باسک و بازووی پەکەکە!

تێکۆشانی ئەم چلویەک ساڵە کەلتوور و ئەخلاق و ڕەنگێکی جیاوازی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەیل و هێزی گەڕان بۆ ماف و تێکۆشانی چنگخستنی مافی مشتوماڵ دا. ئەم تێکۆشانە کۆمەڵایەتیی و مرۆییە بە خۆفەسخکردن بزر نابێت. لە نێو ژیانی کۆمەڵی کوردەوارییدا بەردەوام دەبێت.

ئەو کوردەی لە ڕێی پەیمانی لۆزانەوە لە گۆڕەپانی سیاسەت وەدەر نرابوو، ئیمڕۆ بووە بە ڕۆژەڤی چاپەمەنیی جیهانیی. بڕیاری خۆفەسخکردنی پەکەکە دەنگدانەوەیەکی هەژێنەری هەبوو، هەموو جیهان قسەی لە سەر دەکات و ڕوانین و پێشنیاری خۆیان دەخەنە ڕوو. تا ئێستا جگە لە شەڕانگێزان هیچ هێزێک خۆفەسخکردن و ڕاوەستاندنی شەڕی چەکدارییان ڕەخنە نەکردووە. هەمووان ئەمە بە ئەرینیی دەبینن. ئەوانەشی پێشتر پەکەکەیان بە توندکردنەوەی شەڕ و بەکارهێنانی چەک تاوانبار دەکرد، ئێستا کەوتوونەتە نێو ترسی ڕاوەستاندنی شەڕی پەکەکە.

پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە لە سۆنگەی ڕاپەڕینی گەلەوە چەندین دەزگا و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی دامەزراند و ڕێگەی بۆ دامەزراندنیان خۆش کرد. لە پاش دووهەزارەکانەوە وەک پارت کۆتایی بەخۆی هانی و لە ژێر ناوی کۆنگرەی گەلدا هەنگاوی بۆ قۆناغێکی نوێ هەڵهێنا، بەڵام دواتر جارێکی تر لە چوارچێوەی تێکۆشانی گەل و لە بواری تیۆرییدا خۆی دامەزراندەوە. بەڵام ڕاستییەکەی لەو دەمەوە تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕێی ناوەند و ڕێکخستنی تێکۆشانی ئازادییەوە بەڕێوە نەدەبرا. ئەم ناوەند و ڕێکخستنانە لە ئەنجامی ساڵانێک لە پەروەردەوە دەتوانن لە سۆنگەی پەکەکەوە سیاسەتێکی تیۆریی بەڕێوە ببەن.

ئەمڕۆ ژمارەی ئەو ناوەند و ڕێکخستنە کوردییانەی لە بواری سیاسیی و دیبلۆماسیی و کۆمەڵایەتییدا کار و خەبات دەکەن، هێندە زۆرن، ڕێوەبەرییەکی پەکەکەش ناوی هەموویان نازانێت. ئەمەش ئاستی ڕێکخراوەیی گەل دەنوێنێتەوە.

لە چاویلکەی گەلەوە پەکەکە وەک دەساوێژێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بێبەشیی و ستەم و چەوسانەوە دەبینرێت. لە هەموو تەنگپێهەڵچنێنێکدا کورد ماخۆی باسک و بازووی ڕێکخستنێکە کە خاوەنداریی لە کوردان دەکات. لەم تێکۆشانە چلویەک ساڵییەدا پەکەکە ئاگاییەکی هەڵکشاوی بە گەل بەخشی. هاوکات ئەم ئاگاییە دڵنیاییەکە بۆ بانەڕۆژی کوردیش.

تێکۆشانی ئەم چلویەک ساڵە کەلتوور و ئەخلاق و ڕەنگێکی جیاوازی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەیل و هێزی گەڕان بۆ ماف و تێکۆشانی چنگخستنی مافی مشتوماڵ دا. ئەم تێکۆشانە کۆمەڵایەتیی و مرۆییە بە خۆفەسخکردن بزر نابێت. لە نێو ژیانی کۆمەڵی کوردەوارییدا بەردەوام دەبێت.

کاتێك مرۆڤ ئەم هەنگاوانە شیتەڵ دەکات، گەرەکە لە ڕاستیینە هەنووکەییەکان و ژینگە دوور نەکەوێتەوە. ئەوەتا سەرکۆماری ئەمریکا لە پێناو پاوانی ئابووریی وڵاتەکەی و بەرژەوەندیی یەهوودییەکان، دەچێتە سعوودییە. دەچێتە وڵاتە ئیسلامییەکان و بە زمانی دیبلۆماسیی و دیداری سیاسیی ملیان بۆ ئامانجەکانی خۆی پێ کەچ دەکات. کاتێك سەرکۆماری ئەمریکا داوای لە وڵاتانی ئیسلامیی کرد تا ملیاران دۆلار هەڵڕێژنە نێو ئابووری دەوڵەتی ئەمریکاوە، نە درۆن و نە فڕۆکە و تانک و تۆپۆی بەکار هێنا. مسۆگەر سوپای ئەمریکا هەموو ئەمانەی هەیە و چاوەڕێی بڕیارێكی ترامپن، بەڵام ترامپ بەبێ ئەوەی ئەمانە بەکار بهێنێت، لێشاوێك دۆلاری لە سعوودیە وەرگرت و ئەردۆگانی ملکەچی سیاسەتەکانی خۆی لە سووریا کرد، جۆلانیشی ناچاری خۆدوورخستنەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد  و ملکەچی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیڵ کرد.

تا دوێنێ جۆلانیی وەک تیرۆریستێک دەناساند و خەڵاتی بۆ سەری دادەنا، بەڵام ئەمڕۆ ئەژنۆی پێ داچەماندووە و فەرمانەکانی بۆ ڕیز دەکات و جۆلانییش بە دڵخۆشییەوە ملی بۆ کەچ دەکات. دەکرێت لە گۆڕی بێت و دەشکرێت نەیەت. ئەو ئیسلامگەرایەنەی بێتاوانی وڵاتانی ئیسلامیی سەردەبڕن، سەریان بۆ یەهوودییەک شۆڕ کرد. بەم چەشنە کەسێتیی یەهوودیی لە ترامپدا بە خۆشحاڵییەوە دەسەڵاتگەریی ئیسرائیل دەپەژرێنێت. سەرکۆمارە سوننییەکەی تورکیا و سەرۆکی سعوودییەی ئەمەویی، بە تەلەفۆن پێکڕا ملیان بۆ ئەم خواستەی ترامپ کەچ کرد. بەم ڕەنگە سیاسەت و دیبلۆماسیی چارەسەری فرە شت دەکەن. مسۆگەر لە پشتی ئەم سیاسەتە دیموکراسییەوە چەپۆکی چەکداریی دەوڵەتی ئەمریکا هەیە. بەڵام لەم چلوکەیە ساڵەدا گەلی کورد بووە بە خاوەنی هێزێکی چەکداریی ڕێکخراو، ئیرادەی گەلی کوردیش لە هەموو چەکێک بەهێزتر و تەندرووستترە.

هەنووکە لە هەموو جیهاندا، لە ڕۆژنامەوە تا تەلەفزیۆن، لە گەلانەوە بۆ بەرپرسانی دەوڵەت، بۆچوونی خۆیان لەمەڕ ئەم هەنگاوەی پەکەکە دەبێژن، ئەمەش لەبەر ئەوەی کێشەی کورد باڵی بە سەر گشت جیهاندا کێشاوە، کەمتازۆر سەرپاکی جیهان بووەتە بەرهۆی ئەو بێبەشییەی سەتودووساڵە لە سەر کورد بەڕێوە دەبرێت.

لە ماوەی ئەم سەتودووساڵەدا دەوڵەتانی جیهان کوردانیان لە بەرداشی بێمافیی و لاوازیی و دوور لە ڕێکخستن هەڵدەپرواند. ئەوان دەیانویست بەم ڕەنگە کوردان پاکتاو بکەن. بەڵام دەرکەوتنی پەکەکە و پزیسکەی شەڕی چەکداریی و هەڵڕەنگاندنی ڕێکخستن و ناوەند لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتیی، بەربەستی خستە بەر پێی پاکتاو و گەلی کورد نەمرد. هەندێک کەس دەپرسن و دەڵێن: ”کوا پەکەکە لەم چلویەک ساڵەدا چ دەستکەوتێکی بۆ گەلی کورد چنیوەتەوە، گەلان دەوڵەتیان دامەزراند، ئێوە تەنانەت بستێك خاکیشتان چنگ نەخستووە.” بەڵام ئەو کەسانە نابینن پەکەکە گەلی کوردی وەدەست خستووە، ئەو کوردەی لە ڕۆژنامەی جمهوورییەتدا گۆڕێکی لە بناری چیای ئاگریی بۆ هەڵبەسترا بوو و نووسیبوویان: ”ئەو کوردستانەی ئێوە خەونی پێوە دەبینن، لێرە ناشتمان.”  پەکەکە کوردی لەو گۆڕە دەرهێنا و خستیە سەر ڕاستەڕێی تێکۆشان. گەلی کورد زیندوو بوویەوە، بووە خاوەنی دەزگا و ڕێکخستن، بووە خاوەنی دیبلۆماسیی و چاپەمەنیی، بووە خاوەنی فیکر و ڕامان و بیروباوەڕ.

بێگومان پەکەکە پشتی بە تێکۆشان بەستووە، لە مادەکانەوە تا دواتر، تا سەرهەڵدانی دەرسیم و ئاگریی و زیلان و کۆچگریی و مهاباد و گەلێک سەرهەڵدانی تر. تێکۆشانی گەلی کورد بە ئەندازەی ناسنامە نێونەتەوەییەکەی بە هەمان ئەندازەش نەتەوەیی و کوردیی بوو. سوودبینین لە شۆڕشگێڕانی تورک، ڕێی بۆ شۆڕشگێڕانی کوردستان خۆش کرد. ئەمڕۆ لە توێشووی تێکۆشانی گەلی کورددا سەدان و هەزاران گیانبەختکردوو هەن و ژیانیان داستانێکی سەربەخۆیە. بێگومان گەلی کورد پێش پەکەکە و لە سەردەمی پەکەکەشدا، بۆ ئازادیی و ژیانێکی شکۆمەند، ڕەنج و زەحمەتیی کێشاوە. لە سەردەمی نوێشدا لە سۆنگەی ئەزموونی چلویەک ساڵەوە زانستیتر و ڕێکخراو بەڕێوە دەبات. هەنووکە دەرگایەکی نوێ لە بەردەم کورداندا دەکرێتەوە؛ لە سۆنگەی بازووی جەماوەرییەوە ئازادیی خۆی وەدەست دەخات!

لە لایەکی ترەوە کەس چاوەڕێی ئەوە نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەوڵەتی تورک مل بەرەو ڕاستەڕێی دیموکراسیی کەچ بکات و بوونی کورد لە یاسادا جێگیر و مسۆگەر بکات. دیموکراسیی ڕووداوێکی کەلتووریی نێو بەستێنی ژیانە. ئەو هێزەی دیموکراسییانە نەژی، دیموکراتیزە نابێت. ئەو هێزەی بە پێودانگی پاکتاوی گەلان خەتوخاڵ بداتە دامەزراندنی خۆی، لێبوردەیی ناناسێت. کوردیش چاوەڕێی دەوڵەتی تورک نین. کوردان گەرەکیانە پێ لەسەر باوەڕبوون بە خۆیان داگرن و ڕێ و ڕێبازی تێکۆشانی خۆیان بەپێی پێداویستییەکانی سەردەم بگۆڕن. سا لەبەر ئەوە خۆفەسخکردنی پەکەکە نەک کوردان ڕێوێڵکە ناکات، بەڵکوو گەلێک دەستکەوتیان بۆ وەدەست دەخات.

سەرچاوە؛ گۆڤاری ئازادی کۆمەڵگە

OSZAR »