سەرۆککۆماری عێراق: پێشوازی لە بڕیارەکەی پەکەکە دەکەین بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و دیموکراسی

لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، هەنگاوێکی مێژوویی و گرنگە. پشتیوانی خۆمان بۆ هەموو هەوڵەکانی ئاشتی دووپات دەکەینەوە.

سەرۆککۆماری عیراق لەبارەی کۆنگرەی ١٢ـی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین بۆ گرتنەبەری ڕێگەچارەی ئاشتیی و دیموکراسیی.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی مێژوویی و جدی دەزانین بەرەو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کە زەمینە بۆ گفتوگۆی ڕاستەقینە و بنیاتنەر خۆش دەکات و یارمەتیدەر دەبێت لە درووستکردنی بناغەیەکی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمەلایەنە و بەردەوام، کە کۆتایی بە دەیان ساڵ شەڕ و ململانێەکان بهێنێت و قۆناغێکی نوێی پڕۆسەی سیاسیی و دیپلۆماسیی و پەرلەمانی دەست پێ بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە، وەک پێشتر دووپاتمان کردووەتەوە، کە تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکان دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنە، بۆیە پشتیوانی خۆمان بۆ هەموو هەوڵەکانی ئاشتی نوێ دەکەینەوە.

لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند، ئامانج لەم هەوڵە ڕاگرتنی شەڕ و ماڵوێرانی و بەدیهێنانی پێکەوەژیانە لە چوارچێوەی چەسپاندنی دیموکراسیی و دەستەبەرکردنی مافی هەمووان و پێکەوە کارکردن، بۆ هێنانەدی ویستی گەلانی ناوچەکە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی پتەو و ئەرێنی لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش و پاراستنی سەروەری و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە.

OSZAR »