شاندێکی پزیشکی و خێرخوازی ئیتاڵی، کە دەیانویست سەردانی شنگال بکەن بۆ چاودێریکردنی پڕۆژە کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری و تەندرووستییەکان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیرکران و بەپێی زانیارییەکان لە شنگال دەرکراون.
شاندێکی ئیتاڵیا، کە لە پزیشک و کەسایەتییە خێرخوازەکان پێکهاتبوون، سەردانی عێراقیان کرد، بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئاوارەکانی مەخموور و شنگال، بەڵام لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە ڕێگرییان لێکرا، دەستەی تەندرووستی شنگالیش کاردانەوەی بەرامبەر بە هەوڵەکانی هێزە عێراقییەکان بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ شنگال نیشاندا.
شاندەکە دوای ئەوەی لە مەخموور ڕێگریان لێکرا، کاتێک ویستیان بچنە شنگالیش لە تەلعەفەرەوە گەڕێندرانەوە و لە موسڵ دەستبەسەر کران، دوای هەموو هەوڵێک شاندەکە، کە چوونە شنگال، دوێنێ لە سنوونێ لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە ڕێگرییان لێکرا و دەوترێت گەڕێنراونەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن دەستەی تەندرووستی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگالەوە بە ئاژانسەکەمان دراوە، شاندێکی ئیتاڵی، کە پێکهاتبوون لە پزیشک و کەسایەتییە خێرخوازییەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ سەردانی شنگالیان کردووە و هەندێک پڕۆژەی تەندرووستی و پرۆژەی دیکەیان پێشخستووە.
دەستەی تەندرووستی ڕاشیگەیاند، پڕۆژەی پزیشکەکان کار بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی و هەندێک پڕۆژەی دیكە دەکەن، لەم سەردانەدا مەبەستیان بووە هەم چاودێری پڕۆژە کۆنەکان بکەن و هەمیش بەپێی پێویست چەند پڕۆژەیەکی نوێ پەرەپێبدەن، بەڵام بەهۆی ئاستەنگەکانی هێزە عێراقییەکانەوە نەیانتوانی پڕۆژە نوێیەکانیان لە شنگال پەرەپێبدەن.
جێگای ئاماژەیە، شاندەکەیی ئیتاڵیا، کە بە هاوکاری تەندرووستی و پەروەردەی هاوکاریی ئاوارەکان دەکەن، لە ١٨ـی ئایاریش هەوڵیان دا بچنە کامپی مەخموور، بەڵام سوپای عێراق ڕێگری لێکردن لە چوونە ناو کامپەکە و گەڕێندرانەوە.