ئاپۆ لە نێوان باوەڕ و بێباوەڕیی بە دەوڵەت

ئاپۆ پێناسەی دەوڵەت نەک نابێتەوە بە پێویستیی و پێویستیەکی ناچارەکیی، بەڵکوو بە دوومەڵێکی خراپ و کوشندەی مرۆڤایەتی ناوی دەبات و پێی وایە پێویستە ئەم دومەڵە لە ڕەگوڕێشەوە هەڵکێشرێت.

ئێستاکە کە دەنگ و دەنگۆی درووستبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێیە، هەمووان باسی نەخشەی نوێی ناوچەکە دەکەن، هەمووی قسە لە سەر ئەمەریکا و دەستی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دروستبوونی و نەخشەندانی ئەم نەخشە نوێیەدا دەکەن، ئەوا پرسیارەکە بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە ئایا ئەم گۆڕانکارییانە بەرەو پێشەوەمان دەبات و ڕزگارمان دەکات یاخود  دەمانباتەوە دواوە؟ یان ئەمە خۆی خاڵی بنبەست و چەقبەستنە لە نێو گێژەنی هێز و هەژموونی زلهێزەکانی دونیادا؟ یان هێشتا ئەمەیش ڕوون بەرچاو نییە، هەر بۆیە زۆرێک لە سیاسیەکان بە دۆخی خۆڵەمێشیی و دۆخی گواستنەوەی قۆناغێک بەرەو قۆناغێکی تر ناوی دەبەن.

وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ ئاپۆ تەواو جیاوازە، بە ڕای ئاپۆ ئێمە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە، ئەوا پێشوەخت پێویستە پێناسەیەکی ڕاست و درووستی چەمکی دەوڵەت بکەین، چونکە هەموو ئەم تەمومژ و ناڕوونییەی لە دەوری ئەم قۆناغە نوێیەدا هەیە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئێمە بوێریی ئەوەمان نییە بە ڕوونی بچینەوە سەر مێژوو و سەرەتای درووستبوونی دەوڵەت و پێناسەی دەوڵەت وەک خۆی بکەین. ئاپۆ ئاماژە بە (باکۆنین) دەکات وەک بیرمەندێکی ئەنارکیست کە پێی وایە دەوڵەت بریتییە لە خراپەی ڕەها و موتڵەق، ئەو خراپەیەی پێویستە و بوونی پێویستیەکی ناچارەکییە بۆ هەموو گەل و نەتەوەیەک. تەنانەت مارکسیش نەیانتوانیوە چەمکی دەوڵەت تێپەڕێنێت بە قۆناغیکی پێویست و ناچارەکیی زانیوە. وەلێ ئەوەی  ئاپۆ لە مارکس جیا دەکاتەوە، کاتێک پرسەکە دێتە سەر دەوڵەت ئەوەیە؛ کە ئێمە پێویستمان بە دەوڵەت نییە، چونکە خودی دەوڵەت هەر لە سەرەتاوە ئامراز و ئامێری کارەساتی گەورەی مرۆڤایەتیی بووە، بەم مانایەش بێت دەوڵەت نە پێویستە وە نە ناچارەکیی،  ئاپۆ ڕاشکاوانە دەڵێت:

 (ئەگەر منیش پێشتر خلیسکابێتمە نێو گەمەی باوەڕبوون بەوەی ئازادیی پێویستی بە هەژموونی دەوڵەتە، ئەوا تاوانێکم کردووە، خودی تاوانەکەم لە ڤایرۆسی شەڕ و هەژموونی دەسەڵاتەوە هاتووە، باوەڕ و یەقینم بەوەی چارەسەری هەموو کیشەکان لە درووستبوونی دەوڵەتدایە، هەروەتر ئەو دەوڵەتەیش بە شەڕ درووست دەبێت و بە شەڕ و جەنگ سنوورەکانی دەکێشێت، ئەم باوەڕە بۆ ئێمەیش وەک قسەی قورئان وابووە، ئەم ئیمان و یەقینە نەک هەر بۆ من بەڵکوو نەخۆشییەکە بە زمان و سەروێرد و زهنی هەموو سەرکردەی چەوساوەکانەوەیە، منیش وەک سەکردەیەک  لەم نەخۆشییە بەدەر نەبووم،  هەر بۆیە دەڵێم تاوانبارم.)

چونکە ئەزموونەکانی دەوڵەتبوون هەر لە یەکەم درووستبوونی دەوڵەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سۆمەرییەکان، تا دەوڵەتی ئێستای سەرمایەداریی کە ئەمەریکا ڕابەرایەتیی دەکات، ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە کە دواتر هەمووی دەبێتە چەتە و ڕێگری سەرەڕێی ئەوانی تر. دەوڵەت بێ چەوسانەوە و داگیرکردنی ئەوانی تر ناتوانێت وەک بوونێکی تۆکمە و پیرۆز خۆی ڕابگرێت و درێژە بە خۆی بدات. هەر بۆیە بۆ ئاپۆ پێناسەی دەوڵەت نەک نابێتەوە بە پێویستیی و پێویستیەکی ناچارەکیی، بەڵکوو بە دوومەڵێکی خراپ و کوشندەی مرۆڤایەتی ناوی دەبات و پێی وایە پێویستە ئەم دومەڵە لە ڕەگوڕێشەوە هەڵکێشرێت. بۆ ئەوەی ڕەگوڕیشەیشی بزانین، ئەوا دەبێت بچینەوە سەر مێژووی درووستبوونی یەکەمین دەوڵەت کە دەوڵەتی کاهین و سۆمەرییەکانە. هەڵبەت لێرەدا ئاپۆ مەبەستی لە دەوڵەتە وەک ئامێر و ئامرازی دەسەڵاتگەریی و چەوسانەوە و ستەمکاریی، لێ بەشەکەی تری دەوڵەت کە پەیوەستە بە بەرهەمی گشتیی و ئاسایش و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، ئەوا ئاپۆ باسی دیموکراتی دەکات وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ دەوڵەت، واتە دیموکراتی لە ناو بنیادی دەوڵەتدا نا، بەڵکوو خودی دیموکراتیی لە بری ئەو بوونەی پێی دەوترێت دەوڵەت.

 ئەوەی جێی سەرنجە ئەم تێزە لە ڕابەر و سیاسیەکی وەک ئاپۆ بکەوێتەوە و گوزارشتی لێ بکرێت، ئاپۆ وەک یەکێک لە هەرە سەرکردە لێهاتووەکانی  کورد: کورد وەک گەورەترین میللەتی دنیا کە تا ئێستایش خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە، هەر بێ دەوڵەتی و لەتبوونی لە چوار دەوڵەتی ناوچەکە، کردوویەتی بە پاروویەکی ئاسان بۆ هەر لایەک بیەوێت زەفەری پێ ببات.

 ئێمە وەک کورد  چۆن بتوانین ئەم تێزەی ئاپۆ پەسەند بکەین؟ کاتێک ئەم تێزە بۆ خۆی دژەتێزی ئاپۆ خۆیەتی لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە هەڵوەشانەوەی خەونی ملێونەها کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ درووستبوونی دەوڵەتی کوردیئ سەربەخۆ، خەونێکی دێرێن بۆ ئازادبوون لە چنگی داگیرکاریی تورک و عەرەب و فارس.  سا بۆیە بۆ ئەوەی لە خۆمانەوە ڕمڵی تانە و ڕەخنە لە ئاپۆ نەدەین و قەشمەریمان بە هەوڵەکانی بۆ ئاشتی نەیەت، بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا لە ئیمان بێ ئیمانی ئاپۆ بە دەوڵەت بگەین، ئەوا لانی کەم  پێویستە زۆر بە وردیی پارادیمەکەی و ستراتیژی پارادیم و کۆی تێزەکەی ورد بخوێنینەوە.

بە ڕای ئاپۆ هەموو ئەو کۆمەڵناس و عارفانەی دەستیان بۆ پرسی دەوڵەت بردووە و تیوریزەیان کردووە، هەر هێندەی ڕاهیبان و کاهینە سۆمەرییەکان لەم چەمکە گەیشتوون. لێرەیشدا ئاماژە بە مارکس دەکات بەو پێیەی ئاپۆ هەر لە سەرەتاوە زۆر لە ژێر کاریگەریی مارکسدا بووە.

بە ڕای ئاپۆ دەکرا قەدەری سەرمایەداریی سەرکەوتن و گەشەسەندن نەبێت وەک گەورەترین زلهێزی دونیا کە هیچ نەماوەتەوە هەڵی نەلوشێت و ڕاینامەڵیت. وەک ئەوەی مارکس پێی وابوو سەرمایەداریی و هەموو سیستمە چینایەتییەکانی تریش هێڵێکی ناچارەکیی و پێویستییەکی مێژووییە و نەدەتوانرا خۆمانی لێ لادەین، بەم دیددەیشی مارکس باشترین یارمەتیی و پاڵپشتی سیستەمی سەرمایەداریی کردووە، سەڕەڕای هەموو هەوڵە پێکۆڵەکانی دژی سەرمایەداریی، دواجار بە قازانجی سەرمایەداریی و سیستمەکە شکاوەتەوە. بە ڕای ئاپۆ کاتێک ئێمە باسی یاسا و قانوونی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقی دەکەین، ئەوا ئەم یاسایانە لە جەوهەری خۆیاندا شلی و نەرم و نیانییەکیان تێدایە و ناکرێت یاسای ناچارەکیی و پێویستییان بە هەمان شێوەی یاسای فیزیا و کیمیا و بایەلۆژیان بە سەریان جێبەجێ بکەین، چونکە نابێت ئێمە باوەڕمان بەوە هەبێت گۆڕانکارییەکان بە خەت و هێڵێکی ڕاست و ڕێکدا دەڕۆن، بەڵکو خودی گۆڕان لە هەناوی گێژاو و قەیرانەوە دێت، ئەوەی ئێمە باوەڕمان بە حەتمییەت و قەدەری ئەوە بێت کە خودی شتەکان بە خەتێکی ڕاستدا دەڕۆن، ئەوا ئەم باوەڕە لە جەوهەردا هەڵگری دیدێکی ئایینییە و سەرەتاکەیشی هەر دەگەڕیتەوە بۆ درووستبوونی یەکەم دەوڵەت، کرۆکی دەوڵەتیش هیچ هەلێک بۆ هەڵبژاردن ناهێڵێتەوە وەک پیرۆزیی ڕەها.

ئاپۆ پێی وایە ئیمە پێویستمان بە زانستێکی نوێ سۆسۆلۆژییە تا هەڵەکانی کۆن ڕاست بکەینەوە و بوێرین شتەکان وەک خۆیان ناو ببەین، بۆ ئەوەی ئەم کارەیش بکەین، ئەوا پێویستە بگەڕێینەوە سەرەتا، زۆر سەرەتا، واتە گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی سرووشتیی کە ئاپۆ خۆی بە کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و سیاسی ناوی دەبات. واتە کاتێک ئێمە باسی مێژوو دەکەین و ئاماژە بە کۆمەڵگەی سرووشتیی و سەرەتایی (هەندێک پێی دەڵێن کۆمەڵگەی دایکانە) بە تەنها وەک  سەرەتای درووستبوونی کۆمەڵگە کە وەک ناچارەکێتیی پێویستییەکی مێژوو بەجێمان هێشتووە، نەک دادمان نادات لە تێگەیشتن لە گرنگی ئەو قۆناغە بەڵکوو، خۆی لە خۆیدا ئەم دیدە بەردەوامیی و درێژەدانە بە کرۆکی ستەمکاریی، چەوسانەوە، دەسەڵاتگەرایی دەوڵەت. بە ڕای ئاپۆ ئێمە دەبێت وەک یەکەم خانەی سەرەتایی درووستبوونی کۆمەڵگە تەماشای کۆمەڵگەی سرووشتیی بکەین، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو پێویستە بۆ ئەم سەرەتایە  بگەڕێینەوە  و هەر لەوێشەوە دەست پێ بکەینەوە، تا بتوانین لە هەژموون و دەسەڵاتی دەوڵەتی سەرمایەداریی ڕزگارمان بێت، کە لە ئێستادا ئەمەریکا سەروەریی و نوێنەرایەتیی دەکات، کۆمەڵگەی سەرەتایی وەک منداڵدان و دایکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی، لێرەیشدا ئاپۆ جەخت لە دایک و وێنای دایک وەک خوداوەند دەکاتەوە.

هەمیسان بۆ ئاپۆ ئەوەی لە نێو مێژووی مرۆڤایەتییدا مەزن و مەزنتر دەبێت، ئەوەی تا بێت  هەڵدەئاوسێت گەورە دەبێت، بە جۆرێک ئیتر خۆی لە ناو خۆیدا جێی نابێتەوە، هەژموون و دەسەڵاتی دیموکراتی نییە، بەڵکوو هەڵئاوسانی دەسەڵاتگەرایی، ستەمکاریی و چەوسانەوەیە، ئەمەش بە یارمەتیی و هەژموونی دەسەڵات و  جەنگ بەڕێوە دەچێت و بەردەوامیشە. تەماشاکردنی دەسەڵات و هەژموونی شەڕ بە مانا تەسکەکەی ئەقڵ و ئیدراک، خولیای گەورەبوون لە نێو بنیادی دەوڵەتدا بە بیانووی دەسەڵات بۆ گەشەسەندنی ناچاریی و پێویستیی دەوڵەت خۆی جەوهەری کێشەکانە. هەر بۆیە ئێمە پێویستمان بە جیاکردنەوەی هونەری سیاسەتە لەگەڵ عەسکەرتارییەت، هونەری سیاسەت بۆ بەڕێوەبردن و ئاسایشی گشتیی. بە ڕای ئاپۆ ئەوەی تۆزێک ئیدراکی هەبێت، لەم جیاکردنەوەیە تێدەگات، چونکە دەرئەنجامی جودانەکردنەوەی ئەم دووانە لەیەکتر دەرەنجامی کارەستباری بۆ مرۆڤایەتیی لێ کەوتووەتەوە، هێشتاش هەر بەردەوامە، گەر خۆمانی لێ دەرباز نەکەین، ئەوا بە کۆتایی مرۆڤایەتیی کۆتایی دێت.

واتە جیاوازین لە نێوان ئیدارەی دیموکراتیی و ئیدارەی ستەمکاریی جەوهەری تێگەیشتنمانە لە چەمکی دەوڵەت. بۆ ئەوەی لە خودی ئەم جیاوازییە بگەین، ئەوا پێویستمان بە زەمینەسازییە لە هەردوو ئاستی تیۆریی و پراکتیکییدا، هەڵبەت لە هیچ شوێنێکی تێزەکەی ئاپۆ ئەوە نەهاتووە کە تۆ وەک  ئیدارەیەکی دیموکراتیی خاوەنی هێز و میلیتاری خۆت نەبیت وەک میللەت، یان ئەوەی تۆ لە کاتی جەنگدا دەستەوسان بوەستیت تا کۆمەڵکوژیی ئەنجام بدەن.

ئەم گەڕانەوە پاشەوپاشەی مێژوو بۆ ئاپۆ، قسەکردنێکی سەرپێیی و هەنووکەیی نییە، زادەی کاریگەریی بە تەنها  چەوسانەوەی خۆی وەک زیندانیەکی سیاسی بۆ زیاد لە بیستوپێنج ساڵ لە دوڕرگەی ئیمراڵیی نییە، کە زۆرێک لە کاڵفامی خۆیان پێیان وایە ئێمە نابێت گوێ بۆ ئاپۆ بگرین و تێزەکانی بەهەند وەربگرین وەک کورد وەک میللەتێکی بێ دەوڵەت، چونکە ئاپۆ ئەم قسانەی لە ژێر کاریگەریی زیندانە تاکەکەسییەکەی خۆیدا کردووە. چونکە بۆ هەر کەسێک بایی مسقاڵەزەڕەیەک ئاشنای خوێندنەوە و فیکر بێت، ئاگای لە تیۆرە فکریی و فەلسەفییەکان بێت، ئەوا دەتوانێت درک بەو ڕاستییە بکات کە هەموو ئەو نووسینانەی ئاپۆ لە زینداندا نەک بە تەنها زادەی ئەزموونی تەنهایی زۆرەملێ و چەوسانەوەی تایبەتیی خۆی نییە بەڵکو، زادە و بەرهەمی ئیدراک، ڕامان، خوێندنەوەی قووڵ و وردە، زادەی هەرسکردنی میراتێکی مێژووییە لە خودی مێژووی مرۆڤایەتییدا، مێژووی چەوسانەوە و سەرکوتکردنی مرۆڤایەتیی بە گشتیی و ژن و دایک بە تایبەتیی. سڕینەوەی تەواوی مێژووییەکە کە ئێمە لێوەی هاتووین و تاکە چارەیەکیشمان هەر گەڕانەوەیە بۆ ئەو سەرەتایە، لەوێوەوە دەستپێکردنەوە، ئەمە ئەگەر هەلێک بۆ دەستپێکردنەوە مابێت.

هەر بۆیە بۆ من نەک پێویستە ئاپۆ بخوێنینەوە و وەک فەیلەسووفێکی دەگمەن لەگەڵی بڕۆین، بەڵکو پێویستە ڕاوەستە لە سەر نووسینەکانی بکەین و ڕاڤە و شڕۆڤەی ڕژد و قووڵی بۆ بکەین، ئەو کاتە لە ئاپۆ تێدەگەین کە لە چنگی سیاسەت و چەمکی (شەڕ-ئاشتیی) نێوان تورک و کورد دەربازی بکەین و جارێکی تر نەک بە تەنها بۆ کورد، بەڵکوو بۆ مرۆڤایەتیی سوودی لێ وەردەگرین، وەک سەرەتایش دەگەڕێینەوە سەر ئەو چوار ئاستەی تێزەکەی کە ئەمانەن:

قۆناغی یەکەم: ئەمە قۆناغی داڕمان و شکستی بێشووماری هێز و هەژموونی شەڕگەراییە. هەموو فەتحکەرانی مێژوو، هەموو ئەوانەی بە سەرکەوتنەکانیان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ڕووداوی مێژوویی ئاوارتە و گەورەی سەربازییان ئەنجام داوە، نەک ئەوەیش، بەڵکوو سەپاندنی ئەم سەرکەوتنانە وەک سەروەریی لە مێژوودا، وەلێ ڕاستییەکەی ئەمە نەک ڕاستینە و هەقیقەتی ئەو مێژووە نییە، بەڵکوو لە ڕاستیدا سیستەمێکی کۆیلایەتییان سەپاندوە، چونکە دواتر هەموو شتەکان، هەموو مرۆڤەکان، یان وردتر بێژین دۆڕاوەکان لە ژێر چوارچێوەی هێز و هەژموونی یاسادا بوون، کە یاسا و هەژموونی فەتحکەران و براوەکانی شەڕەکە بوون. لێرەیشدا هیچ بوار و هەل و شوێنێک بۆ ناڕەزایەتیی و دژایەتیی نامێنێتەوە، تەنانەت لە سەر ئاستی دەروونیی و زهنیشدا ناتوانرێت بیر لە شتێکی جیاواز بکرێتەوە، دواجار بە یاسای ئەوان هەڵدەکەیت، دەژیت و هەر بە یاسای ئەوانیش دەمریت. لیرەیشدا ئاپۆ ئاماژە بە هەموو سیستمە تۆتالیتارەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی دەکات و بە تایبەت سیستەمە ئیمپراتۆریی و فاشییەکان، هەڵبەت سیستەمی مۆنارکیش لەمە نەک بەدەر نەبووە، بەڵکوو بەرجەستەی تەواوی ئەم قۆناغەیە. لێرەیشدا با هەژموون و دەسەڵاتی ئایین و فتوحاتە ئایینییەکانمان بیر نەچێت.

قۆناغی دووەم: ئەم قۆناغە بە پێچەوانەی ئەوەی یەکەمەوە، بریتییە لە سیستمی ژیانی ئازاد بۆ کۆمەڵگە بە هەموو چین و ئاستە جیاوازەکانییەوە لە خێڵ، کلان، گەلانی جیاواز، لێرەدا گرووپ و چینە جیاوازەکان، دەتوانن بە زمانی خۆیان بدوێن و بنووسن، دەتوانن پارێزگاریی لە کەلتووری خۆیان وەک ئەوەی هەیە  بکەن و بیپارێزن، ئەم سیستمە دژ بە سیستەمی تاڵانچێتیی و شەڕانگێزییە کە لە ژێر پەردەی دەوڵەتی پلەبەندییدا خۆی داشاردوە… ئەمەی لێرەدا هەیە، سیستەمێکە گوزارشت لە هەڵسوکەوتی خەڵکی خۆڕاگر و بەئەمەک دەکات، ئەو خەڵکانەی شکستیان نەهێناوە. هەموو ئەو جۆرە نەتەوانەی لە دڵی بیابان، شاخ و جەنگەڵەکاندا ماون، بە هەمیشەیی بەرەنگاریی ‌هێرش و دڕەندیی هێزی شەڕ دەبنەوە، دەتوانین چاو لەوانە بکەین، بە واتایەکی تر هەموو ئەو گرووپ و خەڵکانەی لە سەر بنەمای سیستەمی یەکەم و لە کێشمەکێشی شەڕدا درووست نەبوون، دەتوانین وەک نموونەی ئەم سیستمە ببینین، چونکە جەوهەری ئەم سیستمە ئازادیی، سەربەخۆیی، یەکسانیی و دادوەرییە بۆ هەمووان. لێرەدا دەتوانین جارێکی تر بەر ئەشق، بەر ئەدەب و مانای هونەریش بکەوینەوە.

 قۆناغی سێهەم: لە سیستمی کۆمەڵایەتییدا کە ئەم جۆرە پێی دەوترێت دەوڵەتی (ئاشتیی و سەقامگیریی)، کە لە سەرەتاوە ئەم دۆخە لە ئاستی هاوسەنگیی نێوان هەردوو هێزەکەدا درووست بووە، لێ لە هەموو ئاستە جیاوازەکاندا جیاوازیی لە نێوانیاندا هەیە، چونکە ڕوونە دۆخی شەڕ و پێکدادان بە هەمیشەیی و بەردەوامیی بوون و کەینونەی کۆمەڵگە دەخاتە ژێر هەڕەشەی گەورە و لە ناوچوونەوە، ڕەنگە ئەوانەی لە دۆخی شەڕی بەردەوامدان پەی بە گرنگیی و پێویستیی بەرژەوەندیی هاوبەش نەبەن، هەر بۆیە بەپێی پەیمانی (ئاشتیی و سەقامگیریی)، بە ڕێگەی جیاواز بەرەو ئاشتەوایی دەڕۆن. لێرەیشەوە ڕێکەوتن و پەیمانی ڕێککەوتن بۆ ئاشتیی و سەقامگیریی وەک مەرجێکی ڕەها بۆ مانەوەی هەردوولا، دەبێتەوە بەردی بناغەی ئاشتەوایی. ئەو کاتانەیش هەندێ جار گەر هەموو ئەو مەرجانەیش جێبەجێ نەبێت، وا هەردوولا ئیشیان بۆ کردووە و ئاواتەخوازن پێی بگەن، ئەوا دۆخەکە لە شەڕی موتڵەقەوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆزەکان دەڕوات بۆ نیمچەشەڕ تا هەڵگیرسانی شەڕیکی تر، ئەم دۆخە بۆ خۆی لە شەڕ سەختترە، چونکە لە نێوان بەرخودانی گەلان و دەسەڵاتە نەدۆڕاوەکەیان کە لە بنی دەسەڵاتەکەی سەرەوەیە، هەمیشە کەڵکەڵەی شەڕێک بەڕێوەیە، هەر بۆیە دەتوانین ئەم دۆخی هاوسەنگییە لە چوارچێوەی شەڕ و ئاشتییدا بە (نیوەی شەڕ) پێناس بکرێت.

قۆناغی چوارەم: ئەمەیش دواقۆناغە و بۆ ئاپۆ دۆخی خاڵیبوونەوەیە لە کێشمەکێشی نێوان هێز و هەژموونی شەڕ-ئاشتیی. ئەم قۆناغە لەدایک نابێت و نایەتە دی ئەگەر هەردوولا نەگەنە خاڵی ناوەڕاست بۆ دەستبەرداربوون لە شەڕ. ئاپۆ هەمیسان دەگەڕیتەوە بۆ چەمکی کۆمەڵگەی سەرەتایی و ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئاشتیی و ئاشتەوایی لە کۆمەڵگەی مەشاعی سەرەتایی گەشەکردوودا باڵی کێشاوە و بەردوام بووە، یاخود دەکرێت هە لە سەرەتاوە ئەم کۆمەڵگەیە دووچاری کێشمەکێشی نێوان شەڕ و ئاشتیی نەبووبێت، یان ئەوەتا هەر لە ڕێی خودی کۆمەڵگەی مەشاعییەوە خودی سیستمی شەڕ-ئاشتیی تێدەپەڕێنێت، چونکە لەم کۆمەڵگانەدا جێگەی شەڕ-ئاشتی نەبووەتەوە، جا گەر شتێک هەر لە سەرەتاوە بوونی نەبێت، ئەوا ئێمە پێویستمان بە خودی چەمکسازیی و قسەکردن بە گرفتکردنی نییە. بە گەڕانەوە بۆ مێژووی کۆمەڵگەی پلەداریی و دەوڵەتی ئێستا، ئێمە ئەم جیاوازییە دەبینین کە شەڕ-ئاشتی لەگەڵ درووستبوونی دەوڵەت و هەیمەنە و هەژموونی دەوڵەت و پیرۆزیی دەوڵەت درووست دەبێت.

ئاپۆ کاتێک ئە قسانە دەکات هیچ کات پرسی کورد و ئازادیی میللەتی کوردی پشتگوێ نەخستووە، جەختکردنەوەی ئاپۆ بۆ ئاشتیی و سەقامگیریی زادەی چوار قۆناغی گرنگی ژیانی لە ئیمڕالی و بەرگریکردنە لە خۆی، خۆی وەک تەواوی کورد. ئاپۆ خۆی پێمان دەڵێت: (من ئارامم و دانم بەخۆدا گرتووە، ئەمەیش هەر لە خۆیەوە نەهاتووە، بەڵکوو تەواو لە وانەکان و ئەزموونەکانی ئەم چەند ساڵەی ئیمراڵی گەیشتووم، بەردەوامیش لە کاتی لێپێچینەوە و دادگاییەکاندا  لەسەر هەڵویستی خۆم سوور بووم، ئەگەرچی ئەوانەی لێپێجینەوەیان لێ دەکردم، ئەم سوربوونەی من لەسەر هەڵوێستی خۆم بە شتگەل و تاکتیکی کاتی وەریان گرتبوو، هەربۆیە بێدەنگیی و خۆڕاگریی منیان بە هەڵە ڕاڤە کرد. وەک چۆنیش لە نێو بزووتنەوەکە و دەرەوەی بزووتنەوەکەیش بە هەڵە ڕاڤە کرام، وەلێ من هیچ کات لەسەر هەڵوێستی خۆم لام نەداوە، ئێستایش دوای یانزە ساڵ لە زیندانی هەمان هەڵوێستم هەیە، لەم ڕووەوە بە چوار قۆناغ پارێزنامەکانم پێشکەش کرد.)

وەک لە قسەکانیدا دیارە، ئەوە لەو کاتەدا بووە کە هێشتا یانزە ساڵ لە زیندانی ئیمراڵی بووە، واتە هێشتا لەوپەڕی وزە و گوڕ و تینی خۆیدا بووە، ئەمەیش ئەو ڕەخنانە پووچەڵ دەکاتەوە گوایە ئاپۆ بە ساڵدا چووە و زهن و فیکری لە ژێر فشاری زیندانیدا شێواوە نابێت قسەکانی بەهەند وەرگرین. پێویستە ئەو چوار قۆناغەی بەرگریی ئاپۆ لە خۆی لە فۆڕمی بەرگرینامەکانیدا بخەینە ڕوو تا بە تەواوی لە دۆخی ئێستا بگەین، بە تایبەت دوای ئەنجامدانی کۆنگرەی دوانزەیەمینی پەکەکە.

قۆناغی بەرگریی یەکەم: ئاپۆ ئەوەمان بۆ باس دەکات کە لە ماوەی دادگاییەکەدا ئیشی بە وردیی لە سەر (مانیفێستۆی ڕێگەچارەی دیموکراتی) کردووە، ئەمەیش لە ڕێگەی نامیلکەی بچووکەوە، هەر خۆیشی دەڵێت: (ئەگەرچی ڕەواجێکی ئەوتۆی نەبوو، وەلێ بووە بەردی بناغەی ڕێگەچارەی دیموکراتی. ئەوەیش کە لایەنە سیاسیەکان و حکومەت نەیانتوانی سوودی لێ وەربگرن بۆ خۆی خەسارەت بوو، ئەو هەوڵانەیشی لە سەر دەستی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا (بوڵند ئەجەوید)ـەو بۆ چارەسەر نرا، لەملاوە لە لایەن (MHP)ـەوە، کە ئەو کاتە لە هاوپەیمانیدا بوون، لەبار برا. ئەما حیزبی (AKP) بە هیچ شێوەیەک نەیدەویست لە پرسەکە بگات. ڕەنگە بابەتی ڕێگەچارەکەی منیان بەستبێتەوە بەوەی لە باکووری ئێراق لە ئیدارەی (باشووری کوردستان) ڕووی دا. هەر بۆیە بە هیچ شێوەیەک وەڵامی ئەو نامەنەیان نەدایەوە کە بۆ ئیدارەی هەردوو لە (عەبدوڵا گول) ئەو کاتەی سەرۆکوەزیران بوو و لەگەڵ (ڕەجەب ئۆردۆغان)، تەنانەت وەڵامی ئەو بەرگرینامانەیشیان نەدایەوە کە سەبارەت بە سزای دۆخی زیندانی تاکەکەسییم لە نێو زیندانی تاکەکەسییدا لە ماوەی یانزە ساڵدا بەرانبەرم دەکرێت، ئا بەوشیوەیە کاتیان بەفیڕۆ دا تا گەیشتە ساڵی (٢٠٠٥).

قۆناغی بەرگریی دووەم: ئەم قۆناغەیش لە ژێر ناونیشانی (لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانییەتی کۆماری-دیموکراتی) تۆمار کرا. خودی بەرگرییەکەیش بە دوو پەرتوک لە دانیشتنەکانی (دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا) پێشکەش کرا، ئەم ئەزموونەیش لە سەر زمانی ئاپۆ خۆی ئەزموونێکی قووڵی ڕێگەچارەی دیموکراتی بووە.

 

قۆناغی بەرگریی سێهەم: ئەم قۆناغەیش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی کتێبی (بەرگریکردن لە گەلێک)، ئاپۆ بەشداریی  لە دانیشتنی  سێهەمی یاخود وردتر بڵێین قۆناغی سیهەمی بەرگریی خۆی لە دائیرەی باڵای دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دەخاتە ڕوو. لەم قۆناغەدا لە سەر زمانی ئاپۆ خۆی بەرچاوڕوونییەکی دیار و ئاشکرای بۆ پرسی کورد و ئەگەرەکانی چارەسەکردنی خستووەتە ڕوو.

قۆناغی بەرگریی چوارەم: ئاپۆ سەبارەت بەم قۆناغە دەڵێت: (ئەم قۆناغەی پیایدا تێدەپەڕم، قۆناغی چوارەم و دواقۆناغمە. چونکە لە ماوەی ئەم چوار قۆناغەدا چوار پەرتووکی گەورە سەبارەت بە بەرگریی مەعنەویی خۆم بە ناونیشانی (مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیی)، نوسیوە، ئەمەیش لە پێنج بەرگ پێک هاتووە لە ژێر ناونیشانی:

یەکەم: شارستانییەت

دووەم: شارستانییەتی سەرمایەداریی

سێهەم: سۆسیۆلۆژیای ئازادیی

چوارەم: شارستانیەتی دیموکراتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پێنجەم: چارەسەری شارستانییەتی دیموکراتی لە تورکیا و کوردستان).

ئاپۆ لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێت؛ کار لە سەر نووسینی بەرگی پێنجەم و کۆتا بەرگ لە داهاتودا دەکات. وەلێ وەک سەرەتای بەرگی پێنجەم، کتێبی (نەخشەڕێگە)ـی نووسیوە و بڵاو بووەتەوە.

لە هەڵسەنگاندنەوە بۆ جێبەجێکردن

ئاپۆ لە کتێبی (نەخشە ڕێگە)ـدا، کاتێک باسی قۆناغەکانی بەرگریکردن لە خۆی بەرانبەر ئیدارەی باڵای مافی مرۆڤ لە ئەورووپا دەکات، هەر لەوێدا باسی ئەوەمان بۆ دەکات گوایە هەڵسەنگاندنی ئەو ماوەیەی تیایدا پەکەکە کارا و ئاکتیڤ بووە، کارێکی گرنگە. لەمبارەیەوە  ئاپۆ دەڵێت؛ لە ساڵانی نێوان_ ١٩٨٤ بۆ ٢٠٠٩ – ڕۆڵی چەکداریی بۆ بزووتنەوەکە ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەبوو لە بەرجەستەکردنی شۆڕشی ئێمە وەک جەنگ لە پێناوی هەقیقەت، هەقیقەتی بوونی کورد وەک گەلێک. چونکە ئەو جەنگە هەر بەتەنها جەنگی پاراستن و بەرخودانی گەلێک نەبوو بەرانبەر زوڵم و زۆردارییی دوژمنەکانی، بەڵکوو جۆرێکیش بوو لە گێڕانەوەی ڕاستییەکان بۆ دنیا، ئەمەیش لە سەر ئاستی جیهاندا ڕووی دا. بە ڕای ئاپۆ پرسە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان بەرەو چارەسەرکردنی خۆیان دەڕۆن، ئەویش بە هەماهەنگیی لەگەڵ بڕی ئەو ڕاستییانەی ئەو کێشانە بۆ جیهان و دنیا دەیخاتە ڕوو. بەو مانایەی سەرکەوتنە سەربازییەکان خۆی دەبێتەوە بە بنەمای کێشەکان، واتە بابەتەکە ئەوە نییە کێ براوە و دۆڕاوی جەنگەکەیە، بەڵکوو ئەوەی گرنگە ئێمە لێرەدا لە سەری بوەستین، ئەوەیە ئایا بەرخودانی بیستوپێنج ساڵی پەکەکە تا چەند ئێمەی لە چارەسەری کیشەکانمان نزیک کردووەتەوە؟ ئاپۆ بۆ ڕوونکردنەوەی  زیاتری ئەم پرسیارەیش دەڵێت، دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ پرسیارێکی تری جەوهەریی، ئەویش ئایا جەنگی سەد ساڵەی نێوان فەڕەنسا و ئینگلتەرا گەیشت بەکوێ، هەربۆیە ئەم چارەکەسەدەیەی پێشووی خەباتی کورد، بۆ دیاریکردنی بوونی کورد چارەنووسسازە، یان ئەوەتا دەبین بە دەوڵەت، کە ئەمە لە سەرەتادا بۆ خۆی ئامانجی سەرەکیی پەکەکە بوو، وەلێ لەگەڵ وردبوونەوە لە سەدەها ئەزموون و لێکۆڵینەوە گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی پێویستمان بەم ئامانجە نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە خودی ئەم ئامانجە واتە کێشەگەلێکی تر بۆ کورد.

هەربۆیە تێگەیشتن لە قۆناغەکانی گەشەسەندنی پەکەکە و ئەو هەلومەرجانەی تیایدا ژیاوە و کارا بووە گرنگە تا بە شێوازێکی درووست لێی تێبگەین. پەکەکە لە هەناوی بیر و هزری سۆسیالیزمەوە هاتووە، لە حەفتاکانی سەدەی پێشوو کاتێک پەکەکە وەک بزووتنەوەیەکی کوردی لەدایک بوو، ئاستی فکریی و زهنیی لە هەندێک هەست و سۆز و چەمکی شۆڕشگێڕانە تێنەدەپەڕی. لەملایشەوە سرووشتی کۆمەڵگەی کوردیی لەوکاتەدا بۆ ڕوونکردنەوەی دۆزەکە بە چەمک و تیۆری زانستیی سەردەم هێندە لەبار نەبوو، بەڵکوو هێز و ئیرادەی شۆڕش و بەرخودان کاریگەریی زیاتر هەبوو، چونکە سرووشتی خۆی زیاتر لە ژیانی خەڵکی ئازادەوە وەرگرت وەک لە ئایدۆلۆژیاوە بێت. هەربۆیە داڕمانی سۆسیالیزم کاریگەریی ئەوتۆی بە سەر بزووتنەوەکەوە نەبوو، چونکە بزووتنەوەکە بۆ خۆی زیاتر لە سەر بنامایەکی ئەخلاقیی و باوەڕبوون بە کورد درووست ببوو، وەک ئەوەی بە تەنها حیزبێکی چەپی تازەگەر بێت. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نایەت کە تیۆرە تیایدا بوونی نەبووبێت، وەلێ بەها و بنەما سەرەکییەکانی بزووتنەوەکە بریتی بوو لە ئەخلاق و باوەڕبوون بە کورد. هەر ئەم ئەخلاق و باوەڕبوونەوەیە بە کوردبوون کە خودی سەرمایە گەورەکەی کوردە لە  دۆخی جەنگدا، لە دۆخی ژیانی سەخت و دژاوردا کە تا ئیستایش بەردەوامە، ئەم باوەڕە پۆڵاینەیە کە ئاستی ئازایی و نەبەردی کورد لە دۆخە ئەستەم و دژوارەکاندا تاقی دەکاتەوە. لە لایەکی ترەوە ئەوەی پەکەکە نموونەی حیزبێکی چەپی تازەگەر نەبوو وەک نموونەکانی تر، ئەوا دەتوانین بڵێین خودی ئەم هۆکارە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی بوونی پەکەکە بە بزوتنەوەیەکی پێشکەوتوخواز و دا‌هێنەر. چونکە سەڕەڕای هەموو شکست و لێکترازانەکانی ناوخۆی کە لەم چەند ساڵەدا بەخۆیەوە بینیوە، هێشتا هەموو ئەمانە نەیتوانیوە ڕێگە لە بەردەم گەشەسەندن و بوونیدا وەک حیزبێکی تۆکمە بگرێت. ئاپۆ ئەم پێشکەوتن و مانەوەیەی پەکەکە بۆ ئەوە دەباتەوە کە پەکەکە هەر لەسەرەتاوە خۆی نەبەستووەتەوە بە بنەماکان و شێوازی ژیانی  حیزبی چەپی تازەگەرییەوە. هەڵبەت خەباتی مانەوەی پەکەکە هەر لەبەردەم ئاستەنگەکانی دەرەوە نەبوو، بەڵکوو پەکەکە دوچاری دژاورترین کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێو ڕیزەکانی خۆیدا بووەتەوە، ئەو کێشەگەلەی کە حیزبێکی چەپی تازەگەر ناتوانێت و لەباریدا نییە بەرگەی بگرێت، پەکەکە نەک بەرگەی نەگرت، بەڵکوو هەموو ئاستەنگ و کیشەکان بوونە مایەی گەشەسەندن و زیاتر بەرەپێشچوونی.

بە ڕای ئاپۆ گۆڕانکاریی سەرەکیی لە بزووتنەوەی پەکەکەدا لەوەدا بەرجەستە دەبێت کاتێک ئاڕاستەی خۆی و ئیشکردنی بۆ ئامانجە گەورەکەی لە دروستبوونی دەوڵەتەوە گۆڕی بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی تر، کە ئەویش گەیشتنە بە بوونێکی سیاسی دیموکراتیی. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە؛ ئاپۆ ئاماژە بەوە دەکات کە خودی ئەم گۆڕانکارییە لە ئاڕاستە و ئامانجدا لە ئەنجامی ئەو شکستە نەبوو کە بەسەر دەوڵەتی نەتەوەیی سۆسیالیزمدا ڕووی دا، بەڵکوو هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانکارییە دەگەڕ‌ێتەوە بۆ درککردنی تەواوی بزووتنەوەکە کە ژیان لەژێر سایەی دەسەڵاتی سەرمایەدارییدا لە هەموو دونیادا بێ جیاوازی هەمووی وەک یەکە. بەو مانایەی یان ئەوەتا پەکەکە لە جیهانێکی تردا هەلێکی تری بۆ ‌هەڵدەکەوێت و نەشونوما دەکات، یان ئەوەتا ئەویش وەک سۆسیالیزم هاڕە دەکات و لەناو دەچێت. هەڵبەت  لەم ڕووەوە ئەزموونی ئیمراڵی پشتگوێ ناخرێت، چونکە خودی ئەم ئەزموونە بۆ ئاپۆ و بزووتنەوەکە بووە هەوێنی تێگەیشتن لە دیموکراتی بە ئاستێکی قووڵتر و وردتر لەوەی کە چۆن تەماشای دیموکراتی کراوە لە دەرەوەی زینداندا. ئاپۆ دەڵێت:

(هەموو بەرگرینامەکان، دادگایکردنە تۆمارکراوەکان، قسەوباسەکان لەم ڕووەوە ئاستی قووڵی ئێمە دەخەنە ڕوو، وەلێ، لە سەرەتاوە نە دەوڵەت و نە پەکەکەیش نەیانتوانی لەو گۆڕانکارییانە بگەن کە بەسەر دیدوبۆچوونی ئێمەدا لەمبارەیەوە هاتبوو، هەندێک خودی ئەم گۆڕانەیان بە جۆرێک لە تاکتیک و میتودی کاتیی دەبینی. وەکچۆن هەندێک بە جۆرێک لە قۆناغی گواستنەوە و پاککردنەوەیان دەبینی. ئەمە لەکاتێکدا من بۆ خۆم لە ناو قاڵبوونەوە لە  تیۆرە سیاسییەکان و مەعریفەی سۆسۆلۆژیییدا دەژیام. لەو کاتەدا پەکەکە ڕووبەڕووی ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەییە ببووەوە، هەڵبەت لەم کاتە هەستیار و مێژووییەدا کەسانی نابەرپرس و کەمڕەوشت خودی ئەم گۆڕانکاریانەیان کردە بەهانە تا لە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبێن و ڕا بکەن، واتە هەڵهاتن زۆرێک  لە بەرپرسیارێتی بە بیانووی گۆڕانی ئاڕاستەی ئێمە بۆ ئامانجەکانمان یەکێک بوو لە دەرئەنجامەکانی ئەم گۆڕانکارییە و لە سەرەتای ساڵەکانی دووهەزاردا ڕووی دا.)

ئەوەی لەو کاتەدا دەوڵەت خەونی پێوە دەبینی ئەوە بوو، کە خودی ئەم لێکترازان و گۆڕانە لە ناو پەکەکەدا بێتە هۆی توانەوەی بزووتنەوەکە لەناو خۆیدا، بەو مانایەی خۆی بێتە مایەی نە‌هێشتن و نەمانی خۆی. خەمساردیی و کاڵفامیی دەوڵەتیش لە ئاستی گۆڕانکارییەکان بۆخۆی لەدەستدانی هەل بوو بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی دیموکراتی لە ساڵی( ١٩٩٩)ـدا.

هەڵبەت لێرەدا ڕەخنەی ئاپۆ هەر بەتەنها بۆ خەمساردیی و کاڵفامیی دەوڵەت نییە، بەڵکوو ڕەخنە لە هەموو چەپە پووچەڵ و تاکە لیبڕاڵەکانیش دەگرێت کە خەمساردیی و کاڵفامییان لەوەی دەوڵەت گەر زیاتر و خراپتر نەبووبێت ئەوا کەمتر نەبووە. وەلێ، سەڕەڕای ئەم خەمساریی و کاڵفامییە، سەڕەڕای هەڵهاتنی ڕاکردووەکان جا بە هەر پاساوێکی ئەخلاقی بێت، ئەوەی بۆ کۆمەڵگەی کوردی دووپات بووەوە ئەوە بوو ناتوانرێت بۆ ئەبەد کۆمەڵگەیەک چەواشە بکرێت و لە مافەکانی بێبەش بکرێت. بە مانایەکی دیکە، خودی هەموو ئەو ئاستەنگ و گێژەنانەی پیایدا تێیپەڕین، بووە مایەی وانەیەکی بەسوود، وەک بڵێی وەفادارییەکی دڵسۆزانە لەناو ئەو هەموو دژوارییانەدا بەس بوو بۆ مانەوە و بەرخودانی کۆمەڵگەی کوردی لە پێناوی یەکێتیی و ئازادییدا. تەنانەت گەر پەکەکەیش نەمێنی و وەک بزووتنەوە لەناو بچێت، ئەوا کۆمەڵگەیەکی وای لە تاکی ئازاد و گەلی ئازاد درووست کردووە کە هەر کات و ساتێک گەلەکەی ئازادیی و کەرامەت و شکۆی لێ بخوازێت، ئەوا ئەو ئامادە و لەسەر پێیە بۆ بەرخودان و ڕاپەڕین.

دیسانەوە دەزانین پرسی کورد چارەسەر نەبووە وەلێ، ئەگەر و ئیمکانی چارەسەرکردنی گەیشتووەتە لوتکەی خۆی، هەموو ئەو کاتەیش پەکەکە بە شکۆی خۆیەوە لە بەرخوداندا بووە و هاوکات ویستویەتی سەرچاوەی چارەسەر بێت، ئەگەرچی یەکلایەنیش بووبێت و هەموو هەوڵەکانیشی بۆ چارەسەکردن پشتگوێ خرابێت. لەم ڕووەوە چارەسەری دەوڵەتی نەتەوەیی لەوە دەرچوو کە بەتەنها مەرجێکی ناچارەکیی بێت، چونکە دەرگای لە بەردەم چارەسەری سیاسی و دیموکراتی تری فرەلایەنی کردەوە. لەملایشەوە دەوڵەتی تورکیا شکستی هێنا لەوەی مەرجە تاکلایەنەکانی خۆی بە سەر بزووتنەوەکەدا بسەپێنێت و تەواو درکی بەوە کردووە چیتر ناتوانێت و ئیمکانی ئەوەی نییە بوونی کورد ڕەت بکاتەوە وەک ئەوەی لە ڕابردوودا دەیکرد. وەکچۆنیش درکی بەوە کردووە چارەسەری سەربازیی و تێچوونەکانی زۆر گرانبەهان، درککردن بەوەی ئەو هێزە زۆر زەبەلاح و گەورە سەربازییە لە جەنگی بەردەوامدا هەندێ جار دەبێتە هۆی لەناوبردنی خۆی. لەبەر ئەوە شتێكی ئاساییە بڵێێن دۆخی جەنگی بەردەوام و گۆڕانکارییەکان لە سەر هەردوو ئاستەکەدا وەک یەک بوون، چونکە لە ناو دەوڵەتی تورکیادا گۆڕانکاری و لێکترازان ڕووی دا، وەکچۆن لەناو پەکەکەشدا ڕووی دا. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی بۆ یەکەم جار دەوڵەت بوێریی ئەوەی هەبێت لێپێچینەوە لە خۆی بکات بە ناوی (ئەرگەنەکۆن)، بەمانایەکی دیکە، بۆ یەکەم جار کۆماری تورکیا لە سیاقێکی وردا بە مێژووی خۆیدا چووەوە، بەمەیش هەموو ئەو ڕاستیانەی بە درێژایی مێژوو دیزەبەدەرخۆنەی دەکرد و ڕەتی دەکردەوە، هاتنە بەر ڕووناکی و بوونە باس و خواسی سەردەم.

بۆ ئەوەی لەم قۆناغە نوێیەی پەکەکە بگەین، با بەردەوام بین لەگەڵ ئاپۆ و باسکردنی ئەو بۆ ئەو پاشخانە سیاسییەی لە پشت ڕووداوەکانی ئێستاوەیە. چونکە ئاپۆ لەو جۆرە لە سیاسی نییە کە نەزانێت ئەوەی لەمڕۆدا ڕوو دەدات، پەیوەندیی تەواوی بەوەوە هەیە کە لە ڕابردوودا ڕووی داوە. سیاسییەک نییە پەیوەندیی بە کات و زەمانەوە نەمابێت. هەر بۆیە دەبینین لە هەڵسەنگاندنی بۆ خەباتی پەکەکە و گەیشتن بۆ چارەسەری کێشەی کورد بە وردیی دەگەڕێتەوە سەر ڕووداوەکانی ڕابردوو. یەکێک لە ڕووداوە هەرە گرنگەکان کە ئاپۆ ئاماژەی پێ دەکات و خۆی بە قۆناغی نوێ ناوی دەبات، دیداری نێوان سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکایە لە ساڵی (٢٠٠٧) لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا. ئاپۆ دەڵێت ئێستایش ناوەڕۆکی ئەو سەردان و بینینە ئاشکرا نەبووە، وەلێ ئەوەی بڕیاری لێ درا ئەوە بوو کە سنوورێکی کۆتایی بۆ ئیدارەی تۆڕی (گلادێو) بە شێوازە کۆنەکەی دابنرێت، لە بری ئەمەیش چەک بە پەکەکە دابنرێت و لەناو ببرێن، هەڵبەت خودی دادگای ئەرگەنەکۆنیش گوزارشتێکی بەرجەستەی ئەم بڕیارە بوو. ئەم بڕیارەیش بە جۆرێک لە جۆرەکان واتە گەڕانەوە بۆ ئەوەی لە ساڵی (١٩٢٣)ـدا ڕووی دا. واتە گەڕانەوە بۆ ئەو هەڵانەی لە هەشتاوپێنج ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە، ڕاگوزەرکردن بە مێژوویەکی هەستیار و شەرماوییدا. چونکە ئەوەتا جارێکی تر کوردە پەرتەوازەکان خۆیان هەوڵی یەکخستن و یەکڕیزیان دەدەن، نەک ئەوەیش هەوڵی دامەزاراندنی هاوپەیمانییەکی نەتەوەیی و نوێگەراییان دەدەن. ئێمە ئەوە دەزانین کە لە مێژوودا جەور و زوڵمی زۆر ڕووی داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش مێژوو هەر خۆی هیچ کات ئەوە لەبیر ناکات کە ڕۆژێک دێت لایەنەکان یەک دەگرن تا خودی ئەو زوڵم و زۆردارییە تێپەڕێنن، هەڵبەت تا ئەو کاتەیش هیچ چارەسەرێک بوونی نەبوو، بەڵام شێوازی گەیشتن بە چارەسەر دیاریی کرا و هیوا و ئاوات لە بەردەم گەیشتن بە چارەسەر ڕۆژ بە ڕۆژ ئاسۆی ڕووناکتر دەبووەوە. ئەوەی کۆماری تورکیا پێویستە کاری بۆ بکات، ڕۆحی یەکێتیی و برایەتی هەزارەها ساڵەی بوون و کەیانی نەتەوە و میللەتەکەیەتی، چونکە ئەم جۆرە لە دیموکراتی هەر بەتەنها ڕێگەچارەیەک نییە بۆ چارەسەرکردنی کیشەی تورکیا، بەڵکوو ئەم جۆرە لە دیموکراتی نموونەیەکی پێشەنگە لە چارەسەرکردنی گەلانی ستەملێکراوی هەموو ناوچەکە، ئیشکردن لە سەر ئەم ڕێگەچارەیە بۆ چارەسەرکردنی کیشەی کورد ئەگەرێکی حەتمییە و ناتوانن لێی دەرباز بن.

ئەوەی بۆ من جێی سەرنج و تێڕامانە کەسێک لە ناو ژووری تاکەکەسیی خۆی لە ئیمڕالی لە هەر سیاسیەکی تری کورد بەئاگا و بەدیقەتر بێت، وەک بڵێی ئاگای لە خشەی مار و مێروو بێت، کەسێک بەم وردەکارییەوە مێژوویەک دەنووسێتەوە، دەگێڕێتەوە، مێژوویەک دەگۆرێت و مێژوویەکی نوێ درووست دەکات، مێژوویەک کە تیایدا دەژین و خۆمان بە چاوی خۆمان ئاکامەکانی دەبینین. کاتێک دید و بۆچوونەکانی ئاپۆ لەمەڕ مێژووی کارکردنی خۆی بۆ ئاشتی دەخوێنیتەوە، لە هەندێ جێگەدا تەواو هەست بەوە دەکەین ئاپۆ خۆی لەگەڵ پەکەکە هاوتا دەکاتەوە، وەکچۆنیش لە هەندێ جێگەدا خۆی دادەبڕێت، بە مانایەی وەک ئەوەی لە یەک کاتدا پەکەکە ئەو بێت و ئەویش نەبێت. وەک ئەوەی ئاپۆ خۆی چەتر بێت و هەموو ئەوانەی تر لە ژێر چەترەکەیدا کۆ ببنەوە، هەندێ جاریش هەست بەوە دەکەیت ئاپۆ بۆ خۆیشی لە ژێر ئەو چەترەدایە، ئەو چەترەی خۆی بۆ یەکەم جار بە ڕووی ئاسمان و دونیادا بەرزی کردەوە.

ئاساییە ئێمەیش بپرسین و بشترسین لە چەمانەوەی چەترەکە، لە شکانی چەترەکە  بە ناوی بێدەنگکردنی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، لە ئێستادا یان خوانەکردە لە نەمانی ئاپۆ لە ژیاندا. ڕەنگە بەشێک لە گفتوگۆی ماهێر ساهێن لەگەڵ ئاپۆ یارمەتیمان بدات بۆ دڵنییابوونەوەمان لەوەی کە بوونی پەکەکە وەک سەرچاوەی وزەیەکی لەبننەهاتوو بۆ بەرخۆدان و هەستی شۆڕشگێڕیی لە خودی بزووتنەوەی پەکەکە و تەنانەت چەترەکەیش گەورەترە،  کاتێک ماهیر ساهێن لە ئاپۆ دەپرسێت: ئەگەر لە خراپترین حاڵەتدا ئێوە شتێکتان بەسەر هات، چی ڕوو دەدات؟

ئاپۆ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت: (هەوڵی گەورە هەن بۆ ئەوەی چارەسەر بۆ ئەو تراژیدییا بدۆزرێتەوە. تراژیدییای من لە هەمان کاتدا ئەوەیە: هەم ڕێسایەکی وەها درووست بکەم، هەم خودی ئەو ڕێسایە ڕەت بکەمەوە. بە مانایەکی دیکە، ئەوەی لە بوون و فیگەری مندا هەیە شتێکە بۆ خۆی ناوازە و دەگمەنە، چونکە لەیەک کاتدا هەموو شتێک بە خۆمەوە دەبەستمەوە، هەم نکوڵییش لە خۆم دەکەم. هەم ئەو ڕێسایە دەخوڵقێنم کە هەموو شتێک مانای بوونی منە، هەم دینامیت دەخەمە ژێرییەوە.  جا لەوانەیە تۆ بڵێیت ئەمە کارێکی شێتانە و کاری کردە نییە! بەڵام من پێت دەڵێم هیچ ڕێگەیەکی ترمان نییە، چونکە چۆن درووستمان کرد، هەر ئاواش هەڵی دەوەشێنینەوە، لە شوێنێکی تردا کارای دەکەینەوە). دوا جار ئاپۆ دەڵێیت بابڵێین لە ئێستادا ئێمە دوژمنەکەمان کۆماری تورکیایە، دوژمنێکی تەکتیکی و خاوەن هێزێکی گەرورەیە، پێویستە بڵێین جەنگی ئێمە لەگەڵ کۆماری تورکیا فۆڕمێکی دیاریکراوی نییە و دەتوانێت بگاتە دواسنوورەکانی خۆی، هەر بۆیە من خۆم لە ناو سنووری داگیرکاری سەد ساڵەدا نابینمەوە، بەڵکوو من وزەی ژیانێکی نەبڕاوە و بێسنوورم، لە لۆژیکی فەلسەفەکەی مندا شتێک نییە بە ناوی سەرەتا و کۆتایی. یان یەکەمین و دواهەمین، تەنانەت ئێمە بزووتنەوەیەکین کە سەرەتا و کۆتاییمان دیار نییە، ئەمەیش وا دەکات ببین بە شتێکی کەونیی و گەردوونیی، من خۆم لە سەروو کەونەوەم! ڕاستییەکەی ناچمە ناو ئەو هێزەوە یان ئەو بنەما فەلسەفییەوە گەر نەگەمە خاڵی گەردوونیبوون.

سەرچاوە؛ گۆڤاری ئازادی کۆمەڵگە

OSZAR »