حەمید گەیلانی بە مەراسیمێکی جەماوەری لە شەمزینان بەخاک سپێردرا
گوڵتان کشاناک و تونجەر باقرخان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی حەمید گەیلانی دا قسەیان کرد و ڕایانگەیاند؛ "بۆ ئاشتیەکی شکۆدار تێکۆشانیان درێژە پێ دەدەن."
گوڵتان کشاناک و تونجەر باقرخان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی حەمید گەیلانی دا قسەیان کرد و ڕایانگەیاند؛ "بۆ ئاشتیەکی شکۆدار تێکۆشانیان درێژە پێ دەدەن."
پەرلەمانتاری پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) لە سەردەمی ٢٣ی جولەمێرگ، نووسەر و شاعیر حەمید گەیلانی کە لە نەخۆشخانەی ئەنقەرە چارەسەری بۆدەکردا، گیانی لەدەستدا، لە گوندی دێمانی ناوچەی شەمزینان بە شێوەیەکی جەماوەری بەخاک سپێردرا.
لەمەراسیمەکەدا تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی و پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمرالی و پەرلەمانتاری دەم پارتی شاری وان، لەگەڵ نوێنەری زۆرێک لە پارت و دامەزراوە دیموکراتیکەکان، بنەماڵەی گەیلانی و دۆستەکانی بەشدار بوون.
پاش ئەنجامدانی ئەرکە ئایینیەکان، تەرمی حەمید گەیلانی بەشێوەیەکی جەماوەری لە گۆڕستانی گوندی دێمان بەخاک سپێردرا.
گوڵتان کشاناک: ئاشتییەکی شکۆمەند پێشکەش دەکەین
لە مەراسیمەکەدا، گوڵتان کشاناک قسەی کرد و وتی: "دۆست و هاوڕیەکی بەنرخیان لەدەستدا، قەت بێ هیواییمان لەسەر ڕووخساری کاکێ حەمید نەبینی، تەنانەت لە سەختترین کاتەکانیشدا کاکێ حەمید پرشنگی هیوا بوو لە دڵماندا. کاکێ حەمید عاشقی گەلەکەی بوو، بەردەوام بۆ گەلەکەی تێكۆشانی دەکرد. ئێمە ئاشتییەکی شکۆمەند پێشکەشی ئەو و هەموو هاوریانی خۆمان وەک گەیلانی دەکەین."
باقرخان: ئاشتی بە خۆزگە خواستن بەدی نایەت
پاشان تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "هیوای سەبووری بۆ هەموو گەلی جۆلەمێرگ، شەمزینان و گەلی کورد دەخوازم، ئەمڕۆ زۆر خەمگینن، لەبەر ئەوە هاوڕیەکی ماندوونەناس و تێکۆشەرمان لەدەست داوە، ئەو زۆر بۆ گەلەکەی تێکۆشا، ماوەیەک زیندانی کێشاوە، لەژێر فشارێکی زۆردا ئەشکەنجە کرابوو، بەڵام هەر لە تێکۆشانی خۆیدا بەردەوام بوو. گەوەرترین هیوای هەڤاڵمان ئەوە بوو کە ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت و ئاشتییەکی شکۆمەند بەدی بێت. هەتا دوا ساتەکانی ژیانی بۆ ئازادی گەلی کورد تێکۆشانی کردووە."
هەروەها سەید نورەدین گەیلانی بە ناوی بنەماڵەکەوە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو بەشداربوان دەربڕی و ڕایگەیاند: "شەرم دەکەم بڵێم من برای حەمیدم، ئەو برای هەموو کەسێک بوو، بە ڕێزدارییەوە سەری خۆم لە ئاست ئەم میراتە گەورەیە دادەنوێنم، بەو هیوایەی خەونەکانی حەمید بۆ ئاشتی و ئازادی بەدی بێت. چونکە تاکە هیوا و خواستی ئەو تێکۆشان بۆ گەلەکەی بوو."
پاش وتارەکان، بنەماڵەکەی لە مزگەوتی گوندەکەدا مەراسیمی پرسەیان دانا و سیاسەتمەداران و جەماوەری گەل سەردانی پرسەیان کرد.