ئەمڕۆ، ٢٣هەمین کۆنگرەی ئاسایی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) دەستی پێ کرد. کۆنگرەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت. لە چوار پارچەی کوردستان و ئەمریکا و ژاپۆن و کەنەکە و ئوسترالیا و ئەوروپاوە، ٣٠٠ نوێنەر، دەیان پارتی سیاسی، نوێنەری ڕێکخراوەکان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و نووسەران و پێشەنگان بەشداری کۆنگرەکە بوون.
ئەنجامنامەی یەکەمین ڕۆژی ٢٣هەمین کۆنگرەی نائاسایی کەنەکە ئاشکرا کرا و دەقی ئەنجامنامەکە بەم جۆرەیە:
"بەبۆنەی جڤاتی گشتیی 23 یەمینی کەنەکە، لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، نوێنەرانی دەیان پارتی سیاسی و سازیی و دامەزراوەی کوردستانی و زۆرێک لە کەسایەتی رۆشەنبیری و وڵاتپارێزانی سەربەخۆ، لەگەڵ ئەندامانی کەنەکە بەشداری جڤات بوون و لەسەر بارودۆخی کوردستان و جیهان گفتوگۆی بەرفراوانمان کرد. ئەم گردبوونەوەیە لە هەموو ئاستەکانیدا وەک سەکۆیەک بۆ راوێژێکی نەتەوەیی کارەکانی خۆی ئەنجامدا و لەناو ئەو راوێژەدا ئەم دیکلەراسیۆنە پێشکەش بە رای گشتی دەکەین.
جڤاتیی گشتیی 23 یەمینی کەنەکە لە کاتێکدا کۆبووەوە کە لە هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رپێشهات و گۆڕانکاری مەزن روو دەدەن، شەڕێکی قورس و دژوار لە سەرانسەری هەرێمەکە بەردەوامی هەیە و هەر دێ و شەڕەکە گەرمتر دەبێت. لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا زۆرێک لە گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا دروست بوون، رژێمی بەعسی سووری رووخا. لە لایەکی دیکەوە لە باکوری کوردستان و تورکیا گفتوگۆی گەرم بۆ چارەسەریی پرسی کوردی لە ئارادایە و لەم بوارەدا گەڕان، دیالۆگ و بانگەوازی ئاشتیانە هەیە.
ماوەیەکە لە دورگەی ئیمرالی دانوستاندن لە نێوان بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر چارەسەری پرسی کورد دەکرێت. لە ئەنجامی ئەم کۆبوونەوانەدا بەڕێز ئۆجالان لە 2025.02.27 بانگەوازێکی بە ناوی "بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" دەرکرد. لەسەر بنەمای ئەم بانگەوازە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە نێوان 7-5 ی ئایاری 2025 کۆنگرەی 12ی خۆی بەست، ئەنجامەکانی کۆنگرە لە 12 ی ئایار لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەندرا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پەکەکە ڕۆڵی مێژوویی خۆی بینیوە و بۆ ئەوەی پرسی کورد بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بکرێت، چیتر تەڤگەری ئازادیی کوردستان بەناوی پەکەکە وە کار ناکات و خەباتی چەکداری لەدژی دەوڵەتی تورکیا ڕادەگرێت.
بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان و هەروەها دەرئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە هەنگاویی مێژوویین. ئەم بانگەواز و دەرئەنجامە کاریگەری گەورەی لە نێو رای گشتی کورد و جیهانیدا دروست کرد. لەسەر ئاستی سازیە سەرەکیە نێودەوڵەتییەکان و زلهێزەکانی جیهان پێشوازییەکی ئەرێنییان لێکرا و بە لێدوانەکانیاندا پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرییان راگەیاند. هەروەها حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان هەڵوێستی ئەرێنی خۆیان دەربڕی و پشتیوانیان لە پرۆسەکە کرد. هەرچەندە وەک چاوەڕوان دەکرا وا نەبوو، بەڵام دڵخۆشانە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لێکرد.
23 یەمین کۆبونەوەی جڤاتی گشتی کەنەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی لە پرۆسێسی ئیمراڵی نێوان بەڕێز ئۆجالان و دەوڵەتی تورکیا و بانگەوازەکەی بەڕێزیان و ئەنجامنامەی کۆنگرەی 12 ی پەکەکە دەڕوانێت و پشتیوانی لێدەکات. بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامێکی سەرکەوتوو، ئێمە وەک کەنەکە هەموو تواناکانمان دەخەینە گەڕ. ئەم پرۆسەیە دەرفەتێکی گرنگە و ئەگەر پرسی کورد لە باکوری کوردستان چارەسەر بکرێت، کاریگەری زۆر ئەرێنی لەسەر سێ پارچەکەی تری کوردستان و یەکگرتوویی ناو ماڵی کورد و کوردستانیش دەبێت.
بەڵام پرۆسەکە وەک چاوەڕوانی بۆ دەکرا، ناچێتە پێشەوە. حکومەتی تورکیا تا ئێستا هەنگاوی کۆنکرێتی نەناوە، پەیامەکانی ڕوون نین، زمان و پەیامی میدیایی لە راگەیاندنەکانیدا زمانی ئاشتی و دیالۆگێکی راستەقینە نییە. لە لایەکی تریشەوە هێشتا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامن و چەکی قەدەغەکراو و چەکی کیمیاییش بەکاردەهێنرێن. ئەم دۆخە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت.
سەبارەت بەمە:
- ئێمە بانگ لە هەموو هێز و دامودەزگا و لایەن و ڕێکخراوەکان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین کە بە شێوەیەکی ئەرێنی پاڵپشتی ئەم پرۆسەیە بکەن.
- بانگ لە دۆستانی گەلی کورد و هێزە ئاشتیخوازەکانی جیهان دەکەین، کە لەم پڕۆسەیەدا گەلی کورد بە تەنیا نەهێڵن و بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دۆستانە و مرۆڤانە تێبکۆشن.
- بانگ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و زلهێزەکانی جیهان دەکەین و دەڵێین: تەنها لێدوانی ئەرێنی بەس نییە، پەیوەندییەکانتان لەگەڵ دەوڵێتی تورکیا بەکاربهێنن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت.
- هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین و دەڵێین: ئەستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێوەدایە، ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن. بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش بچێت، بەڕێز ئۆجالان سەربەست بکەن، دەستبەجێ شەڕ ڕابگرن، هەرچی زووشە ئەم پرۆسەیە بخەنە کارنامەی پەرلەمانی تورکیاوە و بنەما و زەمینەی سیاسی و یاسایی بۆ چارەسەرکردن فەراهەم بکەن.
بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی باشتر بەرەوپێش بچێت و نێوەندگیری لە نێوان هەردوولادا بکات و چاودێری تەواوی پرۆسەکە بکات، پێویستی بە لایەنی سێیەمی بێلایەن هەیە. جڤاتی گشتیی کەنەکە بانگ لە هەردوولا دەکات زەمینە بۆ نێوەندگیری خۆش بکەن و لایەنی سێیەم دیاری بکەن.
هیوادارین هەموو لایەنەکان ئەم بەرپرسیارەتیە مێژووییە بگرنە ئەستۆ بۆ ئەوەی لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا پرسی کورد لە باکوری کوردستان چارەسەر ببێت.
لە لایەکی دیکەوە ڕێژیمی دەستهەڵاتی جمهوری ئیسلامی ئێرانیش لە قەیرانێکی گەورەدایە. قەیرانەکان هەم ئابوورییە، هەم کۆمەڵایەتی و هەم سیاسییشن. ڕێژیمی ئێران تەواوی خاکی ئێرانی کردووە بە زیندانێکی کراوەی گەورە بۆ هەموو نەتەوەکانی ئێران بە ئایین و باوەڕە جیاکانی و ژنان و تەواوی مرۆڤەکانی و لەسەر نەفەس و دەروونی خەڵکەوە دەسەڵاتەکەی سەپاندووە. به تایبه تی فشار و زوڵم و زۆرداریەی له سەر ژنان تا دێت توندتر و نامرۆڤانەتر دەبێت. ئەم دۆخە هەنگاو هەنگاو خەریکە قبوڵنەکراو دەبێت وگەیشتووەتە قۆناغی یاخیبوون و راپەڕینەکی سەرتاسەری.
دوای کوشتنی کچە کوردی چالاکوان ژینا ئەمینی، یاخیبوونێک لە سەرتاسەری ئێران بە پێشەنگی و پێشکەشی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا. ئەم یاخیبوونە کەوتە بەر هێرشی توند و دڕندانە بووەوە. هەرچەندە بەهۆی ئەم هێرشە دڕندانە سەرهڵدانەکە تا ڕادەیەک بێدەنگ بووە، بەڵام تا ئەمڕۆش ئەم یاخیبوونە بەردەوامە.
ڕێژیمی ئێران حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان تۆمەتبار دەکات و گوشار و هێرشەکانی بۆ سەر خەڵک زیاد دەکات. لەم پێوەندییەدا پەیوەندییەکانی رژێمی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە. لەئەنجامی ئەو پەیوەندیانەدا، حزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فشاریان لەسەرە و ئەم فشارانەیان لەزیادبووندایە.
ئەو شەڕەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە زۆرترین کاریگەری لەسەر هەژموونی ئێرانەوە هەیە. هەموو هێزەکانی سەر بە ئێران دەکرێنە ئامانج. لە کۆتاییدا مەبەست و ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشانە لێی رژێمی ئێرانە. ئەم شەڕە بەردەوامە و گۆڕانی گەورەتریش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ڕژیمی ئێران هەرچییەک بکات، ئیتر ناتوانێت ڕێگری لە خەڵک بکات. ڕژیم ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت و ئێران بەرەو گۆڕانکاری، بەرەو شۆڕشێکی نوێ هەنگاو دەنێت.
بۆیە نەک هەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو هەموو هێزەکانی کوردستان دەبێ لە ئامادەباشیدا بن و ئامادەی هەر پێشهاتە و گۆڕانکاریەک بن.
کۆبونەوە ئەو ڕاپەڕینەی کە بە ڕێبەرایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد و لە سەرانسەری ئێراندا بڵاوبووەوە، بە پێگەیەکی ڕەوا و پیرۆز دەزانێت و پێشوازی لێدەکات و پشتیوانی لە خەباتیان دەکات لە سەرتاسەری ئێران.
لە سەرانسەری عێراق دۆخێکی نادیار هەیە و ئەم دۆخە ناهەموارە مەترسی لەسەر پێگە و قەوارەی کوردستان دروست دەکات. بەو پێیەی دەوڵەتی عێراق لە ناو قەیرانێکی گەورەدایە، دەستی دەرەکی زۆریش دەکەونە ناو عێراقەوە. لە ناوچەی مادەی 140 پرۆسەیەی پلانکراوی بە عەرەب کردن لە دژی خەلکی نیشتەجێی کورد جێبەجێ دەکرێت و زەوی و زاری کوردانیان داگیرکردوە لە زێدی باو و باپیرانیان دەردەکرێن.
بەداخەوە لەم دۆخە نادیارەدا، هێزە کوردییەکان یەکدەنگ و یەکگرتوو نین. ماوەی زیاتر لە 7 مانگە هەڵبژاردن لە باشووری کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتێکی نوێ پێکنەهاتووە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمیش ئەنجام نەدراوە. هەروەها هەڵبژاردنه کانی عێراق لەم پاییزدا به ڕێوه ده چێت. لەم کاتەدا یەکگرتوویی و یەکدەنگی ناو ماڵی کورد زۆر گرنگە. ئەگەر ئێمە وەک کورد یەکگرتوو نەبین، دەکرێ قەوارەی فیدراڵی و زۆرێک لە دەستکەوتەکانمان لەناو بچێت. لە هەمان کاتیشدا دەکرێ ناوچەکانی (مادەی140) بەتەواوی لە کوردستان جیابکرێنەوە.
لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا دۆخێکی نوێ لە سوریا دروستبووە، ڕژێمی بەعس ڕووخاوە و هێزە سەلەفییەکان لە دیمەشق هاتوونەتە سەر دەسەڵات. بەڵام حوکمڕانییەکەیان بە تەواوی خاکی سوریا ناگرێتەوە. پرس و کێشەکانی سوریا لە زیادبووندایە. هەرچەندە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا واژۆ کراوە، بەڵام هێشتا ئەو پرسە یەکلایی نەکراوەتەوە. کۆمەڵکوژی لە دژی باوەڕدارانی عەلەوییەکان ئەنجام دراوە و ئەگەر ڕێوشوێن نەگیرێتەبەر ئەوا ئەم کۆمەڵکوژییانەی دژی مەسیحی و عەلەوی و درووزەکان دووبارە دەبنەوە. دەسەڵاتە نوێیەکەی دیمەشق دەیانەوێت سیستەمێک دەسەڵاتێکی ئیسلامی لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی عەرەبی بنیات بنێن. بیرکردنەوە و بیرۆکەکانی ئەو عەقڵیەتەی دەسەڵات دوورە لە پێوەرە دیموکراسیەکان. ژنان و مافەکانی ژنان لە کارنامە و هزروبیری ئەواندا نییە. خەڵکی سەکۆلار و دیموکراتئاسا لەژێر فشار و مەترسیدان. ئەمەش دۆخێکی نادیاریش دروست دەکات. ئەگەر سوریایەکی دیموکراسی دروست نەکرێت، نائارامیی و ناهەمواریی کۆمەڵایەتی بەردەوام دەبن و ڕەنگە وڵاتی سوریا دابەش بێت. لەم ڕووەوە کورد و گەلانی کوردستان دەبێ وریا بن و دۆست و هاوپەیمانەکانی زیاتر بکات. لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆنفرانسی لەیەکنزیکبوونەوەی نێوان هێزە کوردییەکان هەنگاوێکی ئەرێنی و سەرکەوتوو بوو. پێشوازی لەم کۆنفرانسە و بڕیارەکانی دەکەین.
بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە مەترسیدار و ناڕوونە. هاوکات لەگەڵ مەترسییەکان دەرفەتیش هەیە ئەگەر بتوانین بەکاریان بهێنین. دەوڵەتانی داگیرکەر لە ناو قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی گەورەدان. دۆخی دەوڵەتی عێراق نادیارە و تاڕادەیەکی زۆر ناسەقامگیرە. دۆخی سوریای دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد شڵەژاوە و ماوەیەکی زۆری پێویستەتا بتوانێت خۆی ڕێکبخات یان خۆی کۆبکاتەوە. دەوڵەتی ئێران وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا بەرەو گۆڕانکارییەکی گەورە دەڕوات. تورکیا هەرچەند خۆی بە بەهێز دەزانێت و دەرفەتەکانی وەک شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و ململانێ نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرژەوەندییەکانی دەقۆزێتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا لە نێو قەیرانگەلی قووڵدایە و داهاتووی نادیارە. ئەو شەڕەی کە 20 مانگ لەمەوبەر لە فەلەستین دەستی پێکرد، بەردەوامە و بەرەو فراوانبوون دەچێت. کوردستان و هێزەکانی داگیرکەری کوردستان هەریەکەیان بە جۆرێک یان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەم شەڕەدان. هەرێمەکە وەک خۆی نامێنێتەوە و ئەو دۆخەی کە ئێستا لە ئارادایە لە بەردەم گۆڕاندایە.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا ئەگەر بتوانین باشتر خۆمان ڕێکبخەین و یەکڕیزیمان پتەوتر بکەین، دەتوانین پێگەیەکی هەمیشەیی بۆ هەموو کوردستان دروست بکەین. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە هەموو هێز و لایەن و دامەزراوە و ڕێکخراوەکوردستانیەکان و هەروەها تێکڕای گەلەکەمان لە سەرتاسەری وڵات و لە هەر شوێنێک بژین، باشتر و پتەوتر یەکبگرن و هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی خۆیان بەهێزتر بکەن و فراوانتر بکەن. بەم شێوەیە دەتوانین هەموو پلان و پڕۆژەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر لە دژی کوردستان پووچەڵ بکەینەوە.
لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستە دڵخۆش بین کە ببینین لە نێوان هەموو هێزەکانی کوردستاندا دیالۆگ هەیە، لەیەکنزیکبوونەوە هەیە. هیوادارین ئەم دیالۆگە و لەیەکنزیکبوونەوەیە ببێتە هەوێنی هاوکاری بەهێز و یەکڕیزی نیشتمانی. بۆ ئەوەی زووتر بگەینە ئەو قۆناغە پیرۆزە، جڤاتی گشتیی کەنەکە جارێکی دیکە بانگی هەموو هێز و لایەن و ڕێکخراوەکانی کوردستان دەکات کۆنفرانسێکی نیشتمانیی - نەتەوەیی لەداربخەین و کۆببینەوە و هێزەکانمان یەکبخەین.
کات کاتی ئەوەیە هاوکاری و یەکڕیزی بەهێز بکەین!
بژی یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی
بژی ژن ژیان ئازادی!
23هەمین کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی کەنەکە
24. 05. 2025".