەکەن کە دەگوترێت خەڵکەکانی سەردەمی کۆن کە لە زنجیرەبەرزاییەکان دەژیان، لە ماڵیکردنی ئاژەڵدا دەستپێشخەر و بەهرەمەند بوون.٢٦ دەبێ ڕایەڵەکردنی ئەو خەڵکە کۆنانە بە کولتووری سەردەمەوە، بە وریاییەوە ئیشی لەسەر بکرێت، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێگەی جوگرافیی ڕۆژئاوای ئاسیا ڕێگوزەری کولتووری و بۆماوەییە.
ئۆجالان هەوڵ دەدات ئەوە بناسێنێت کە قۆناغی گواستنەوە لە چاخی بەردینی نوێدا نەک تەنها هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی دەوڵەتی–بەراییدا، بەڵکو هاوکاتی هەڵکشانی پیاوسالاری، کۆیلەکردنی ژنیشی لێ کەوتەوە. لە ڕوانگەی ئۆجالانەوە، ئەمه یەکێکە لەو هەڵە مێژووییانەی کە شارستانییهت تا ئێستا پێوەی دەناڵێنێت. بەکەمزانینی ژن لە ناو خێزانی باوکسالاریدا بوو بە کڵێشەیەک بۆ بنچینەدانانی دەستبەسەرداگرتنی پلەداری لە فۆرمی دەوڵەتدا. ئۆجالان دەستەواژەی زیگورات –شێوە قوچەکی–ی سۆمەرییەکان بەکار دێنێت کە مێتافۆرێکە بۆ دەربڕینی مانای ئەو دامودەزگا کۆمەڵایەتییانەی کە پلەدارییانە بونیاد نراون.٢٧ دەتوانرێت هاوتاکەی لە میتافۆرەکەی برۆدێلدا بدۆزرێتەوە کە ئاماژە بۆ پێکهاتەی مێژووی ئابووری دەکات كه وەک خانووی سێ قات دروست کراوە، بناغەکەی ژیانی مادی، دواتر بازاڕەکان و دوایینیشیان کە لە سەرەوەیە، سەرمایەدارییە.٢٨ برۆدێل مشتومڕی ئەوە دەکات کە مێژوونووسان سوود لە چێوارچێوەی شیکاریی کورت، مامناوەند و درێژخایەن وەربگرن. گۆڕانکاریی مێژوویی بە بەردەوامی ڕوو دەدات، بەڵام پەیوەندییه پێکهاتەییه تایبەتهکان لە سەردەمە جیاوازەکاندا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.٢٩ بیرۆکەی ئەم گۆڕانکارییانەی لەم ماوە جیاوازانەدا ڕوویان داوە، بوونەتە زانیاری بۆ ڕوانگەکانی ئۆجالان. بۆ نموونە، سیستەمی باوکسالاری سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانە کە لە ماوەی پێنج هەزار ساڵی ڕابوردوودا ڕوویان داوە، هەر بەرگەی گرتووە و ماوەتەوە. ئۆجالان هەوڵ دەدات سەرهەڵدانی باوکسالاریی، وەک ئەوەی کە خۆی قەناعەتی پێ کردووە و لە سەردەمەکانی ڕابوردوودا زۆر بڵاو بووە، بە کۆمەڵگەی دایکانە بەراورد بکات کە سەردەمێکه تا ڕادەیەک یەکسانییەکی ڕێژەیی هەبوو و ئۆجالان پێی دەڵێت “سۆسیالیزمی بەرایی” یان “کۆمەڵگەی سرووشتیی”.٣٠ ئەو مێژووەی کە لە دوای “کۆمەڵگەی سرووشتی”ـیەوە هات، لە لایەن ئۆجالانەوە بە دوو سەردەمی جیاوازی شکانی ڕەگەزیی كهلێنی تێ خراوه و جیا كراوهتهوه. ئەو پێشبینی ئەوە دەکات کە پێویست بە سێیەم شکانی ڕەگەزیی هەیە. یەکەم شکانی ڕەگەزیی –سەرهەڵدانی پیاوسالاریی و دەوڵەت– لە یەکگرتنی سێ کەسایەتی پێک هات کە بریتی بوون لە: ڕاهیبە بەراییەکان کە پیاوانی ڕۆحیی ئەو کات بوون، پیاوی ڕاوچیی بەهێز و پیاوە بەتەمەنەکان. ئەگەر وەک خۆی لێکدانەوەی بۆ بکەین، ئەمە وا دەردەکەوێت کە ڕوانگەیەکی زۆر سانا و نەرم بێت بۆ لێکدانەوەی مێژووییەکی یەکجار ئاڵۆز، هەمەلایەن و نایەکانگیر. بەڵام وا دەردەکەوێت ئۆجالان سوودی لەم جۆرە شێوازهی کورتکردنەوەی بەلاغە وەرگرتبێت، شێوازی بەیەکچواندن و میتافۆری زۆر قورسی بۆ دەربڕینەکان بەکار هێناوە. دووەم شکانی ڕەگەزیی بریتییە لە چڕبوونەوەی پیاوسالاریی لە سەردەمەکانی پەیدابوونی ئایینە تاکخوداکاندا –جوولەکایهتی، مەسیحییهت و ئیسلام– پیرۆزکردنی پرۆسەی ژێردەستکردنی ژن. سێیەم شکانی ڕەگەزیی، وەک ئەوەی ئۆجالان دەیبینێت، ئەوەیە کە پێویستیی چارەسەرە بۆ ئەم بارودۆخە. بۆ گەیشتن بە ئامانجە، ئۆجالان میتافۆرییانە ئاماژە بۆ پێویستییەکی شۆڕشگێڕی دهكات کە “کوشتنی پیاوێتی”ـیە،٣١ وەهاش ڕوونی دەکاتەوە:
“پیاو بووە بە سیستەم. پیاو بووە دەوڵەت و ئەوەشی وەرچەرخاند بۆ کولتوورێکی زاڵ. چینایەتی و ستەمی ڕەگەزیی پێکەوە گەشە دەکەن؛ پیاوێتیی ڕەگەزی حکومدار، چینی حکومدار و دەوڵەتی حوکمداری بەرهەم هێناوە. کاتێک پیاو لەم ڕوانگەیهوە شی دەکرێتەوە، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە دەبێت پیاوێتیی بکوژرێت.٣٢
ئەمە بانگەشەیه بۆ ههڵسهنگاندنهوهیهكی ڕادیکاڵی ڕۆڵی ڕەگەز و پەیوەندییەکان، ئێستا لە لایەن بزووتنەوەی ژنی کورد و له پێکهاتە شۆڕشگێڕییەکەی ڕۆژئاڤادا وەڵام دراوەتەوە.
ڕێبازەکانی ئۆجالان: ئەفسانە، واتا و ڕەخنە لە زانستگەرایی
ئۆجالان سێ ڕێباز، [سێ سەردەمی جیاوازی] دیاری کردووە –ئەفسانگەرایی (میتۆلۆژی)، ئایینە تاکخوداییە پلەدارییەکان و زانستگەرایی پۆزەتیڤیست– کە لە ڕووی مێژووییەوە، لای فوكۆ، “ڕژێمەکانی حەقیقەت”یان پێک هێناوە.٣٣ ئۆجالان لەو باوەڕەدایە کە ڕێبازی ئەفسانەگەرایی کە پەیوەندیی بە چاخی بەردینی نوێوە هەیە، هێشتا هەر کاریگەریی ماوە. وەک ئاماژەی بۆ دەدات، “دیدی ئەفسانگەری ڕووی لە ژینگەیە، فەلسەفەی قەدەرگەرایی تێیدا بەدی ناکرێت و بەسوود بووە لەوەی کە ژیان ئازادانە بووە. بۆچوونی بنەڕەتییان بۆ ژیان ئەوە بووە کە لەگەڵ ژینگە سازاو بن.”٣٤ ڕێبازی میتۆلۆژیی ڕێبازێکی زۆر پێویست و پراکتیکیی و بەرهەمهێنەرە لە شیکردنەوەی مێژووییدا. ئۆجالان جەخت لەوە دەکاتەوە کە “ڕێبازی میتۆلۆژیی پێویستە ئەو پایەی بۆ بگەڕێنرێتەوە کە پێشتر لە دەستی داوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە لە ڕێی ئایینە تاکخواییەکان و ڕێبازی زانستگەریی پۆزهتیڤییستهوه بێبەها کرا، بۆ ڕێبازێک کە پێ دەچێت ملکەچ بێت بۆ یاسا ڕەهاکان. جارێکی تریش وا دیارە کە ئۆجالان لە هەنگاوێکی تری ناکۆکدا ڕەخنە لە زانست دەگرێت بەوەی کە میتۆلۆژییەکی سەردەمە. “زۆر ئاماژە و نیشانە هەن کە زۆرێک لە تیۆرییە زانستییەکان کە وەک پێچەوانەی دیدی میتۆلۆژی لێیان دەڕوانرێت، بەڵام لە ڕاستیدا شتێکی ئەوتۆ نین جگە لە میتۆلۆژیی.”٣٥ لێکۆڵینەوەی ئەم ناکۆکییه ڕواڵهتییانە لە ڕاستیدا یەکانگیرییهكی (گونجانێکی) قووڵتر لە هزری ئۆجالاندا نیشان دەدات.
ماری میدگلێی، دیدێکی هاوشێوەی ئۆجالانی دەربڕیوە. بەڵام، هەرچۆنێك بێت، هیچ لەم دوو نووسەرە ئاگایان لە یەکتر نەبووە بەوەی کە تیۆرییەکانیان هاوشێوەییان تێدا بەدی دەکرێت. میدگلێی دەڵێت، “ئەفسانەکان (Myths) درۆ نین. هەروەها چیرۆکی دابڕاویش نین. بەڵکو شێوازی داهێنەرانهن کە تۆڕی پێکەوەبەستنی سیمبولە بەهێزەکانن بۆ گوزارشتكردن لە جیهان بە ڕێگهیەکی تایبەت و هەر بۆ شێوەیەش ماناکانیان لە قاڵب دەدەن.”٣٦ بەپێی دەربڕینەکانی میدگلی و ئۆجالان، میتۆلۆژی دانەبراوە نە لە ڕاستی و نە لە کات. بەڵکو بەرهەمێکە لە مێژوودا هەبووە و ڕەنگدانەوەی لە ژیانی ڕۆژانەی ئێستادا هەیە. “بەڵام، هەر بە ڕاستی، ئەم هێماگەرییە (سیمبولیزم) بەشێکی گرنگە لە پێکهاتەی هزریمان. نەک تەنها بە بەشێک لە بوارێکی پەراوێزیی وەک ئایین و هەست کە سیمبولەکان کاریگەریی خۆیانی لهسهر دادهنێن، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە هەموو بابەتەکانهوه، لە هەر شوێنێک کە سیمبولەکان بەشێکیان لێ پێک هێنابێت و هەروەها لە تێکڕای بیرکردنەوەکانی ئێمەشدا بە هەمان شێوە، شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە.”٣٧ ئەم جۆرە وێناکردنە واقعییانە بۆ ئەفسانگەری، دەتوانرێت بۆ داهاتوو ههم سوودی لێ وەربگیرێت و هەم بگونجێنرێت یان نەگونجێنرێت بەقەدەر ئەوەی کە ئەمانە بۆ گەشەکردنی بوارە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی و ژینگە چەند گرنگن. هزری میتۆلۆژیی سوودێکی تەواو دەگەیەنێت، تهنانهت لە هەندێک حاڵەتی مێژووییدا بۆ مەبەستی ڕزگارکردن بەکار دههێنرێن، بەڵام لە هەمان کاتدا لە هەندێک شوێنی تردا وەک داپڵۆسێنەر. بۆ نموونە، میدگلی، هاوشێوەی ئۆجالان، ڕەخنەگرە بەرانبەر “ئەفسانە”ی تاکڕەوێتیی ڕۆشنگەری، زاڵبوون بەسەر سروشت و هەروەهایش ئەو دڵنیاییە فراوانەی کە زانست هەیەتی دەرهەق بە ڕاستی و سوودبەخشیی خۆی. لە هەندێک بواردا، “ئەفسانە” هاوشێوەیه لهگهڵ (بە دڵنیاییەوە لەگەڵ جیاوازییە گرنگەکانیشدا) گوتاری فوکۆ، نووسینەکانی کاستۆریادس لەسەر خەیاڵی کۆمەڵایەتیی، نووسینەکانی بارت لەسەر میتۆلۆژییەکان و نووسینەکانی هۆرکهایمەر و ئەدۆرنۆ لەسەر دیالێکتیکی ڕۆشنگەری، کە لێرەدا نووسەرەکان ڕەخنە لە ئەقڵانییەتی ئامرازیانە (Instrumental rationality) دەگرن و بە تایبەتی بە ئەفسانەگەرایی فێڵزانانە ناوی دەبەن.٣٨
ئۆجالان سەردەمی دەسەڵاتی ئایینیی بە “سەردەمی پاشای ڕووپۆشکراو و خودا دەمامکدارەکان” ناو دەبات. هەروەها مۆدێرنێتەی سەرمایەداری بە “سەردەمی پاشا ڕووت و خودا بێدەمامکەکان” ناو دەبات. لە سیما کێشەئامێزەکانی سەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، پەیڕەوکردنی زانستگەرێتیی پۆزەتیڤیست و بە تەواوی پشتبەستنیهتی بە مەعریفەتناسیی دوالیزم و دابەشبوونێکی تیژی دوالیزمی سوبژە و ئۆبژە. ئەم دوولایەنییە زۆر بە كارهساتبارانه مرۆڤایەتی لە سرووشت جیا دەکاتەوە و هەردووکیان، مرۆڤایەتی و سرووشت، دەکات به ئۆبژەی چەواشەکاریی عەقڵانییەت. ئۆجالان لە ڕوونکردنەوەی دیدی ڕەخنەییانەی خۆیدا دەڵێت، “ئەمە هەوڵدانێک نییە بۆ بەدەستهێنانی ڕێبازێکی بەدیل، بەڵکو هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو کێشانەی کە ژیانی دابڕاو لە بەهای ئازادیی خوڵقاندوویەتی.”٣٩ وا دەردەکەوێت چارەسەرەکەی ئۆجالان چارەسەرێکی کرداریی سەرکراوەی سەرتاپاگیر و پێشدیتنی کۆمەڵایەتیی واقیعییانە بێت کە جەخت لەسەر بەها جەوهەرییەکان و یەکگرتنی پێكهاتە تێکئاڵاوەکانی ژیان بکاتەوە. ئۆجالان زیاتر لە خەمی مرۆڤ و فرهئاستیی داینامیکی و تێكئاڵانی پهیوهندییهكانی نێوان تاك و كۆمهڵگه و سرووشتدایه.
ئۆجالان دژ بە ڤێبەر
لە ڕوانگەی ماکس ڤێبەرهوه، بێهیوایی بریتی نەبوو لەوەی کە بێشک باش بێت، بەڵام بە سادەیی وای دەبینی کە بریتی بێت لە سەرهنجامێکی حەتمیی سەردەمییانەی مۆدێرنیتە، لەگەڵ بوونی کۆمەڵێک دەرئەنجامی کێشەدار. ئەگەر بە کورتکراوەیی سەیری هەڵسەنگاندنەکانی هێنسس (١٩٨٩) بکەن، وهك ئهوهی لاسمان شیی دەکاتەوە، “[خاڵی] سهرهكیی نێو هەموو بیروڕا سیاسییهكانی ڤێبەر بریتییە لە کێشەی بەردەوامبوونی مرۆڤی ئازاد لەو هەلومەرجه مۆدێرنهی عەقڵانییەت و بێهیوابووندا.”٤٠ ڤێبەر تێزەکەی لە دوو وتاری زانستیدا پێشکەش کرد بە ناونیشانی “زانست وەک پیشە” و “سیاسەت وەک پیشە”.٤١ ئەو لەدەستدانی مانا و بەها ڕێنیشانهرهكانی وەک بارودۆخێکی سەرەکیی سەردەمی مۆدێرنیتە دەستنیشان کردبوو و هەروەها سەرئەنجامە سیاسییەکانی ئەم بێهیواییه و بێبەهاکردنی بەهاکانی وێنا کردبوو.
بۆ ڤێبەر، زانست وەک جێگرەوەیەکی ئامادەیە لە لەناوچوونی بەها گشتگیرەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا درکی بەوە کردووە کە ڕێبازناسی (میتۆدۆلۆژی) لە کۆتایدا ناتوانێت هیچ لەسەر بەهاکان ببێژێت کاتێک واتا و بەها هیچ وجودێکیان لە ناو ئەو ڕێبازانەدا نەبێت. بەهەرحاڵ، بڕوابوون بە زانست وەک پێشڕەوی جیهان، هەم قایلكهر و هەم سۆزڕاکێشە. دەوڵەتی بیرۆکراتیی عەقڵانییەت حاشاهەڵنەگرانە بریتییە لە دەرهاویشتەی سیاسیی زانستگەرێتیی پۆزەتیڤیزم. ئەو حاڵەتە سەردەمییانەی کە ڤێبەر دەستنیشانی کردوون، پێشتر باس کراون. نیتشە پێشتر ئەم دڵەڕاوکێیەی دەستنیشان کردبوو. لە دەربڕینی هاوسۆزییەکانیدا بۆ نیتشە، ئۆجالان دەڵێت “فەیلسوفی مەزن نیتشە (حەقە بە پێغەمبەری بێڕکابەری ئۆپۆزسیۆنی سەردەمی سەرمایەداری ناو بهێنم) یەکەم کەس بووە کە تێبینیی ئەو حاڵەتی مەترسییانە بکات کە پەیوەندییان هەبوو بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی نەتەوەیی ئەڵمان لە ساڵی ١٨٧٠دا.”٤٢ بەڵام نیتشە هەمان ئەو دیدی بەدبینییەی ڤێبەری نییە. هەر وەک ئۆجالان، نیتشە جەخت لەسەر ئهوه دەکاتەوە کە دەشێت ژیانی ماناداری بەدیل لە دژی عەقلانیەتی بەدبین و سیاسەتی پووچگەرایی، بوونی هەبێت.
نیتشە، بە هەمان شێوە، لە دژایەتیی ئەم حاڵەتە ئاساییەی مۆدێرنیتە، دەیەوێت ژیان بخرێتەوە سەر پێ.
مەعقولییەتی ڕادیکاڵی پرۆژەی ئۆجالان لە لهسەرپێخستنەوەی سیاستدا
ئۆجالان ددانی بە بێهیوایی سەردەمی مۆدێرنەدا ناوە، بەڵام حەتمییەتەکەی ڕەت دەکاتەوە. فۆرمی دەوڵەتی بیرۆکراسی بریتی نییە لە کۆتاییهاتنی مێژوو. بەپێی ئۆجالان، بە هەمان شێوەی بووکچین،٤٣ مێژوو ململانێیەکی ئاوەڵای بێکۆتاییە کە میراتی هەردوو ئازادی و پاوانخوازی لە خۆ دەگرێت. پرۆژەی ئۆجالان بۆ سەرپێخستنەوەی سیاسەت بریتی نییە لە گەڕانەوە بۆ سەردەمی فانتازیا و دەسەڵاتی ئایین، یان بیرکردنەوەی فۆلکلۆرییانەی سیحراوییانە. بریتی نییە لە سیاسەتێکی سەردەمە بەراییەکان یان سەردەمی نیۆرۆمانتیزم. ئۆجالان نرخ و بەها بۆ ئەو دەستکەوتانەی ڕابوردوو دادەنێت و بڕوای وایە ئەو دەستکەوتانە جارێکی تر بهێنرێنەوە گۆڕێ و لە ناو ژیانێکی پڕمانادا بەشدارییان پێ بکرێت. ئۆجالان ڕێز بۆ ئەو داناییە دادەنێت کە لە میتۆلۆژیی سەردەمی کۆندا هەبووە. هێنانەوەکایەی ئەم داناییە بەشێکە لە پرۆژەی سەرپێخستنەوە یان بەگوڕخستنەوەی ئۆجالان، بەڵام نەک وەک هەوەسێک ئامانجەکە بریتی بێت لە گەڕانەوە بۆ ڕابوردووی سەردەمە بەراییەکان کە ئەم ئاڵۆزییانەی ئێستا هێندە بوونی نەبوو. بەڵکو توانایی بیرەکانی ئۆجالان زیاتر بریتین لە کەڵکوەرگرتن لە ڕابوردوو بۆ سەرکەوتنی ئێستا و داهاتوو. دەتوانرێت سوود لە چەمکی وەلاوەنانی (aufheben) هیگڵ وەربگیرێت بەوەی جووڵانێکی هاوکات بۆ هێشتنەوە و گۆڕانکاری و گواستنەوەیەکی پێشکەوتنانە یارمەتیدەر بێت. پرۆژەی ئۆجالان هەم بۆ هێشتنەوەی ئێستا و هەم بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغەکانی داهاتووە.
ئۆجالان ئیتیک (ئاکار) و مۆراڵ وەک جەوهەری ئەو فۆرمی سیاسەتە دەبینێت کە پێشنیازی کردووە. بوونی سیاسەت، بۆ ئۆجالان، بریتییە لە پراکتیزەی ئیتیک بە کرداری، نەک تەنها بە شێوەیەکی دەرهەستانە (ئهبستراکت). سیاسەت نە لە دەرە و نە لە سەرەوەی کۆمەڵگەیە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ بەڕێوەچوونی کۆمەڵگە. مورای بووکچین، كه پێ دەچێت کاریگەرییەکی زۆر بەرچاوی لەسەر بیرۆکەکانی ئۆجالان هەبووبێت، هێڵکارییەکی ڕوون لە نێوان سیاسەت و دەوڵەتمەداریدا دەکێشێت. دەوڵەمەتداری بریتییە لە: “پەیڕەوکردنی پاوانخوازیی توندوتیژی، کۆنترۆڵکردنی دامودەزگاکانی ڕێکخستنی کۆمەڵگە، بە شێوەیەکی وا کە شەرعییەتی یاسایی بداتە دەزگاکانی و هەروەها حکومرانیکردنی بەسەر کۆمەڵگەدا وەک دەزگایەکی شارەزای هەڵبژێرراو، سەربازی، هێزی پۆلیس و هەروەها بیروکراسی.”٤٤ بەڵام سیاسەت، بە پێچەوانەی دەوڵەتمەداری، چەندین چالاکیی لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە بەشداری لە گوتاری ئەقڵانیی، بەهێزکردنی ڕووبەری گشتی و ڕاڤەکردنی ژیرییەکی کرداری و درککردنی تاکەکان کە هاوبەشانە بەشدارن لەو چالاکییە سیاسییانەدا.”٤٥ هەر لێرەوە پرۆژەی بووکچین و ئۆجالان بۆ سهرپێخستنەوەی سیاسەت هاوتایانە دەڵێن:
لە بانگەشەکردن بۆ “سەرپێخستنەوە”ی مرۆڤایەتی، –گاڵتەئامێزانە– ئاماژه دهكهم بۆ بایەخی دداندانان بە گرنگیی پۆتانسێلی مرۆڤایەتی بۆ خوڵقاندنی هەبوونێکی ئەقڵانیی، ڕووکردن لە ژینگە، هەبوونێکی ئیستاتیکییانە و جیهانێکی قووڵی مرۆڤایەتیی کە لەسەر بنەمای ئەخلاقێکی سوپاسگوزارانە و کۆمەڵگەیەکی هاوبەش دامەزرابێت.٤٦
تێگەیشتنی من بۆ بەکارهێنانی وشەی “ئەقڵانیی” لە لایەن بووکچینەوە کە لە وتەکەی سەرەوەدا هاتووە، نزیکە لە مانای ئەو وشەیەی کە منیش لە ژێرەوە باسی دەکەم، ئەویش بریتییە لە “مەعقولییەت”، نەک بریتی بێت لە عەقڵانییەتی ئامرازیی. لە بەشی داهاتوودا بە تەواوی جیاوازیی نێوانیان دەستنیشان دەکەم.
فەلسەفەی سیاسیی مەعقولییەت
بۆچوونی ئۆجالان سەبارەت بە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك و نەتەوەی دیمۆکراتیك دەگاتە ئەو ڕادەیەی کە من ناوی دەنێم سیاسەتی مەعقولییەت. ئۆجالان توانیویەتی گەشە بە فۆرمێکی سیاسی بدات کە بتوانێت گوزارشت له مەعقولییەت بكات، نەک ئەقڵانییەت (ڕاشناڵێتی) کە گرنگی بە ناوەندگەرایی دەوڵەت دەدات. جیا لە سیاسەتی عەقڵانییەت (ڕاشناڵیتی)، سیاسەتی مەعقولییەت بریتییە لە پێکەوەگونجاندنی بەها، ئەخلاق و مۆراڵ. ئەمەش ئەو ڕوانگەیەیە کە من بە سەرپێخستنەوەی سیاسەت پێناسەی دەکەم. ئەمە گەڕانەوە نییە بۆ سەردەمی پێش گەشەکردنی زانست کە بە سەردەمی جادووگەریی ناو نراوە، بەڵکو بریتییە لە پێشکەوتن و فراوانکردنی سیاسەتی ژیرانە کە هاوتایە لەگەڵ ئەخلاق و مۆراڵ و بەهاکان، نەک بەوەی دژیان بێت. من ئەوە پێشنیاز ناکەم بەوەی کە جۆرێک بێت لە دڵخوازیی ئەخلاقیی؛ یان ئۆجالان تەنها داوای ئەوەی کردبێت کە ئەوانەی دواتر تەنها لە ڕووی ئەخلاقییەوە باش بن. بەڵکو ئەمە خۆی لە خۆیدا زۆر گرنگە: داهێنانی ئۆجالان بە تێکڕایی بریتییە لە فۆرمێکی سیاسیی کە لەسەر بنچینەکانی ئەخلاق دامەزرابێت. کە دەڵێم فۆرمی سیاسیی، مەبەستم ئەوەیە بریتییە لە هەموو ئەو پەیوەندییانەی کە لەژێر ناونیشانی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک و نەتەوەی دیمۆکراتیکدا هەن. ئۆجالان لەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، “کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك پارادایمێکی کۆمەڵایەتیی نادەوڵەتییە و پرۆژەی ڕێکخستنێکی کولتوورییە بۆ نەتەوەیەکی دیمۆکراتیك.٤٧ لە سەرئەنجامدا ئەمە دەبێتە پایە سەرەکییەکانی مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیك. “پرۆژەکەمان ‘مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیك’ـە، بە واتای ئەوەی کە دەبێتە گەڵاڵەیەکی بەدیل بۆ ئەو مۆدێرنیتەیەی کە پێی ئاشناین. لەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك بونیاد دەنرێت کە بنچینەی پارادایمێکی سیاسییە. مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیك چەتری کۆمەڵگەیەکی سیاسییە کە لەسەر ئەخلاق بونیاد نرابێت.”٤٨ هەر بەو شێوەیە، لەوپەڕی گەورەییەکەیدا، کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك بریتی دەبێت لە فۆرمی تەنۆچکەیی سەرسووڕهێنەری ئەو شارستانییەی کە بە ڕاگواستندا تێ دهپەڕێت، زیاتر خۆی لە سیاسەتی مەعقولییەتدا دەبینێتەوە نەک ناوەندگەراییەک کە لەسەر بنەمای ئەقڵانییەت (ڕاشناڵیتی) دامەزرابێت.
کەلەپوورە فەرامۆشکراوەکەی سیاسەتی مەعقولییەت
ئەقڵ هاوسەنگی لە نێوان عەقڵانییهت و مەعقولییەتدا دەپارێزيت و لەگەڵ یەکتر دەیانگونجينێت. بە لایەنی کەمەوە، لە سەدەی هەڤدەیەمەوە عەقڵ هاوسەنگیی خۆی لە دەست داوە؛ لەگەڵ هەڵکشانی ئەقڵانییهتی ئابووریی و سیاسیی، نەریتەکانی مەعقولییەت لە بەرەوە پەراوێز خراون.٤٩ ئەقڵانییەت بە دەستەواژەی “من” دەست پێ دەکات. هەر وەک لە گەڵاڵەی بەناوبانگی دیکارتدا هاتووە کە تاکی دەرهەست (ئەبستراکت) بریتی بێت لە “cogito, ergo sum”، واتە “من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم.” ئەو خۆپەرستییە دەرهەستە بە ئاسانی وەرگێڕرا بۆ مرۆڤی هۆمۆ ئیکۆنۆمیکەس – واته پیاوێکی عەقڵانیی کە فەلسەفەی ئابوورییەکەی دەیگەیەنێتە ئەوپەڕی. بە پێچەوانەی ئەوەوە، ئەو هەستەی کە من ناوی دەنێم مەعقولییەتی سیاسییانە، لە مشتومڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەلسەفەی ئەفریقاوە دەربڕراوە: من هەم، چونکە ئێمە هەین، لەبەر ئەوەی کە ئێمە هەین، کەواتە من هەم.٥٠ عەقڵانییەت خۆپەرست و لێکدانەوەکانی حسابییانەیە، مەعقولییەت زیاتر کۆمەڵایەتیی و مەبەستییانەیە. دەیڤد گرایبەر ئەوەی دەستنیشان کردووە کە بزووتنەوەی “ۆول ستریت داگیر بکەن” وەک نموونەیەکی مەعقولییەت سیاسییانەیە. ئەو دەڵێت:
هاوڕایی (کۆنسەنسوس) بریتییە لە هەوڵدانێک بۆ خوڵقاندنی سیاسەت کە لەسەر پرەنسیپی مەعقولییەت بونیاد نراوە، هەر وەک فەیلەسوفی فێمینیست، دێبرا هێکس ئەوەی شی کردووهتەوە و دەڵێت، مەعقولییەت نەک تەنها پێویستی بە هاوڕایی (کۆدەنگی – کۆنسەنسیس)ی لۆژیکی هەیە، بەڵکو “پێوەرە بۆ داوەرییەکی باش، ڕەخنەلەخۆگرتن و قابلیەت بۆ کارلێکردنی ناوخۆیی کۆمەڵگە و ئارەزوویەک بۆ پێدان و حسابکردن بۆ ئەقڵ.”٥١
تیم سپرۆد پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان مەعقولییەت، خۆسەری (ئۆتۆنۆمی) و پراکتیزەی ئەخلاقیدا دەنەخشێنێت. سپرۆد مەعقولییەت بە ڕەخنەگر و داهێنەر و پەیوەست و کۆنتێکستانە و لەخۆگرانە وەسف دەکات.٥٢ هەر وەک ئەنتۆنی سایمۆن لەیدن ڕوونی دەکاتەوە، “بەمەعقولکردن، وهك فام كراوه، جۆرێکە لە ئاخاوتن…. بریتییە لە فۆرمێک بۆ پەیوەستبوون بە ئەوانی ترەوە کە دەتوانرێت جیا بکرێتەوە، فۆرمی ناپێکەوەیی کارلەیەکترکردن، بۆ نموونە فەرمانکردن، گوێڕایەڵی، فەرامۆشکردن یان هەڵخەڵەتاندن.”٥٣ مەعقولییەت هەر بۆ خۆی لە بنچینەدا کۆمەڵایەتییە. بە پێچەوانەوە، ئەقڵانییەت، وەک من دهیخهمه ڕوو، شێوازێکی کردارییە کە لە بنچینەدا حسابییە، دەرهەستە، فەرمییە، ماتماتیکییە، چەندێتییە، گریمانەییه، مێژووییە، گەردوونیی دەرهەستە، واش دانراوە کە بەها بەشێک نەبێت لە پێکهاتەکەی. ئەقڵانییەت زیاتر بریتییە لە پێوانەکردن، پێشبینیکردن و دەستبسەرداگرتن. عەقڵانییەت بریتییە لە ئامانجی هەموو بیرۆکراتەکان و تەکنۆکراتەکان. لەبری ئەوە، مەعقولییەت، وەک ئاماژەی بۆ دەكەم، بریتییە لە کردەیەکی کۆمەڵایەتیی، کارلێکی نێوان کەسەکانە، بارودۆخییە و پەیوەندیی بە بواری گفتوگۆوە هەیە. جۆرییە، تایبەتە، دەگونجێنرێت، دانوستاندنە و هەروەها دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ نادیاریی و نادڵنیایی بکات. مەعقولییەت توانای کرانەوەی هەیە بۆ ئەزموون و گۆڕانکاری. هەروەها توانای سەقامگیریی هەیە، بەڵام پشت بە ناوەندێتیی نابەستێت. مەعقولییەت بەبێ ئەملا و ئەولا بەها بەشێکە لە پێکهاتەکەی. مەعقولییەت زۆر لە نزیکەوە پەیوەندیی بە چەمکی دادپەروەرییەوە هەیە، توانای لەخۆگرتنی هەیە و زۆر پەیوەستە بە مەسەلە مۆراڵییەکانەوە.
مەعقولییەتی ڕادیکاڵ لە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکدا
باشترین ڕێگهی تێگەیشتن لە مەعقولییەت ئەو ڕێگهیەیه کە لە فۆرمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینرێت. بە دڵنیاییەوە دەکرێت تاک مەعقول بێت کە توانای باشی بۆ دەربڕینی دادوەریی کۆمەڵایەتی هەبێت، دادوەرێکی کۆمەڵایەتیی دادپەروەر بێت. ئەو کارەکتەرەكانهی مەعقولییەت کە من هەوڵم داوە دەریان ببڕم، هاوشێوەی ئەوەیه كه ئۆجالان پێی دەڵێت “ژیریی هەستیاریی”، یاخود، بە شێوەیەکی وردتر بریتییە لە هاوسەنگێتیی ژیریی “هەستیاریی” و “شیکاری”ـی ئەقڵ.٥٤ مەعقولییەت هەر وەک عەقڵانییەت توانای گونجاندن و لەخۆگرتنی لە کڵێشە سیاسییەکاندا هەیە و دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاوی خۆی بگێڕێت. دەوڵەتی بیرۆکراسی پرەنسیپی عەقڵانییەت پەیڕەو دەکات و دەردەبڕێت. من دەمەوێت لەم مشتومڕەدا ئەوە نیشان بدەم کە پارادایمی کۆمەڵایەتیی نادەوڵەتیی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك پرەنسیپی مەعقولییەت پەیڕەو دەکات. جیاوازییەکی بەرچاو ئەوەیە، بە پێچەوانەی عەقڵانییەت، ناواخنی بەرچاوی مەعقولییەت فۆرمێکی تایبەتە و ناتوانرێت پێشبینی بکرێت، بەڵکو لە پراکتیکدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. دامودەزگاکان دەتوانن ببن بە ئاسانکارییەک بۆ پرەنسیپی مەعقولییەت، بەڵام ناتوانێت پێشووتر بڕیاری چۆنێتیی ناواخنەکەی بدرێت کە چۆن پەیڕەو دەکرێت. ئۆجالان درکی بەمە کردووە، بە تایبەتی لە باسەکانی لهمهڕ کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك، هەر وەک دەڵێت “دەرگای کراوەیە بە ڕووی گرووپ و لایەنە سیاسییەکانی تردا. نەرمە، فرەکولتوورییە، دژی پاوانخوازییە، لەسەر بنچینەی هاوڕایی (کۆدەنگی) لەگەڵ یەکتر. ئیکۆلۆژیی و فێمینیزم دوو بوارە سەرەکییەکەیەتی.”٥٥ دەبێ پێکهاتەکانی سیاسەتی مەعقولییەت لە واقیعی ژیانەوە هەڵبقوڵێن و بە ناو کۆمەڵگەدا تێ بپەڕن بۆ ئەوەی جێگهیان دیار بێت. کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك، هەر وەک ئۆجالان دەڵێت، “لەسەر بنچینەی ئەزموونی مێژوویی کۆمەڵگە و ئەو میراتە گرنگەی کە هەیەتی، بونیاد نراوە و دەتوانرێت. ئەمە سیستەمێکی سیاسیی هەڕەمەکیی سەردەم نییە، بەڵکو لەسەر بنچینەی ئەزموون و مێژوو دامەزراوە. ئەمە کۆرپەی ژیانی کۆمەڵگەیە.”٥٦ بریتی نییە لە لەخۆگرتنی نەریتە کۆنەپارێزەکان بەڵکو، وەک ئۆجالان دەیبینێت، شۆڕشێك كه ناتوانێت کۆمەڵگە دروست بکات. “تەنها دەتوانێت کاریگەریی ئەخلاقییانە و سیاسییانە لەسەر تۆڕی بەستەری کۆمەڵگە بنوێنێت. هەر شتێکی تر بەندە لەسەر ئەخلاقی ئەو کۆمەڵگە سیاسییە.”٥٧ دیسانەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە بریتی بێت لە پشتگیریکردن لە بیرتەسکی. کۆمەڵگەی نەتەوەی دیمۆکراتیك لەسەر بنچینەی پێکەوەژیان و بەشداریکردنی گرووپ و جڤاتە جیاوازەکانی خەڵک پێک هاتووە. ئۆجالان دەڵێت، “لە کاتێکدا دەوڵەت-نەتەوە هەوڵی تاکڕەوی لە کۆمەڵگەدا دەدات، نەتەوەی دیمۆکراتیك لەسەر بنچینەی پێکهاتە جیاوازەکان دامەزراوە. فرەیی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە وەک دەوڵەمەندی لە قەڵەم دەدات. ژیان تەنها لە ڕووی هەمەلایەنییەوە خۆی دەبینێتەوە و مانای هەیە. دەوڵەت-نەتەوە وا دەکات کە هاووڵاتییەکانی یەک جۆری ناسنامە هەڵگرن؛ لەم ڕووهشهوه، دژ بە ژیانە.”٥٨ گەڕان بەدوای ژیانی دەوڵەمەند و مانادار خاڵی هەرە گرنگی پرۆژەی سیاسیی ئۆجالانە بۆ سهرپێخستنەوەی سیاسەت لەسەر بنەمای ئاکار (ئەخلاق) و مۆراڵ کە دوو پێکهاتەی گرنگی ئەو پێناسەیەن.
کۆمەڵگەی سیاسیی و ئەخلاقیی
بە درێژایی نووسینەکانی، ئۆجالان بە بەردەوامی دەگەڕێتەوە بۆ وتەیەکی بەناوبانگی ئەدۆرنۆ: “ژیانی هەڵە، ڕاست ژین ناكرێت.”٥٩ مەسەلەی ژیانی هەڵە یان چۆن کەسێک نەتوانێت بە ڕێک و ڕەوانی بژی، پرسیاری ئەخلاقیی و مۆراڵیی دەورووژێنێت. ئەدۆرنۆ ئەوەندەی بە چۆنێتی ژیانێکی ئەخلاقییانەوە سەرقاڵ بوو، ئەوەندە بە پرەنسیپی چەمکی ئەخلاقییەوە سەرقاڵ نەبوو.٦٠ بۆ ئەدۆرنۆ، هەر وەک ئۆجالان، ژیان لە ناو فۆرمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا بە هەڵە گەشە دەکات. بەو پێیە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاست و ڕەوان لە جیهانی سەرمایەدارییدا بتوانیت ژیان بگوزەرێنیت، وەک ئەوەیە بەردەوام لە شۆڕشکردندا بیت. بەهەرحاڵ، جیاوازییەکی گرنگی نێوان ئۆجالان و ئەدۆرنۆ ئەوەیە کە ئەدۆرنۆ ڕەشبین بوو بەرامبەر بەوەی کە بتوانرێت هیوا لە ڕێگهی شۆڕشگێڕییەوە بەدی بهێنرێت، بەڵام ئۆجالان، گەشبین بوو بەو کارەی کە مرۆڤ بە ڕاستی بژی كه بریتییە لە تەحەدای ئەو ژیانە هەڵەیەی کە سەرمایەداریی بەرهەمی دەهێنێت. بە گۆڕینی ئەم جۆرە فۆرمە، ئۆجالان “کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و سیاسیی” بەوە دەبینێت کە:
سیاسەت و دیمۆکراسی، لە واتا ڕاستییەکەی خۆیاندا، دوو چەمکی هاوشێوەن. ئەگەر ئازادیی بریتی بێت لە گۆڕەپانێک کە سیاسەت خۆی تێدا دەرببڕێت، دیمۆکراسی بریتییە لە شێوازی ئیشکردن و ڕاڤەکردنی سیاسەت لەو گۆڕەپانەدا. سێکوچکەی ئازادی و سیاسەت و دیمۆکراسی ناشێت خاڵی بێت لە بنچینە مۆراڵییەکان. هەروەها دەتوانین مۆراڵ بەوە پێناسە بکەین کە بریتی بێت لە بهدامەزراوەکردنی فۆرمی ئازادیی و سیاسەت و دیمۆکراسی.٦١
زیادکردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئۆتۆنۆمی جیاواز، ڕێکخراوەکان و کۆمەڵە جیاوازەکان لە ناو کۆمەڵگەدا بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەشدار بن لە پرۆسەی بڕیاردانی هەرێمی، وەڵامێکە بۆ پەراوێزخستنی “ژیانی هەڵە” کە لە جیهانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا بەردەوامیی هەیە.
دەرەنجام
لەم نووسینەدا لەژێر ڕۆشنایی کەسانی ناو کایەی ڕۆشنبیریی جیهانی ڕۆژئاوا، وەک نیتشە و ڤێبەر و واڵهرستین و ئەدۆرنۆ و بووکچین، هەوڵم دا خوێندنەوە بۆ بیرەکانی ئۆجالان بکەم. گەشەسەندنه ئایدیۆلۆژییەکانی ئۆجالانم لە ڕێگهی وێنهکێشان بۆ ئەو ژیانەی کە خەباتی شۆڕشگێڕیی تێدا كردووە، بە کۆنتێکست کرد. هەروەها چاوم بە ئەو ڕێگهیانەی ئۆجالاندا خشاند كه ئەزموونەکانی خۆی گرێ دابوو لەگەڵ ڕووکاری ئەو مێژووە قووڵە و جیۆستراتیژی و هەروەها بەستنهوهیان بە بیرۆکەی درێژمەودای برۆدێل و تیۆری واڵهرستین بۆ سیستەمی جیهانی. ئەوەم نیشان دا کە چۆن مێژووناسێتیی ئۆجالان، لەگەڵ ئەدۆرنۆ، ڕێگهیان دا زۆر بە چڕوپڕی “ژیانی هەڵە’ کە لە جیهانی سەرمایەداریی سەردەمدا دەگوزەرێت، دەستنیشان بکەم و بە هەمان شێوە لەگەڵ بۆچوونەکانی ڤێبەر سەبارەت بە دەستنیشانکردنی بێهیوایی لە ژیانی ئەقڵانی (ڕاشناڵ)ی بەدامەزراوەکراو هەڵیان بسەنگێنم. بە پێچەوانەی ئەدۆرنۆ و ڤێبەر، ئۆجالان ڕەشبین نییە بەرانبەر بە چارەسەری ئەو بارودۆخەی کە لە ئێستادا هەیە. ئۆجالان لەگەڵ نیتشە داوای ژیانێک دەکەن کە بتوانێت دووپاتی زاڵبوون و هەڵسەنگاندنەوە بۆ ئەم جۆرە ژیانەی ئێستا بکەنەوە. ئەوەم نیشان دا کە پرۆژەکانی ئۆجالان بریتین لە سەرپێخستنەوە (بەگوڕخستنەوە) و بەرگ بەبەرداکردنەوەی بەهاکان و ئەخلاق بۆ ناو فۆرمی سیاسەت. هەروەها دەمەتەقێی ئەوەشم کردووە کە – دوور لەوەی بۆ جیهانی خەیاڵ هەنگاو بنێین– پرۆژەی بەگوڕخستنەوەی سیاسەت لە زهینی ئۆجالاندا بریتییە لە گەشەکردنی فۆرمی سیاسیی ژیرانە لە فۆرمە سیاسییەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك و نەتەوەی دیمۆکراتدا.
ئەم وتارە بۆ یەکەم جار لە کۆنفرانسی ئی ئاڕ پی ئای نێودەوڵەتی له ساڵی ٢٠١٨دا لەژێر ناوی “پۆپیولیزمی پاوانخوازیی و جیهانی لادێیی” لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ خوێندنی کۆمەڵایەتیی (ئای ئێس ئێس) لە لاهای لە هۆڵەندا پێشکەش کراوە.
د. پاتریک هەف
ئەنترۆپۆلۆجیستی کۆمەڵایەتییە و مامۆستای زانکۆیە لە بەشی جوگرافیا، خوێندنی ژینگە و گەشەپێدان، لە زانکۆی بیربیک لە شاری لەندەن. ئەو بوارانەی ئەو ئارەزووی لێکۆڵینەوە دەکات تێیاندا، بریتین لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، سیاسەتی ڕادیکاڵ، فێمینیزم، ئابووریی سیاسیی و ژینگەی سیاسیی. ئەندامی ڕایەڵەی هاوکاریی کوردستان و هاوکاری کوردستان لە برایتن لە بەریتانیا.
سەرچاوە؛ گۆڤاری ئازادی کۆمەڵگە