بە دیمەن

لە کەرکوک، کۆڕێک دەربارەی "مێژووی ڕاستەقینەی کورد" بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "لە دەرەوەی مێژوو و ناسنامە هەڵبەستراوەکەیدا کورد کێیە؟" کۆڕیک بۆ نووسەر و مێژوونووس سۆران حەمەڕەش سازکرا.

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە، لە هۆڵی شەهید سیروان تاڵەبانی، لە شاری کەرکوکی باشووری کوردستان، بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی رۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، مامۆستا، چالاکوانان و نوێنەری حزب و لایەنەکان، لەژێر ناونیشانی "لە دەرەوەی مێژوو و ناسنامە هەڵبەستراوەکەیدا کورد کێیە؟"، ساڵۆنی شەقامی جمهوری هەستا بە سازکردنی کۆڕێک بۆ نووسەر و مێژوونووس سۆران حەمەڕەش دەربارەی "مێژووی ڕاستەقینەی کورد".

جێگای ئاماژەیە، سۆران حەمەڕەش نووسەر، ئەکادیمی، مێژوونووس و زمانەوانی باشووری کوردستانە و بەھۆی کتێب وتارەکانییەوە ناسراوە، کە نزیکەی ٣٠ ساڵی ژیانی تەرخان کردووە بۆ توێژینەوە لەسەر کورد و مێژووەکەی.

لە سەرەتای کۆڕەکەدا، سۆران حەمەڕەش نووسەر و میژونووس، باسی لە دەستپیکی پرۆژەکەی کرد بۆ ناساندنی مێژووی ڕاستەقینەی کورد کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر گەشتێکی بە مێژووی کوردا کرد و بڕیاری دا زیاتر قوول بێتەوە لەناو میژووی کورد دوور لەو مێژووە هەڵبەستراوەی کە داگیرکەران نووسیویانەتەوە و هەوڵیان داوە کورد وەکو نەتەوەیەکی نەزان و بێ خاک لە قەلەم بدەن، هەروەها ناوبراو ووتیشی، سەد ساڵە مێژوویەکمان بۆ دروستکراوە بۆئەوەی بە کورد بلێن تۆ هیچ نیت، دوژمنان لەسەر داگیرکاری هزری کورد کاریان کردووە، پێویست بوو لە ٣٣ ساڵی ڕابردوو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کارمان لەسەر پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هزری داگیرکاری بکردایە لەڕێگەی خوێندن و پەروەردەوە بەڵام ئەوانەی حکومداری ئەم هەرێمە دەکەن لە مەترسی ئەم داگیرکارییە هزرییە تێناگەن.

ناوبراو ووتیشی، هەموو بەڵگە زانستییە جیهانییەکان دەیسەلمێنن کە کورد سەنتەری سەرەتای شارستانیەت بووە و باوکی شۆرشی کشتوکاڵ کوردە، بەڵام داگیرکەران بەشێوەیەک لە هزری کورد چەسپاندوویانە کە کورد هیچ نیە کە تەنانەت ئەو بەڵگە زانستیانە ڕەتبکەنەوە کاتێک کە دەڵێن کورد سەنتەری شارستانیەتی مرۆڤایەتی بووە.

جێگای باسە، پاش تەواوبوونی کۆرەکە، ئامادەبووان پرسیار و تێبینییەکانیان ئاڕاستەی نووسەر کرد، دواتر کتێبی نووسەر و مێژوونووس سۆران حەمەڕەش بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا و لەلایەن نووسەرەوە واژوو کرا.

'داگیرکەران بۆ خزمەتی ئەجێندای خۆیان میژوی کوردیان شێواندووە'

سەبارەت بە کۆڕەکەی دەربارەی کتێبەکەی، سۆران حەمەڕەش نووسەر و مێژوونووس، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گووتی: "ئەم کۆڕە لە ڕاستیدا لەبەر ڕۆشنایی پەرتووکە نوێکەم "مێژووی بزر" سازکراوە، ئەو کتێبەشم وەکو ناونیشانەکەی دەڵێت، کە ئامانج لی لە دەرەوەی ئەو مێژوو و ناسنامە هەڵبەسراوەی کورد کێیە، کە ئەمانەوێت کورد بناسین وەکو ئەوەی کە هەیە، لە دەرەوەی ئەو مێژووە هەڵبەسراوە، وەکو ئەوەی لە کۆڕکەدا خستمەڕوو من پێم وایە مێژوو وەکو بەڵگەنامەکان مێژوویەکی هەڵبەسراوە، مێژوویەکە کە متمانەی نەکردووتە سەر بەڵگەنامەکان، بەڵکو دەزگا کۆلۆنیاڵیستەکان نووسیویانە بۆ خزمەتی ئەجیندای سیاسی خۆیان، کوردستان دابەش کردووە و ئەو مێژووەی بەدوای دابەشکردنی کوردستان هاتووە خزمەتی ئەو ئەجیندا سیاسیەی کردووە، کە لەو مێژووە هەڵبەستراوە کورد کراوە بە شوان و بێ خاک و نشتیمان، چونکە ئەو مێژووە خزمەتی بە ئەجیندای ووڵاتانی داگیرکەری کردووە".

'دەبێت کورد خۆی بناسێت نەک خەڵکی دەرەوە پێمان بلێن ئێمە کێن'

هەروەها سۆران حەمەڕەش، لە درێژەی قسەکانیدا ووتیشی: "ئەم پەرتووکەو ئەم سیمینارە ئەوە دەڵێن ئێمەی کورد سەرەتای شارستانیەتین و دەبێت خۆمان بناسین وەکو ئەوەی کە هەبووین و هەین، بێ زیاد و کەم، پێویستە لە ڕێگای بەڵگەنامەوە خۆمان بناسین، نابێت خەڵکی لە دەرەوە پێمان بڵێت ئێمەی کورد کێین، خۆمان لە ڕێگای گفتوگۆ و تێگەیشتنەوە بزانین کێین، نەک خەڵک پێمان بڵێت کێین".
         


        

OSZAR »