لە چالاکی زیوریخ: پێویستە گەمارۆکانی سەر کەمپی مەخموور هەڵبگیرێت
لە شاری زیوریخ، کوردان دژی دەستگیرکردن و گەمارۆدانی کەمپی مەخموور داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد هەنگاو بنێن.
لە شاری زیوریخ، کوردان دژی دەستگیرکردن و گەمارۆدانی کەمپی مەخموور داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد هەنگاو بنێن.
لە شاری زیوریخی سویسرا، بەرامبەر بە دەستگیرکردنی نوێنەرانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) و گەمارۆدانی کەمپەکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.
کوردان و دۆستانیان لە وێستگەی شەمەندەفەری ناوەندی شاری زوریخ گردبوونەوە و بۆ یادی شەهیدانی ئازادی خولەکێک بێدەنگییان ڕاگرت.
لە خۆپیشاندانەکەدا بەناوی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردانی زوریخەوە بەیاننامەیەک بە زمانی ئەڵمانی، لەلایەن ئەمرە کارا خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا، گوشارەکان لەسەر کەمپی مەخموور بەردەوامن، پێداویستییە سەرەتاییەکان دابین ناکرێن، هاوکارییە مرۆییەکان ڕاگیراون، نوێنەرانی کەمپەکەش بە شیویەکی هەرەمەکی دەستبەسەر کراون.
'دەبێت دەستبەجێ گەمارۆکان هەڵبگیرێت'
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پێویستە دەستبەجێ گەمارۆ و ڕێگرییەکانی سەر کەمپی مەخموور هەڵبگیرێت. پێویستە دان بە دۆخی پەنابەرانی دانیشیوانی کەمپەکەدا بنرێت. پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم بێ یاساییانە بەرپرسیاریەت لە ئەستۆ بگرن و بەپەلە هەنگاو بنێن."
دوای بەیاننامەکە، چالاکوانان بەردەوام بە زمانی کوردی، تورکی و ئەڵمانی دروشمیان وتەوە و ناڕەزایەتی خۆیان لەدژی گوشارەکانی سەر کەمپی پەنابەرانی مەخموور نیشاندا.