شێردوان له گەڵ ئیلهام ئەحمەد کۆبووەوه و سەردانی کەمپی ڕۆژی کرد

مارتین شیردوان هاوسەرۆکی گروپی چەپی پەرلەمانی ئەوروپا لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیداری کرد.

شاندێک بە سەرۆکایەتی مارتین شێردوان هاوسەرۆکی گروپی چەپی پەرلەمانی ئەوروپا لە ڕۆژی کۆتایی سەردانەکەی بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیداری ئەنجامدا و سەردانی کەمپی ڕوژی کرد کە تێدا بنەماڵەکانی داعش ڕاگیراون.

شاندەکە بە ئامانجی ئەوەی بزانن چۆن دەتوانن پاڵپشتی زیاتر لەسەر ئاستی ئەوروپا بۆ تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی لە ناوچەکەدا پێشکەش بکەن سەردانی ڕۆژئاوایان کردبوو، بەڵام دەرفەتی ئەوەشیان بۆ ڕەخسا کە لە نزیکەوە چاویان بە بارودۆخی ناوچەکە بکەوێت، هەروەها دیدارێکی بەرفراوان لەگەڵ بەرپرسە هەرێمیەکانیش دروست بکەن.

لەم سەردانەدا، فیلیپ دێگنهارت، بەرپرسی بەشی نێونەتەوەیی و جێگری بەڕێوەبەری ئیدارەی ناوەندی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، فایەق یاگزای، نوێنەری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە دامەزراوە ئەوروپییەکان، نۆرا فریز-ڤاندنبێرگ، یاریدەدەری شێردوان و سارا گلێن، یاریدەدەری یاگزای، یاوەری شاندەکە بوون.

دانوستانەکان لەسەر ئاستە جیاجیاکان لەگەڵ تورکیا

لە میانەی دیدار لەگەڵ شێردوان، بارودۆخی جوگرافی ناوچەکەش تاوتوێ کرا. ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە سەرەتای دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە لە ئاستە جیاجیاکاندا پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ تورکیادا دەست پێکردووە. ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند کە نێوەندگیری لایەنی سێیەم پێویستە بۆ ئەوەی ئەم دانوستانانە سەرکەوێت.

هەروەها لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە گرووپی چەپی پەرلەمانی ئەوروپا ئامادەیە لەسەر ئاستی ئەوروپا پشتیوانی کرداری پێشکەش بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکات. هەروەها دەتوانن فشاری نێونەتەوەیی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی حکومەتی نوێی سوریا سەبارەت بە دیموکراسی و مافی یەکسان و چوونە ناو دانوستان لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر دروست بکەن، هاوکات دەتوانن یارمەتیدەری پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە بکەن.

سەردانی کەمپی ڕوژ

دوابەدوای کۆبوونەوەکە، شاندەکە سەردانی کەمپی ڕوژیان کرد کە تێدا ٢ هەزار و ٣٢٣ بنەماڵەی داعش تێدا نیشتەجێیە. بەهۆی نیگەرانی ئەمنی و کەمی کات، سەردانەکە تەنها لە دەوری دەرەوەی کەمپەکەدا ئەنجامدرا. بەڵام دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی شاندەکە بارودۆخی گشتی کەمپەکە ببینن و چاویان بە بەڕێوەبەرانی کەمپەکە بکەوێت و لەو بارەوە زانیاری زیاتر وەربگرن.

OSZAR »