لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ١٩ی ئایاردا لە پەرلەمانی تورکیا بەرنامەیەک بەڕێوەچوو. سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتوڵموش لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند: "زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس لە شەڕدا گیانیان لەدەستداوە. لەگەڵ تورک و کورد و هەموو نەتەوە جیاوازەکانمان، وەک تورکیا پێکەوە درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین و پێکەوە تورکیایەکی بەهێز بنیات دەنێین."
دوو ڕێگامان لە پێشە
کورتوڵموش دەسنیشانی کرد لە دوای دەستوەردانی ئەمریکا لە عێراق وردە وردە تەواوی وڵاتەکانی هەرێمەکە بەرەو پارچەبوون رۆشتن و پەڕینەوە قۆناغی داڕوخاندن و ئەم سیاسەتەش بە دوورویەوە ڕژاوەتە هەرێمەکەوە و گوتی: "پاش ئەو دەستوەردانە زۆربەی وڵاتان رووبەڕووی پارچەبوون بوونەوە و کەوتنە ناو پرۆسەی هەڵوەشانەوە، ئێستاش ئێمە دوو ڕێگامان لە پێش ماوە یان پارچەبوون یان پێکەوە بوون."
کورتوڵموش لە بەردەوامییدا گوتی: "عێراق و سوریا پارچە بوون، هەروەها لوبنان ناتوانرێت وەکوو پێشتر حوکمڕانی بکات، لیبیا، سودان، سۆماڵ هەموو پارچە بوون، هەموو ئەو وڵاتانە لەسەر بنەمای جیاوازی نەتەوەیی یان پێکهاتەیی و ئایینەوە دابەش بوون، هەندێکیشیان لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە پارچە بوون، یان ئێمەش وەک گایەکی زەرد چاوەڕێی ئەوە دەبین نۆرەمان بگات و پارچە بین، یان وەک گەلی تورک و کورد و هەمووان لەدەور یەک کۆدەبینەوە و ئەم پڕۆژە ئیمپریالیستییە تێکدەشکێنین. ئێمە ئەم ڕێگای دووەمە هەڵدەبژێرین و لەسەر ئەم ڕێگایە بەرەوپێش دەڕۆین."
ئێمە دژی هەر جۆر هاندان و ئاژاوەگێریەک ڕێوشوێنی پێویستمان گرتۆتەبەر
کورتوڵموش ئەوەشی دەسنیشان کرد تورکیا ڕێوشوێنی پێویست و گرنگی گرتۆتەبەر و گوتی: " ئامانج و خواستی ئێمە ئەوەیە کە بە زووترین کات ئەم ڕێگایە بگەیەنینە ئەنجام و پێکەوە بە خوشک-برایەتی درێژە بە ڕێگەی خۆمان بدەین. بێگومان هەندێ کەس دەڵێن با ئەم بابەتە سەرنەکەوێت، دەترسن و هەندێک لە لایەنە جیاوازەکان هەوڵ دەدەن ئەم پرۆسەیە هەڵوەشێنەوە و ڕێگری لە پرۆسەکە بکەن. بەڵام ئێمەش لەم چوارچێوەیەدا هەموو ڕێوشوێنێکمان گرتۆتەبەر. هیوادارم ئەم پرۆسەیە بە زووترین کات بگاتە ئەنجام."