هەنگاوی بنەڕەتی بۆ به دیموکراتیزەکردنی سوریا کۆتایی هێنانه به داگیرکارییەکان

ئەگەر دەوڵەتی تورک بیەوێت ئاشتی لەگەڵ کورددا بکات و درێژە بەو خوشک و برایەتییە هەزارن ساڵەیە بدات کە باسی دەکەن، دەبێت کۆتایی بە داگیرکارییەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بهێنێت.

ئامانجی سەرەکی حکومەتی تورکیا لە سوریا دوژمنایەتییە بەرامبەر بە کورد. بۆیە زۆرێک لە شارەکانی سوریای داگیرکردووە و ئەم داگیرکارییە تا ئێستاش درێژەی هەیە.

ئەمەش کاتێک ڕوونتر دەبێتەوە کە سەیری ڕووداوەکانی ١٠ ساڵی ڕابردووی سوریا و سیاسەتی حکومەتی تورکیا لەم ڕووەوە بکەین. لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە سوریا، حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی گروپە چەتەکانیەوە دەستوەردانی کرد. چەندین گروپی پێکهێنا و دژی گەلی کوردی ڕۆژئاوا بەڕێکخستنینانی کرد.

یەکەم هێرشی گرووپە چەتاکانی تورکیا لە عەفرین لە ساڵی ٢٠١٢ لە گوندی قەستەل جندو دژی کوردانی ئێزدی دەستی پێکرد. دوای ئەوە هێرشی چەتەکان هەموو ڕۆژئاوای گرتەوە و بەرە بەرە بەهەموو شوێنێکدا بڵاوبووەوە. بە واتایەکی تر لە ماوەیەکی کورتدا دەرکەوت کە ئامانجی حکومەتی تورکیا و چەتەکانی ڕوخاندنی ڕژێم و دیموکراتیزەکردنی سوریا نەبووە، بەڵکوو ئامانجی سەرەکییان ئەوە بوو کە پێگەی کورد و دەستکەوتەکانی لە ناو ببات.

لە ساڵی ٢٠١٢ هەتا بەهاری ٢٠١٨ حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی گروپە چەتەکانیەوە وەک قاعیدە، نوسرە، داعش و چەند گروپێکی ترەوە شەڕێکی دڕندانەی دژی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا. کۆمەڵکوژیان کرد، شوێنە مێژووییەکانیان وێران کرد، سروشتیان تاڵان کرد، خەڵکیان ڕفاند و بوونە هۆی بەکۆچکردنی دانیشتوانی ناوچەکان. بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو هێرشە توند و تیژانە، کورد بەرەنگاری بووەوە و سەرکەوت. لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨، حکومەتی تورکیا خۆی ڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر عەفرین و لە ١٨ی ئاداردا داگیری کرد، دوای ساڵێک، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، هێرشی کردە سەر سەرێکانی و داگیری کرد.

لە ئێستادا عەفرین، سەرێکانی، گرێسپی، جەرابلوس، باب، عەزاز لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادان. وا نیشان دەدات کە ئەم داگیرکارییە بە بیانووی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا ئەنجامدراوە و هەموو جیهان چاویان لە ئاست ئەم چەواشەکارییە کوێر بووە. لە ماوەی ئەم ساڵانە داگیرکارییەدا، سەرەڕای هەموو جۆرە بەربەرییەتێک، سیاسەتی بە تورک کردن و گۆڕینی دیمۆگرافی لەو ناوچانەدا بە شێوەیەکی بەپەلە جێبەجێ کراوە.

ئامانجی سەرەکی ئەو هێرش و داگیرکاریانە دوژمنایەتی بوو بەرامبەر گەلی کورد. هەروەک حکومەتی تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات، هیچ هێرشێک لە ڕۆژئاواوە بۆ سەر وڵاتی تورکیا نەبووە و هیچ هەوڵێکیش بەو ئاراستەیە نەدراوە. بەپێچەوانەوە کورد لە شەڕی ناوخۆی سوریادا هەوڵی پاراستنی خۆی دەدا هەتا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوون نەبنەوە.

ئێستا سوریا لە پرۆسەیەکی نوێدایە. هەرچەندە سیاسەتی حکومەتی تورکیا لە سوریا شکستی هێناوە، بەڵام هێشتا دەیەوێت داگیرکارییەکانی درێژە پێ بدات و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆی لە دامەزراندنەوەی سوریادا ڕۆڵ بگێڕێت. بەڵام هەلومەرج گۆڕاوە، دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە و لە سوریا سەریهەڵداوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە پلانەکانی حکومەتی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا و هەموو سوریا بەدی نەهات و لەمڕۆ بەدواشەوە بەدی نایەت.

ئێستا تەنها یەک ڕێگا بۆ تورکیا ماوە. دەبێت کۆتایی بە داگیرکارییەکانی بۆ سەر سوریا بهێنێت و یارمەتی دیموکراتیزەکردن و ئاوەدانکردنەوەی سوریا بدات. داگیرکردن و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا دوو کردەوەی جیاوازە و یەک ناگرێتەوە. یەکپارچەیی خاکی وڵاتێک لە ڕێگەی داگیرکارییەوە ناپارێزرێت. ئەگەر حکومەتی تورکیا بیەوێت ئاشتی لەگەڵ کورددا بکات و درێژە بەو خوشک و برایەتییە هەزار ساڵەیەیە بدات کە باسی دەکات، دەبێت کۆتایی بە داگیرکارییەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بهێنێت. هەروەها پێویستی بە هاوکاریی دیموکراتیزەکردنی سوریا هەیە.

سیاسەتی عوسمانی نوێ، فاشیزم و ڕەگەزپەرستی تورکی ئیتر سەردەمی لەدەستداوە و چیتر سوودی بۆ تورکیا نییە. ئەو پڕۆسەیەی کە بە بانگەوازی ئاپۆ بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" دەستیپێکرد، دەرفەتێکی گەورە بۆ تورکیا دەڕەخسێنێت هەتا بەرەو دیموکراسی هەنگاو بنێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا ڕۆڵی هەبێت. بۆیە دەبێت لە ناو خۆیەوە دەست گۆڕانکاری چارەسەری بکات، دواتر سیاسەتێکی ئاشتیانە لە گەل وڵاتانی ناوچەکەدا پەیڕەو بکات.

OSZAR »