ئەحمەد شەرع سەردانی فەرەنسا دەکات

ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی دیمەشق، ڕۆژی چوارشەممە دەچێتە فەرەنسا و لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆککۆماری فەرەنساوە پێشوازی لێدەکرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆشکی ئەلیزا کە لە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاو کراوەتەوە ئەحمەد شەرع، یەکەم سەردانی خۆی بۆ ئەورووپا لە پاریسەوە دەست پێدەکات و لەلایەن ئیمانوێلی ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لێدەکرێت.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوه سەرۆکی فەڕەنسا "پابەندبوونی خۆی لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێی  ئارام و ئازاد دووپات کردووتەوە که ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا بگرێت."

هەروها سەرۆکایەتی کۆماری فەرەنسا ڕایگەیاندووە ئەم کۆبوونەوەیە بەردەوامی پابەندبوونی مێژوویی فەرەنسایە بۆ ئەو سووریانەی خواستی ئازادی و دیموکراسییان هەیە.

سەرۆکی فەرەنسا سەرەتای مانگی شوبات بانگهێشتی  سەرۆکی کاتی سوریای  کرد بۆ فەرەنسا.

لە کۆتایی مانگی ئازاردا ئەم بانگهێشتە مەرجدار کرا بە دروستکردنی سوریایەک کە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵات لەخۆبگرێت و کۆبوونەوە دەستپێکەکان لەم چوارچێوەیەدا بە 'ئەرێنی' هەڵسەنگێندرا.

OSZAR »