تونجەر باقرخان: کات کاتی بەرفراوانکردنی تێکۆشانی هاوبەشە

تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی لە کۆنگرەی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) قسەیکرد و گوتی: "لە پێناو ئاشتییدا پەرە بە هاوپەیمانیمان بدەین. ئێستا کات کاتی مەزنکردنی تێکۆشانی هاوبەشە."

کۆنگرەی یەسەپە

ئەمڕۆ لە ئەنقەرە پارتی چەپی سەوز کۆنگرەی خۆی ئەنجام دا، لە کۆنگرەکەدا کە نوێنەرانی پارتەکە و ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە کۆمەلگەییەکان بەشداربوون، تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) قسەیکرد.

تونجەر باقرخان دوای سلاوکردن لە کۆنگرەکە سەرنجی خستەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و گوتی: "لەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەداین هەموو گەلان پێکەوە بە زمان، کولتوور و ناسنامەی خۆیەوە بە شێوەیەکی دیموکراتیکی تێبکۆشین. بەڕێز ئۆجالان باسی "سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی کرد. بۆیە پێویستە خۆمان نوێ بکەینەوە. بە کردار و گوفتاری خۆمانەوە سۆسیالیزمی دیموکراتیک بکەینە بناغەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک."

تونجەر باقرخان لە قسەکانییدا سەرنجی خستەسەر پرۆسەکە و جەختی لەوەکردەوە پێویستە گەلی کورد و ژنانیش بە ئازادی ناسنامەی خۆیانەوە بژین و گوتی: "لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا گەلێک کە بێ ناسنامە بوو، لەمڕۆدا بووە بە ناسراوترین و چالاکترین میللەت. ئامانجمانە سیستەمێکی دیموکراتیک، یەکسان و دادپەروەر بونیاد بنێین."

تونجەر باقرخان لە کۆتایی قسەکانییدا سەرنجی خستەسەر گرنگی ڕێکخستن و ئەمەی گوت: "چەندە ڕێکخراوبن ئەوەندەش بەهێز دەبن. ئێوە شوێنکەوتەی دەنیز، ماهیر، مەزڵومەکان و ساکینەکان بن ئەوا دەتوانن بنەڕەی شتەکان بگۆڕن. ئەوانەی ناتوانن ڕێکخراوبن بە دڵنیاییەوە تیادەچن. پێویستە گەلەکەمان سەرکەوێت و سەرکەوتن بۆ هەموو ئەو کەسانەیە نکۆڵی لە ناسنامەیان دەکرێت. ئەم پرۆسەیە هەموو گەلانی تورکیا دەگرێتەوە. لە ئێستادا تورکیاکەی هەڵوەشاوە لە پێشماندایە. ئاشتی دەکەینە دیاری هەموو گەلان. کاتی تێکۆشانی هاوبەشی بەرفراوانە. کاتی بەدەستخستنی دەستکەوتە دیموکراتیکییەکانە. هیودارم سەرکەوین، سلاو لە کۆنگرەکە دەکەم."

OSZAR »