تەڤگەری ژنانی ئازاد 'تەژەئا' لەژێر دروشمی 'لەپێناو ئاشتیی کۆمەڵایەتی و چارەسەری دیموکراسی ژنان رێدەکەن' دوێنێ لە ئامەد رێپێوانێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا. لەشارە جیاوازەکانی تورکیا و کوردستانەوە بەهەزاران ژن لە ئامەد کۆبوونەوە و لە پارکی 'ژیان'ـی شەمسە ئەڵڵاقەوە تاوەکو مزگەوتی گەورە بەپێ رۆیشتن.
ژنە بەشدارەکان لە رێپێوانەکە لەبارەی خواستەکانیانەوە بۆ ئاشتی قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)کرد.
'ئێمە تەنها ئاشتیمان دەوێت'
بەیجا ئابی: ئێمە لە پێناو ئاشتی رێدەکەین. ئێمە لەپیناو ئازادی کوردستان لێرەین و ئەوەمان دەوێت. دەمانەوێت رێبەر ئاپۆ ئازاد بێت. ئەم رێپێوانە رێپێوانی ئاشتییە. دایکانمان کە لە رێی دوورەوە هاتوون، تەنیا یەک هیوایان هەیە، ئەویش ئاشتییە. با ئەو هیلاکیەی دایکەکان بۆ ئاشتی بە فیڕۆ نەچێت. ئێمە لێرەوە داوا لە دەوڵەت دەکەین: هەنگاو بنێن بۆ ئاشتی. یەکەمین ئامانجمان ئاشتییە؛ تا دەگەین بەو ئامانجەمان هەر رێدەکەین.
'پێویستە ئەم شەڕە کۆتایی پێبێت'
سەعدیە تاموور: ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ لە مەیدانین. تاکە هیوامان ئازادبوونی رێبەر ئاپۆ و زیندانییەکانن. دەمانەوێت ئیتر شەڕ کۆتایی پێ بێت. ژنان بەشداری پڕۆسەی ئاشتین، نایانەوێت چیتر سەرکوت بکرێن.
'پێویستە دەوڵەت پێشوازیی لە هەنگاوەکەی رێبەر ئاپۆ بکات'
فاتمە باڵکا: ئێمە لەپێناو کۆتاییهێنان بە ستەم لە گەلەکەمان لێرەین. پێویستە لەمەودوا گەلی کورد ئازاد بێت و بە مافەکانی بگات. ئێمە ٤٠ ساڵ لەمەوبەریش ئاشتیمان دەویست، ئەمڕۆش هەر ئاشتیمان دەوێت. جگە لە ئاشتی هیچ خواستێکی ترمان نەبوو. تاوەکو ئاشتی بەدەست نەیەت، کوشتنی خەڵک کۆتایی نایەت. ئێمە دەمانەوێت کوشتن کۆتایی بێت.
گوڵچین کاربووک: ئێمە لەپێناو بەدەستهێنانی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن تێدەکۆشین. نامانەوێت جەرگی هیچ دایکێک بسوتێت. رێبەڕ ئاپۆ هەنگاوێکی زۆر جوان و شەرەفمەندانەی ناوە، بەڵام تورکەکان هیچ هەنگاوێکیان نەناوە. هەموو رۆژێک فڕۆکە جەنگیەکان دەکەونە کار، کۆمەڵکوژیی بەردەوامە. دەوڵەتی تورک دەبێت دەستبەجێ بەشداری لەو پڕۆسەیەدا بکات کە رێبەر ئاپۆ دەستیپێکرد. ئێمە ئاشتیمان دەوێت، بەڵام ئەوان نایانەوێت.
'ئێمە چیتر مردنمان ناوێت'
ساکینە ئاڵتان: تاکە داخوازیمان ئاشتییە. نامانەوێت کەس بمرێت. کورد، تورک، عەلەوی، عەرەب، لاز جیاوازی نییە؛ پێویستە مرۆڤ نەمرێت، پیویستە ئاشتی بەدەستبێت. دەمانەوێت ئیتر شەڕ کۆتایی پیبێت. با لەمەودوا مافەکانی کورد دیاریبکرێت. ئێمە دەمانەوێت پڕۆسەی ئاشتی دەستبەجێ بەشێوەیەکی ئەرێنی جێبەجێ بکرێت.