دەم پارتی سەردانی پارتە کوردییەکان دەکات

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە ئامەد سەردانییەکانی بۆلای پارتە کوردییەکان دەستپێکرد و ڕایگەیاند کۆبوونەوەی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ سەرکردە کوردییەکاندا هاوکارییەکی باشی پرۆسەکە دەکات.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە ئامەد سەردانی پارتە کوردییەکانی کرد. باقرخان سەرەتا سەردانی پارتی مرۆڤ و ئازادی (پیا)ـی کرد. هاووتەبێژانی دەستپێشخەری یەکێتی دیموکراتیک، موحەمەد کۆجاک و گولجان کاچماز ساگیت و بەرپرسیاری کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی پارتە سیاسییەکان و جێگری هاوسەرۆکانی گشتی ئۆلزەم گوندوزیش ئامادەی سەردانەکە بوون.

دوای بەخێرهاتن کردنیان، تونجەر باقرخان ڕایگەیاند لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆدەبنەوە و سەرنج و تێبینیی پارتە سیاسییەکان کۆدەکەینەوە و گوتی: "هەرخۆی بەڕێز ئۆجالا بە تایبەت سەرنجی خستووەتە سەرئەوەی بەگرنگییەوە لە سەرەنجی کۆی پارتە سیاسیەکان دەڕوانێت و داوای لێکردین لە نزیکەوە گرنگی بدەین بە سەرنجی پارتە کوردییەکان. لە سەردانەکانی دیکەماندا داوایکرد لەسەر بنەمای ئەم کۆبوونەوەیانە ئاگاداری بکەینەوە. بۆیە ئەم کۆبوونەوە و سەردانیانەمان دەستپێکردووە."

دواتر ئەحمەد کایایەی هاوسەرۆکی پیا قسەیکرد و جەختی لە پشتیوانی پارتەکەی بۆ پرۆسەکە کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باقرخان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانی دایەوە و پەیوەست بە خواستی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرکردە کوردییەکانی وەک مەسعود بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و مەزڵوم عەبدی... قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا یەکێتی نەتەوەیی کورد گرنگییەکی زۆری هەیە بەلای ڕێبەر ئاپۆوە و گوتی: "باسی سەرکردەیەکی سیاسی دەکەین کە لە ساڵانی ١٩٩٠ەوە چەندین جار بانگەوازی بۆ یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیکی کوردووە و بۆ ئەم بەمەستەش داوای کۆنگرەی نەتەوەیی کردووە. هیوادارم لە داهاتوودا بەڕێز ئۆجالان لە درێژەی پرۆسەکەدا بۆچوونی خۆی لەگەڵ سەرکردە کوردییەکاندا بگۆڕێتەوە و پێشنیارەکانیان وەرگرێت. بەراستی ئەمە گرنگ و بنەڕەتییە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە. وەک دەم پارتی لەوباوەڕەداین ئەم چاوپێکەوتنانە هاوکارییەکی مەزنی پرۆسەکە دەکات و پێویستە ئەنجام بدرێت."

دواتر کۆبوونەوەکە دوور لە ڕاگەیاندنەکان بەردەوام بوو. لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی پیا، باقرخان و شاندەکەی سەردانی کۆمەڵەی چاندی دیموکراتیکی شۆڕشگێڕ (دەدەکەدە)ـی کرد. لەو سەردانییەدا موحەمەد کاماچ قسەیکرد و سەرنجی خستەسەر گرنگی یەکێتی کوردان. کاماچ ڕایگەیاند لە ٢٦ـی تەمووز لە بازید و لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمیشدا لە مێردین کۆنفرانسێک ڕێکدەخەن.

OSZAR »