دەستپێشخەریی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی ئەوروپا دامەزرا

ژنانی کورد لە بەشە جیاوازە ئایینی، دامەزراوە و کۆمەڵایەتیەکان لە باشوور، باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کۆبوونەوە و دەستپێشخەریی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کوردیان لە ئەوروپایان دامەزراند.

ژنانی کوردی ئەوروپا لە چواربەشی کوردستانەوە، لە هەموو بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و دامەزراوە سەربەخۆکان لە یادی ٥١ساڵەی شەهیدبوونی لەیلا قاسم کۆبوونەوە و یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کوردیان دامەزراند.

سەبارەت بە ئەنجامەکان و کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەک بڵاوکرایەوە.

لەسەر ئەو بنامایە ژنانی کوردی ئەوروپا بە ئامانجی یەکێتی ژنانی کورد و بەرزڕاگرتنی تێکۆشان، نەریت و دەستکەوتەکانی ژنانی کورد و پاراستنی میرات و بەرخۆدانی ژنانی کورد بە دروشمی 'یەکێتی هەبوونە' کۆبوونەوە.

لە سەرەتای بەیاننامەکەدا ڕاگەیەندرا کە، وەک ژنانی کورد کە بە شێوەیەکی زۆرەملی لە وڵاتی خۆمان ئاوارە بووین، بە رێزداریی و پێزانینەوە شەهیدانی کوردستان و ژنانی بەرخۆدێر کە لە پێناو ئازادییدا گیانی خۆیان بەخت کردووە بە بیر دێنینەوە.

سەدەی ئاوارەبوون، ئاسمیلاسیۆن، نکۆڵی و کۆمەڵکوژی

لە بەردەوامیدا ڕاگەیەندرا، "گەلی کورد زیاتر لە سەدەیەکە ڕووبەڕووی ئاوارەبوونی زۆرەملێ، ئاسمیلەکردن، نکۆڵی و کۆمەڵکوژی دەبێتەوە، بێگومان یەکێک لە دەرئەنجامە سەختەکانی ئەو سیاسەتە ستەمکارییە ئەوەیە کە گەلەکەمان ناچارە خاکی خۆی بەجێبهێڵێت. ئامانجی هێزە دەسەڵاتدارەکان ئەوە بوو کە گەلەکەمان بە عەقڵیەتێکی پیاوسالاری، پارچەکردن و داگیرکاری لە ناسنامە و کولتوورەکەی دوور بخەنەوە."

هەروەها ملیۆنان کورد بە شێوەیەکی زۆرەملێ لە وڵاتی خۆیان ئاوارە کران. بەڵام گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا، بۆ پاراستنی ناسنامە، کولتوور و زمانی خۆی  خاوەنداری لە ستاتۆی خۆی کردووە."

لەشەڕدا گەورەترین زیانەکان ڕووبەڕووی ژنان بووەتەوە

لە بەیاننامەکەدا بەم شێوەیە هاتووە:

"لەم قەیران، ململانێ و شەڕەدا کە ئەمڕۆدا، بەهۆی جەنگی جیهانی سێیەمەوە سەریهەڵداوە، گەورەترین زیان ڕووبەڕووی ژنان بووەتەوە، ژنان وەک غەنیمەتی شەڕ بەکارهێنراون، کراونە کۆیلە، دەستدرێژییان کراوەتە سەر، کوژران و بێدەنگ کران. لەگەڵ ئەوەشدا هەزاران ژن جەستەی خۆیان وەک قەڵغان بۆ پاراستنی گەلەکەیان و داهاتوویان بەکارهێنا، بەوەش بناغەی ئازادی ئەمڕۆڤیان بنیاتنا."

هەروەها لە بەیاننامەکدا جەخت لەوە کراوەتەوە: "وەک ژنانی کورد لە چواربەشی کوردستان کە ڕوویان لە ئەوروپا کردووە، پێشوازی لە دامەزراندنی پلاتفۆرمی نەتەوەیی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان دەکەین و هاوکات کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەیی لە ڕۆژئاوا پیرۆز دەکەین، کە بە خرۆشێکی زۆرەوە لە لایەن گەلەکەمانەوە پێشوازی لێکراوە."

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "جارێکی دیکە بەو هێز و ئیلهامەی کە لە تێکۆشانی سەد ساڵەمان بەدەستمان هێناوە، ڕایدەگەیەنین کە پابەند دەبین بە میراتی هەڤاڵانی ژنمان کە لە پێناو ئازادی و دیموکراسیدا گیانی خۆیان بەخشی.

ئێمە ئێستا بۆ بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی خۆمان و دامەزراندنی ڕێکخراوێکی کۆنفیدراڵ و دیموکراتیکی ژنان لە قۆناغێکی مێژووییداین. لەم چوارچێوەیەدا داوا لە نوێنەری ڕێکخراوەکانی ژنان و هەڤاڵانی ژنمان لە هەموو پارتە سیاسیەکان، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران، نووسەران و کەسایەتیەکانی ژنان دەکەین کە لە ژێر چەتری یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کوردی ئەوروپا یەکێتی خۆیان پتەو بکەن.

بانگەوازی دەکەین چیرۆک، مێژوو، هونەر و کار و تێکۆشانی ژنان کە میراتی بەرخۆدانێکی سەد ساڵەیە، بگەیەنین بە نەوەکانی داهاتووی وڵاتەکەمان.

وەرن وەک ژنی ئازادی کورد، یەکێتی و ڕێکخستنی خۆمان لە سەر بنەمای دروستکردنی کوردستانێکی ئازاددا بەهێز بکەین.

دامەزراندنی دەستپێشخەریی ژنانی کورد لە هەموو ژنانی کورد پیرۆز دەکەین."

OSZAR »