بە بەشداری ژمارەیەکەی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، نووسەران، توێژەران، کەسایەتییە ئەدەبییەکان، ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان، چالاکوانان، نوێنەرانی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) و ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک (مەسەدە) ، وۆرکشۆپی "یەکگرتوویی کورد: ڕێگاکانی بەهێزکردنی و ئاسۆکانی داهاتوو" لە هۆڵی ئازادیی لە شاری قامیشلۆ بە پێشەنگایەتی ناوەندی توێژینەوەی فورات دەستیپێکرد.
دوای خولەکێک لە ڕێزگرتن و پێشکەشکردنی بەرنامەی وۆرکشۆپەکە، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا قسەی کرد.

ئیلهام ئەحمەد لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و وتی: "هەموو ئەو بڕیارانەی لە کۆنفرانسەکەدا دراون، دەرخەری بەرزترین ئاستی زانست و تێگەیشتنی نەتەوەیی گەلی کوردن لەم قۆناغە مێژووییەدا، زانستێکی لەو شێوەیە لە نێو هەموو لایەنە کوردییەکان بونیادنراوە، هەر کەسێک لەلایەن خۆیەوە بە ڕۆحی بەرپرسیارێتی هەڵدەستێت و دەیەوێت هاوپەیمانێتییەکانی دژی دابەشبوونی کورد دووبارە نەبنەوە."
ئیلهام ئەحمەد لە بەردەوامییدا بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستانی بە هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو پراکتیکی کردنی ڕیککەوتنەکان وەسف کرد و گوتی: "ڕاستییەک هەیە کە ئەم جیاوازی فکرییە کاریگەریی لەسەر دانووستانەکان دەکات، پێویستە نەهێڵین ئەم جیاوازییە ببێتە هۆکارێک بۆ دابەشبوون."
هەروەها ئیلهام ئەحمەد لە بەردەمیدا سەرنجی خستەسەر پرۆسەی چارەسەری و گوتی: "جیاوازی ئایدیۆلۆژی له نێوان هەموو کۆمەڵگاکاندا هەیە، بەڵام هەرگیز نەبووەتە هۆی دابەشبوون و یەکلایەنەبوون، ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ پێشخستنی گەلی کورد و بنیاتنانی سووریای نوێ، دەبێت کۆمەڵگا پارچە نەکرێت، ئەمڕۆ کورد و تورک لە تورکیادا گفتوگۆ دەکەن، ئەگەر ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم هەنگاوە بەڕێوەببەین، دەتوانین هەنگاوی زۆر گرنگ و دروست بۆ داهاتوو بنێین."
وۆرکشۆپێکە لەسەر سێ تەوەر بەناونیشانی "گرنگی بەهێزکردنی یەکڕیزی کورد"، "لایەنی نیشتیمانیی بەڵگەنامەی کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد" و "ڕۆڵی کورد لە سووریا و بژاردە دەستوورییەکان" بەڕێوە دەچێت.
وۆرکشۆپەکە بەردەوامە...