بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە و هەروەها بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ـی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر گۆڕەپانی نێونەتەوەییەدا کاردانەوە و دەنگدانەوەی بەهێزی بەدوای خۆییدا هێنا. لە هەموو جیهان و بەتایبەت لە ئەورووپادا چەندین لایەنی نێونەتەوەیی جیاواز پشتگیریی خۆیان بۆ بابەتەکان دەربڕی.
یەکێک لە پشتیوانانی هەڵمەتی "ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، سیاسەتمەداری بەناوبانگی سویسری ڕیمی پاگانی پەیوەست بە بابەتەکەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و هەڵسەنگاندنی وردی کرد.
'پەکەکە هەنگاوێکی مێژوویی نا، کاتی ئەوەیە دەوڵەت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات'
ڕیمی پاگانی لەسەرەتای قسەکانییدا دەستنیشانی کرد پەکەکە بە کۆنگرەی ١٢ هەنگاوێکی مێژوویی بۆ هێنانەئارای ئاشتی ناوە و جەختی لەوەکردەوە ئیدی پێویستە دەوڵەتیش بۆ سەرکەووتنی پرۆسەکە بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و گوتی: "پێوایە بڕیارەکانی کۆنگرە، هەنگاوێکە بەرەوە بونیادنانی ئاشتی و هەروەها بونیادنانی پردێکە لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی تورک دا. هێشتا دیار نییە ئەردۆغان پەیوەست بە داننان بە گەلی کورد هەنگاو دەنێت یا نا. تا ئێستاش چەندین سیاسەتەمەدار و سەرۆک شارەوانی لەبەر کوردبوونیان لە زینداندان.
ئەم پرۆسەیە لە لایەن پەکەکەوە دەستپێکراوە، بەڵام پێویستە ئەردۆغان و پەڕلەمانی تورکیاش ئاگاداری پرۆسەکەبن لە کاتێکدا موخاتەبی سەرەکین. ئەوەی لەسەریانە دەبێت بە جددیتەوە پێشوازی لەم هەنگاوەی پەکەکە بکەن، وە بەبێ هیچ فشارێک پێویستە گەلی کورد قبوڵ بکات و کار بۆ چارەسەری ئاشتییانە بکات."
'مەرجی بنەڕەتی دیموکراتیزەکردنە'
پاگانی دەستنیشانی کرد مەرجی سەرکەوتنی پرۆسەکە دیموکراتیک بوونی تورکیایە و ئەمەی گوت: "خاڵی بنەڕەتی و گرنگی پرۆسەکە دەبێت دیموکراتیکبوون بێت. داخۆ بەڕاستی تورکیا دەبێتە دەوڵەتێکی دیموکراتیکی، داخۆ ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک دەگۆڕێن؟ پێویستە سەیرکەین و چاوەڕێی ئەمە بکەین. بەڕاستی ئیمکانی بیرکردنەوەی دیموکراتیکی نییە لە کاتێکدا لە تورکیادا هێشتا چەندین سیاسی لە زینداندایە. زیندانیکردنی کەسانێک کە هەڵبژێردراون بابەتێکی جددیی و هەستیارە. هێرشێکی کاریگەرە بۆسەر دیموکراسی. بەڕاستی جێگەی قبوڵکرن نییە کەسانیک بخرێنە زیندانەوە کە بە دەنگی گەل هەڵبژێردراون یان قەیوم بەسەر جێگەکەیاندا بسەپێندرێت. بەبێ هیچ تاوانێک ساڵانێک لە زینداندا ڕادەگیرێن. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە دیموکراسییەوە نییە. بەڕاستی دیکتاتۆرییە.
بۆ سەرکەوتنی دیموکراسی دەبێت ئەردۆغان هەنگاوی دیموکراسیانە دەستپێکات. گرتنی پەڕەلەمانتاران بە مانای دیکتاتۆرێتی دێت. گەر بەڕاستی دەیانەوێت چوارچێوەیی یاسایی بونیادبنێن، سەرەتا دەبێت هەموو ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی ناحەق گیراون ئازاد بکرێن."
'دەبێت هەموو مافەکان مسۆگەر بکرێن'
پاگانی ڕایگەیاند بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەبێت هەموو مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکرێن، گوتی: "لە سویسرا _با نەڵێین گەلی جیاواز_ بەڵام زمان و کەلتوور و سیاسەتی جیاواز هەن. بەگوێرەی بونیادێکی کۆنفیدراڵ ئەم مافە بنەڕەتییانە مسۆگەرکراون و بە گرنگییەوە لێیان دەڕوانرێت. بۆ نموونە، ئێمە ئێستە لە هەرێمێکی سویسرا دەژین کە بە فەرەنسی دەدوێن، بەڵام هەرێمێکی سویسرا هەیە کە تەنها بە ئەڵمانی دەدوێن، کەچی قبووڵ ناکرێت ئەو سویسرییانەی کە بە فەرەنسی دەدوێن ڕووبەڕووی فشار ببنەوە. بەڵام قەدەغەی سەر گەلی کورد هەر ئەمەیە: قبووڵنەکردنی جیاوازییە. بۆیە دەبێت گەلی کورد خاوەن مافی دیاریکردنی چارەنووس بێت. ئەمە پێشمەرجی دیموکراسییە".
'بەرامبەر هەنگاوەکانی پەکەکە، دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت'
پاگانی جەختی کردەوە، مەرجی سەرەکیی سەرکەوتنی پرۆسەکە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە، گوتی: "چەندین ساڵ زانیاری دەربارەی ڕەوشی عەبدوڵا ئۆجالان نەبوو، من بەشداربووم لەو کەمپەینەی بۆ پشتگیری و دیاریکردنی ڕەوشی وی ئەنجامدرا. دڵخۆشبووم بە ئاگاداربوون لە ڕەوشی عەبدوڵا ئۆجالان. بەرامبەر بڕیارە کردارییەکانی پەکەکە، دەبێت یەکەم هەنگاو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بێت".
پاگانی دووپاتی کردەوە، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێتە دەرخەری نیازپاکی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک لە دانوستانەکان و خواستی ئاشتییدا، گوتی: "پێشتریش لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک چەند کۆبوونەوەیەک هەبوون، بەڵام بەداخەوە بێ ئەنجام بوون. هیوادارم ئەمجارە لە کوردستان و تورکیا ئاشتی بێتەدی. پێویستە دەوڵەتی تورک لە پرۆسەکەدا جددیی بێت و هەنگاو بنێت، پێویستە هەنگاوی یەکەم ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان بێت".
'مەترسییەکانی چەکدانان'
پاگانی ڕایگەیاند چەکدانانی ئەو بزووتنەوانەی تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەدەبەن، هەندێک مەترسی لەگەڵدایە، گوتی: "بۆ پشتگیری لە پرۆسەی چەکدانانی فارک [هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا] چوومە کۆڵۆمبیا. لەگەڵ حکومەت و سەرۆککۆماری وڵاتەکە کۆبوومەوە. فارک بەشێوەیەکی ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵ پرۆسەکەدا کرد و گوتبووی 'دەمەوێت چەک دابنێم'. لەم بارەیەوە، حکومەت بەڵێنی دا، بەڕاستی هەموو گەریلاکانی فارک چەکیان دانا. بەڵام دەرکەوت حکومەت بەڵێنەکانی نەبردەسەر. بۆیە بەشێک لە فارک دیسانەوە چەکیان هەڵگرتەوە. ئێستە هەمان دۆخە، بەداخەدوە دەوڵەت بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ ناکات. بۆیە نیگەرانی من ئەمەیە، لەم ڕەوشانەدا، پرۆسەکانی ئاشتی زۆر ئاڵۆزن. هەردەم لەبەردەم مەترسییداین. دەبێت هەردوولا هەوڵبدەن و خەبات بکەن بۆ بەدیهاتنی ئاشتی".