لە ڕۆژانی ٢٤-٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥دا، کۆنگرەی نەتەوەیی کورستان (کەنەکە) بە بەشداری ئەندامانی و میونانی لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان کەنەکە ٢٣ـەمین کۆنگرەی ئاسای خۆی ئەنجام دا. لە کۆنگرەکەدا چەندین بڕیار و ڕوانگەی گرنگ لەسەر بنەمای تێکۆشانی سەردەمی نوێ گیرا کە بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە.
لە کۆنگرەکەدا پێکهاتەی بەڕیوەبەری کەنەکە هەڵبژێردرایەوە و بەم شێوەیە:
هاوسەرۆکانی کەنەکە: زەینەب موراد و ئەحمەد کارامووس.
ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە:
هاوسەرۆکی نوێی کەنەکە؛ زینەب موراد و ئەحمەد قەرەمووس.
ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە؛
١- ئاریا عیسا
٢- بەهزاد پیرمووسا
٢- دیمەن سوهرابی
٤- ئەکرەم حەسۆ
٥- فارووق جەمیل
٦- فاتمە لەکتۆ
٧- ئیبراهیم عەلیپوور
٨- میران ساڵەح
٩- نیلوفەر کۆچ
١٠- نورێ ئالکاش
١١- عوسمان ئەرگین
١٢- پەروین سەعید
١٣- رەفیق غەفوور
١٤- ڕۆژین موکریان
١٥- سەعید سەنەندەجی
١٦- شەهلا حەفید
١٧- شێرکۆ حەمەئەمین
١٨- شێخ شەماڵ
١٩- شیلان ئەمینئۆغلوو
٢٠- شوکروڵا حەمەئەمین
٢١- یاقووب میرزا
٢٢- زینەب موستەفا
٢٣- زوبێر ئایدار.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دوای بەستنی کۆنگرەی ئاسایی ٢٣ـەمینی خۆی، ئەنجامنامەی کۆنگرەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردوە.
ئەنجمانامەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورستان (کەنەکە) بەم شێوەیە:
"ئەنجامنامەی ٢٣هەمین جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، ٢٣هەمین کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی خۆی لە ٢٤-٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥دا بەبەشداریی زۆرینەی ئەندامانی لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەبرد. هاوکات لەگەڵ ئەنداماندا گەلێک میوان (سەرۆک و بەرپرسانی پارت و دامودەزگاکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان)یش بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد. بەگوێرەی رۆژەڤی کۆبوونەوەکە رۆژی یەکەم وەک راوێژێکی نەتەوەیی بوو و رەوشی سیاسی کوردستان، خۆرهەڵاتی ناوین و جیهان بە فراوانی هەڵسەنگێنران و گفتوگۆ سەبارەت بە ستراتیژی نەتەوەیی قۆناخەکە کرا. بەهۆی پێنەدانی ڤیزا و کاری بیرۆکراتیانەوە گەلێک ئەندامان لە کوردستان (باشوور و رۆژئاوا) و رووسیا و چەند وڵاتانی تر نەیانتوانی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بن. هەربۆیە لە شارەکانی سلێمانی، قامشلۆ و مۆسکۆ و ئەندامانی نزیک لەو شارانە لە هۆڵێکدا کۆبوونەوە و بەڕێگەی تۆڕی زووم بەشداریی کۆبوونەوەکە بوون.
کۆبوونەوە بە خولەکێک رێزگرتن لە شەهیدان و بە سروودی "ئەی ڕەقیب" و وتەی هەردوو هاوسەرۆکان دەستیپێکرد. بەگوێرەی رۆژەڤەکە، سەرەتا سینەڤزیۆنێک لەبارەی ٢٦ ساڵەی کەنەکە نمایش کرا. بەدوایدا پەیامەکانی میوانان، سەرۆک و نوێنەرانی پارت و رێکخراوەکان پێشکەش کران. دواتر لەلایەن کۆنسەی بەڕێوەبەرییەوە راپۆرتی ساڵانەی کار و خەبات، ڕەوشی سیاسیی جیهان، خۆرهەڵاتی ناوین و کوردستان خوێندرایەوە. پاشان لەلایەن ئەندامانەوە گفتوگۆی فراوان لەسەر راپۆرتەکە کرا. لە کۆتایی رۆژی یەکەم ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٥دا بەگوێرەی هەڵسەنگاندن و گفتوگۆیەکان "جاڕنامە - دێکلەراسیۆنی ٢٣ـەمین جڤاتی گشتیکەنەکە" پەسند کرا و بۆ رای گشتی راگەیەنرا.
لە دووەم رۆژ ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥ دا، پێش هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی کەنەکە گەڵاڵە پێشنیازێک بۆ گۆڕینی مادەیەکی پەیمانی کەنەکە خرایەڕوو، دوای گفتوگۆکردن ئەو گەڵاڵە پێشنیاز پەسند کرا. بەگوێرەی ئەو گۆڕانکارییانە ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەرێتی لە ١٩ ئەندامەوە بۆ ٢٣ ئەندام زیاد کرا. پاشان هەڵبژاردنی هاوسەرۆکان و کۆنسەی بەڕێوەبەڕیی ئەنجام درا. هەر یەک لە بەڕێزان زەینەب موراد و ئەحمەد کارەمووس بۆ دوو ساڵ (خولی دەیەمین) وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردرانەوە. لیستی ناوی ئەندامانی هەڵبژێردراوی کۆنسەی بەڕێوەبەرییش هاوپێچی ئەم راگەیەندراوەیە.
دوای هەڵبژاردنەکان، بەردەوامی بە گفتوگۆکانی سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی درا. هەروەها لەچوارچێوەی پلانسازی کار و خەباتدا، لەبارەی سەدەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی ١٩٢٥ و یادکردنەوەی نەمر شێخ سەعید و هەڤاڵانی، لەئاستی نەتەوەییدا کۆنفڕانسێک و میتینگ - گردبوونەوەیەکی مەزن لە ناوەندی ئەوروپا بەفراوانی گفتوگۆی لەسەر کرا و بەرنامەڕێژی بۆکرا. هەروەها لە ١٠٢ـەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزاندا وەک هەر ساڵ، پلانسازی بۆ کراوە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی جەماوەریی بەڕێوە بچێت. دواتر بەپێی رۆژەڤ، تاوتوێی پێشنیاز و بڕیارەکان کرا و پێشنیازەکانی ئەندامان بۆ داڕشتنی پلانسازی داهاتوو وەرگیران و کۆبوونەوەکە بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات.
بەگوێرەیرۆژەڤ، سەرەتا رەوشی سیاسی کوردستان، بەتایبەتی بار و دۆخی ئەم دواییەی باکووری کوردستان و تورکیا، بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەناوی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"، ١٢ـەمین کۆنگرەی پەکەکە و بەگشتی پرۆسەی هەوڵەکانی ئاشتی و چارەسەریی پرسی کورد لە باکووری کوردستان، ڕووخانی رژێمی بەعس لە سوریا، رەوشی رۆژئاوای کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، کێشە و قەیرانە سیاسی، ئیداریی و ئابووریەکانی، دوای هەشت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەرێمی کوردستان و دانەمەزراندنی حکومەتێکی نوێ، بارودۆخ و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئێران بۆسەر گەلەکەمان، شەڕی ئیسرائیل و حەماس، شەڕ و قەیرانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، رەوشی زیندانیانی سیاسی، گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین، هەروەها هەڵوێست و کاریگەرییەکانی هێزە جیهانییەکان لەسەر ناوچەکە، هەڵسەنگاندن و گفتوگۆی فراوان بەڕێوەچوون. هەمانکات جۆش و خرۆشی ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ کە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو لە ئاستێکدابوو کە ببوو بە دەنگ و ڕەنگی گەلەکەمان.
لەکاتێکدا جڤاتی گشتی کەنەکە کۆبووەوە کە لە باکووری کوردستان و تورکیا، گفتوگۆیەکی گەرم سەبارەت بە چارەسەریی پرسی کورد لە ئارادایە و لەم ڕووەوە؛ دیالۆگ، بانگەوازی، کۆبوونەوە و لێدوانی گرنگ دەدرێن.
ماوەیەکە لە دوورگەی ئیمڕاڵیدا لەنێوان بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیادا، لەسەر چارەسەری پرسی کورد دانوستاندن دەکرێت. لەئەنجامی ئەو دیدارانەدا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆژی ٢٧-٢-٢٠٢٥ بەناوی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"یەوە بانگەوازێکی کرد. لەسەر بنەمای ئەم بانگەوازییە، پەکەکە ١٢ـەمین کۆنگرەی خۆی لە رۆژانی ٥-٧ی ئایاری ٢٠٢٥ بەڕێوەبرد. لە ١٢ی ئایاریشدا ئەنجامنامەی کۆنگرەکەی بە راگەیەندراوێک بۆ رای گشتی راگەیاند. بەگوێرەی راگەیاندراوەکە؛ پەکەکە رۆڵی مێژوویی خۆی تەواو کرد و بۆ ئەوەی پرسی کورد بەڕێگەی ئاشتی و دیالۆگەوە چارەسەر ببێت، ئیدی تەڤگەری ئازادیی کوردستان بەناوی پەکەکەوە کار ناکات و خەباتی چەکداریی لەبەرامبەر بە دەوڵەتی تورکیا رادەوەستێنێت. وەک لە بانگەوازی و راگەیەندراوەکە دەستنیشانکراوە، ئەمە کۆتایی نییە!، بەڵکو ئەمە دەستپێکێکی نوێیە و تەڤگەری ئازادیی کوردستان بەگوێرەی رەوش و پێشهاتە نوێیەکان خۆی دەگۆڕێت، خۆی سەرلەنوێ بەڕێکخستن دەکات و تێکۆشانی ئازادیی بە فۆرمێکی نوێ بەردەوامی پێدەدات.
هەم بانگوازییەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و هەمیش ئەنجامنامەی کۆنگرەکەی پەکەکە، هەنگاوێکی مێژووییە. ئەو بانگەوازی و ئەنجامنامەیە لە رای گشتی کورد و جیهاندا، دەنگدانەوەیەکی مەزنی دایەوە. لەئاستی دامودەزگا سەرەکییە نێونەتەوەییەکان و لەئاستی هێزەکانی جیهاندا، بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازیی لێکرا و بە لێدوانەکانیان پشتیوانیان لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری کرد. پارت و رێکخستنەکانی کوردستانیش هەڵوێستی ئەرێنی خۆیان خستەڕوو و هەروەها خاوەندارێتییان لە پرۆسەکە کرد. ئەگەر وەک دەخوازرێتیش نەبێت، بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لێکرد.
بەڵام وەک ئەوەی کە دەخوازرێت پرۆسەکە وا بەڕێوە ناچێت. حکومەت هەنگاوی بەرچاوی نەهاوێشتووە و پەیامەکانیان ناڕوونن و زمانی راگەیاندنەکانیشیان زمانی ئاشتیانە نییە. لەلایەکی دیکەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تاوەکو ئیستا بەردەوامن، چەکی قەدەخەکراو و کیمیایی بەکاردێنن. بۆیە ئەم رەوشە بەهیچ شێوەیەک پەسند ناکرێت.
لەم بارەیەوە جڤاتی گشتی کەنەکە، ئەم دۆخەی بەتایبەت خستە رۆژەڤی دانیشتنەکانی خۆیەوە و ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنێت:
٢٣ـەمین جڤاتی گشتی کەنەکە، پرۆسەی ئیمڕاڵیی نێوان بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و دەوڵەتی تورکیا، بانگەوازەکەی بەڕێزیان و ئەنجامنامەی کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە، بە ئەرێنی دەبینێت و پشتیوانی لێدەکات. بۆئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوانە باش ئەنجامگیر ببێت، ئێمە وەک کەنەکە، لەلایەن خۆمانەوە هەموو دەرفەتێک دەخەینەگەڕ.
ئەم پرۆسەیە دەرفەتێکی گرنگ و مەزنە و ئەگەر پرسی کورد لە باکووری کوردستان بکەوێتە سەر راستەڕێی چارەسەری، لەهەمانکاتدا کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر هەر سێ بەشی دیکەی کوردستان و یەکڕیزی نێوماڵی کورد و کوردستانیش دەکات.
- ئێمە بانگەوازیی لەهەموو هێز، دامودەزگا، پارت، رێکخستن و تەواوی گەلی کوردستان دەکەین کە بە ئەرێنی لەم پرۆسەیە نزیک ببنەوە و پشتیوانی لێبکەن.
- ئێمە بانگەوازیی لە دۆستانی گەلی کورد و هێزە ئاشتیخوازەکانی جیهان دەکەین کەوا لەم پروسەیەدا گەلی کورد تەنیا نەهێڵن و بۆ سەرکەوتنیی گفتوگۆکان تێکۆشن.
- ئێمە بانگەوازیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و هەموو دامودەزگا نێونەتەوەییەکان و هێزە جیهانییەکان دەکەین و رادەگەیێنین هەر تەنیا لێدوانی ئەرێنی بەس نییە، بەڵکو پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تورکیا لەپێناو سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بخەنەگەڕ.
- هەروەها بانگەوازیی لە بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین و دەڵێین؛ ئەم دەرفەتە لەدەست خۆتان مەدەن، بۆئەوەی ئەم پرۆسەیە پێشبکەوێت، رێ لەبەردەم بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بکەنەوە و ئازادی بکەن، هەروەها شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانتان راوەستێنن، هەرچی زووە ئەم پرسە بخەنە رۆژەڤی پەرلەمانەوە، زەمینەی سیاسی و یاسایی بۆ چارەسەریی بەجێبێنن.
بۆئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی باشتر بەڕێوە بچێت، بۆئەوەی رێخۆشکەری بۆ هەردوو لایەن بکرێت و هەمیش چاودێریی لێ بکرێت، پێویستیی بە لایەنێکی سێیەمی بێلایەن هەیە. جڤاتی گشتی کەنەکە بانگەوازیی لەهەردوو لایەن دەکات رێ لەبەردەم هێزە نێوانگیرەکان بکەنەوە و لایەنێکی سێیەم ئەرکدار بکەن. ئێمە هیواخوازین هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبێنن و لەئاکامی ئەم پرۆسەیەدا پرسی کورد چارەسەر ببێت.
باشووری کوردستان بەشێکی رزگارکراو و خاوەن قەوارەیەکی فیدراڵە، ئەمەش بۆ هەموو کوردستانیان هیوایەکی مەزنە و جێی دڵخۆشییە. هەر چۆنێک بێت، دەبێت ئەم دەستکەوتە بپارێزرێت و بەرەو پێش ببرێت. پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشوور، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە. کەنەکە بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە هەستیارانە دەڕوانێت. بۆیە دەمانەوێت دەستکەوتەکان فراوانتر ببن و بکەونە خزمەت هەموو کوردستانیانەوە.
دۆخێکی نادیار لەسەرانسەری ئێراق هەیە و ئەم دۆخە مەترسی بۆسەر قەوارەی باشوری کوردستان دێنێت. لەبەرئەوەی دەوڵەتی ئێراق لەنیو قەیرانێکی مەزنی هەمەجۆردایە، گەلێک دەستتێوەردانی دەرەکی لەنێو ئێراقدا هەیە. لەو ناوچانەی کە بە ماددەی ١٤٠ لە دەستوری بنەڕەتی ناوزەندکراوە پرۆسەیەکی بەعەرەبکردن دژ بە ناوچە کوردنشینەکان بەڕێوەدەچێت و لەگەلێک شوێندا دەستیان بەسەر زەویی جووتیاران و لەگەلێک جێگەشدا کوردان لە زێدی باووباپیرانیان دەردەکرێن. مخابن لە رەوشێکی وەها نا دیار و مەترسیداردا، هێزە کوردییەکان یەکدەنگ نین و پەرش و بڵاون.
زیاتر لە هەشت مانگە هەڵبژاردن لە باشووری کوردستان بەڕێوەچووە، کەچی تائێستاش حکومەتی نوێ دانەمەزراوە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمیش نەکراوە. لە پاییزی ئەم ساڵیشدا هەڵبژاردنەکانی ئێراقیش دەکرێت. لەم دۆخەدا یەکڕیزی نێو ماڵی کورد گەلێک گرنگە. ئەگەر ئێمە وەک کورد یەکڕیز نەبین، ئەوا دەکرێ ستاتۆی فیدراڵی و گەلێک دەستکەوتی دیکەمان ئەکەونە ژێر مەترسییەوە. لەهەمانکاتدا ناوچە دابڕێنراوەکان (دەڤەرەکانی ماددەی ١٤٠)یش ئەگەری هەیە بەتەواوی لە کوردستان داببڕێنرێت. لەگەلێک ناوچەدا دیموگرافیای ناوچەکە دەگۆڕدرێت. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان، ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان بەلاوە بنێن و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان بەیەکەوە تێبکۆشن.
لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی شەنگال و بەگشتی دۆخی باوەڕمەندانی "ئێزدی"یش لە رۆژەڤ دابوو. کێشە و گرفتەکانی شەنگالیش بەردەوامن. شەنگال بەشێکە لە خاکی کوردستان. شەنگال لەچەندین لاوە لەژێر هەڕەشەدایە، پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان دژ بەو هێرشانە هەڵوێست بنوێنن و شەنگال و ئێزیدیەکان بپارێزرێت. پێویستە تایبەتمەندێتیی ئێزیدیایەتی بپارێزرێت، دیموگرافی و رەسەنەیاتیەکەی تێکنەدرێت و خەڵکی شەنگال خۆی، خۆی بەڕێوەببات.
دۆخی "کوردانی فەیلی"یش لە کۆبوونەوەکەدا لە رۆژەڤدا بوو. پرسی کوردانی فەیلی، ماوەیەکی درێژە لە رۆژەڤی کەنەکە دایە. بۆئەوەی هەلوەستە لەسەر دۆخی کوردانی فەیلی بکرێت کەنەکە کۆمیتەیەکی تایبەتی دامەزراندووە و ئەم کۆمیتەیە لەناو کار و خەباتدایە. کوردانی فەیلی لەگەلێک ڕووەوە لەژێر فشار و هەڕەشەی تواندنەوەدان. ئەم پرسە هەر تەنیا کوردانی فەیلی پەیوەندیدار ناکات، ، بەڵکو لەهەمانکاتدا پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانیە و دەبێت هەموو هێزە کوردستانییەکان، سەبارەت بە دۆخی کوردانی فەیلی بە هەڵوێست بن و دەبێت چارەسەرییەکی دادپەروەرانەی ئەم پرسە بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە رژێمی ئێران لەنێو قەیرانێکی مەزنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیدایە. رژێمی ئێران، وڵاتی بۆ هەموو گەل و نەتەوەکانی ئێران، باوەڕمەندییە جیاوازەکان و ژنان و تەواوی مرۆڤەکان کردۆتە زیندانێکی کراوە و هەناسەی لەخەڵک بڕیوە. بەتایبەتیش فشاری سەر ژنان، تا دێت زیاتر و دژوارتر دەبێت. ئیدی ئەم دۆخە قبووڵ ناکرێت و گەیشتۆتە قۆناخی سەرهەڵدان. دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، بەپێشەنگایەتی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەرانسەری ئێراندا راپەڕینێک بەرپابوو. ئەم راپەڕینە رووبەڕووی هێرشی دژوار بووەوە. ئەگەرچی لە ئێستادا کەمێک بێدەنگیش هەبێت، بەڵام ویستی پەرپابوونی راپەڕینەکە بەردەوامە.
ئەمە زیاتر لە ٤٠ ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران، مافەکانی ژنان و مافە دیموکراتییەکانی هەموو گەلانی ئێرانی پێشێل دەکات و کەسانی دژبەری خۆیشی سەرکوت دەکات. گەلانی ئێران، تووڕە و بێزارن، داوای ئازادی و وڵاتێکی دیموکرات دەکەن. کۆنگرەی ٢٣ـەمینی جڤاتی گشتیی داواکاریی و خواستەکانی گەل بۆ ئازادی و دیموکراتی بە رەوا دەبینێت، پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و چالاکوانان و ئازدیخوازان دەکات. هەروەها کۆبوونەوە هێرشەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران و لەسێدارەدانی چالاکوانان شەرمەزار و ریسوا دەکات.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان ئێراق و ئێران، لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٣ بەدواوە پارت و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور دەمێننەوە، زۆربەیان بێچەک کراون و لە سەر چەندین کەمپدا دابەشکراون. ئێران بارودۆخی ئەو پارت و هێزانە لەنزیکەوە چاودێریی دەکات و داوای رادەستکردنەوەی بەشێک لە بەرپرسانیش دەکات. لەهەمانکاتیشدا ئێران بەردەوامیی بە سیاسەتی لەسێدارەدان دەدات. هەروەها هێرشەکانی بۆ سەر کۆڵبەران زیاتر کردووە و رۆژانە دەیانکوژێت. ئەم دۆخەی کە هەیە مەترسیدارە و دەبێت رەتبکرێتەوە.
ئێمە هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان بەتوندی شەرمەزار دەکەین. بانگەوازیی لە پارت و رێکخستنە سیاسییەکان، دامودەزگا مەدەنییەکان، رۆشنبیران و تەواوی گەلەکەمان دەکەین، لەسەر بنەمای یەکێتی نەتەوەیی، لەدژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە و هەڵوێست وەربگرن.
کۆبوونەوە، بانگەوازیی لەهەموو پارت و رێکخستنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات هەرچی زووترە بەرەیەک لەنێوان خۆیاندا پێکبێنن و دژ بە فشار و هێرشەکان تێبکۆشن.
کۆبوونەوە بانگەوازیی لەهەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەکات لەپێناو بونیادنانی وڵاتێکی ئازاد و دیموکرات، بەرەیەکی هاوبەش پێکبێنن و بەیەک دەنگی ڕووبەڕووی رژێم ببنەوە.
هەروەها کۆبوونەوە، بانگەوازیی لە هێزە دیموکراتییەکانی جیهان دەکات کەوا گەلانی ئێران بەتەنیا بەجێنەهێڵن و دژ بە ستەمکارییەکانی دەوڵەتی ئێران، پشتیوانی لە چالاکوانان بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆزی پەیڕەوانی "یارسان"یش لە رۆژەڤدا بوو و هەلوەستەی لەسەر کرا. یارسانیەکان لە رۆژهەڵاتی
کوردستاندا هەم وەک کورد و هەمیش وەک ئاین لەژێر فشاری دژوار دان. ئایینی یارسانی، باوەرییەکی دێرینی کوردستانە و دەبێت وەک خۆی و وەکو هەیە بپارێزرێت.
کاتێک بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دێتە بەرباس. بەداخەوە زۆرجار دۆخی کوردانی خوراسان لەبیر دەکرێت. ئەمەش کەمتەرخەمی زۆربەی ڕێکخراوە کوردییەکانە. کەنەکە، هەر لە دامەزراندنیەوە هەوڵی ئەوە دەدات کە گرنگی بە بارودۆخی کوردانی خۆراسان بدات و کوردانی خۆراسان لە کەنەکە دا نوێنەرایەتییان هەیە. پێویستە ئەم نوێنەرایەتییەیان بەهێز بکرێت. پرس و کێشەکانی کوردانی خۆراسان دەبێت له کارنامەی هه موو ڕێکخراوه کوردستانییەکاندا جێگیر بکرێن.
لەم ساڵانەی دواییدا قەیرانی نێوان ئیسرائیل و ئێران گەیشتۆتە ئاستی هێرشی سەربازیی. ئەمەش دۆخێکی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. ئێمە وەک کورد لەم شەڕەدا تەرەف نیین، بەڵام ئەو قەیران و شەڕە کاریگەریی لەسەر کوردان هەیە. ئەو شەڕە دەتوانێت ناوچەکە سەروبن بکات. پیویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان ئەم دۆخە لەرۆژەڤیاندا بێت و لەسەر بنەمایەکی ستراتیژێکی هاوبەش جموجۆڵ بکەن.
ماوەی شەش مانگە لە سوریا رەوشێکی نوێ هەیە، رژێمی بەعس رووخا و هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە دیمەشق بوونەتە دەسەڵاتدار. بەڵام باڵادەستیی بەسەر هەموو خاکی سوریاوە نییە. کێشە و گرفتەکانی سوریا یەجگار زۆرن. هەرچەندە لەگەڵ خۆبەڕێوەبەرێتی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رێککەوتنێکیش واژۆ کرابێت، بەڵام هێشتا کێشەکان چارەسەر نەکراون. بەم رێککەوتنە یەکەم جارە دەسەڵاتدارێتی لە دیمەشق، بەشێوەیەکی فەرمی هەبوونی گەلی کورد و مافە دەستوورییەکانی پەسند دەکات. کۆبوونەوەکە ئەم رێککەوتنە بایەخدار دەبینێت و دەیەوێت لەماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، دوای رووخانی رژێمی بەعس، گەلێک هێرشی دڕندانە کرانە سەر عەلەوییەکان، مەسیحییەکان و دوروزییەکان. لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هێرشەکانی دژ بە باوەڕمەندانی عەلەوی، مەسیحی و دوروزییەکان دووپاتدەبنەوە. کۆبوونەوە ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکات و بانگەوازیی لە هێزە پەیوەندارەکان دەکات دژ بەو هێرشانە رابوەستن و هەموو پێکهاتەکانی سوریا بپارێزن.
دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق، دەیانەوێت لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستێتی عەرەبی سیستەمێک دابمەزرێنن. بیر و هزریان لە پێوانە دیموکراتییەکانەوە بەدوورە. پرسی ژنان و مافەکانیان لە رۆژەڤ و بیرکردنەوەیاندا نییە. کەسانی سیکۆلار و دیموکراتیخواز لەژێر فشار دان. لە هەر حاڵێکدا رەوشێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە. ئەگەر سوریایەکی دیموکراتی بونیادنەنرێت، ئەوا ئاڵۆزییەکان بەردەوام دەبن ولەوانەیە سوریا پارچە ببێت. لەم ڕووەوە دەبێت کوردان وریا بن، دۆست و هاوپەیمانەکانی زیاد بکەن. لە رۆژئاوای کوردستان کۆنفڕانسێک لەنێوان هێزە کوردییەکاندا بەڕێوەچوو، هەنگاوێکی ئەرێنی و سەرکەوتوو بوو. ئێمە سڵاو لەم کۆنفڕانسە و بڕیارەکانی دەکەین.
دوای ئەم گۆڕانکاریانەی لە سووریا روویاندا رۆژئاوا بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی رۆژئاوا کار و ئەرکێکی بنچینەیی هەموو کوردستانیەکە. وەک پێشتر ئەم دۆخە لە رۆژەڤ و پلانسازیی کەنەکەدا دەمێنێتەوە و چاودێریی دەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی گەلی ئاسووری-سوریانی-کلدانی و ئەرمەنی لە رۆژەڤدا بوو. ئاسووری-سوریانی-کلدانی و ئەرمەنی گەلێکی دێرینی هەرێمەکەمانن. لە مێژوودا گەلێک جاران کۆمەڵکوژ کراون. ئەم گەلانە هەر تەنیا لەڕووی ئەتنیکییەوە بەئامانج نەگیراون، لەهەمانکاتدا لەڕووی باوەڕییشەوە لەژێر هێرشێکی دژواردان. لەگەڵ هاتنی داعشدا، ئاسووری-سوریانی-کلدانی بوونە یەک لە ئامانجە سەرەکیەکانیان و کۆمەڵکوژ کران. هەر بۆیە کۆچ دەکەن و ژمارەیان کەمبۆتەوە. پاراستنی ئەم گەلە دێرینانە ئەرکێکی مرۆڤی و نیشتمانیی کەنەکە و هەموو هێزە کوردستانییەکانە. چارەنووس و رزگاریی گەلی کورد و گەلی ئاسووری-سوریانی-کلدانی، بەیەکەوە گرێدراوە و سەرکەوتنیشیان هەر بەیەکەوەیە.
پێویستە وەک گەلی کورد، گەلی ئاسووری-سوریانی-کلدانی، ئەرمەنی، عەرەب، تورکمان و گەلانی دیکەی کوردستانیش، لەژێر گەرانتی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا خاوەن مافە دیموکراتییەکان بن. دەبێت مافەکانی پێکهاتەکان نەبنە قوربانی حیساباتی دەسەڵاتدارێتی سیاسی، دەبێت وەک گەلانی دێرینی ئەم وڵاتە ببینرێن. بۆیە پێویستە ئەو پێکهاتانە لەهەموو بڕیارەکانی داهاتوودا بەشدار ببن و مافە دیموکراتییەکانیان بەگوێرەی ژمارە یان چەندی نەبێت، بەڵکو بەگوێرەی تەبایی و رێککەوتن بێت.
کەنەکە هەموو جۆرە جووت ستاندارتی ونەژادپەرستییەک، لەهەر لایەکەوە بێت، رەتدەکاتەوە و بانگەوازیی لەهەموو هێزەکان و بەرپرسانی سیاسیی کورد و ئەو پێکهاتانە دەکات کە رێگە بە هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان نەدەن نەتەوەپەرستیی و پارچەبوون پەرەپێدەدەن.
بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی کوردستان لە باوەڕمەندانی "ڕێی هەق - ئەهلی هەق - عەلەوی"ین. ئەم باوەڕییەش باوەڕمەندییەکی دێرینی کوردستانە. باوەڕمەندانی ڕێی هەق (عەلەوی) لە مێژوودا رووبەڕووی گەلێک هێرش و کۆمەڵکوژی بوونەتەوە. لە رۆژی ئەمڕۆشماندا، هێشتا وەک دەخوازرێت، ناتوانن بەگوێرەی باوەڕییەکانی خۆیان عیبادەت بکەن و بژین. هێشتا رووبەڕووی بچووک ڕوانین (کەملێڕوانین) و جیاوازکاریی دەبنەوە. لەهەمانکاتدا لەلایەن دەوڵەتیشەوە دەتونێنرێنەوە (ئاسمیلە دەکرێن) و هەوڵدەدرێت لەناو کۆمەڵگەی سووننی مەزهەبدا بتوێنرێنەوە. بەشێک لە ئەندامانی کەنەکە یش لە باوەڕمەندانی ڕێی هەق(عەلەوی)ن و لەناو کەنەکە دا کار و خەبات دەکەن. ئێمە رێز لە پەیڕەوانی ئەم باوەڕیە دەگرین و بەهەموو شێوەیەک مافەکانیان دەپارێزین.
لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی کوردانی ئاناتۆلیای ناوینیش لە رۆژەڤ دابوو. نوێنەرانی پلاتفۆرمی کوردانی ئاناتۆلیای ناوین (PKAN) کە لە کەنەکە دا ئەندامن، دۆخ و ژیانیان لەو هەرێمەیاندا باس کران و زانیارییان بە کۆبوونەوەکە دا. کوردانی ئاناتۆلیای ناوین ماوەیەکی درێژە وەک کوردانی ناوەندی کوردستان جێی خۆیان لەناو شۆڕشی ئازادیخوازی کورددا گرتووە و خۆیان بە خاوەنی کوردستان دەبینن. هەربۆیە رووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستی دەبنەوە. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان ئەم دۆخەی کوردانی ئانادۆڵیای ناوین ڕەچاو بکەن و ئەوان بەتەنیا بەجێنەهێڵن.
لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی کوردان لە وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو (ESENG) ش لە رۆژەڤ دابوو و هەلوەستەی لەسەر کرا. ئەمە ماوەیەکە، لە وڵاتانی کازاستان و قیرزستانی ئاسیای ناوین هێرش لەسەر کوردان هەیە. کورد نەک هەر تەنیا لە کوردستان لەژێر هێرش و ستەم دان، هەروەها لەسەرانسەری جیهانیشدا لەژێر هەڕەشە و هێرش دان. تا وڵاتێکی ئازادی کوردان بونیاد نەنرێت، ئەو هەڕەشە و هێرشانە هەر بەردەوام دەبن. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەهەموو شوێنێک و دەڤەرێکدا، مافەکانی گەلی کورد دەخاتە رۆژەڤەوە و دەیپارێزێت.
رەوشی ژنان لە رۆژەڤی کۆبوونەوەکە دابوو. نوێنەرانی رێکخستنەکانی ژنان بەهێز و سەنگەوە بەشداریی کۆبوونەوەی گشتی بوون و بە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی خۆیان، کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەند کرد. هەرچەندە تەڤگەری ژنان، لە کوردستان بەرەوپێشەوە چووبێت و لەئاستی هەرە باڵادا لەناو دامودەزگاکانی کوردستاندا هەبن، لە کوردستان وەکو تەواوی جیهانیش هێشتا پرسی ئازادیی ژنان چارەسەر نەبووە. پێشکەوتنی تەڤگەری ژن لە کوردستاندا، جێی شانازییە و لە ئاستی جیهاندا دەنگی داوەتەوە. بەڵام پرسەکە گەورەیە، رێ و رێبازێکی قووڵ و درێژە. دەبێت هۆشمەندی هەزاران ساڵە بگۆڕدرێت. هەروەها تەڤگەری ژنان، دەخوازن لەناو پارت و رێکخستنە سیاسییەکاندا ژمارەی ژنان زیاتر بکرێت. ژن، رەخنە لە تێگەیشتنە باوکسالارییەکانی پارت و رێکخستنە سیاسییەکان دەگرن و داوا لەهەموو پارتەکان دەکەن بەگوێرەی مافەکانی ژنان رێی سیاسەتی کوردی لەبەردەم ژنان بکرێتەوە. بەتایبەتی، داوا لە پارتە سیاسییەکان دەکرێت کەوا لە خەباتی یەکێتی نەتەوەییدا بەشداربوونی ژنان بەهێزتر بکرێت.
دەبێت هەموو نزیکبوونەوە جیاکارییەکانی دژ بە ژنان، وەک نزیکبوونەوەی دژە دیموکراتی ببینرێت و رێز لە ئیرادەی ئازادیی ژنان لە سیاسەتدا ببێتە بنەمای تێگەیشتنەکان. پێویستە کوشتنی ژنان لە ماڵان و شەقامەکاندا وەک تاوانی دژە مرۆڤایەتی ببینرێت. دەبێت ژن بە ئیرادەی ئازادی خۆی، لەنیو سیاسەت و دامەزراوەکانی بڕیاردا جێی خۆیان بگرن. هەموو جۆرە بەئامڕازکردنێکی ژن لە سیاسەتدا رەتدەکاتەوە و رێز لە ئیرادەی ئازادی ژن دەگرێت و بانگەوازیی لە هەموو هێزە سیاسیی و مەدەنیەکانی کوردستان دەکات کەوا لەبەرامبەر بە ئیرادەی ژناندا رێزدار بن.
لە کۆنفڕانسی ١٠٠ـەمین ساڵیادی رێککەوتننامەی لۆزاندا، بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردستانیان، بڕیاری کۆنفڕانسێکی نەتەوەیی درا. کۆبوونەوەکە ئەم بابەتەی خستە رۆژەڤی خۆیەوە و کردییە بەشێک لە پلانسازیی خۆی. ئامانج ئەوەیە لەم ساڵدا بتوانرێت کۆنفڕانسێکی نەتەوەیی ئەنجام بدەین و هەموو کێشە و پرسگرێیەکی خۆمان لەنێو کۆنفڕانسدا گفتوگۆ بکەین و لەسەر بنەمای ستراتیژێکی هاوبەش یەکێتی خۆمان بەهێزتر بکەین.
هەروەها هەلوەستە لەسەر ساڵیادی رێککەوتننامەی لۆزانیش کرا و لە ١٠٢ـەمین ساڵیادی رێککەوتننامەی لۆزاندا، گردبوونەوە و خۆپیشاندانی جەماوەریی بەڕێوەبچێت.
ئەم ساڵ ١٠٠ـەمین ساڵیادی راپەڕینی ١٩٢٥ی باکووری کوردستانە. هەروەها ١٠٠ـەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعید و ٦٤ لە هەڤاڵانییەتی. لەهەمانکاتدا ١٠٠ـەمین ساڵیادی بەڵگەنامەی جینۆسایدی کوردان "پلانی ئیسلاحاتی شەرق"یشە. دوای جینۆسایدی گەلانی ئەرمەن و ئاسووری-سوریانی-کلدانی لە ساڵی ١٩١٥دا، جینۆسایدی گەلی پۆندی (پۆنتۆس، گەلی رۆمی دەڤەری دەریای رەش) لە ساڵی ١٩١٩، جینۆسایدی کورد لە ساڵی ١٩٢٥یش دەستیپێکرد. لەم یادەدا لە ٢٧-٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا لە بروکسل، سەبارەت بە "سەرهەڵدانی ١٩٢٥ی باکووری کوردستان" کۆنفڕانسێک دەبەستین. لە رۆژی ٢٩-٦-٢٠٢٥یشدا، کە ١٠٠ـەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعید و ٤٦ لە هەڤاڵانییەتی لە شاری کۆڵن ی ئەڵمانیا، میتینگێکی مەزن بەڕێوەدەبەین. کۆنفڕانس و میتینگەکە بە رێنمایی نەتەوەیی بەڕێوەدەچێت و هەموو هێز و پارتەکانی کوردستان بانگهێشت دەکرێن.
دۆخی کوردستان و ناوچەکە ئاڵۆز و هەستیارە. هاوکاتی مەترسیی و پێشهاتەکان، دەرفەتگەلیش هەن، ئەگەر بتوانین بەکاریانبێنین. هەرجوار دەوڵەتی داگیرکەر لەنیو قەیرانی مەزندان. رەوشی ئێراق نادیارە و ناسەقامگیرییەکی زۆر هەیە. رەوشی سوریا، لەبەرچاوانە و تا ماوەیەکی درێژیش ناتوانێت خۆی کۆبکاتەوە. ئێران وەکو باسکرا، لەنێو گەلێک قەیران دایە. تورکیا، هەرچەندە خۆی بەهێزیش ببینێت و هەندێک ناکۆکی نێونەتەوەیی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاربێنێت، بەڵام لە راستیدا لەنێو قەیرانی مەزن دایە و داهاتووەکەی نادیارە. لە خۆرهەڵاتی ناویندا شەڕێکی جیهانی لەئارادایە. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەریەکەو بەشێوەیەک لەم شەڕەدا لایەنگیرن. ناوچەکە بەرەو گۆڕانکارییەکی مەزن دەڕوات.
لەبەرامبەر ئەو دۆخەدا؛ ئەگەر ئێمە بتوانین خۆمان باشتر رێکبخەین و یەکێتی خۆمان بەهێزتر بکەین، ئەوا دەتوانین ستاتۆیەکی هەمیشەیی لەهەموو کوردستان بونیاد بنێین. هەربۆیە پێویستە هەموو هێز، پارت، دامودەزگا و رێکخستنەکانمان، هەروەها تەواوی گەلەکەمان لەهەموو لایەکی وڵات و لەهەر شوێنێکی تر دەژین، باشترە یەکبگرن، پێگەی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان بەهێزتر و مەزنتر بکەن. بەم شێوەیە پیلان و پڕۆژەکانی دەوڵەتانی داگیرکاری دژ بە کوردستان پووچەڵ دەکەینەوە.
رەوشی کوردستان و جیهان کە لەسەرەوە شیکرایەوە، ئەرک و رۆڵمان دەخاتەڕوو. شیکردنەوە و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان بۆ ئێمە بەس نین. بۆئەوەی ئەو کەموکوڕییانە چارەسەر ببن، خەباتێکی بەهێزمان لێ دەخوازرێت. لەسەرووی هەموویانەوە؛ یەکێتی نەتەوەیی، کاری هەرە بنچینەییمانە. دەبێت ئێمە بێوچان بۆ بەدیهێنانی خەبات بکەین. لەو ڕووەوە دەرفەت و توانستەکان هەن. هەروەها ئێمە دەتوانین لە ئاستی جیهاندا خەباتێکی دیبلۆماسی بەهێز بکەین و پێویستیشە کە بیکەین.
کات کاتی یەکێتییە. کات کاتی چارەسەرییە. کات کاتی ئازادییە. کات کاتی خەباتە.
٢٣ـەمین جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
٢٩-٥-٢٠٢٥".