شاندی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و شاندی حکومەتی دیمەشق لە پایتەخت کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر پرسە گرنگەکانی نێوانیان ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئاداری نێوان مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکومەتی دیمەشق بەڕێوەچوو.
دوای تاوتوێکردنی پرسە گرنگەکان، ئەو پرسانەی لەسەری ڕێککەوتوون، هەروەها ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دیکە لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و بەدواداچوون بۆ ئەو پرسانەی لەسەری ڕێککەوتن کراوە، بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە.
ناوەڕۆکی بەیاننامە هاوبەشەکە بەم شێوەیەیە:
شاندەکانی هەردوولا باسیان لە گرنگی بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار و پێکهێنانی کۆمیتە هاوبەشەکان، چالاکییەکان و پرسی پەروەردەیان کرد.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرەو پێشچوونی ڕێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی، یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کۆمیتەی ناوەندی بەرپرسیار لە تواوکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە شێوەیەکی ئەرێنی و بنیاتنەر بەڕێوەچوو.
هەردوو شاندەکە باسیان لە پرسە گرنگەکان کرد و گەیشتنە ئەم ڕێککەوتنانەی خوارەوە:
١- دامەزراندنی کۆمیتەی لقی تایبەت بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار کە لەنێوان مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و سەرۆکی حکومەتی کاتی (ئەحمەد شەرع) واژۆ کراوە.
٢- هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە ئەزموونەکان و ناوەندەکانی هەڵسەنگاندن، گەرەنتیکردنی مافی خوێندکاران، و دڵنیابوون لە ڕێبازو پرۆسەی خوێندن.
٣- گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ ناوچەکانیان و کارکردن بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەیان.
٤- کاراکردنەوەی دۆسیەی گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، کە دەبێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی.
هەروەها لایەنەکان جەختیان لە پابەندبوونیان لەسەر وتووێژی بنیاتنەر و هاوکاری بەردەوام کردەوە، کە خزمەت بە یەکێتی سوریا و سەروەری وڵات دەکات و هیواکانی گەلی سوریا لەڕووی ئاسایش و ئارامییەوە بەدی دێنێت.
هەروەها بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیک کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرسانەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە ئەنجام بدرێت، ڕێککەوتن ئەنجام درا.