بە دیمەن

لە کەرکوک پێشەنگایەکی شێوەکاری کرایەوە

لە شاری کەرکوکی باشووری کوردستان بە دروشمی (هونەری شێوەکاری لەناوەڕۆکدا خۆی بەرەنگاریی و پەیوەندییە) چوارەمین پێشەنگای هونەریی شێوەکاری کرایەوە.

لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەژێر دروشمی (هونەری شێوەکاری لەناوەڕۆکدا خۆی بەرەنگاری و پەیوەندییە)، لقی کەرکوکی سەندیکای هونەرمەندانی عێراقی بە هاوکاری لەگەڵ سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک، لە ڕۆژی چوارشەممە هەستان بەکردنەوەی چوارەمین پێشەنگای شێوەکاری تایبەت بە شوێنە مێژوویی و کەلەپورییەکان بۆ کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی شێوەکار کە مانگی ڕابردوو بەشدارییان کردبووە لە سمپۆزیۆمی قەڵای کەرکوک.

لە پێشانگاکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەردۆستان، چالاکوانان، رۆشنبیران و نوێنەری ناوەندە رۆشنبییرکانی شارەکە ئامادەبوون، لە پێشانگاکەدا ٣٠ تابلۆی هونەری نمایشکران کە لەلایەن ٣٠ هونەرمەندی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکەوە کێشرابوون، تابلۆکان دەربڕی شوێنەوارە مێژووییەکانی قەڵای دێرینی کەرکوک بوون، کە مانگی ڕابردوو ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆژەی نمایش کردنی شوێنە دێرینەکان بووە، کە شێوەکاران تابلۆ و وێنەکانیان لەناو قەڵای کەرکوک کێشاوەو ئەمڕۆ نمایش کران.

'تابلۆکان گوزارشت لە قەڵای دێرینی کەرکوک دەکات'

سەبارەت بە پێشەنگاکە، قاسم غەمگین سەرۆکی لقی کەرکوکی سەندیگای هونەرمەندانی عێراق، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "ئەمڕۆ ئێمە وەکو سەندیگای هونەرمەندانی عێراق بە هاوکاری سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک، هەستاین بە کردنەوەی ئەم پێشەنگایە بۆ ٣٠ هونەرمەند لە سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە، ئەم پێشەنگایە چوارەم پێشەنگایە ڕێکدەخەین کە لە چوارچیوەی نمایش کردنی شوێنەرەوارە دێرین و مێژووییەکان، کە ئێمەش قەڵای دێرینی شاری کەرکوکمان هەڵبژارد بۆ کێشانی تابلۆکان کە هونەرمەند چەند گۆشەیەکیان لە قەڵای کەرکوک کێشاوە بە مەبەستی ئەوەی بینەر بتوانێت ئەو گۆشانە ببینێت کە گوزارشت دەکات لە قەڵای کەرکوک".

'هەوڵی سڕینەوەی شوناسی کورد دراوە لە قەڵای کەرکوک'

لەلای خۆیەوە، ئەژی ئاڕت کە هونەرمەندی شێوەکاری سیریالییە، باسی لە قەڵای دێرینی کەرکوک کرد و بە غەمگینەوە تیشکی خستەسەر سەر هەوڵەکانی رژێمی پێشووی عێراق بۆ سڕێنەوەی شوناسی مێژوی کورد بەسەر قەڵاکەدا، ناوبراو گووتی: "١٩ی مانگی ڕابردوو چالاکییەکی هونەریمان دەربارەی ناساندنی قەڵای کەرکوک هەبوو، کاتێک کە چووینە قەڵا خەمباربووم چونکە شوێنەوار و شوناسی کورد لە قەڵای کەرکوک بەشێوەیەکی پالان بۆ داڕیژراو تووشی سڕینەوە و لەناوبردن و گۆڕینی سیمای قەڵاکە بووە و مۆرکی کوردایەتی پێوە نەماوە بەهۆی وێران بوونی قەڵای کەرکوک".

'سەرەڕای هەوڵەکانی سڕێنەوەی کورد بەڵام هیوای ژیانەوە هەیە'

سەبارەت بەو تابلۆیەی کە بەشداربووی پێشەنگاکەی پێکردووە، ئەژی ئاشکرای کرد: "تابلۆکانی من سیریالییە، لەم تابلۆکەمدا وێنەی دارێک کراوە کە بڕاوەتەوە بەڵام لە ڕەگەکەیەوە گەڵای سەوزی لیوە دەرچووە لەگەڵ دوو داری دیکە، ئەمەش وەکو هێمای ئەوەی کە هەوڵی سڕینەوەی مێژوو و شوناسی کورد دراوە لەم قەڵای بەڵام ئومێد هیوای ژیانەوە ماوە، کە بەو هیوایەی جارێکی دیکە قەڵای کەرکوک نۆژەن بکرێتەوە و مۆرکە کوردایەتییە مێژووییەکەی وەربگرێتەوە".

'رژێمی بەعس شوناسی کوردبوونی قەڵای کەرکوکی لەناوبردووە'

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەژی ئارت، هونەرمەندی شێوەکار، باسی لە هەوڵەکانی رژێمی پێشووی بەعس کرد بۆ سڕینەوە شوناس و مێژووی کورد لە قەڵای کەرکوک و ڕایگەیاند: "لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو رژێمی پێشووی بەعس لە عێراق دیوار و ئەو شوێنەوارانەی مۆرکی مێژووێ کوردایەتی پێوەبوو ڕووخاند و لەناو برد و تاڵانی کرد، لە هەموو قەڵاکانی هەر چوارپارچەی کوردستان دەبینین کە شێوازە زیاتر شێوازی گومەتە کە لە ئەشکەوتەکانی کوردستانەوە وەرگیراوە بەڵام بەداخەوە لە قەڵای دێرینی کەرکوک شوێنەواری نەماوە".

'زیاتر گرنگی بە هونەر و هونەرمەندان بدرێت'

هەروەها شەونم خەلیل هونەرمەندێکی شیوەکارە، و بە تابلۆیەکی مزگەوتێکی سەر قەڵای کەرکوک بەشداری لە پێشەنگاکە کردبوو، شەونم بەم شێوەیە سەبارەت بە کارە هونەرییەکانی دوا: "ئێمە وەکو کۆمەڵێک هونەرمەندی شێوەکار بەشداریمان لەم پێشەنگایە کرد، منیش یەکێک لە سیماکانی قەڵای کەرکوکم بۆ تابلۆکەم کێشا، کردنەوەی ئەم پێشەنگایانە بۆ ئێمەی هونەرمەندان زۆر گرنگە چونکە دەتوانین بەهرەکانی خۆمان نمایش بکەین، بەداخەوە لە شاری کەرکوک زۆر گرنگی بە هونەر نادرێت بەراورد بە شارەکانی دیکەی باشوری کوردستان کە دەبینین لە سلێمانی و هەولێر زیاتر گرنگی بە کاری هونەری دەدرێت، داواکارم لایەنە پەیوەندیدارەکان زیاتر گرنگی بە هونەر و هونەرمەندان بدات".

OSZAR »