شاندێک کە پێکدەهات لە هاوسەرۆکانی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان و هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی سەزای تەمەلی و گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت، ئەمڕۆ لەگەڵ پارتی سەعادەت و پارتی دەڤا کۆبوونەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەم پارتی پاش کۆبوونەوەکان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لەم سەردانانەدا بابەتی گرنگ دەربارەی ئایندەی دیموکراتیکی تورکیا تاوتوێ کرا. دواین دیدار لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ هەمینی پەکەکە، بەشێوەیەکی بەرفراوان هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. لەم چوارچێوەیەدا، ئەرکی پارتە سیاسییەکان و پەرلەمان گفتوگۆیان لەسەر کرا. شاندەکەمان پێشنیاری کرد کە لەژێر چاودێری پەرلەماندا کۆمیسیۆنێک بە دەسەڵاتی تەواوەتییەوە پێکبهێنرێت کە نوێنەرایەتی هەموو لایەنە سیاسییەکان بکات و هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتنی دیموکراتیک ئاسانتر بکات".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختکراوەتەوە، لە ڕۆژانی ئایندەدا شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئاکەپە و مەهەپە و پارتە سیاسییەکانی دیکەش کۆدەبێتەوە.