پلاتفۆڕمی ئازادی و ئاشتی ئەوروپا (EFFP)، بە خواستی ڕێگرییەکانی پێش دیداریکردنی ڕێبەر ئاپۆ لابەرن و بۆ ئەم مەبەستەش کەمپینی "دەمەوێت دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدەم"یان دەستپێکردووە. لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا دواکاری پێشکەشی وەزارەتی دادی تورکیا دەکرێت. هەروەها پەیامەکانی کەمپینەکە بە دیمەنەوە لە دیجتاڵ مییدیادا بڵاودەکرێتەوە.
لە چوارچێوەی کەمپینەکەدا ئەکادیمی، هونەرمەند، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەوان، یاساناس، ئەزمووندار، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، چالاکوانان و کەسانی بەشە جیاوازەکانی ڕای گشتی نێونەتەوەیی داواکاریی فەرمی لە وەزارەتی دادی تورکیا دەکەن بۆ دیدارکردنی ڕێبەر ئاپۆ.
ئەندامی کۆردیناسیۆنی پلاتفۆڕمی ئازادی و ئاشتی ئەوروپا (EFFP)، پرۆفیسۆر نەشە ئۆزگەن لە بارەی ئامانجی کەمپینەکەوە بۆ ئاژانسمان قسەیکرد.
پلاتفۆرمی ئازادی و ئاشتی
پرۆفیسۆر نەشە ئۆزگەن ئاشکرای کرد پلاتفۆرمی ئازادی و ئاشتی ماوەی شەش ساڵە خەبات دەکات و نزیکەی ٣٠٠ بەشییان هەیە. گەشە ئاماژەی بەوەدا پەرە بە سیاسەتی نوێی تاراوگە دەدەن و گوتی: "تەنها پەیوەست نین بە ڕووداوەکانی کوردستان و تورکیاوە، بەڵکو پەیوەستن بە مافی سەرگوونکراوانی ئەوروپا و سیاسەتە ماوەکورتەکانی ئەوروپایشەوە. یانی هەوڵدەدەین بەکارەکانمان سیاسەتەکانی تورکیا و کورستان و ئەوانی ئەوروپا پێکەوە ببەستنەوە."
'خواستمان پەرەدانە بە تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی'
ئۆزگەن ئاشکرای کرد پێشەنگایەتی کەمپینەکە دەکەن و گرووپە چەپەکانی پەرلەمانی ئەوروپایش پشتیوانی لە کەمپینەکە دەکەن. هەموو ئەمانەش بە مەبەستی پەرەدانە بە تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی و گوتی: " ئێمە دەمانەوێت بۆشایی نێوان ئەم چەمکانە پڕبکەینەوە، ئاشتی چییە، ئازادی چییە؟ دیموکراسی بۆ کوێیە؟ ئێمە چ جۆرە دیموکراسییەکمان دەوێت؟."
'ئامانجی سەرەکی کەمپینەکە ئازادی ئۆجالانە'
ئۆزگەن دەسنیشانی کرد ئامانجی کەمپینەکە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆییە و بۆئەمەش خواستیانە لەسەر ئاستی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە داواکاری بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ پێشکەش بکەن، ئەمەش بەمانای بەشداری گەل دێت لە پرۆسەکە.
پەیوەست بە پرۆسەکەوە ئۆزگەن ئاماژەی بەوەدا کۆبوونەوەی ئاشتی نێوان هەدوو لایەنەکە درێژەی هەیە و گوتی: " تەنها دەنگی یەک لایەن دەبیستین لە پرۆسەکەدا ئەویش دەنگی حکومەت و دەوڵەت، مافی بیستنی دەنگی ئۆجالان و تەڤگەری ئازادی کورد لەوان زەوتکراوە. ئەوەی کورد پێشەنگایەتی دەکات تەنها مەسەلی چەکدانان نییە بەڵکو بانگەوازییەکە بۆ ئاشتی."
ئۆزگەن ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان هاشتاگی " VisitOcalan "یان دەستپێکردووە، بەڵام ئەمە تەنها کەمپینێکی هاشتاگی دیجیتاڵی نییە بەڵکو ئامانجیانە بابەتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بە تەواوەتی بخنە ڕۆژەڤەوە.
ئۆزگەن ئاماژەی بەوەدا لە قۆناغی یەکەمی کەمپینەکەدا تەنها کەسانی ناوسراو بەشداری دەبەن و بۆ دواتریش لە چاوەڕانی ئەوەدان لە مانگەکانی هاویندا هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بەشداری کەمپینەکە ببن و وتی: "لە قۆناغی دووەمی کەمپینەکەدا دەمانەوێت ڕاستەوخۆ داواکاری پێشکەش بە وەزارەتی داد بکەین و نەک تەنها کەسایەتییە سیاسییەکان و ئەکادیمییەکان و ڕۆژنامەنووسان، دەمانەوێت داواکاری پێشکەش بە هەموو ئەو کەسانە بکەین کە دەیانەوێت ببنە بریکاری ئاشتی و دیموکراسی."
'بانگوازی داواکاری بۆ ئیمراڵی دەکەین'
ئەندامی کۆردیناسیۆنی پلاتفۆڕمی ئازادی و ئاشتی ئەوروپا (EFFP)، پرۆفیسۆر نەشە ئۆزگەن لە کۆتاییدا پەیوەست بە کەمپینەکە ئەم ئەمەی گوت؛ "پەیوەندی و دیداری ڕاستەوخۆ لەگەڵ زیندانییەکی سیاسی مافێکی بنەڕەتییە، ئێمە دەمانەوێت پێکهاتەیەکی سیاسی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگەی تورکیا بنیات بنێین، بە مەبەستی دروستکردنی چارەنووسی نوێبوونەوەی کۆمەڵگە. داوا لە هەموو لایەک دەکەین پشتیوانی ئەم هەڵمەتە بکەن و داواکاری پێشکەش بە وەزارەتی داد بکەن".