باخچەلی بانگەوازی کرد بۆ نەخشەڕێگایەک: با کۆمیسیۆنێک لە ١٠٠ کەس پێکبهێنرێت
دەوڵەت باخچەلی پاش بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە بانگەوازی کرد بۆ پێکهێنانی "کۆمیسیۆنی یەکێتی پشتیوانی نیشتیمانی" بە بەشداری پارتەکان.
دەوڵەت باخچەلی پاش بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە بانگەوازی کرد بۆ پێکهێنانی "کۆمیسیۆنی یەکێتی پشتیوانی نیشتیمانی" بە بەشداری پارتەکان.
سەرۆکی گشتی جەهەپە دەوڵەت باخچەلی بەبۆنەی "١٩ی ئایار یادی ئەتاتورک و جەژنی گەنجان و وەرزش" پەیامێکی بڵاوکردەوە. ئاماژەی کرد بە بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە و گوتی: "گەیشتووین بە قۆناغێکی هەستیار و پێویستمان بە ئارامگرتنە".
باخچەلی ڕایگەیاند نابێت ڕێگە بە بەدحاڵیبوون بدرێت، گوتی: "گرنگە هەمووان زمانێکی بەرپرسیارانە بەکارهێنن، مشتومڕ نەکەن، عەقڵی سەلیم بەکاربهێنن و گوێ بە بەرژەوەندیی سیاسی و ئایدۆلۆژی نەدەن".
بانگەواز بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک
باخچەلی گوتی: "لەم چوارچێوەیەدا، بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێگای ئەم قۆناغە، پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک بە بەشداری پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیا، بژاردەیەکی ماقووڵە. بەگوێرەی بانگەوازەکەی سەرۆکی پەرلەمان، پێکهێنانی "ستراتیژی تورکیایەکی بێتیرۆر لەم سەدەیەدا؛ کۆمیسیۆنێکی یەکێتی پشتیوانی نیشتیمانی" خواستی جدیی هەموومانە. بۆ ئەوەی کارەکانی کۆمیسیۆنەکە فراوان و ڕوون بێت، دەبێت ١٦ پارتی سیاسی نوێنەریان هەبێت و لە ١٠٠ ئەندام پێک بێت".
باخچەلی دەربارەی کۆمیسیۆنەکە ئەم خاڵانەی ڕیزکرد:
_ لە هەر پارتێکی سیاسی لە پەرلەمان، دەبت لانی کەم ئەندامێک دیاری بکرێت، ئەندامەکانی تریش بەگوێرەی ڕێژەی نوێنەرایەتی پارتەکان دیاری بکرێت.
_ هەر پارتێکی سیاسی لە پەرلەمان، دەبێت ٢ کەسی پسپۆڕ دەستنیشان بکات بۆ کارەکانی کۆمیسیۆنەکە.
_ دەبێت کۆمیسیۆنەکە بناغە و شێوازی کارەکانی دەستنیشان بکات.
_دەبێت سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنەکە بکات.
_ دەبێت بڕیارەکانی کۆمیسیۆنەکە بە زۆرینەی دەنگەکان بدرێن.
_ دەبێت بڕیارەکانی کۆمیسیۆنەکە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە وەک ڕاسپاردەیەک پێشکەش بە کۆمیسیۆنە پەیوەندیدارەکان و لیژنەی گشتی پەرلەمان بکرێت.