وۆرک شۆپی یەکڕیزیی کوردی کۆتایی هات
وۆرک شۆپی "یەکڕیزیی کوردی: ڕێگاکانی بەهێزکردنی و ئاسۆکانی ئایندە" کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی فورات ڕێکی خست، بە ڕۆژەڤی ڕۆڵی کوردان لە سوریا و گرنگی یەکێتی کۆتایی هات.
وۆرک شۆپی "یەکڕیزیی کوردی: ڕێگاکانی بەهێزکردنی و ئاسۆکانی ئایندە" کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی فورات ڕێکی خست، بە ڕۆژەڤی ڕۆڵی کوردان لە سوریا و گرنگی یەکێتی کۆتایی هات.
وۆرک شۆپی "یەکڕیزیی کوردی: ڕێگاکانی بەهێزکردنی و ئاسۆکانی ئایندە" لە باخچەی ئازادیی قامیشلۆ کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی فورات ڕێکخرا، کۆتایی هات. ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، نووسەران، توێژەران، کەسایەتییە ئەدەبییەکان، ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان، چالاکوانان، نوێنەرانی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) و ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک (مەسەدە) بەشداربوون.
پاش ئاشکراکردنی بەرنامەی وۆرک شۆپەکە و وتەکانی هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد، دانیشتنەکانی وۆرک شۆپەکە دەستی پێ کرد.
گرنگی پتەوکردنی یەکڕیزیی کوردی
لە دانیشتنی یەکەم بە ناونیشانی "گرنگی پتەوکردنی یەکڕیزیی کوردی" نووسەر و ئەندامی نووسینگەی یاسایی پاری دیموکراتیکی پێشکەوتووخواز لە سوریا، فارس عوسمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) محەمەد ئیسماعیل و لێکۆڵەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی فورات، چنار ساڵەح قسەیان کرد، لەلایەن بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاپرسیی چاڤ، سلێمان ئیلیاس بەڕێوەبرا.
فارس عوسمان ڕایگەیاند زۆرێک لە مێژوونووسان کورد وەک خاوەنی ڕاستەقینەی سوریا پێناسە دەکەن، تیشکی خستەسەر مێژووی تێکۆشانی کورد لە سوریا، لە ساڵی ١٩٣٢ـەوە تا ساڵی ٢٠٠٤، تا ئەوکاتەی لە ساڵی ٢٠١١ بەرامبەر ڕژێم وەستایەوە و بوو بەشێک لە سوریای نوێ.
محەمەد ئیسماعیل تیشکی خستەسەر ڕەوشی ئێستا لەسەر ئاستی خۆجێی و هەرێمی، تیشکی خستەسەر کاریگەری هێزەکانی وەک ئەمریکا و ڕوسیا و هێزەکانی تر لەسەر سوریا، ڕایگەیاند ئەگەر پرسی کورد لە سوریا چارەسەر نەکرێت، ئارامی پێک نایەت، ئەگەر لە سوریاش سەقامگیریی نەبێت لە هەرێمی دەوروبەر سەقامگیری بەدی نایەت.
چنار ساڵەح، تیشکی خستەسەر گرنگی یەکڕیزی کورد بۆ ئایندەی گەلی کورد.
بەشداربووان ڕایانگەیاند دەبێت گەلی کورد ئەو بەڵگانە لە ڕاگەیاندن بڵاوبکەنەوە کە دەری دەخەن، کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنی سوریایە، یەکڕیزی کوردی بناغەیەکی بەهێزە بۆ ئەم هەنگاوە گرنگانە.
ڕەهەندی نەتەوەیی ئەنجامنامەی کۆنفرانسی یەکڕیزی کوردی
لە دانیشتنی دووەمدا بە ناونیشانی "ڕەهەندی نەتەوەیی ئەنجامنامەی کۆنفرانسی یەکڕیزی کوردی"، لێکۆڵەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی فورات، فازڵ محەمەد، لە بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی ڕێکخراوی شەمس، نورا خەلیل، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ڕاگەیاندنی نودەم، مەسعود حامید، قسەیان کرد و دانیشتنەکە لەلایەن ئەندازیار ئەکرەم حوسێن بەڕێوەبرا.
فازڵ محەمەد تیشکی خستەسەر کەموکوڕییەکانی ئەنجامنامەی گشتی کۆنفرانسی یەکڕیزی، ڕایگەیاند خاڵەکانی پێناسەکردنی دەوڵەتی سوریادا ڕوونبوون نیە، لە شرۆڤەکردنی ڕێبازەکانی بەڕێوەبردندا، کەموکوڕی هەیە.
نورا خەلیل. باسی ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی کورد و گەنجان و ژنان و چالاکوانانی مەدەنی کرد، بەتایبەت ئەو ڕێکخراوانەی پاش ساڵی ٢٠١١ بۆ بەڵگەکردنی تاوانەکانی دژی خەڵکی مەدەنی دامەزران. ڕۆڵی گەنجانی کورد زۆر سەرەکییە، لەسایەی ئەوانەدا، گەلی کورد گەیشتووەتە ئاستی ڕێککەوتن. بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت خەباتی زیاتر بکرێت.
مەسعود حامید تیشکی خستەسەر ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە گەیاندنی ناوەڕۆکی ئەنجامنامەکە و بەهێزکردنی یەکڕیزی کوردی، جەختی کردەوە لە بابەتی شرۆڤەکردن و ڕوونکردنەوەی ناوەڕۆکەکەیدا باش ڕووماڵ نەکراوە. دەزگاکان دەیانتوانی سوود لە میدیای دیجیتاڵ وەربگرن، پێویستە لەسەر بابەتی کۆنفرانسەکە بەرنامە بکەن.
بەشداربووان ڕایانگەیاند ئەو ئەنجامنامەیەی لە کۆنفرانسەکە دەرچووە، دەستوورێک نییە، بەڵکو چەند خاڵێکە بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق. ڕوانگەی کوردی لەخۆدەگرێت، دەبێت ڕاگەیاندنی کوردی لەئاستی ئاستی هەنگاوە مێژووییەکانی ئێستەی کۆمەڵگەی کوردی بن.
ڕۆڵی کوردان لە سوریا و بژاردە دەستوورییەکان
لە دانیشتنی سێیەمدا بە ناونیشانی "ڕۆڵی کوردان لە سوریا و بژاردە دەستوورییەکان"، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە، حەسەن محەمەد عەلی، هاوسەرۆکی دەستەی ئابووری بەڕێوەبەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، محەمەد شەوقی محەمەد، پارێزەر موسا موسا قسەیان کرد، دانیشتنەکە لەلایەن هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، نورشان حوسێن بەڕێوەبرا.
حوسێن محەمەد عەلی تیشکی خستەسەر ڕەهەندی نیشتیمانیی ئەنجامنامەکە و ڕۆڵی کوردان لە سوریای ئایندەدا، لە ئەنجامنامەکەدا تیشک خراوەتەسەر ئاستی سوریا و داوای مافی هەموو پێکهاتەکان دەکات. ڕایگەیاند ئەو کۆنگرەیەی لە دیمەشق ئەنجامدرا، هیچ پێکهاتەیەک خۆی تێدا نەبینی، بەڵام کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد، ڕۆڵی کۆنگرەیەکی دیمەشقی گرتە ئەستۆی خۆی و ڕۆڵی ئەو کۆنگرەیەی گێڕا.
محەمەد شەوقی تیشکی خستەسەر سیستەمی مەرکەزی و نامەرکەزی سوریا، ڕایگەیاند پێشتر بەهۆی سیستەمی مەرکەزیی بەعسەوە کورد زەحمەتی زۆری چەشت، وە دەرکەوت ئەزموونی نامەرکەزی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باشترین سیستەمە.
موسا موسا ڕایگەیاند پێویستە لە دەستووردا چەندین خاڵ هەبن بۆ مسۆگەرکردنی مافی کورد و هەموو پێکهاتەکان. دەبێت ئەنجوومەنی دەستووری و دادگای دەستووری هەبێت، بۆیە سیستەمی پەرلەمانی زۆر گونجاوە.
بەشداربووان ڕایانگەیاند ئەگەر ڕێککەوتنێک لەنێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دەسەڵاتی دیمەشق بێتەدی، دەبێت گەرەنتی نێونەتەوەیی هەبێت.
وۆرک شۆپەکە بە دابەشکردنی سوپاسنامە بەسەر کەسانی بەشداربوودا، کۆتایی هات.