پەکەکە ١٢هەمین کۆنگرەی لە نێوان ٥-٧ ئایاردا ئەنجام دا، ڕایگەیاند هەموو ئەو چالاکییانەی کە بەناوییەوە دەکرێن ڕادەگیرێن. ئەم بڕیارەیش لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی پێشوازی ئەرێنی لێکرا.
بەڵام ئەڵمانیا ڕەتیکردەوە قەدەغەکردنی پەکەکە هەڵبگرێت، کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە بە یاسا خستوویەتیە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەو پارێزەرانەی دۆسییەیی یاساییان دژی بڕیاری قەدەغەکردنەکە تۆمارکردووە، سەردانی دادگای ئیداری بەرلینیان کرد. لوکاس تیون کە یەکێکە لەو پارێزەرانەی داوای یاسایی تۆمارکردووە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و ئاماژەی بەوەدا دەبێت بڕیارە ئەرێنییەکانی پەکەکە گرنگ هەڵسەنگێندرێت و ڕەخنەی لە هەڵوێستی حکومەتی ئەڵمانیا گرت.
گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنەکانی پارێزەر تیون لوکاس بەم شێوەیە:
"دوای وەڵامدانەوەی نەرێنی بۆ داواکاریەکە لە وەزارەتی ناوخۆ لە دژی قەدەغەکردنی تێکۆشانەکانی پەکەکە لە ئەڵمانیا، داواکاریتان پێشکەش بە دادگای ئیداری بەرلین کرد. لەلایەکی دیکەوە پەکەکە ١٢هەمین کۆنگرەی خۆیی لە نێوان ٥-٧ی ئایاردا ئەنجامی دا، بڕیاریدا کۆتایی بە هەموو ئەو تێکۆشانانە بهێنێت کە بەناوییەوە ئەنجام دەدرێن. چۆن ئەم دۆخە شرۆڤە دەکەیت؟
لە دژی ئەو قەدەغەیەیی کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە لە بەرانبەر تێکۆشانەکانی پەکەکە درابوو، بە ناوی پەکەکەوە دۆسییەکمان کردەوە. حکومەتی فیدراڵ بانگەشەی ئەوەی کرد هێشتا دیار نییە کە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ کۆتایهێنان بەوکارانەی بە ناوی پەکەکە دەکرێن و دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە قبوڵ دەکرێت یان نا.
بەڵام پەکەکە لە ١٢هەمین کۆنگرەی خۆییدا لە ٥-٧ی ئایاردا بڕیاریدا ئەم بانگەوازە جێبەجێ بکات و کۆتایی بە هەموو چالاکییەکانی بهێنێت. لەگەڵ ئەم پێشهاتە، لەوباوەڕەداین حکومەتی ئەڵمانیا ئەم بڕیارە لەبەرچاو بگرێت و قەدەغەکردنی پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و زەمینەسازی بۆ تەڤگەری کورد بکات بۆ ئەوەی بەشداری پڕۆسەی ئاشتی ببێت.
'لەو باوەڕەداین حکومەت پشتگیری پڕۆسەی ئاشتی بکات'
وەزارەتی دەرەوە بە ئەرێنی وەڵامی ڕاگەیاندراوەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە دایەوە، بەڵام پۆلیسی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هاوسەرۆکی پێشووی کەجەدەکە-ئە یوکسل کۆچیان دەستبەسەر کرد. ئایا لە نێوان وەزارەتی دەرەوە و ناوخۆ لە ئەڵمانیا لە پرسی کورددا نزیکایەتییەکی جیاواز هەیە؟
ئەو ڕاگەیاندراوەی وەزارەتی دەرەوە لەلایەن ئانالینا باربۆکەوە دراوە و لە کاتێکدا کە وەزارەتەکە هێشتا لە ژێر ئیدارەی سەوزەکاندا بووە ڕاگەیاندراوەکە بڵاوکراوەتەوە. وەزیری دەرەوەی نوێ بەڕێز وادەفول هێشتا هەڵوێستی لە بەرانبەر ئەم پرۆسەیە نیشان نەداوە، بەڵام لەو باوەڕەداین کە تەواوی حکومەتی ئەڵمانیا پاڵپشتی ئەم پرۆسەی ئاشتییە دەکات. تەنانەت وەزارەتی دەرەوە پێشوازی لە بڕیارەکەی پەکەکە کرد، بەڵام بێگومان تەنها ڕاگەیاندراوی ئەرێنی و پێشوازی بەس نییە، دەبێت بە پراکتیک هەڵوێستی خۆی دەربخات.
باشە، ئەوکات دەبێت حکومەتی ئەڵمانیا پەیوەست بەم دۆخە نوێیەوە چ ڕۆڵێک بگێڕێت؟
بێگومان دەبێت حکومەت لە ئەڵمانی هەڵوێست وەربگرێت، قەدەغەکردنی پەکەکە هەڵبگرێت و پێش هەموو شتێک کۆتای بە تاوانبارکردن و زیندانیکردنی کوردان بهێنێت. پێمان وایە حکومەتی ئەڵمانیا تازە دەستی بە ئەرک کردوە و هێشتا دەبێت هێڵێکی هاوبەش بونیاتبنرێت، بەڵام بێگومان قسەکانی وەزارەتی دەرەوە ڕاستن. دەبێت پاڵپشتی ئەم پرۆسەی ئاشتییە بکرێت. گەر ئەمە بکرێت ئەوا چالاکییەکانی کورد لە ئەڵمانیا دانی پێدادەنرێت و سیاسەتەکانی تاوانبارکردن یان سزادان کۆتایی دێت.