بە دیمەن

مۆزەخانەی شاری کفریی؛ جێگەی کۆکردنەوەی کەلەپووریی گەرمەسێر

مۆزەخانەی کولتووری شاری کفریی لە شاری کفریی باشووری کوردستان جێگەیەکی کولتووری فەرهەنگییە و تێیدا پارێزگاری لە کەلوپەلە کەلەپووریی و فۆلکلۆرییەکان دەکرێت.

مۆزەخانەی کەلەپووری کفری

کەلوپەل و پێداویستییە ڕۆژانەیەکانی سەردەمی پێشوویی هەر کۆمەڵگەیەک گەواهیدەرە لەسەر پێشکەوتوویی ژیانی  ئەو کۆمەڵگەیە. ئەو کەلوپەلانە لە سەردەمانێکدا بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی ئاسایی مرۆڤەکان بووە، لەگەڵ تێپەڕینی کاتتدا بە گۆڕینی خواست و پێداویستییە ژیانییەکان ڕۆڵییان نەماوە، بەڵام بەو مێژووییەیی هەیانە بوون بە بەهایی بەنرخی کۆمەڵگە.

هەرێمی گەرمیان بە درێژایی مێژوو هەرێمێکی کشتوکاڵی و پیشەسازییە سەرەتاییەکان بووە، بۆیە کۆمەڵگەی گەرمیان پێشەنگایەتییان کردووە لە داهێنانی ئامێر و پێداویستییە ڕۆژانەیەکانی کشتوکاڵ کردن  و پیشەسازی بە تایبەتی و کایە ژیانییەکانی دیکە بە گشتی. هەڵبەتە شاری کفریی وەک ناوەندیی گەرمەسێر لە مێژوودا جێ بایەخ و گرنگییەکی زۆری هەبووە و مێژووەکەی گەواهیدەری ئەم تایبەتمەندییە.

مۆزەی شار ناوەندێکی مێژوویی کولتووری

لە پێناو پاراستن و دەرخستنی ئەو ئامێر و پێدوایستییە کەلەپووریانە ناوەندی کولتووری مۆزەخانەی شاری کفری نزیکەی ١٠ ساڵە وەک ناوەندێکی کولتووری و فەرهەنگی دامەزراوە. لەم ناوەندەدا بێشوومار کەلوپەلی دێرین کۆکراوەتەوە و لە تیاچوون پارێزراوە. بە بینینی ئامێرەکان مرۆڤ دەتوانێت ئەو ڕاستییەیی بۆ پشتڕاستبێتەوە کە هەرێمی گەرمیان و شاری کفریی وەک ناوەندی هەرێمەکە چ پێگە و کاریگەرییەکی جیۆپۆلەتیکی هەبووە لە کوردستاندا. وە دەرخەری ئەو ڕاستییە گەلی کورد لەچاو گەلانی دیکەی هەرێمەکەدا خاوەنداری چ پاشخانێکی پێشکەوتوویی ژیانییە، هەربۆیە هەمیشە لە ژێر هەڕەشەیی لە ناوچووندا بوون.

'ئامانجمان پاراستنی کولتووری دێرینی نەتەوەکەمانە'

لە بارەی کار و ئامانجەکانی مۆزەخانەکەوە دامەزرێنەری مۆزەخانەیی کەلەپووری شاری کفری سۆران عوسمان سەمین بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) داو و لە قسەکانییدا دەستنیشانی کرد کردنەوەی ئەم ناوەندە بە هەوڵ و ماندووبوونی کەسیییەوە دامەزرێنراوە و پرۆژەیەکی خۆبەخشی ناحکوومییە، وە دیارییەکە بۆ شاری کفریی.

لە بەردوامییدا سۆران عوسمان سەمین ئاماژەی بە هۆکار و خەمی درووستکردنی ناوەندەکە کردو و گوتی: "لەگەڵ دەرکەوتنی داعشدا لە ساڵی ٢٠١٥دا لەو کاتەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە زۆرێک لە ناوچە کوردییەکانی باشووری کوردستان و ناوەڕاستی عێراقی داگیرکردبوو، بێگومان کاری ئەو ڕێکخراوە لەپاڵ کارە توندەڕووییەکانییدا تێکدان و لەناوبردنی شتە کەلەپووری و جێگە مێژوویەکان بوو. بۆیە وەک گەنجێکی خەمخۆری نەتەوەیی بیرۆکەی کۆکردنەوەی ئەو کەرەستە کەلەپووری و دێرینانەم خستەئەستۆ و لەوکاتەوە چ بەکڕین بێت چ بە یارمەتی بێت ئەو کەرەستانەم کۆکردەوە و دواجار لە ناوەندێکی کەلەپوورییدا کۆمکردنەوە. ئامانجمانەکەشمان پاراستنی کەلەپووری دێرینی نەتەوەکەمانە."

'خزمەتکردنە بە زمانی کوردی'

سۆران عوسمان سەمین دەستنیشانی کرد مۆزەخانەی کەلەپووریی کفریی لە ئێستادا یەکێکە لە مۆزەخانە دەوڵەمەندەکان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ئەمەی گوت: "مۆزەخانەکەمان ژمارەیەکی زۆری لە کەرەستەی دێرینی کەلەپووری تێدایە. بەمەش نیشانمانداوە شاری کفریی خاوەن شارستانێتێکی دێرینە. هەڵبەتە مۆزەخانەکە بۆ نەوەی ئێستا کە بەهۆی دیجیتاڵ میدیاوە بەتەواوەتی لە ناسینی شوناسی کولتووریی دابڕاوە، جێگەیەکە بۆ ئاشناکردنی نەوەی ئێستا بە کەلەپووری دێرینی نەتەوەکەمان. هەروەها لایەنێکی سەرنجڕاکێشی مۆزەخانەکەمان پاراستنی وشە و ناوە کوردییەکانە کە ئەو کەرەستانە هەیانە."

سۆران عوسمان سەمین لە قسەکانییدا بانگەوازی لە دانیشتوانی هەرێمی گەرمیان بە گشتی و شاری کفریی بە تایبەتی کرد خەمخۆرانە هەر کەرەستەیەکی کەلەپوورییان هەیە بیهێننە مۆزەخانەکە لە پێناو پاراستنی لە تیاچووندا.

OSZAR »