ململانێی ئیسرائیل و ئێران و دیدی چارەسەری دیموکراتیک

لەم گێژاوی هاوکێشە ئالۆزەدا، پارادایمی نەتەوە و کۆمەڵگەی دیموکراتی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێگەی سێیەم ، دیموکراتیزەکردنی ئێران و بەهێزبوونی بەرخودانی " ژن، ژیان، ئازادی" یە کە ڕەنگە کلیلی چارەسەری ئاشتیانە بێت لە ناوچەکەدا.

ئۆپەراسیۆنی 'شێری ڕاپەڕیوو'ـی ئیسرائیل کە لە ١٢-١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ کە دژی ئێران دەستیپێکرد، کاریگەرییەکی زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە و بووە ڕۆژەڤی سەرەکی لەسەر ئاستی جیهان.

ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٣ـی حوزەیران دەستی بە هێرشێکی ئاسمانی هەمەلایەنە کرد بۆ سەر ئێران، ئۆپەراسیۆنەکە دامەزراوە ئەتۆمییە گرنگەکان، کۆگاکانی مووشەکی بالیستیک و سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان کردە ئامانج. لەو هێرشانەدا حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران، محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی باڵای دیکە و ٦ زانای ئەتۆمی گیانیان لەدەستدا.

ئەم هێرشانە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و سەرکردە باڵاکانی سەربازیی کردە ئامانج. پرۆسەیەکە کە لە شەڕی بە وەکالەتەوە دەستی پێکرد و بۆ ململانێی سەربازی ڕاستەوخۆ پەرەی سەند. میدیاکان بەردەوامن لە ڕووماڵکردنی ئەم ڕووداوە بە شێوەیەکی بەرفراوان کە قوربانیی لە ڕیزەکانی خەڵکی مەدەنی و شەپۆلێکی ئالۆزی ناوچەیی لێکەوتۆتەوە.

کۆیەکی دانەبڕاو لە سیاقی ناوچەییدا

بێ گومان ئەم هێرشانە ناتوانرێت سەربەخۆ لە پێشهاتەکانی سوریا، ئوردن، لوبنان و فەلەستین هەڵسەنگێندرێت. ئەم پڕۆسەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ بە کوشتنی قاسم سولەیمانی دەستی پێکرد، بەشێکە لە ستراتیژی قەتیسکردنی ئێران لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا. هەرچەندە هێزە بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە ( حزبوڵا، حوسییەکان و میلیشیا شیعەکان لە عێراق) لاواز بوون، بەڵام ئەم هێرشانە ئامانجیان ناچارکردنی ئێرانە بۆ سازشکردن یان ڕادەستبوون. شارەزایان باس لەوە دەکەن کە ئامانجی کۆتایی ڕەنگە گۆڕینی ڕژێم بێت.

کۆتایی سایکس-پیکۆ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

لێدوانەکەی تۆماس جەی باراک باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە تورکیا کە دەڵێت " ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ ئیتر کاریگەر نییە" ئاماژەیە بۆ ئەوەی سنوورەکان و هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. سیاسەتی ئەمریکا بۆ " بە نیشاندانی مردن و ڕازی بوون بە مەلاریا" ئێران گۆشەگیر دەکات و لە هەمان کاتدا ئەکتەرە ناوچەییەکان ناچار دەکات لە چوارچێوەی نەزمێکی نوێدا هەڵوێست بگرن. دەکرێت بڵێین ئەم دۆخە پێشبینی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە.

ئامانج و ستراتیژی ئیسرائیل

ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لاوازکردنی توانای مووشەکی ئێران و ناسەقامگیریی ڕژێمە بە ئامانجگرتنی ڕێبەرانی سەربازی ئێران. دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە نەتەنز و ئەسفەهان، بنکەی مووشەکی لە کرماشان و کوژرانی پێنج زانای ئەتۆمی زانکۆی شەهید بەهەشتی، هەموو بەشێکن لەم ستراتیژە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ، ڕاشکاوانە ئامانجی خۆی لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران بە بانگەوازی " ئازادی" بۆ خەڵکی ئێران دەربڕی. ئەو ئۆپەراسیۆنانە کە لەلایەن مۆسادەوە ڕێکخراون، سەرکوتکردنی بەرگری ئاسمانی و توانای تۆڵەسەندنەوەی ئێرانی، بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کرد.

ئێران دوای ١٨ کاتژمێر بە هێرشی مووشەکی بالیستی بۆ سەر تەلئەبیب و قودس وەڵامی دایەوە و سەرەڕای سیستەمی ئاسمانی قوبەی ئاسنی ئیسرائیل، لە هەندێک خاڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازی درا. بەڵام شەریکەکانی " میحوەری مقاومە"ی ئێران ( حزبوڵا، حەماس، میلیشیا شیعییەکانی عێراق) لاواز بوون و تەنیا حوسییەکان بەردەوامن لە کردەوەکانیان دژی ئیسرائیل. عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران هۆشداری دا لە "چارەنووسێکی تاڵ و دژوار"دا، بەڵام گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی ناو ڕێژیمدا، ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ هەڵوێستێکی توندتر.

ڕاگەیاندنی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە و بانگەوازی چارەسەری دیموکراتیک

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە هێرشەکانی شەرمەزار کرد و جەختی لەوە کردەوە کە شەڕ کێشەکان چارەسەر ناکات و زیان بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت. تیشک خرایە سەر پێشنیارەکانی چارەسەری لەسەر بنەمای پارادایمی " نەتەوەی دیموکراتیک" و " مۆدێرنیتەی دیموکراتیک" ڕێبەر ئاپۆ. هۆشداریی ڕێبەر ئاپۆ کە "دوای ئێران نۆرەی تورکیا دەبێت" وەبیر هێنرایەوە، هەروەها ڕاگەیەندرا کە پێویستە دەستبەرداری سیاسەتەکانی شەڕ بن و ڕێگای وتووێژ و دانوستان بکرێتەوە. کەجەکە ڕایگەیاند پێویستە ژنان و هێزە دیموکراتیکەکان لە چوارچێوەی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک"ی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ ڕێبەر ئاپۆ یەکبگرن و خۆیان بەهێزتر بکەن.

لەم پرۆسەیەدا دیموکراتیزەکردنی ئێران وەک ئەگەری چارەسەرێک بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان و گەلانی ناوچەکە زیاتر خۆدەسەپێنیت. بەرخودانی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەو پڕۆسەیەدا و پێویستە گوڕی پێ بدرێت.

مەترسی شەڕی هەرێمیی و سیناریۆ گریمانەییەکان

-  ئێران پێی وایە ئەمەریکا پشتیوانی ئیسرائیل دەکات و ڕەنگە بنکە یان نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکاتە ئامانج. گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی ئەمریکی دەتوانێت ترەمپ ڕابکێشێتە ناو ململانێکانەوە. توانای ئەمریکا بۆ لێدانی دامەزراوە قووڵەکانی ئێران بە بۆمبی بنبڕ دەکرێ پەرەسەندنەکانی ئێران تاو بدات.

-  ئێران لەوانەیە لە ژێرخانی وزە بدات لە کەنداو. هێرشی کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە لە ساڵی ٢٠١٩ و هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئیمارات لە ساڵی ٢٠٢٢، مەترسییەکانمان بە بیر دێننەوە.  لەوانەیە وڵاتانی کەنداو داوای بەرگری لە ئەمریکا بکەن.

-  ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل نەتوانن بە تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناوببەن، ئەوا ئێران دەتوانێت گوڕ بە پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی بدات. ئەمەش پێدەچێت ناوچەکە بخاتە ناو بازنەیەکی ناکۆتای ململانێیەوە.

-  داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە یان ڕێگریکردن لە هاوتۆچۆی کەشتی لە دەریای سوور لە لایەن حوسییەکانەوە، ڕەنگە نرخی نەوت بەرزبکاتەوە و کاریگەری لە ئابوری جیهان بکات. ئەمەش لەوانەیە قەیرانی ئابووری لە زۆرێک لە وڵاتان قووڵتر بکاتەوە، لە هەمان کاتدا قازانجێکی ئابووری بە ڕووسیا ببەخشێت.

- ڕووخانی ڕژێمی ئێران دەکرێت بۆشایی دەسەڵات دروست بکات، وەک لە حاڵەتەکانی عێراق و لیبیادا. ململانێ ناوخۆییەکان دەکرێت زیاتر ناوچەکە ناسەقامگیر بکات.

کاردانەوە ناوچەیی و جیهانییەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان: داوای سنووردارکردنی ململانێکان دەکات، بەڵام کاریگەرییەکانی سنووردارە.

ئەمریکا: ترەمپ هەڕەشەی لە ئێران کرد ئەگەر لە دانوستانە ئەتۆمییەکان بکشێتەوە، سزای "توندتر"ی بەسەردا دەسەپێندرێت. ئێران ڕایگەیاند کە بەشداری دانوستانەکان ناکات. جێگیرکردنی کەشتیی USS Thomas Hudner پشتگیری ناڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل نیشان دەدات.

ڕووسیا و چین: لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سوودی بۆ ڕووسیا هەیە، هەوڵەکانی چین بۆ پاراستنی کاریگەرییەکانی لە ناوچەکەدا بەردەوامن.

هاوکێشەی لەرزۆک و ڕێگەی سێیەم

ململانێی ئیسرائیل و ئێران لە شەڕی بە وەکالەتەوە بەرەو ململانێی ڕاستەوخۆ پەرەدەسێنێت، ئەمەش مەترسیی شەڕی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات. توانای تۆڵەسەندنەوەی ئێران، دۆخی هێزە بریکارەکانی و دەستێوەردانی ئاکتۆرە جیهانییەکان ئاراستەی ڕوداوەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا دیاری دەکەن. بەڵام دیارە شەڕ کێشەکان چارەسەر ناکات و زیان بە گەلان دەگەیەنێت.

لەم هاوکێشەی ئالۆزەی گێژاودا، پارادایمی نەتەوە و کۆمەڵگەی دیموکراتی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێگەی سێیەم ، دیموکراتیزەکردنی ئێران و بەهێزبوونی بەرخودانی " ژن، ژیان، ئازادی" یە کە ڕەنگە کلیلی چارەسەری ئاشتیانە بێت لە ناوچەکەدا. جێگرتنەوەی سیاسەتەکانی جەنگ بە دیالۆگ و دانوستان تاکە ڕێگای دەربازبوونە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕزگاری بێت لە چەقبەستوویی مێژوویی خۆی.

OSZAR »