بە دیمەن

لە کەرکوک، سەبارەت بە 'شۆرشەکانی شێخ سەعیدی پیران و شێخ سەعیدی نوورسی' کۆڕێک بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک، سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی و ئاینی لە ڕوانگە و جیهانبینی شێخ سەعیدی پیران و سەعیدی نوورسی، کۆڕێک بۆ حەسەن شێخانی سیاسەتمەدار بەڕێوەچوو.

دوێنێ لە خانەی ڕەنجووری، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی رۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، مامۆستا، چالاکوانان و کەسایەتی سیاسی، لەژێر ناونیشانی "پرسی نەتەوەیی و ئاینی لە هەردوو قوتابخانەی شێخ سەعیدی پیران و سەعیدی نوورسی"، خانەی ڕەنجووری هەستا بە سازکردنی کۆڕێک بۆ سیاسەتمەدار و مامۆستای زانکۆ حەسەن ئەمین شێخانی دەربارەی "شۆرشەکانی شێخ سەعیدی پیران و شێخ سەعیدی نوورسی".

لە کۆڕەکەدا، حەسەن شێخانی سیاسەتمەدار و مامۆستای زانکۆ، ڕەخنەی لە بێ ئاگایی کوردانی باشور لە سەرکردە مەزنەکانی باکوری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان گرت ، گووتی پێویستە پەند و وانە لە شۆرشەکانی شیخ سەعیدی پیران و شێخ سەعیدی نوورسی وەربگرین کە ئەم سەرکردانەی کورد چ قوتابخانەیەک بوونە بۆ خەبات و شۆرشی کورد کە لە ئەمڕۆدا لە باکوردی کوردستان لە سایەی درێژپێدان بە شۆرشەکانی شێخ سەعیدی پیران پرۆسەیەکی مێژوویی و گۆڕانکاری گرنگ بەڕێوەچێت.

هەروەها لە کۆڕەکەدا ناوبراو باسی لەوەشکرد کە، جێگای داخە دەوڵەتی تورک بەو عەقڵیەتی فاشستەی خۆی گۆڕی هەردوو سەرکردەی کورد"شێخ سەعیدی پیران و سەعیدی نوورسی" بەنادیاری هێشتۆتەوە لە ترسی ئەوەی گۆڕی ئەو سەرکردانەی گەلی کورد نەبنە سیمبوڵی نشتیمانی و بەرخۆدانی گەلی کورد، پێویستە یەکێک لە داواکارییەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاو باکوری کوردستان ئاشكراکردنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و سەعیدی نوورسی بێن تاوەکو مەزارگەیەکی هەبێت وەکو سەرکردەیەکی مەزنی کورد.

'باسمان لەهەر دوو سەرکردەی باکوری کوردستان کرد'

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆڕەکەی، حەسەن شێخانی، سیاسەتمەدار و مامۆستای زانکۆ، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) قسەیکرد و گوتی: "ئەمڕۆ لە خانەی ڕەنجووری کۆڕێکمان سازدا لەسەر پرسی نەتەویی و ئایینی لە دوو کەسایەتی و سەرکردەی کورد "شێخ سەعیدی پیران و شێخ سەعیدی نوورسی"، بابەتەکە بابەتێکی زۆر گرنگەو لە وێزگەیەکی زەمەنی زۆر گرنگە کە لەدوای خەلافەتی عوسمانی، دوای ڕێکەوتننامەکانی سیڤەر و سایکس بیکۆ و لوزان، وە کورد چۆن پەراوێز خرا لەو ڕێکەوتننامانە، هەروەها باسمان لە شۆڕشەکانی شێخ سەعیدی پیران و سەعیدی نوورسی کرد کە نوورسی لەڕووی زانستی و عیرفانی و ئەدەبی و تەسەوف چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگای تورکیا بوو".

'دەتوانین وانە لە شۆرشەکانی شێخ سەعیدی پیران وەربگرین'

هەروەها سەبارەت بە باس کردنی شۆرشەکەی شێخ سەعیدی پیران دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، حەسەن شێخانی ووتی: "شێخ سەعیدی پیران کە ئەوکاتە شۆڕشێکی بەرپا کرد دژی کەمالیستەکان و دژی کەمال ئەتاتورک، لەو شۆرشەدا سەدان شەهیدی دا وە پرسی کوردی بە نێودەوڵەتی کرد، بەڵام لەو سەردەمەدا پلانێکی نێودەوڵەتی لەسەر کورد هەبوو، ئەو سەرکردانە بۆ ئێمەی کورد سومبولن کە بتوانین وەکو سەرکردەیەکی مەزن هەمێشە پەندو وانە لە ژیان، خەبات، شۆڕشەکانیان و خۆڕاگرییان وەربگرین، وە پێویستە نەوەکانی ئێمە هەمیشە یادی ئەم سەرکردە مەزنانەی کورد بەرز ڕابگرن".

'ئەم سەرکردانەی کورد قوتابخانەی شۆرش و خەباتی کورد بوونە'

لە کۆتایی قسەکانیدا، سەبارەت بە گرنگی ئاگاداری کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان لە شۆرش و خەباتی پارچەکانی دیکە، ناوبراو جەختی کردەوە کە، "زۆر گرنگە ئێمەی کورد ئاگاداری هەموو شۆرش و خەباتەکانی گەلەکەمان و مێژووی سەرکردەکانمان بین، لە ڕابردوودا بەهۆی سنورە دەستکردەکان نامانتوانی دەنگی هەر چوار پارچەیەی کوردستان بە یەک بگات بەڵام ئیستا بەهۆی پێشکەوتنی سۆشیاڵ میدیا و جیهانی ئەلیکترۆنی دەنگی هەموو کورد بە یەکتر و بەجیهان گەیشتووە، تەنانەت لەڕووی زمان و ئەدەبی گرووپی شاعیران و نووسەران و سیاسەتمەداران وایکردووە دەنگی ئەم چوار پارچەی کوردستانە لە ڕووی زاراوەکانیش بە یەگ بگەن، ئەمرۆش بە مەبەست باسی ئەم دوو سەرکردە مەزنەی باکوری کوردستان-م هەڵبژارد بۆئەوەی ئاگامان لە باکور بێت کە ئەم سەرکردانەی کورد چ قوتابخانەیەک بوونە بۆ خەبات و شۆرشی کورد کە لە ئەمڕۆدا لە باکوردی کوردستان پرۆسەیەکی گۆڕانکاری گرنگ بەڕێوەچێت".

OSZAR »