نوێکرایەوە

دوران کاڵکان: پڕۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی هاوتەریبی هەردوولا هەیە

دوران کاڵکان: تا ئێستایش هەموارکردنەوەیەکی بچووکی یاسایی بۆ ئاسایش و گەرەنتی پڕۆسەکە نەکراوە. ڕوونە پڕۆسەکە بە هەنگاوی یەکلایەنە یان تەنها بە لێدوان و ڕاگەیاندراوی نیاز باشی ناڕوات بەڕێوە و پێویستی بە هەنگاوی هاوتەریبی هەردوولا هەیە.

دوران کاڵکان

پەکەکە لە دوای 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ڕێبەرئاپۆ کۆنگرەی ئاوارتەی ١٢ـەمینی خۆی بەست. ماوەی سێ هەفتە بەسەر کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە دا تێپەڕ دەبێت کە تێیدا بڕیاری فەسخکردنی پەکەکە و کۆتایهێنان بە ڕێبازی تێکۆشانی چەکداری درا.

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) پەیوەست بە ڕووداوەکانی پێش و پاشی کۆنگرەی پەکەکەوە پرسیاری لە یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە دوران کاڵکان کرد و بە کۆمەڵێک هەڵسەنگاندنی گرنگەوە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسمانی دایەوە.

دوران کاڵکان بە بیرهێنانەوەی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری لە کەسێتی شەهید عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتوندا دەستی بە قسەکانی کرد و گوتی: "هەندێک کەس و لایەن باسی کۆتایهێنانی پەکەکە دەکەن. ئەمەش قسەی ئەو کەسانەیە کە لە ڕاستییەکان تێناگەن و ڕاستی دەرنابڕنەوە. هەموو ئەو قسانە دەتوانرێت وەک قسەی پوچ دابنرێت. بەڕاستی پەکەکە وەک حەقیقەتی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان بووە موڵکی مێژوو، بە مانای ئازادی و هەبوونی کوردان دێت. گەل گوتی 'پەکەکە گەلە، گەل لێرەیە'. ڕێبەر ئاپۆ پەکەکەی بە پارتی شەهیدان پێناسەکردووە. لە وەها دۆخێیکدا تا گەل هەبێ، تا تێکۆشانی ژیانی ئازادی هەبێت تا بیرهێناوەنەوەی شەهیدانی پەکەکە هەبێت، پەکەکە زیندوو دەبێت. هیچ هێزێک ناتوانێت کۆتای پێبهێنێت و کاریگەرییە مێژوویەکەی لەباربەرێت."

هەڵسەنگاندنی کاڵکان دەربارەی دەسپێکردنی پرۆسەکە:

'پڕۆسەکە بە بانگەوازییەکەی دەوڵەت باخچەلی دەستی پێکرد'

- دەمانەوێت پرۆسەکەمان بۆ هەڵسەنگێنێت، بەبێ کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە چۆن درووست بوو، بەچی شێوەیەک گەیشتە ئەم کاتە. چونکە لەم بابەتەدا هەندێک نزیکایەتی و بۆچوونی جیاواز هەیە. هەندێک پێیان وایە بەهۆیی گۆڕانکارییە هەرێمییەکانەوە بوو، هەندێک پێیان وایە بە هۆی فشارە سیاسی و سەربازییەکانیەوە پەکەکە بڕیارگەلی لەم شێوەیەیی داوە. ئێوە چۆن هەڵیدەسەنگێنن؟

ڕێبەر ئاپۆ دەستپێشخەرییەکی ئافراند. بەڵام پرۆسەکە بە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێنەکرد، بەڵکو بە بانگەوازییەکی دەوڵەت باخچەلییەوە دەستی پێکرد. دەوڵەت باخچەلی نەک تەنها وەک نیازێکی باش نزیکایەتییەکی لەوشێوەیی نیشاندا. لە کۆبوونەوەی گرووپەکەیدا باسی هاتنی ڕێبەر ئاپۆی بۆ پەرلەمان کرد و گوتی، 'دەتوانێت لە گرووپی دەم پارتییدا قسە بکات، گەر پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە دەتوانرێت ئەوە بکرێت، دەتوانرێت مافی هیوایش هەڵسەنگێندرێت' بانگەوازییەکەی لەم جۆرەی کرد. لەسەر ئەم بنەمایە دوای چوار ساڵ ڕێگریکردن چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام درا. لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا عومەر ئۆجالانی برازای ڕێبەر ئاپۆ سەردانی ئیمراڵی کرد. ویستییان لە خواست و وەڵامی ڕێبەر ئاپۆ تێبگەن. ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکە، ڕووداوەکان و بانگەوازییەکەی هەڵسەنگاند و گوتی، 'دەتوانم پرسی کورد لە زەمینەی شەڕەوە بگوازمەوە بۆسەر زەمینەی سیاسەتی دیموکراتیکی  و یاسایی، هێزی تیۆری و پراکتیکی ئەوەم هەیە.' لەسەر ئەم بنەمایە وەڵامی بانگەوازییەکەی دایەوە. دواتر باخچەلی درێژەی بە بانگەوازییەکەی دا و هەندێک کەسی دیکەش بەشداری بوو. ڕێبەر ئاپۆیش بەو دەستپێشخەرییە هەستا و  بەڕێوەبرد. پێویستە بەم شێوەیە لە دۆخەکە تێبگەین.

دەوڵەت گوتی 'پرسێکی بنەڕەتی و هەمیشەی هەیە' و هەنگاوی نا

گەر بەم شێوەیە پرۆسەکە هەڵسەنگێنین دەبینین پرۆسەکە بە هەوڵدانەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەسی پێنەکردووە. بە پێچەوانەوە بە هەوڵدانەکانی دەوڵەتی باخچەلییەوە دەستی پێکرد. دەوڵەت باخچەلی ڕۆشت دەستی ئەندامانی دەم پارتی گوشی. لەسەر خوشک-بریاتەی کورد و تورک کرد. هەر لەوکاتانەدا سەرۆککۆمار تەیب ئەردۆغانیش لە پەرلەماندا باسی لەوەکرد مەترسییەکانی سەر تورکیا زۆرن، پرسێکی بنەڕەتی هەمیشەیی هەیە، باسی گرنگی یەکڕیزی ناوخۆی و خوشک-برایەتی کرد. بەگشتی بانگەوازییەکەی لەوشێوەیەیی کرد پشتگیری دەداتە بانگەوازییەکەی باخچەلی و هەڵسەنگاندنی لەو چوارچێوەیەدا کرد. دواتر باخچەلی هەموو ئەمانەی هەڵسەنگاند و گوتی، 'سەرۆککۆمارمان سەرنجی خستەسەر هەندێک مەترسی، پرسە بنەڕەتییەکانی دەوڵەتەکەمان.' بەم هۆکارە داوای کرد ڕێبەر ئاپۆ بێتە پەرلەمان و لە گروپی دەم پارتییدا قسە بکات. یانی ویستی بەم شێوەیە بەشداربێت و دەستنیشانی تورکیا لە ئێستادا پێویستی بەمە هەیە. دوابەدوای ئەوەش پەیوەست بە ڕێبەر ئاپۆ گوتی، 'ماوەی ٢٦ ساڵە مرۆڤێکمان لەوێدا هێشتووەتەوە. لەم هەموو ماوەیەدا جگە لە قسەکردن دەبارەی بەرژوەندییەکانی گەل و وڵاتەکەمان هیچ شتێکی دیکەمان لێوە نەبیستووە. یانی هەموو ڕۆژ و ماوەی ٢٦ ساڵ لەسەر ئەم بنەمایە ژیاوە. هیچ زیانێکی بۆ ئەم وڵات و کۆمەڵگەیە نەبووە'. خودی باخچەلی ئەمەی دەربڕی. هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆی هەڵسەنگاند. ئاماژەی بەوەدا خاوەن هەڵوێستێکی درووست، بڕیاری خوشک-برایەتی کورد و تورکی کردووە بە بنەمای خۆی، چارەسەرکردنی پرسی کورد بە دیموکراتیزەبوونی تورکیا لەسەر بنەمای یەکێتی دیموکراتیک دەبینێت. گوتی فکر و هەڵوێستی وی بەم شێوەیە. یانی ئەوەی تەنگاو بووە، سەختی زۆری چەشتووە دەوڵەتی تورکیا بوو.

دەوڵەت باخچەلی گوتی؛ 'دەکرێت لە ئەنادۆڵ دەربکرێین'. ئەم قسەیە، دانپێدانانێکی مەترسییەکی گەورە بوو.

بەڵێ. گوتی 'ئەگەر بەم جۆرە نەبێت دەکرێت لە ئەنادۆڵ نەتوانین بژین'. بە ڕاستی ڕێبەر ئاپۆش ئەمەی دەربڕی. ئەمە مەترسییە بێگومان هەبوو. بۆچی؟ ئەو ڕووداوانەی لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەم لە دەستپێکی ساڵانی ١٩٩٠ەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕوودەدەن، شتێکی بەمجۆرە بەسەر تورکیادا دەسەپێنن. پڕۆسەکە بە شەڕی غەززە دەستیپێکرد، پاشان شەڕی لوبنان و سووریا، گەشتە سنورەکانی تورکیا. کوردستانیشی کرد بە ناوەندی جەنگ.

وەکتر لە کوردستان بە هۆی نکۆڵیکردن لە کوردان شەڕێک لە ئارادا بوو. لە تورکیا یەکێتی نەبوو. لە ڕاستیدا دەوڵەت خۆی لە میساقی میللی دوور خستبووەوە کە وەک وڵاتی هاوبەشی کورد و تورک پێناسە کرابوو. هەربۆیە بەرخۆدانێکی سەد ساڵە لەلایەن کوردەوە هەبوو. پەنجا ساڵی دواییش لە لایەن پەکەکەوە ئەنجامدرا.

لە دوای ئەوەی پیلانی لەناوبردن شکستی هێنا...

لە دوای ٢٤ی تەمموزی ٢٠١٥ەوە لەسەر بنەمای چالاکی لە ناوبردن، لە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکییەوە تا بۆمبی کیمیایی بە هەموو جۆرە چەکێک و شێوازێک، بە پێشێلکردنی پێوانە یاسایی و ئەخلاقی هێرشێکی هاوبەش ئەنجام درا. لەسەر ئەم بنەمایە پشتیوانی ئەمریکا و ناتۆی وەرگرت. هەروەها لە لایەن پەدەکە و هاوبەشە کوردەکانییەوە هاوکاری وەرگرت. لەم شەڕەدا کە بە بانگەشەی ئەوە دەستی پێکرد کە لە ماوەی یەک دوو ساڵدا پەکەکە لە ناودەبات، نەیانتوانی ئەنجام بەدەست بهێنن. ئەم شەڕە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوامبوو. لە سەرەتای هەر ساڵێکدا دەیانگوت ئەمساڵ لەناوی دەبەین، بەڵام بۆ ماوەی ١٠ ساڵیش نەیانتوانی تەنانەت بستێکیش بەرەو پێشەوە بچن. پلانەکانیان شکستی هێنا. پلانی چالاکی لەناوبردنیان شکستی هێنا. ئاماژەی بەوەشکرد، بە شەڕێکی لەو شێوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین تورکیا ناتوانێت لە شەڕی هەژموونخوازی نوێدا بمێنێتەوە، ئەگەر لە شەڕی کوردیشدا سەربکەون، ئەوا ناتوانن لە ئەنادۆڵ بمێننەوە، ئەنادۆڵیشیان لە دەست دەچێت. ئەو قسانە زۆر مانادار بوون.

'بەشەڕ کردن لەگەڵ کوردان ناتوانن لە ئەنادۆڵ بمێننەوە'

دوای ئەوەی مەترسی ئەو ڕۆژانە بینران، ئایا هاتنیان بۆ ئەنادۆڵ و هاوپەیمانییەکانیان بۆ مانەوە لەوێ لەبیر بوو؟ ئایا ئەو هاوپەیمانێتییەیان بە بیرهاتەوە؟

ناوەڕۆکی ئەو ڕستەیە بەم شێوەیە بوو: کێ دەرگای ئەنادۆڵی لە تورکەکان کردەوە؟ کوردان کردیانەوە. هاوپەیمانی کورد-تورک، پەیوەندی نێوانیانی کردەوە. سەرکەوتنی مەلازگرت ئالپارسلان سەرکەوتنێک بوو لەسەر بنەمای هاوپەیمانی کورد-تورک بوو. ئەوکات سەلجوقیەکان ئەمەیان دەگوت نەوەى ئالپارسلان سولتان سەنجەر یەکەم کەس بوو کە ناوی کوردستانی بەکارهێنا. هاوپەیمانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد پێناسە کرد، بە فەرمی کرد. ئەمە چی نیشان دا؟ نیشانی دا کە تورکییەتی ئەنادۆڵ بەبێ کورد نابێت. بە شەڕ لە دژی کوردان، بە لەناوبردنی کوردان ناتوانن لە ئەنادۆڵ بمێننەوە. ئێمە ئەمەمان دەبڕی. ڕێبەر ئاپۆ دەیان ساڵە ئەم قسەیە دەکات. لە ڕاستیدا پەکەکە ئەم بۆچوونانەی خستە ڕوو. واتا بە وتنی ئەگەر بەم شێوەیە کورد لەناو ببەیت، ناتوانیت لە ئەنادۆڵ بمێنیتەوە، نیشانی دا کە هەبوونی دیموکراتیکانەی تورک بە ئازادی کوردان بەدی دێت.

لە ڕاستیدا پەکەکە بە تەواوی لەسەر ئەو زیهنیەتە دامەزرا. ڕاگەیاندراوەکەی باخچەلی ڕاستی بۆچوونەکانی پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆی پشتڕاستکردەوە. باخچەلی کاتێک بۆ ڕێبەر ئاپۆ باسی ئەم تایبەتمەندییانە دەکات، هەندێک خۆی بەم یەکێتییە سپارد. بینی هەرچییەک بکەن، عەبدوڵا ئۆجالان دەستبەرداری حەقیقەتی خۆی نابێت، دەست لە یەکێتی دیموکراتیکی تورکیا لەسەر بنەمای ئازادی کوردان هەڵناگرێت. لەم پرسەدا پێداگری ڕێبەر ئاپۆ، ئیرادە، ڕوونی و متمانەی ئەوی بەخۆوە بینی.

- ئەوکات ئەم دەستنیشانکردنانەی تێزەکانی وەک 'لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ٧ی تشرینی یەکەمدا بە شەڕی حەماس دەستی پێکرد کاتی ڕێکخستنی کۆتایی دێت'، 'توانای سیاسی و سەربازیی پەکەکە نەماوە' یان 'پەکەکە بەرەو هێڵێکی ڕیفۆرمخوازانە دەڕوات'، هەموویانی پووچەڵ دەکاتەوە.

پێش هەموو شتێک پەکەکە ڕێکخستنێک نییە. دەبێت وەها نەبینرێت. ئەوانەی هەوڵی تێگەیشتن لێی دەدەن ئەمە دەڵێن؛ تەڤگەرێکی کۆمەڵگەییە. واتا ڕێکخستنێکی بەرتەسک نییە کە تەنها پشت بە هێزی چەکداری ببەستێت. ئەگەر وا بوایە ٥٢ ساڵ نەیدەتوانی ئیدارە بکات. بەڵێ ڕەنگە کاتی ڕێکخستن تێپەڕیبێت، بەڵام پەکەکە بانگەشە بۆ ناڕێکخستن ناکات.

پەکەکە بە بەو بڕیارانەی لە کۆنگرە داویەتی ناڵێت خۆتان بە ڕێکخستن مکەن، کۆتایی بە ڕێکخستن بهێنێت. پەکەکە لە پێناو سەرکەوتنی پڕۆسەکەدا ئەو بڕیارەی داوە. ئەوەی کردویەتی سڕینەوەی خۆی نییە. پەکەکە نکۆڵی لە ڕابردووی خۆی ناکات. بەپێچەوانەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕابردوو دەکات، هەلومەرجی سەرهەڵدانی ڕێکخستنی پەکەکە هەڵدەسەنگێنێت، دەڵێت ئەمە دۆخێکی پێویستی بوو، تیشک دەخاتە سەر مەزنایەتی تێکۆشان و مێژووییبوونی و سەرکەوتنە گەورەکانی پەکەکە، ئەمانە دەکاتە بنەمای خۆی، وەک میراتێک دەیانبینێت و خاوەندارێتییان لێ دەکات. هەربۆیە نکۆڵی لە ڕابردوو ناکات. بەپێچەوانەوە بە خاوەندارێتی لە ڕابردوو، داهاتووی لەسەر دەئافرێنێت.

'پەکەکە ڕێکخستنێکی چەقبەستوو نییە'

چی هەڵدەسەنگێنێت؟ ئینکار و چەقبەستوو نییە. ڕەخنە و ڕەخنەداین دەکات. واتە ئەو سەردەمەی پەکەکە دروست بووە، هەلومەرجی سەربازی و سیاسی هەڵدەسەنگێنێت. لەو سەردەمەدا کورد و جیهان، هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ناوین جیاواز بوو. هەروەها ئەو پێکهاتە فیکریانەی کە لە جیهاندا زاڵ بوون بەسەر مرۆڤایەتیدا جیاواز بوون. ئێستا گۆڕانکاری بنەڕەتی لە هەموو ئەمانەدا ڕوویداوە. بە پێی بە ئەم گۆڕانکارییانە دەڵێت دەبێت ئێمەش بگۆڕێین.

چی ئاشکرا دەکات؟ ڕابردوو، کە لە لایەنی مێژووییەوە تەمەنی پڕ بووی دەکاتە ماڵی مێژوو و مێژووی نوێ دروست دەکات. واتە ڕەخنە دەگرێت، ڕەخنەداین دەکات. بەم شێوەیە دەگۆڕێت، خۆی دەگۆڕێت. واتە شۆڕشگێڕانەیە. شۆڕشگێڕان دەتوانن گۆڕان و گۆڕانکاری بکەن. چەقبەستووەکان دەتوانن ئێستا دووبارە بکەنەوە.

لە ساڵانی شۆڕشدا وتەیەکی زۆر جوانی لینین هەبوو. لە سەردەمی پرۆسەکانی شۆڕشدا، کاتێک هاوپەیمانی نوێ، فۆڕمی نوێی چالاکییان دەست پێدەکرد، گروپی پێشووی بەلشەفییەکان دەیانگوت، فڵان شتمان کرد، هەندێک هەڵدەستان و دەیانگوت با ئەوانەی پێشوو دووبارە بکرێنەوە. لینین پێی دەگوت 'ئەو کەسانە چەقبەستوون کە لە گەنجیدا وشەکان فێربوون و لەبەریانکرد تا مردن دووبارەی دەکەنەوە'. بۆیە ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمە بەم شێوەیە ناکرێت، پێویستە شۆڕشگێڕان بەپێی بارودۆخی نوێ گەشە بکەن و بگۆڕدرێن، ئەمەش پێویستی شۆڕشگێرییە. ئەمە بیرۆکەی لینین خۆی بوو، بەڵام بە ناوی لینینیزمەوە لە جیهان نزیکایەتی، فکر و تەڤگەرە زۆر چەقبەستووەکان ئافرێنران. لە جیهاندا دروست بوون. ھەندێک لەسەر ئەم بنەمایە ھەڵدەسن و لە پەکەکە نزیک دەبنەوە.

زەمینەی دەستپێکێکی نوێ...

ئەمەش توانای تێکۆشانی گەلی کورد دەرباز دەکات. توانای تێکۆشانی گەلی کورد کۆتایی نەهاتووە. بەڵی سنوری هێزیان هەیە، خاوەنی سەرچاوەی زۆری ماددی نین، بەڵام لە ڕووی مێژووییەوە گەلێکی تێکۆشەرە. خاکەکەیان بەرهەمدارە، دەتوانن بژین. لە چوارچێوەی سیستەمی دەسەڵات و دەوڵەتی پێنج هەزار ساڵەدا، هەمیشە لە بەرانبەر هێرشی سەختەکانی وەک کۆمەڵگەی عەشیرەت بەرخۆدانی کردوە و بەم شێوەیە درێژەیان بە هەبوونی خۆیان داوە. مێژوویەکی وایان هەیە. هەربۆیە هەڵەیە بگوترێت، توانای تێکۆشان و بەرخۆدانی گەلی کورد کۆتایی هاتووە. کۆتایی نایەت. پەکەکە پرۆسەی نوێی تێکۆشانی دەستپێکرد. کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە ئەمەی هەڵسەنگاند. وەک بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەمە دەدەین، بەڵام ئەمە کۆتایی نییە. بە پێچەوانەوە زەمینەسازییە بۆ دەستپێکێکی نوێ. ئەمە سەرەتای پرۆسەیەکی نوێی تێکۆشان بوو.

باشە، لێرەدا چی گۆڕاوە، چی کۆتایی هاتووە؟ پرۆسەی تێکۆشان کۆتایی نەهاتووە. توانا و هێزی گەلی کورد بۆ تێکۆشان کۆتایی نەهاتووە، فیداکاری و بوێری ژنان و گەنجانی کورد کۆتایی نەهاتووە. پەکەکە چالاکییەکانی دیح و شەمزینانی ١٥ ئابی ١٩٨٤ ستراتیژی شەڕی ڕزگاری نەتەوەیی دەستپێکرد، ئەوەی  کۆتایی هات ئەمەیە. تێکۆشان کۆتایی نەهاتووە. تێکۆشان لەسەر ستراتیژی شەڕی ڕزگاری نەتەوەیی دامەزراوە. ئەوەی کۆتایی هات، هێزی بەرخۆدان و شەڕ و تێکۆشانی گەلی کورد نییە بۆ ئازادی. ئەوەی کۆتایی دێت، ستراتیژی و تاکتیکی تێکۆشانە کە تەمەنی پڕ کردووە. گۆڕانکارییەکە بەپێی پێویستی پرۆسەکە.

'چی دەبێت با ببێت گۆڕانکاری دەکەین' 

ئەمە دۆخێکی نوێ نییە کە سەریهەڵداوە. لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ەوە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لە هەر دەرفەتێکدا گۆڕانکاری لە ستراتیژدا دەخەنە ڕۆژەڤەوە. لە ساڵی ١٩٩٣ بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست خستیانە ڕۆژەڤەوە. هەروەها لە ئاگربەستی ١ی ئەیلولی ١٩٩٨ ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوونی وتی: 'چی دەبێت با ببێت ئەم گۆڕانکارییە دەکەین'. ئەم گۆڕانکارییە بە هێرشی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ڕێگری لێکرا. فشار لە پەکەکە کرا، بۆ ئەوەی بیخەنە نێو شەڕێکەوە کە هەندێک بەپێی بەرژەوەندی خۆیان ئەم شەڕە بەکاربهێنن. پەکەکە نەیتوانی خۆی لەمە ڕزگار بکات. ئێستا خەریکە خۆی ڕزگار دەکات. هەربۆیە هەموو ئەو جۆرە نزیکایەتیانە هەڵەیە. 

با ئەمە بڵێم: پەکەکە ٤٨ ساڵە تێکۆشانی چەکداری ئەنجام دەدات، ٤١ ساڵە لەسەر بنەمای ١٥ی ئاب شەڕی گەریلای ئەنجام دەدات. ئەم شەڕە شەڕێکی بێ پچڕانە، بەڵام بەرخۆدانی سەرەکی چەکداری لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٧٧ بۆ تۆڵەسەندنەوەی هاوڕێ حەقی قەرار دەستی پێکرد. لەو کاتەوە ٤٨ ساڵە بەرخۆدانی چەکداری بەڕێوەدەچێت. ئەمەش لەسەر بنەمای ستراتیژی ڕزگاری نەتەوەیی بوو و لەسەر ئەو بنەمایە شەڕی گەریلا بەڕێوەچوو. ئێستا دەڵێن، بۆچی دوای ئەو هەموو شەڕە دەست لە شەڕ هەڵدەگرن؟ باشە، ئایا ئەم گەلە هەمیشە شەڕ دەکات؟ بە واتایەکی تر ئایا کورد هەموو تەمەنی خۆی بە شەڕەوە بەسەر دەبات؟ هەندێک کەس خۆیان زۆر بە ئاقڵ دەزانن. ئەگەر ئەوەندە تامەزرۆی شەڕن، با خۆیان شەڕ بکەن. ئەگەر ئەوەندە ئاشقی شەڕن، با نەوەستن، با شەڕ بکەن. کێ دەستی گرتوون؟ 

'پێوانی شۆڕشگێڕی ئاستی ئایدۆلۆژیاکەیەتی'  

ئێستا هەندێک کەس هەوڵ دەدەن بۆ پەکەکە باسی شەڕ بکەن، وانەی شەڕی پێ بڵێنەوە. دەیانەوێت وانەیە بە گەریلا بڵێنەوە، باس لە گرنگی شەڕ دەکەن، مانای شەڕ دەکەن. پەکەکە ٤٨ ساڵ تێکۆشانی چەکداری ئەنجامدا، ٤١ ساڵە بەبێ پچڕان شەڕی گەریلای ئەنجام دا. با هەرکەسێک سەیری واقیعی خۆی بکات و بەو پێیە قسە بکات. ئێستا کە دەمانەوێت کۆتایی بە بەرخۆدانی چەکداری بهێنین، دەڵێن لە شۆڕش دوورکەوتوونەتەوە. ئەوانەی دەڵێن؛ 'ڕێبازی توندوتیژی چەکداریی شۆڕشگێڕییە، ئەوەی دوورە لە توندوتیژی چەکداری شۆڕشگێڕ نییە، ڕیفۆرمیزمە'، هەڵەن. پێوانەی شۆڕش ئاستی ئایدۆلۆژیاکەیەتی. تێکۆشانێک چەندە لە لایەنی ئایدۆلۆژییەوە قوڵ بێت، چەندە بتوانێت گۆڕانکاری ئایدۆلۆژی بکات ئەوندە شۆڕشگێڕە. چەندە کەم بکات، ناتوانێت گۆڕانکاری ئایدیۆلۆژی بکات، ئەوە ڕیفۆرمیزمە، پاسیفیزمە، هەربۆیە شۆڕشگێڕ نییە. واتا پێوانەی شۆڕشگێری هەرگیز توندوتیژی چەکداری نییە. ئەوانەی دەیکەن بە پێوەری خۆیان،تەنها هێزی دەسەڵاتدار و دەوڵەتن. هەربۆیە هەموو ئەو قسانە بێمانایە. وەک تەڤگەر بۆ گۆڕانی ستیراتیژیی  بە بەکارهێنانی ئامراز و ڕێبازەکانی تێکۆشانی ئەم سەردەمە لە ناو هەوڵداین، تێکۆشان بۆ گۆڕان و گۆڕانکاری دەکەین. ئەمەش بۆ پێکهاتەی ڕێکخستینیمان پەیوەندیدارە. 

لە دوای ئەم هەڵسەنگاندنانەتان، ئەم پرسیارە بە بیری مرۆڤدا دێت؛ مۆدێلی ڕێکخستنی نوێ چۆن دەبێت؟ لەبەر ئەمە زۆر تاوتوێی لەسەر دەکرێت. 

تاوتوێ لەسەر ڕێ و ڕێبازەکانی پرۆسەی نوێ دەکرێت. هەربۆیە قورس یەکسەر بڵێین بەم شێوەیە، قسەی واش ڕاست نییە. ئەمەش لە ڕێگەی گفتوگۆ و تێکۆشان و لێگەڕێنەوە ڕوون دەبێتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە پەکەکە نازانێت چی بکات. بەو مانایە نییە کە پەکەکە لە دۆخێکی نادیار و مەنگدایە. نا، وا نییە. پەکەکە لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ ەوە لە پرۆسەی گۆڕینی پارادایمەکەیدایە. ئەگەر کاتێکی دیاریکراو بدرێت، لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە کۆتایی بە پارادایمی دەوڵەتخوازی هێنا. شارستانیەتی دیموکراتیک، یان پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک وەک بنەما وەرگرت. واتە پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئازادیپارێزی ژن و ئیکۆلۆژیای کردە بنەما. ڕۆشتە ناو پرۆسەی گۆڕانکاری و گۆڕینی بنەڕەتی پارادایمەوە. ئەو ڕووداوانەی ئێستا ڕوودەدەن لەو کاتەوە دەستیان پێکردووە. تەنها نوێ نەکەوتوونەتە ڕۆژەڤەوە. تیۆری، گفتوگۆی ئەمە، هەوڵە پراکتیکییەکانی تازە دەستی پێنەکردووە. ئەوانەی دەڵێن تازە دەستی پێکردووە بێ ئاگان لە ڕابردوو. هەربۆیە هەنگاوەکان لەم چوارچێوەیەدا لە ماوەی پرۆسەی ٢٠-٢٥ ساڵدا نرا، بەڵام نەتوانرا هەندێک هەنگاو بنرێت. لەگەڵ کۆنگرەی ١٢دا ئەو هەنگاوانانەی نرا، دەنرێت، ئیرادە و بڕیاردان بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکی تەواوەتی پارادایم دیاریکرا. 

پڕۆسەی نوێی ڕێکخستنبوون 

ئەوەی ئێستا دەکرێت جێبەجێکردنی تەواوەتی گۆڕان و گۆڕانکارییەکانە بە پێی پارادایمی نوێ. ئەمە چیە؟ پێکهاتە تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکییەی کە لە کاتی دامەزراندنی پەکەکەدا بنەما بووە، دەگۆڕدرێت. بێگومان پێکهاتەی ڕێکخستنیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت. ڕێکخستن بە پێی ڕێبازی تێکۆشان بونیات دەنرێت. ڕێکخستنە کاریگەرەکان و شۆڕشگێڕییەکان بەم شێوەیە بونیات دەنرێن. بە دامەزراندنی ڕێکخستنێک و پاشان دیاریکردنی ستراتیژی و تاکتیکەکەی نابێت. سەرەتا ستراتیژی و تاکتیک دیاری دەکرێت. واتە دیاری دەکرێت چی دەکرێت و چۆن دەکرێت و دواتر ڕێکخستن بونیات دەنرێت. کاتێک ئەو ئەرکە تەواو بوو، ڕۆڵی ئەو ڕێکڕێکخستنەش کۆتایی دێت. بۆیە دەبێت گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ڕێکخستنەکەدا بکرێت. هەربۆیە دەڵێین ڕۆڵی پەکەکە کۆتایی هاتووە. تیۆر، بەرنامە، ستراتیژی و تاکتیکی بنەڕەتی خۆی دەگۆڕێت. باشە، لە کاتی گۆڕانکارییدا پێکهاتەی ڕێکخستنەکەی ناگۆڕێت؟ بێگومان بە پێی ئەرک نوێیەکان ڕێکخستن، ڕێبازی نوێی ڕێکخستن دەئافرێنێت. ئەمە ڕاستە، شۆڕشگێڕی ئەمەیە، ئەمە ڕاستەقینەیە. لەسەر ئەم بنەمایە ڕێکخستنی پێشوو کۆتایی دێت و پڕۆسەی ڕێکخستنی نوێ دەستی پێکرد. 

لە لایەنی ستراتیژییەوە ستراتیژی شەڕی ڕزگاری نەتەوەیی گۆڕانکاری بەسەردا هات. لە شوێنی ئەو ستراتیژیەتی سیاسەتی دیموکراتیک جێبەجێ دەکرێت. سیاسەتی دیموکراتیک دەکاتە بنەمای خۆی. شەڕی گەریلای دەگۆڕدرێت کە فۆڕمی بنەڕەتی شەڕی ستراتیژی شەڕی ڕزگاری نەتەوەییە. واتە پەکەکە ٢٥ ساڵە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بەخۆیەوە دەبینێت. تێکۆشانی، ڕێکخستنەکەی بە پێی ئەمە بونیات دەنێت، لەسەر ئەم بنەمایە چی پێویست بێت دەیکات. 

ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٤دا ئەمەی گوت: ژیانەوە تەواو بووە، کاتی ڕزگارییە'. بەپێی پێویستییەکانی پارادایمی دەوڵەت-نەتەوە، دەبوو ڕزگاری نەتەوەیی لە ڕێگەی شەڕی ڕزگاریخوازی نەتەوەییەوە بەدی بهاتایە. ئەوکات تەواوی پارادایمەکە ئەوە بوو. ئێستا لەگەڵ گۆڕانی پارادایمدا، بە وتنی 'ژیانەوە تەواو بوو، کاتی ئازادییە' دەچێتە شوێنی گوتنی 'ژیانەوە تەواو بوو، کاتی ڕزگارییە'. ئازادی بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەدی دێت. 

دەکرێت ئەمە بپرسین؛ پرۆسەی نوێ چۆن گەشە دەکات؟ قورسە ئێستا باسبکرێت، وا دەبێت، پارتێک بەم ناوەوە دادەمەزرێت، ئەم هەنگاوە لە فڵان جێگایەکدا دەگیرێتەبەر و هتد، بەڵام چوارچێوە و ئامانجی گۆڕان و گۆڕانکاری وەک وتم. ئەم پڕۆسەیە لە ساڵی ٢٠٠٤ بە گۆڕینی پارادایم دەستی پێکردووە. ئێستا بە قووڵبوونەوە بەردەوامە. پرۆسەکە لەسەر بنەمای گۆڕان و گۆڕانکاری بەرەو پێشەوە دەڕوات. 

ئاماژەت بەو فاکتەرانە کرد کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە ڕێگر بوون لە پرۆسەی گۆڕان و گۆڕانکاری. ئێستا هیچ فاکتەرێکی هاوشێوە هەیە، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی؟ 

لەم دۆخەی ئێستادا ئاستەنگەکان زۆرن. مرۆڤ لەبری ئەوەی بڵێت ئاستەنگ هەیە، پێویستە بپرسێت تا چەند ڕێگای بەدیهێنانی ئەمە کراوەیە. دەبێت بۆ ئەم پرسیارە 'بە شێوەیەکی کراوە' وەڵام بدرێتەوە. ناتوانین بڵێین 'ڕێگەی پێشەوەی کراوەیە، سیاسەتی دیموکراتیک بە ئاسانی جێبەجێ دەکرێت، ئێمە لە کەشێکی وەهاداین کە سیاسەتی دیموکراتیک باڵادەستە، هەربۆیە بە دەتوانین داواکارییەکانمان بەدی بهێنین'. کەشێکی وا ئاسان نییە. تێکۆشان دەکەین بۆ لابردنی ئاستەنگیەکان، ڕێگە بۆ پرۆسەکە دەکەینەوە، هەلومەرجی سیاسەتی دیموکراتیک بئافرێنین. واتا دۆخێکی ئامادەکراو نییە. 

'دەبێت وڵات بگۆڕدرێت' 

لەم خاڵەدا ڕێبەر ئاپۆ خۆی گۆڕاو، گۆڕیوە. بە گۆڕان و گۆڕانکاری خۆی دەیەوێت گۆڕان و گۆڕانکاری پێویست لەناو تەڤگەری ئازادیی کورددا بکات. لەگەڵ گۆڕان و گۆڕانکارییەکانی ناو تەڤگەری ئازادیی کورد، دەیەوێت وڵات بگۆڕێت. بە نەهێشتنی عەقڵیەت و سیاسەتی فاشیست، قڕکەر و نکۆڵیکەر لە تورکیا هەوڵدەدات دیموکراتیکبوون لە تورکیا بەدیبهێنێت. هەربۆیە ئاستەنگەکان زۆرن. دۆخی ئێستای تورکیا بەتەواوی بەربەستە. پێکهاتەی دەوڵەتی ئێستا، پارتە سیاسییەکانی... کاتێک باس لە دیموکراتیکبوون دەکرێت، دەڵێن 'باشە'، بەڵام مەبەستیان بۆ دیموکراتیزەکردن جێگەی تاوتوێکردنە. 

بۆ نموونە؛ ئاکەپە دەڵێت 'تورکیا دەوڵەتی یاسایە، دیموکراسی هەیە، - مەبەست پەکەکە- تەنها بەڵایەکی تیرۆری هەیە، دوای ئەوەی لێی ڕزگارمان دەبێت کێشەکە کۆتایی دێت'. هێشتا نزیکایەتیەکی بەمجۆرەی هەیە. نەیتوانیوە خۆی لەمە ڕزگار بکات. 

'هەڵوێستی ئیدارەی جەهەپە گرنگە، بەڵام...' 

ئیدارەی ئێستای جەهەپە لە ئاستێکی وەهادایە کە لە پێشوو زیاتر لە پێشە. هەروەها دەڵێن، 'ئەگەر هاووڵاتیانی کوردی ئێمە بڵێن پرسێک هەیە، ئەوا هەیە و کە دەڵێن چارەسەر بووە، ئەوا ئەو پرسەکە چارەسەر دەبێت'. ئەمەمان زۆر گرنگ و مانادار بینی، بەڵام لەو چوارچێوەیەدا ئەمەدا بەرنامەیەک بونیات نەنرا، پڕۆژەیەک نەئافرێنرا، تێکۆشانێک لەسەر ئەم ئیرادە بەڕێوەنەچوو و هەنگاوی پراکتیکی نەنراوە. کادرە پلە باڵاکانی جەهەپە ئەمەیان وت. ئیدارەکانی تر و دەوروبەریان، بە پێچەوانەوە درێژە بە ڕێبازە نەتەوەپەرەستی دەدەن کە نکۆڵی لە کوردان دەکات، زۆرترینیان ئەوانەن لە بەرانبەر پرۆسەی گۆڕانکاری دژایەتی دەکەن. 

بۆ نموونە لە زۆر پرسدا هەندێک خاوەن هەڵوێستێکی وەهان کە ناگاتە ڕاپۆرتی ساڵی ١٩٨٩. کەوتوونەتە دۆخێکی زۆر دواکەوتووانە. هەربۆیە ڕێبەر ئاپۆ سڵاوی بۆ جەهەپە نارد و وتی: 'لەگەڵ ئەرداڵ ئینۆنۆ ویستمان هەندێک شت بکەین، بەڵام نەمانتوانی بیکەین، بەڵام دەمەوێت درێژە بەمە بدەم'. بێگومان بازنەیەک هەیە (جەهەپە) کە لەو زیاتر لە دواوەیە، بەڵام ئیدارەی ئێستا هەڵوێستێکی پێشکەوتووتر لە پێشووتر نیشان دەدات. پارتەکانی دیکە لە پەرلەمان دەڵێن 'ئێمە پشتگیری' دەکەین، بەڵام پشتگیری چی دەکەین؟ مەبەستیان لە دیموکراتیزەکردنی تورکیا چییە؟ چۆن پێناسەی پرسی کورد دەکەن؟ چ جۆرە چارەسەرێک پێشنیار دەکەن؟ بەشداری کام چارەسەر دەبن؟ هەڵوێستیان لەسەر هەموو ئەم پرسانە ڕوون نییە. 

هەروەها لەناو بازنەی چەپ و سۆسیالیستیشدا بەشێک هەیە کە هەوڵی تێگەیشتن دەدات. ئەمەش ئەرێنییە، بەڵام لەوێدا دۆخێکی تەماوی هەیە. هەندێک دەڵێن 'بۆچی دەستیان لە شەڕ هەڵگرت'، هەندێک دەڵێن 'بۆچی شەڕ هەبوو' دۆخێکی پشێوی هەیە. واتا نزیکایەتی بۆ داننان بە ئیرادەی ئازادی گەلی کورد نییە. دەڵێن، 'مافی دیاریکردنی چارەی خۆنوسی نێتەکانی چارەسەری پرسەکانی کوردە'، بەڵام دەیانەوێت خۆیان دیاری بکەن کە چارەسەر چی دەبێت و چۆن دەبێت. بهێڵن با کورد خۆی دیاری بکات. 

ئێوە دەڵێن لە کاتێکدا بەرەی کوردی هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەیە، لە بەرەی بەرامبەردا هەڵوێستی یەکگرتوو نییە.

ئایا ئەمە لەهەمان کاتدا دۆخێکی مەترسیدار نییە؟

بەڵێ زۆر ئاڵۆزە، دوو لایەنە و ململانێی ناوخۆیی بۆ دەسەڵات زۆر بەهێزە. هەروەها کەسانێک هەن دەیانەوێت بیکەن بە ئامرازێک بۆ ململانێی بۆ بەرژەوەندییەکان. ئەوەی ئێمە بینیمان و ئەوەی لە گفتوگۆکانی دوای کۆنگرەدا ڕوونتر بووەوە، ئەوە بوو کە بەشێکی زۆر گەورە لە ڕانتخۆرەکان هەن کە لە ململانێی پرسی کورددا سوودمەند بوون و لەم شەڕە سوودمەند بوون و نابێ گرنگی بەو بانگەشانەیان بدەین کە دەڵێن "ئێمە دژی تیرۆرین، ئاشتیمان دەوێت". ئێستا کە پەکەکە دەڵێت "چیتر ئەم شەڕە کۆتایی پێ دەهێنم" هەمووان سەریان سوڕماوە. ئەوان بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵ دەدەن ڕێگری لەم هەنگاوەی پەکەکە بکەن. دەرکەوت کە ئەوان لەم شەڕە ڕانتخۆریان کردووە و سوودمەند بوون.

کاتێک پەکەکە بڕیاریدا 'چیتر شەڕ ناکەم'، هەمووان کەوتنە سەرلێشێواوییەوە

وەک دەزانرێت هەندێ کەسانی دەسەڵاتدار هەیە چارەسەرنەکردنی پرسی کورد بە قازانجی خۆیان دەزانن. ڕوانگە و رێبازیان لەم پرۆسەیەدا چۆن دەبینیت؟

پرسی کورد پرسێکە کە لەسەر بنەمای هێرشێکی داگیرکاری-جینۆساید بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و دابەشکردنی کوردستان لە لۆزان و لەبەرچاونەگرتنی گەلی کورد دروست بووە. ئەمەش لە کاتێکدا کە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هۆکاری دروست بوونیە لە کاتێکدا کە دەیویست ببێتە پێکهاتەیەکی هەژموونی جیهانی. جیهانی هەژموونی دەوڵەتی کە لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم و دوای جەنگی جیهانی یەکەم دروست بوو، لەسەر بنەمای نکۆڵی و لەناوبردنی گەلی کورد دامەزرا. ئەمە ڕاستییەکە. ئەمەیان لەگەڵ حکومەتی تورکیا و ئێران و بەشێک لە دەوڵەتانی عەرەبیدا جێبەجێ کرد. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هێزانەی کە هێرشی داگیرکاری-کۆمەڵکوژییان لە کوردستاندا جێبەجێ کرد و هەژموونییان دامەزراند، دەسەڵاتیان دامەزراند، سیستەم خۆی بە تەواوی، بەرپرسیارە لەم کێشەیە. سەرەتا دەبێت ئەمە ببینرێت. ئەمە دۆخێکی ئاسایی دەسەڵاتداریی نییە. ئەمە شێوازێکی پارچەبوون و ململانیە کە وەک پێش مەرجێک بۆ سیاسەتی پارچەکردن و حوکمڕانی ئەنجام دەدرێت، کە میتۆدی سەرەکی بەڕێوەبردنی سیستەمی سەرمایەداری ئیمپریالیستییە کە ئەنجام دەدرێت.

پرسی کورد پرسێکە کە کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە خستوویانەتە بن داگیرکاری خۆیانەوە دەخاتە ململانێەوە و لە ئەنجامدا هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی ململانێ و شەڕ دەکات. سیستەمی جیهانی بەم شێوەیە پێکهاتووە. هەمووان لەم ململانێانە سوودیان خواردووە. ئێمە بەڕوونی ئەمەمان بینی. بە لێکۆڵینەوە لە ڕاپەڕینەکانی کورد پێش لە پەکەکە بۆمان دەردەکەوێت کە کورد لە ژێر هەلومەرجێکی وەهادا ژیاوە. بە سەرهەڵدان و تێکۆشانی پەکەکە و دەستکەوتەکانی ئەوەمان ڕوونتر بینی، دۆخێک سەریهەڵدا کە تێیدا تەواوی سیستەمی هەژمونی دەوڵەت لەگەڵ گەلی کورد بە پێشەنگایەتی پەکەکەوە ڕووبەڕووی ناکۆکی و شەڕ بووەوە. هەموو کەسێک بەشێوەیەک لەم ململانێیەدا بەشدارن. ئەوان بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی لێ وەردەگرن. ئێستا ئەوان هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەن کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم شەڕ و ململانێیەدا، زیانی ئابووری و سیاسیان بەر دەکەوێت. ئەوان لەڕوواڵەتدا هەمیشە دەیانگوت ئێمە دژی تیرۆرین، بەڵام دەرکەوت کە ئەوان هەمیشە سوودیان لە شەڕ و تیرۆر وەرگرتووە. ئەوان لە شەڕی بەردەوامدا ڕانتیان وەرگرتووە. ئێستا کە پەکەکە دەڵێت من چیتر شەڕ ناکەم، هەمووان کەوتوونە مەترسیەوە. زۆرێکیان لە هێزە هەرێمی و جیهانیەکانن.

ئەمە هەمان ئەو شتە بوو کە ڕێبەر ئاپۆ ناوی نابوو 'تەڵەی کورد'

زۆر لە لایەنەکان ترساون. بۆچی؟ چونکە ئەو قازانجە ئابوری-سیاسیەی کە لە ململانێکان بەدەستیان هێنابوو، ئیتر لەدەستیان نامێنێت. بەتەواوی نیگەران و ترسی ئەوەیان هەیە. بە نهێنی هەوڵی زۆر دەدەن. بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە. مرۆڤ دەبێت بپرسێت تا ئێستا لە کوێ بوون؟ پەکەکە ٤٨ساڵە شەڕ دەکات، ٤١ساڵە بەبێ وەستان شەڕی گەریلایی دەکات. کەواتە ئەگەر ئەوەندە لایەنگری شەڕ بوون، لە کوێ بوون و تا چەند پشتگیریتان لە پەکەکە کرد؟ ئایا ئێوە پشتگیری پەکەکەتان دەکرد یان هەمیشە پشتگیری نەیارانی پەکەکەتان دەکرد بۆ لەناوبردنی؟ ئەوەی بینیمان لە ڕاستیدا بە تەواوی هاندەری شەڕ بوون. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی بە "تەلەی کورد" ناوی بردووە. کورد کەوتۆتە ناو داوێکی لەم شێوەیەوە؛ ئەگەر بەرەنگاری نەبنەوە، ئاسمیلە دەکرێن و لەناو دەچن، ئەگەر شەڕ بکەن، خزمەت بەم ململانێیە و ڕانتخۆرەکانی دەکەن. ئەگەر یەک شت قازانج بکات، ئەوان پێنج قازانج دەکەن. بۆیە هەمووان هەوڵدەدەن ئاڕاستەکردنی ئەم شەڕە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەکار بهێنن.

تەڵەیەکی وەها. کەس نایەوێت ئەمە ببینێت و لێی تێبگات: "کورد گەلێکە، کۆمەڵگەیەکە، ڕاستی هەبوون و ئازادیشی هەیە. ئەوان دەیانەوێت بوونیان هەبێت و بە ئازادی بژین. ئەوان بۆ ئەمە تێکۆشان دەکەن. ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٦ ساڵە لە ئیمرالییە و لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە بەرپرسانی حکومەتی تورکیا دەیانگوت "کار بۆ زلهێزە بیانییەکان دەکات". کاتێک هەڵوێستێکی لەو شێوەیە دەگیرێتەبەر، هەندێک لە زلهێزە دەرەکییەکان دەڵێن "تەسلیم بوو". با شتێکتان پێ بڵێم؛ "ئەگەر دەتانەوێت لێکۆڵینەوە لە شتێک وەکوو فشار بکەن، ئەوا لێکۆڵینەوە لە پرۆسەی دادگاییکردنی ئیمرالی بکەن. دادگاییکردنی ئیمرالی لە مانگی ئایار و حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٩بەڕێوەچوو، چەندین ساڵ تێپەڕی و ئێستا لە ساڵیادی ئەو کاتەداین. لەو کاتەدا بە ڕوونی بینیمان؛ لە زۆر شوێنی جیهانەوە، ئەو حکومەتانەی کە گوایە دۆستی تورکیا بوون و خۆیان وەک هێزی گەورە پیشان دەدا، هەر جۆرە پەیوەندییەکیان بە هەڵوێستی ئاشتیخوازانە و چارەسەری ڕێبەر ئاپۆ نیشاندا. وتیان: "تەسلیم دەبێت" هەموو جۆرە لێدوانێکی هاندەرانەیان دەدا. ئەڵمانیا لە پێشی هەموویان بوو. هەردوو لایەنی ڕاست و چەپ لە ئەڵمانیا هەمان هەڵوێستیان نیشاندا. ئەگەر سەیری ئەرشیفی ڕۆژنامەکان بکرێت، دەبینرێت چییان وتووە. ئێستاش هەمان دۆخ ئەزموون دەکەین.

لەم چوارچێوەیەدا لەبارەی گفتوگۆکانی لۆزانیش هەندێ پرسیار هەیە. بەشێکی دیاریکراو لە تورکیادا دەڵێت بەدیلی لۆزان، پەیمانی سوورە. وەک ڕەخنەکردنێک لە لۆزان، ئاماژە بە پەیماننامەی سوور دەکەن. ئەمە لە ڕوانگەی ئێوەو چون هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن؟

هیچ پەیوەندییەکی نییە. نابێت پرۆسەکان لەیەکتر جیابکرێنەوە. لە ١٦ی ئایاری ١٩١٦دا ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆ واژۆ کرا. ئەمە ڕێککەوتنێک بوو کە لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسییەکان واژۆ کرابوو. دواتر ڕووسەکانیش زیاد کران. دوای شۆڕشی ئۆکتوبەر، حکومەت بە سەرۆکایەتی لنین ئەم ڕێککەوتنەی ئاشکرا کرد. هەموو جیهان درکی بەوە کرد کە خاکی عوسمانی لە نێوان بەریتانیا، فەرەنسا و ڕووسیادا دابەش کراوە. هەموو ئەمانە لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا ڕوویاندابوو. دوای شەڕ و ئاگربەستی مودانیا، هەمان زلهێزان پەیمانی سووریان پەرەپێدا. ئەوان پلانیان دانا کە چۆن ئەو کارە جێبەجێ بکەن کە لە ڕێککەوتننامەی ١٦ی ئایاری ١٩١٦دا ئەنجامدرا، دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا، واتە دوای چوونە دەرەوەی ڕووسیا لە یارییەکە. ئەوان سایکس-پیکۆیان نوێکردەوە. بەپێی دۆخە نوێیەکان کەمێک گۆڕانکاریان بەسەردا هێنا، بەڵام ئەمجارە بەریتانیا و فەرەنسا دەیانویست هەمان کار بکەن. بەڵام رووبەڕووی ناڕەزایەتی بوونەوە لە بزووتنەوەی کەمالیستەکانەوە. بزووتنەوەی کەمالیستیش لە لایەک لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر هێز و پشتیوانی وەرگرت لەلایەکی دیکەوە لە کوردان هێزی وەرگرت. بەم شێوەیە بوو بە بزووتنەوەیەک و دژی داگیرکاریی یۆنان بە سەرکردایەتی بەریتانیا و فەرەنسا وەستایەوە. هەروەها کورد لە باشوورەوە دژی داگیرکاری فەرەنسا و بەریتانیا بوونەوە. بەریتانیا و فەرەنسا بە هەست کرد بەوەی کە ناتوانن بزووتنەوەی کەمالیست بێ کاریگەر بکەن، نەیانتوانی لە یۆنان داگیرکارییەکانیان بە ئەنجام بگەیەنن و بە پشتبەستن بە بزووتنەوەی کەمالیستی هەم بەرەنگاری یەکێتی سۆڤیەت ببنەوە و هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جێبەجێکردنی مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە دەسەڵاتی باشتر بەدەست بهێنن، بە خێرایی ڕێککەوتنی لۆزانیان لەگەڵ بزووتنەوەی کەمالیست لە تەمووزی ١٩٢٣دا واژۆ کرد.

بزووتنەوەی کەمالیستی لە پەیمانی میساقی میللی باجیدا

 بزووتنەوەی کەمالیستی لە پەیمانی میساقی میللی باجی دا. پەیمانی میساقی میللی پێناسەی وڵاتێک دەکات. میساقی میللی وڵات بەم شێوەیە پێناسە دەکات: "ئەو ناوچانەی کورد و تورک تێیدا دەژین. ئەو جوگرافیایەی کە میساقی میللی دیاری کردووە، ئەو ناوچانەیە کە کورد و تورک تێیدا نیشتەجێن. یەکەم باج دان لە ساڵی ١٩٢١ڕوویدا. لەو ساڵەدا ڕێککەوتننامەی ئەنقەرەیان لەگەڵ فەڕەنسا واژۆ کرد، سنووری سوریا به پێی ئەو ڕێککەوتننامەیه دیاری کراوە. پێش لۆزان ئەم ڕێککەوتننامەیە لەگەڵ فەڕەنسا واژۆ کرابوو ئەوی تریان لە لۆزان بوو. پرسەکە کێشەی موسڵ و کەرکوک بوو. هەروەها ئەوەیان ڕادەستی بەریتانیەکان کرد. لە ساڵی ١٩٢١دا ڕۆژئاوای کوردستانیان ڕادەستی فەرەنسا کرد و لە ساڵی ١٩٢٣دا باشووری کوردستانیان ڕادەستی بەریتانیا کرد، لەو کاتەدا هەموو باشوری کوردستان بە پارێزگای موسڵ پێناسە دەکرا، کەرکوکیش گرێدراوی موسڵ بوو. هەروەها لە سەدا ٦٠ی دانیشتوانی پارێزگای موسڵ کورد بوون.

لە میساقی میللی دا، ئەو ناوچانەی کە کورد تێیدا نیشتەجێ بوون بە بەشێک لە وڵات پێناسە کراون

 سەرەنجی ئەوە بدەن کە ڕێکەوتنی ١٩١٦و ڕێکەوتنی سوور ١٩٢٠و ڕێککەوتنی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣وەک ڕێوشوێنی یەک لە دوای یەک پەرەیان پێدرا. سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە سەرکردایەتی بەریتانیا و فەڕەنسا سەرەتا بە دابەشبوونی تەواوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەستی پێکرد. بزووتنەوەی کەمالیزم بە پێناسەی میساقی میللی لە جاڕنامەی ئاماسیا و کۆنگرەکانی سیواس و ئەرزرۆم کوردیان تێکەڵ بە شەڕ کرد. کاتێک گەیشتە ڕێککەوتن لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا، ناچار بوون موسڵ و حەلەب بگرن. حەلەب درا بە فەڕەنسییەکان و موسڵ درا بە بەریتانیەکان و کەمالیستەکانیش ڕازی بوون. سەرمایەداری جیهانی لەسەر ئەم بنەمایە ڕێگەی بە دامەزراندنی کۆماری تورکیا دا. لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣، بەم شێوەیە دەوڵەت دامەزرا. لە پێناسەی میساقی میللی دا، ئەو ناوچانەی کورد تێیدا نیشتەجێ بوون بە بەشێکی سەرەکی وڵات پێناسە کراون. دەوڵەتی تورک بەو شێوەیە دەستبەرداری ناوچەکانی موسڵ و حەلەب بوو.

بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ بەریتانیان و فەرەنسا، بەشێک لە کوردستان فرۆشرا

ئەوان کوردان لەم دۆخە بە بەرپرسیار دەزانن. ڕاپەڕینی شێخ سەعید دەکەنە بیانوو بۆ لەدەستدانی ئەو ناوچانە.

نەخێر، لە ساڵی ١٩٢٠د کاتێک کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کە پێش نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، کۆمیسیۆنێکی ڕێکخست بۆ پەرەپێدانی لایەنە کردەییەکانی ئەم بابەتە. چونکە مەسەلەکە بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی سپێردرابوو. هەروەها کۆمیسیۆنێکیان ڕێکخست. ئەوان دەیانویست ڕیفراندۆمێک لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە ئەنجام بدەن کە لە ئەنجامی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی ئەم کۆمسیۆنە ئامادە دەکرا. بەریتانیا و فەرەنسا و هەروەها تورکەکان نوێنەری کەمالیستەکان لەم کۆمیسیۆنەدا ئامادە بوون. کاتێک ئەم کۆمیسیۆنە گەیشتە موسڵ، کورد بە بینینی سەربازانی تورکیا، دەستیان بە خۆپیشاندانی پشتیوانی کرد؛ "ئێمە عوسمانییەکان و تورکەکانمان دەوێت". شاندەکانی بەریتانیا و فەرەنسا بە بینینی ئەم دۆخە لێکۆڵینەوەکانیان ڕاگرت. ئەوان ڕێگریان لە چالاکییەکانی ئەم کۆمیسیۆنە کرد. شاندی بەریتانیا ڕاپۆرتێکی تایبەتی ئامادە کرد و پێشکەشی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرا و پەسەند کرا. کوردان کە لە ١٠بەشی دانیشتوانەکە ٦ بەشیان پێکدەهێنا، وەک گەلێکی بێ ئیرادە و دواکەوتوو وەسف دەکران کە ناتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و پشت دەبەستن بە یەک لەسەر ١٠ی دانیشتوانی تورکمان لەبەر ئەوەی مابەقی دانیشتوانەکەی عەرەب و چەند نەتەوەی دیکە و مەسیحین، کە ڕەنگە بەریتانیەکانیان بوێت، لەسەر ئەو بنەمایە ڕاپۆرتێکیان ئامادە کرد کە خەڵکی موسڵ حوکمڕانی بەریتانیایان دەوێت. کورد کە شەش لەسەر ١٠ی دانیشتووانی موسڵ پێکدەهێنا، لەلایەن بەریتانیەکانەوە پشتگوێ خران و موسڵ بەو شێوەیە کەوتە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا.

واتە ئەوانەی لە تورکیا دەڵێن 'کورد بەم شێوەیەی ویستووە' درۆ دەکەن به پێچەوانەوه کورد یەکگرتوویی له گەڵ تورکدا دەویست بۆ نموونە شێخ مەحمود بەرزەنجی چەندین نامە بۆ مستەفا کەمال دەنێرێت، کورد نەیدەویست بەم شێوەیە دابەش بکرێت خودی مستەفا کەمال لێدوانی لەبارەی ئەو پەیوەندیو هاوپەیمانێتیانەی کە لەگەڵ کورددا بەستوویەتی هەیە و دەڵێت: "بەبێ کورد نەماندەتوانی حکومەت پێک بهێنین بۆ ئەوەی لە گەڵ بەریتانیا و فەرەنسا ڕێککەوتن بکەن، بەشێک له هەرێمی کوردستانی فرۆشت. ئەوانەی میساقی میللی ڕەتکردەوە و پشتگیری کوردیان نەکرد خۆیان بوون، ئەمەش له نێو کورداندا بووە هۆی بێ هیوایەکی گەورە، ئەو ڕاپەڕینانەی کە لە ساڵی ١٩٢٥بە پێشەنگایەتی شێخ سەعید دروست بوون بەتەواوی لەوەوە سەرچاوەیان گرت. وتیان: "تۆ بەڵێنەکەت جێبەجێ نەکرد و دان بە سەربەخۆیی ئێمەشدا نانێیت." ڕاپەڕینەکەی شێخ مەحمودی بەرزەنجی بەهەمان شێوە لەوەوە سەرچاوەی گرت. ئەوان بە تووڕەییەوە بە کەمالیستەکانیان گوت: "سەرەڕای میساقی میللی، ئێمە فریومان خوارد." لە دژی حکومەتی بەریتانیا سەرهەڵدانیان کرد و بەرخۆدان و ڕاپەڕینەکان بەم شێوەیە پەرەیان سەند.

بەبێ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ڕابردوو بکرێت، داهاتوو بنیات نانرێت

هەندێک لایەن دەڵێن: "باسکردن لەسەر ئەمە سوودی چییە؟" ئێستا بەبێ هەڵسەنگاندنی ڕابردوو، هیچ کات داهاتوو بنیات نانرێت. بەتایبەتی هەندێک لایەنی راگەیاندنی کە خۆیان بە لایەنی جەهەپە دەزانن یان لەدەوری جەهەپەدان؛ دەڵێن بۆچی لۆزان تووشی کێشە دەبێت، بۆچی لەگەڵ کۆماردا تووشی کێشە دەبن، هەموو ئەمانە ڕاست بوون. باشە ئەگەر ڕاست بوو بۆچی گەیشتوینەتە ئەمڕۆ؟ دۆخی ئێستای تورکیا لە ئاسمانەوە دانەکەوتووە! ئەو کۆمارەی کە لە لۆزانەوە پەرەی سەند، دواجار گەیشتە ئەو ئاستەی "کێشەی مانەوەی" بۆ دروست بوو.

بۆیە ئەگەر بمانەوێت لەم دۆخە دەربچین، دەبێت وەکوو خۆی ڕابردوو هەڵبسەنگێنین و لە ڕابردوو ئەزموون وەربگرین و دەستبەرداری ئەو سیاسەت و بیرکردنەوەیانە بن کە ئێمەی گەیاندۆتە ڕۆژی ئەمڕۆ. بنەمای ئەمەش عەقڵیەت و سیاسەتی تورک پەرەستیە کە میساقی میللی پێشێل کردووە و سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی بەسەر کورددا سەپاندووە. بەبێ نەهێشتنی ئەم عەقڵیەت و سیاسەتە و بەبێ ڕەخنەدانەوە و بەبێ قەرەبووکردنەوەی، هەروەها بەسەدان هەزار کورد کە بەهۆی ئەو عەقڵیەت و سیاسەتەوە کۆمەڵکوژ کران، مەحاڵە لەم دۆخە ڕزگارمان بێت. ٢٩ ڕاپەڕینی گەلی کورد لەبەر ئەم هۆکارانە ڕوویانداوە.

هەروەها دەستووری ساڵی ١٩٢٤کە لە دوای لۆزان داڕێژراوە، لەسەر بنەمای ئەم عەقڵیەتە تورکییە ئامادە کراوە. بەشێوەیەک ئامادەکرابوو، هەرکەسێک جگە لە تورکی بە زمانێکی دیکە قسەی دەکرد، بە خائین لە وڵات دادەنرا و ڕووبەڕووی کوشتن، زیندانیکردن و دەربەدەری دەکرایەوە، بە هەموو جۆرێک گەلانی دیکە دەچەوسانەوە. ئەگەر پوختەیەک لە سەدەی ڕابردوو ئامادە بکرێت، ئەمانە ئاشکرا دەبن. بۆیە خۆ ڕەخنەکردن پێویستە. پێویستە ڕابردوو بە دروستی هەڵسەنگێندرێت. دەبێت ئەو عەقڵ و سیاسەتانە بگۆڕدرێن کە ئەم کێشانەیان خوڵقاندووە. ئەگەر هەموو شتێک وەک خۆی بمێنێتەوە، چارەسەری گەشە ناکات و ناتوانین بگەین بە ئاشتی.

لە چوارچێوەی ئەم سەرنجە گرنگانەی ئێوەدا، ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پرسی ڕۆژانە؛ لە نێوان دەوڵەتی تورک و کورددا پرسی بێ متمانەی هەیە کە نزیکەی ٢٠٠ ساڵە بەردەوامە. لە ٥٠ ساڵی دواییدا، لە مێژوویی پەکەکەدا چەندین نمونەی ئەمە هەیە. ئێستاش هەمان دۆخ بەردەوامە. چۆن دەتوانرێت ئەم دۆخە بێ متمانەیە لە ڕێگەی پەمانێکی کۆمەڵگەییەوە چارەسەر بکرێت؟ 

بۆ دەستوورێکی بنەڕەتی نوێ پێش هەر شتێک دەبێت عەقڵیەت بگۆڕێت 

پێش هەموو شتێک دەبێت عەقڵیەت و ئەو سیاسەتەی کە بوو بە هۆکاری ئەم دۆخە بگۆڕدرێت. تاوەکو ئەو عەقڵیەت و سیاسەتە نەگۆڕدرێت، پێشکەوتنێکی هەمیشەیی و نوێ بەدی نایەت. گۆڕانکاری ڕوونادات. مرۆڤ دەتوانێت ئەمە بە ڕوونی بڵێت. چونکە ئەمە ئەو دۆخەیە کە بەسەر دەوڵەت و هەموو دامودەزگاکانیدا زاڵ بووە. لە دەستووریشدا جێبەجێ کراوە. ناتوانرێت بگۆڕدرێت، ناتوانرێت پێشنیار بکرێت بۆ گۆڕانکاری. واتا ناتوانرێت باسبکرێت. کێ قسەی لەسەر بکات خیانەتکاری وڵاتە. ئەمەش بەو مانایەیە کە تورکبوون بەسەر هەموو کەسێک لە تورکیادا دەسەپێنێت و ئەوانەی ئەم کارە ناکەن بە خیانەتکاری وڵات ڕادەگەیەنرێن. 

ئەم دۆخە لە ڕێگەی کودەتاکانەوە دروست بوو. هەموو دامەزراوەکان ئەمە بنەما دەگرن. ڕاگەیاندن، سیاسەت، ئەدەب، هونەر، دامەزراوە و پارتەکان هەموویان بەم شێوەیەن. حکومەت بەم شێوەیە. کەس ناتوانێت لەوێ هیچ بڵێت. هەمووکەسێک دەترسێت. ئەگەر چونکە مرۆڤ لە سێدارە دەدرا. شوێنی گۆڕەکانیان نادیارە. دەوڵەتێکە کە سەرۆککۆمارەکەی تیرۆر کردوە، سەرۆک وەزیرانی خۆی لەسێدارەداوە. لەناو ئەم سنوورانەدا هەموو کەسێک تورک نییە، سەیری ئەوانە بکەن کە گوتیان من کوردم و لە سێدارە دراون، شوێنی گۆڕەکانیانیش نادیارە. مێژوویەکی زوڵمی بەم شێوەیە هەیە. ئەو دۆخەی کە ئەمە دروستی کردووە، ئەو دۆخە بێ متمانەییەیە کە باست کرد. 

لایەنی دژبەر ئەم سیاسەتە بە وڵاتپارێزی ناودەبات. 

خاوەدارێتی لەمە دەکات، خاوەندارێتی لەو عەقلیەتە شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستیە دەکات. بەمەش دەڵێت وڵاتپارێزی. ئەم عەقلیەتە تورکیای گەیاندووەتە ئەم حاڵەوە. پرسی هەمیشەیی لە لایەن ئەم عەقلیەتەوە دروست بووە. ئەوەی یاسای خوشک-برایەتی نێوان تورک و کوردانی لە ناو برد، ئەوەی ئەو هاوپەیمانیەتەی لە ناوبرد، ئەو عەقلیەت و سیاسەتەیە کە تورکبوون بەسەر کورددا دەسەپێنێت. لێرەدا تورکیا بەم عەقلیەتەوە لە ناو کێشەی هەمیشەییدایە. هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی دەوڵەت باخچەلی هەنگاوێکی بەم شێوەیە بنێت. 

هەربۆیە بۆ ئەوەی کۆتایی بهنێرێت بە بێ متمانەیی و هەنگاو بەرەو چارەسەری بنرێت، دەبێت ئەم عەقڵیەتی و سیاسەتە بشکێنرێت. چونکە ئەم عەقڵ و سیاسەتە فاشیستە، ڕەگەزپەرستی، شۆڤێنیە، قڕکەرە. دەوڵەت خستیە ئەم دۆخە؛ تورکە، سوننەیە، پیاوە و هتد.. گەلی دیکە قبوڵ ناکات، ئایین و مەزهەبی تر قبوڵ ناکات، ڕەگەزی تر قبوڵ ناکەن.. ئەمە بەرزترین ئاستی فاشیزمە. ئەمە بەرزترین ئاستی سیاسەت و عەقڵیەتی قڕکەرە. پێش هەمووشتێک دەبێت لە بەرانبەر ئەمەدا تێکۆشان بکرێت و بشکێنرێت. سەرەتا دەبێت متمانە لەناو کۆمەڵگەکاندا دروست بکرێن. متمانە دەبێت لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوبێتەوە. بۆ نموونە ئەو زمانەی ئێستا لە ڕاگەیاندن بەکاردێت، زمانی ژەهراویکردنە. وتنی بەڵای تیرۆر، بەم گوتارانە ڕۆژانە ژەهر لە دەمیانەوە دەڕژێت. 

'دەبێت سەرەتا سیاسەت و عەقڵیەتی دیموکراتیک بئافرێنرێت' 

ئێمە دەزانین تەواوی میدیا لە ژێر  کۆنترۆڵی دەسەڵاتدایە. لە مانشێتەکانیانەوە تا هەموو شتێک کە پێویستە بڵاوبکرێنەوە، هەموو شتێک لەلایەن میت و سەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتییەوە دیاری دەکرێت. ئەمەش لە نێو ڕای گشتییدا وەک نیەتی دەوڵەت سەیر دەکرێت. 

بێگومان ئەم زمانە بەهۆی دەسەڵاتدارییەوە. لەبەر قسەی ئیدارەی ئاکەپەیە. واتا سیاسەت کۆمەڵگە دەخاتە ئەم حاڵەوە. هەربۆیە گۆڕانکاری لەناو پارتانەدا گرنگە. کاتێک ئەمە بە دی هات، بێگومان دەبێت ڕێسای یاسایی هەبێت. گەرەنتی یاسایی-دەستووری بنەڕەتی مەرجێکە. بنەمای یاسایی مەرجێکە. لایەنی دیموکراتیکبوون بنەمای یاساییە، بەڵام ئەوەی زەمینەی یاسایی دەئافرێنیت سیاسەت دیموکراتیک و عەقڵەیەتی دیموکراتیکە. ئەگەر سیاسەت و عەقڵی دیموکراتیک نەبێت، دەستووری دیموکراتیک نابێت، یاسای دیموکراتیک نابێت. 

بەڵێ کێشەی متمانە هەیە. بۆ نمونە لەدوای کۆنگرەی ١٢هەمینماندا، ئیدارەی ئاکەپە وتیان، 'بەڵێ بڕیاری کۆتاییهێنان بەوکارانەی بەناوی پەکەکەوە دەدرێن درا، بەڵام ئێمە کێشەی متمانەمان هەیە، نیگەرانیمان هەیە، هەستیاریمان هەیە، هەر بۆیەدەبێت چەک دابنێین'. مرۆڤ لەم تێدەگات. هەوڵدەدەین تێبگەین. باشە... ئێمە لە هەستیارییەکانیان تێدەگەین، بەڵام کێشەی متمانەش بۆ کورد هەیە. سەد ساڵە قڕدەکردێن، شتێک نەماوە بەسەر ئەم مرۆڤانەدا نەهاتىێت، ستەم نەماوە لێیان نەکرێت. هەمووکەسێک ئەمە دەزانێت. ئێستا کە ئەم تێکۆشانە دەستی کردووە ئیرادە و هەبوونی  بە کورد داوە، ئێوە هەڵدەستن دەڵێن با ئەویش دابەش بێت. ئەگەر پەکەکە نەمێنێت، هیچ هێزێکی چەکداری نەمێنیت، هێزێک کە تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەدەبات نەمێنێ ئەوکات ئەم گەلە چی بکات؟ ئەم کۆمەڵگەیە چۆن خۆی بپارێزێت؟ 

بەبێ ئەوەی هەنگاوێک بنێن، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک بکەن ئەمەیان دەوێت. بۆ نموونە سێ هەفتە تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێکی پراکتیک نییە. هیچ یاسایەک ئامادە نەکراوە، نە هیچ شتێکی تر. قسەیەکی هیوابەخشی دەوڵەت باخچەلی هەیە. ئێمە بەڕاستی بەشداری دەبین. زۆر بە ماناداری دەزانین کە کەسێکی وەک دەوڵەت باخچەلی ئەم قسانە دەکات، بەڵام تەنها لە ئاستی گوتاردا دەمێنێتەوە. تا ئێستا هیچیان نەخراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. جێبەجێکردن لە دەستی ئاکەپەدایە و هیچ پێشکەوتنێک نابینین. بەپێچەوانەوە دەیانەوێت ئەو دەرفەتانە بۆ لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن و لاوازکردنی جەهەپە و نەهێشتنی بەدیل بۆ سەرۆککۆمار بەکاربێنن. ئەمە شتێکە لێی تێناگەین... هەروەها قبوڵ ناکرێت. کەس ئەمە بە دیموکراتیک نابینێت، بە ڕاستی نابینێت. 

هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئیمرالیدا نەکراوە

چارەسەری پرسی کورد ناکرێ بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی چەند کەسێک یان پەرەپێدانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکار بهێنرێت. ئەمەش بەدی نایەت. دەسەڵاتی ئەو کەسەی دەیەوێت ئەم کارە بکات وڵامدەر نییە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی پێویستە. دەبێت هەمووان بە شێوەیەکی کارا بەشدار بن. کەشێکی ترس دروست بووە. ئەگەر هەمووان هەوڵ بدەن ئەم کێشەیە لە دژی یەکتر بەکاربهێنن، ئەگەر هەموو شتێک لە ململانێی دەسەڵاتدا نوقم بێت، نە قسەی ئەرێنی دەگوترێ و نە هەنگاو دەنیردرێت. لە ئیمرالی بچوکترین گۆڕانکاری رووی نەداوە. لە کاتێکدا کۆنگرەی ئێمە بە ڕوونی بڕیاریدا کە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرە پەیوەستە بە ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆوە. ئێستا دەپرسن ئەمە چۆن دەبێت؟ چۆن ئەوە ڕوودەدات. بەبێ ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ، لەمەودوا هیچ هەنگاوێکی کردەیی ناگیرێتەبەر. ئەم تێکۆشەرانە بۆ ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ چەکیان هەڵگرتووە. جگە لە ڕێبەر ئاپۆ کەس ناتوانێت ئەو چەکە لە دەستیان وەربگرێت.. سەرکردایەتی ئاکەپە تەنها دەڵێت: "کۆمەڵگەی تورکیا هەستیاری هەیە، چەکەکان دابنێن."

واتە دەڵێن تەسلیم بن...

بەڵێ، تەنانەت لە زیاتر لە تەسلیمبوون چاوەڕێ دەکەن. دەڵێن: "تەواوی بکەن، لەناو بچن، هیچ شوێنەوارێک لە ئێوە نەمێنێت." باشە کۆمەڵگای کوردیش هەستیاری هەیە، کۆمەڵگەی کوردیش کێشەی بێمتمانەیی و کێشەی هەبوون و ئازادی هەیە. کەواتە کێ گرنگی بەمانە دەدات؟ چۆن گرنگی دەدەن؟ بە هیچ شێوەیەک گرنگی بەمانە نادەن. بۆیە زۆرێک لەو باسانەی کە هەن باسێکی بێمانا و بێ بنەمان. هیچ جددیی بوونێکی تایبەتیان نییە. جگە لەمەش پرسەکە گرنگە، کێشەی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆیە نامانەوێت پەلە بکەین. ئەگەر ڕێبازی بچووک هەبن، ئێمە بە ماناداری دەزانین. قسەکانی دەوڵەتی باخچەلی و هەروەها لێدوانی پشتیوانی بۆ لایەنە جیاجیاکان، ئەگەر جێبەجێ بکرێن، بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنین. لەم ڕووەوە نامانەوێت زۆر نەرێنی چاو لە ڕووداوەکان بکەین، چارەسەری پرسی کورد لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا بەرەو پێش دەچێت، جیا لەوە ناکرێت.

سەردەمی 'مەمەت کورد کۆتایی هات' بەسەر چووە

هەروەها دەمەوێت بڵێم: "پەکەکە حزبێک نییە لە پشت مێزێکەوە دامەزرابێت. بە کۆنگرەیەک دروست نەبووە. بەڵێ لە کۆنگرەیەکدا ناوی خۆی وەرگرت و بە کۆنگرەیەک چووە مێژووەوە. بەڵام بزووتنەوەی ئاپۆیی پێش ئەوەش بوونی هەبووە و بەردەوام دەبێت. با کەس بیر لەوە نەکاتەوە کە کورد بە فێڵ و تەڵەکە فریو دەدرێت یان کەس دەتوانێت بەکاریان بهێنێت. ئەو سەردەمە کۆتایی هاتووە. رێبەرێک وەک ڕێبەر ئاپۆ سەریهەڵداوە. هۆشیارییەک و هێزێکی شەڕکەر سەریهەڵداوە. ژنان، گەنجان و کۆمەڵگای کوردی پەروەردە و بەڕێکخستن کردووە و گەورەترین هێزی پراکتیکی لە مێژوودا بنیات ناوە. ڕێباز و ڕەوتی وەک: "دەتوانین یاریان پێبکەین، فریویان بدەین، گیرۆدەی کێشی شەخسیان بکەین" چیتر بەکەڵک نایەت.  ئەوانەی خەیاڵێکی لەو جۆرەیان هەیە هەڵەیەکی گەورە دەکەن. ئەوانەی وا دەکەن خۆیان دۆڕاون. هەرچەند بەو شێوەیە مامەڵە بکەن، کێشەی مانەوەی تورکیە گەورەتر دەبێت.

کاتێک ئەمە دەوترێت دەڵێن: "هەڕەشەمان لێدەکەن"

نەخێر ئەمە هیچ پەیوەندی بە هەڕەشەوە نییە. بە وردی باسکردنی ڕاستییەکانە. هاوکات خستنەڕووی ڕاستییەکی زۆر بە ئازارە. دەوڵەت باخچەلیش بەو جددیەتەوە ئەم قسەیە دەکات. چونکە ئەو ئەم راستیانە دەبینێت. چونکە کەمێک زیاتر لە ڕوانگە سادەکانی دەسەڵات، نزیک بووەتەوە. بۆیە ​​توانای بینینی مەترسییەکان کە دەوڵەت ڕووبەڕووی دەبێتەوە هەیە. هەندێک چاویان لەسەر بەرژەوەندییە سادە و سنووردارەکانی دەسەڵات، ئابووری، سیاسەتە و هیچی تر نابینن. کەواتە لە چاوی ئەواندا، هیچ شتێک بوونی نییە. وەک یاریکردن و گاڵتەکردن مامەڵە دەکەن. نابێت ڕێگە بەم کارە بدرێت. ئەوانەی جدین، راستیەکان دەبینن، ئەوانەی ئەو مەترسیانەی کە تورکیا ڕووبەڕووی دەبێتەوە دەبینن، نەک تەنها لە ڕوانگەی دۆخی ئێستای جەنگی جیهانی سێیەمەوە، بەڵکو لە ڕوانگەیەکی مێژوویی فراوانترەوە سەیری راستیەکان دەکەن. بۆ نمونە هاوپەیمانی لەگەڵ کورد تورکەکانی هێنایە ئەنادۆڵ. هەروەها مانەوەیان لە ئەنادۆڵ بۆ هەزاران ساڵ و بەردەوام بوونیان لە داهاتوودا پەیوەستە بەم یەکگرتووییەوە، دەبێت ئەم راستیانە بزانن.

دوو ڕێگە لە پێشی تورکیەدایە، یان تەسلیم بوون یان شەڕ

بەهۆی ئەو دۆخەی باست کرد، لە کۆمەڵگا و بیروڕای گشتیدا سەرلێشێواوی و بێ متمانەیی گەورە هەیە. نادڵنیایی هەیە. زۆر کەس بەهۆی ڕێبازەکانی حکومەتەوە زۆر شت نازانن کە چی ڕوودەدات. تا کەی ئەم ڕەوشە دەتوانێت بەردەوام بێت؟

ئەم دۆخە هەمیشە مەترسییەکی گەورەیە بۆ تورکیا. ئەمە نەک هەر مەترسیەک و بە مانای ئەوە نییە کورد مەترسی دروست دەکات. کورد چارەسەری دەوێت. ئەمە هەڕەشە نییە، ئەمە ڕاستیەکە کە هەیە. گوتمان: "هەتا تورکیا پێشبینی دیموکراتیزەکردنی خۆی لەسەر بنەمای ئازادی کورد بنیات نەنێت، تورکیا تەنیا دوو ڕێگای لە پێشە، یان تەسلیمی هەژموونی ئیسرائیل دەبێت، یان لەگەڵ ئەم هەژموونەدا دەکەوێتە شەڕەوە. هەردووکیان کارەساتن بۆ تورکیا. هەروەها دەکەوێتە دۆخی کۆمەڵگەیەکی پلە دوو یان سێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها شەڕکردنیش بەو مانایەیە کە تورکیا ڕووبەڕووی ئەو سیستەمە دەبێتەوە کە تێیدا هەڵکەوتووە و لە شەڕێکی وادا سەرکەوتنی تورکیا مەحاڵە.

جگە لەمەش تاکە ڕێگای قبوڵکردنی ئازادی کورد، دیموکراتیزەکردن و گۆڕینی کۆماری تورکیایە. داهاتووی تورکیا بە دڵنیاییەوە لێرەدایە. داهاتووی ئازاد و دیموکراتیک و مانەوەی تورکیا لێرەدایە. بەم مانایە هەرکەسێک ئازادی و هەبوونی کورد قبوڵ نەکات و کار بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا نەکات، مەبەستی ڕاکێشانی تورکیایە بۆ ناو ئەو سیناریۆە دوو بژاردەیە کە باسم کرد. ئێمە لە ئێستادا خەریکی بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییەین. ڕێبەر ئاپۆ وتی: "دەستپێشخەرییەکەمان دەستپێشخەرییەکە بۆ ڕێگریکردن لەم مەترسییە." بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بە گشتی بانگەوازێکە بۆ ڕێگریکردن لەم مەترسییە. شەڕەکە لەسەر ئەم بنەمایە بەردەوام دەبێت. ئێمە لەم گۆڕان و گۆڕانکارییەدا پێداگرین. هەرکەسێک لەم بوارەدا لەگەڵمان یەکگرتوو بێت، ئێمە بە دۆست و هاوپەیمانی دەزانین و هەرکەسێک دژایەتی بکات، هەرکەسێک بێت، ئێمە لە هەر ئاستێکدا ڕووبەڕووی دەبینەوە. بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەمە دەبێت بەو شێوەیە لێ تێبگەن.

وەک دەزانن ڕژێمی تورکیا لە هەوڵی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەدات. لە ئێستادا لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە لە دانوستانێکی چڕدایە. چۆن ئەم سیاسەتە هەڵدەسەنگێنن؟

سیاسەتەکانی تورکیا نیشان دەدەن کە حکومەتی تورکیا چۆن لە ئازادی و بوونی کورد، هەروەها لە پرسی کورد نزیک دەبێتەوە. ڕێبازێک هەیە کە "لەلایەک لەگەڵ کورد دەگاتە ڕێککەوتن، لەلایەکی دیکەشەوە کورد سەرکوت دەکات". ئەمە ڕاست نییە. ئەوان بەدوای هەموو کوردەوە کەوتوون. هەندێک لایەن لە باکووری کوردستان دەڵێن: "ئەگەر ئاشتی هەبێت، ناتوانن لەگەڵ کوردانی سووریا لە شەڕدا بن". بەڵام دۆخێکی لەو شێوەیە لە ئاشتی بوونی نییە. ئەوان ئامانجیان هەموو کوردانە. چ لە ڕۆژئاوا، باکوری کوردستان، یان هەر بەشێکی کوردستان بێت.

هێرشەکان بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەردەوامە. لە زۆر بواردا پێگەکان زۆر نزیکی یەکترن. هێرشەکان بەردەوامن. ئایا ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت؟

ئێمە ئاگربەستمان ڕاگەیاند. بەڵام لایەنی بەرامبەر تەنانەت ئاگربەستیشی ڕانەگەیاند. فەرماندەیی گشتی سوپا تا ئێستاش لێدوان دەدات و دەڵێت: "تا دوایی کەس هێرش دەکەین، لەناویان دەبەین، دەبێت تەسلیم بن و..." هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی بڵندگۆوە داوا لە گەریلا دەکەن خۆتان ڕادەست بکەن. ئەگەر هێرش بکرێتە سەر گەریلا بە دڵنیاییەوە گەریلاش بەرگری لە خۆیان دەکەن. ئەمجارە دەڵێن: "بۆچی بەرگری لە خۆتان دەکەن؟ ئه گەر له گەڵ چارەسەری و ئاشتیدان، پێویسته واز له هێڕشەکانیان بهێنن. بە ڕانەگرتنیان مەبەستیان نیشان دەدات. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوان لەگەڵ دیموکراتیزەکردن و چارەسەرییدا نین؛ بە پێچەوانەوە دەیانەوێت بەردەوام بن لە هێرشکردن و لەناوبردن و بەکارهێنانی قسەی هەڕەشە بەردەوام بن لە کردەوە فاشیستیەکانیان. بە دڵنیاییەوە ئەمە ئەو عەقڵیەتەیە کە لە ئەرکانی گشتیی سوپا و وەزارەتی بەرگریدا بەکار دەهێنرێت.

حکومەتی ئاکەپە هێشتا پارادایمی نکۆڵی ١٠٠ساڵەی نەگۆڕیوە

ئەگەر عەقڵیەت بەڕاستی ئاشتی کورد و تورک بووایە، نەدەبوو هیچ هەڵەیەک لە لایەنی بەرامبەردا ببینرێت، بەڵکو تەنانەت دەبوو بەهێزەوە لەو بارەوە هەنگاو بنێنن. چونکە تۆ هێزی ئەوانت وەک هێزی خۆت دەبینی. ئەگەر عەقڵیەت و سیاسەتەکانیان گۆڕابا، هەڵوێستەکانیشیان دەگۆڕا. لەو کاتەدا نە هێرشیان دەکردە سەر گەریلا، نە هێرشیان دەکردە سەر ڕۆژئاوا، نە بۆ دیپلۆماسی دژە کورد بە هەموو جیهاندا گەشتیان دەکرد. بەڵام هێشتا ئەم کارانە دەکەن. لە ئێستادا حکومەتی ئاکەپە سەرقاڵی چارەسەرکردنی پرسەکە نییە، بەڵکوو سەرقاڵی دۆزینەوەی چۆنیەتی سەرکوتکردن و لەناوبردنی پەکەکەیە. زیاتر سەرقاڵی ئەوەن کە چۆن پلانی هەڵوەشاندنەوە بە سەرکەوتن بگەیەنن. هەر وەک چۆن هێرش دەکاتە سەر گەریلاکان لە پێگەکانیاندا، بە ڕێگەی دیپلۆماسی، سیاسەت و پڕوپاگەندەشەوە بەردەوامن لە هێرشکردن. گۆڕانکارییەکی جددی لە عەقڵیەت، لە سیاسەت و لە قسەکردن و شێوازیاندا ڕووی نەداوە. واتە هیچ گۆڕانکارییەکی پارادایم ڕووی نەداوە. حکومەتی ئاکەپە هێشتا ئەو پارادایمە سەد ساڵەیە دژی گەلی کورد بەکار دەهێنێت و هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات.

پرۆسەکە بە هەنگاوی هاوتەریبی یەکتری هەردوولا دەتوانێت پێشکەوێت 

دەوڵەت باخچەلی ئاماژەی بەوەدا دەبێت پارادایم بگۆڕدرێت... 

بەڵێ، گوتی مەرجە پارادایم بگۆڕدرێت. گوتی، کۆتری ئاشتی ناتوانێک بە یەک باڵ بفڕێت. ئەمانە قسەی مانادار بوو. بەڵام ڕوونە کە پراکتیزە نەکراوە. لە هەندێک بازنەی تورکیادا خەریکە هەندێک کاریگەری دێتەئاراوە، بەڵام هێشتا هیچ گۆڕانکارییەک لە نێو بازنەی دەسەڵاتدارییدا ڕووی نەداوە. ئەو لایەنەیشی کاریگەری هەیە دەسەڵاتدارییە. تا ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە کە پرۆسەکە مانادار بکات. هیچ گەرەنتییەکی یاسایی نەئافرێندراوە. جگە لە هەندێک قسە و لێدوان، ئەوەی هەیە تەنها هەنگاوەکانی ڕێبەر ئاپۆیە کە بەشێوەیەکی ڕوون ناوێتی. گەیشتی پرۆسەکە بە خاڵێک گرنگە. ئەوەی لە ئێستادا گەرەنتی پرۆسەکە بکات گۆڕنکاریی یاساییە، بەڵام لە لایەن دەسەڵاتدارییەوە هیشتا هیچ هەموارکردنەوەی بچوکی یاسایی نییە. هێشتایش لە چوارچێوەی یاساکانی ئێستادا لەسەر بناغەی لەناوبردن و نکۆڵی هەوڵدەدە پرۆسەکە بەڕێوەببەن. بەڵام پرۆسە بە هەنگاوی یەکلایەنە یان بە لێدوان و ڕاگەیاندراوی نیازباشی ناچێت بەڕێوە. دەبێت هەنگاو بەرانبەر هەنگاو بێت. ئەوکاتە دەکرێت باوەڕ بە نیازی دەسەڵاتداریی بئافرێندرێت. 

لەم پڕۆسەیەدا چ بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی چینەکانی کۆمەڵگا بەتایبەتی گەنجان؟

بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بانگەوازێکە بۆ هەموو کۆمەڵگا و چینە کۆمەڵایەتییەکان. وەک چۆن بۆ کوردە، بۆ کۆمەڵگای تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشە. بانگەوازێکە بۆ مرۆڤایەتی و ناوەندە دیموکراسی و سۆسیالیستەکان. هەندێک ڕەنگدانەوەیشی بەخۆیەوە بینیوە. هێشتا لە ئاستی تێگەیشتن، هۆشیاری و چالاکیدا لە ئاستێکی خوازراودا نییە. بەڵام هەمووان هەوڵ دەدەن تێبگەن.

لە کۆمەڵگای تورکیادا هێشتا کێشەیەک هەیە لە گەیشتن بە ئاستێکی خوازراو سەبارەت بە ژنان، گەنجان، کرێکاران و زەحمەتکێشان. لە کۆمەڵگای کوردیشدا ڕێباز و چوارچێوەیەکی ناسراوی تێکۆشان هەیە. هێشتا نەیانتوانیوە شێوازی تێکۆشانی دۆخی نوێ بە تەواوی جێبەجێ بکەن. هەروەها کەمێک ناڕوونی و ناتێگەیشتنی هەیە سەبارەت بەو دۆخە نوێیە. بەڵام لە لایەکی ترەوە متمانە و باوەڕێکی زۆر بە ڕێبەر ئاپۆ هەیە.

بەڵام وەک وتمان لە تورکیا هێشتا کێشە لە تێگەیشتن لە شێواز، ڕێکار و شێوازی تێکۆشانی قۆناغی نوێدا هەیە. کاردانەوەی جددی هەیە بەرامبەر بەو دۆخەی کە هەیە، بەڵام لاوازی لە ڕێکخستن و فراوانکردنی تێکۆشانیشدا هەیە.لەو بارەوە بەدوادا چوونەکان بەردەومە. ئەمانە دەبینرێن. هەروەها هێزێکی جددی هەیە، بەتایبەتی لە ژنان و گەنجاندا. بەڵام لە بەردەوامی و پەیوەستبوونی بە هێڵی کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە خاڵی لاوازیش هەیە.

هەروەها گەنجانی کورد خاوەن ئەزموون و میراتێکی گەورەی تێکۆشانن. ئەوان دەیانەوێت ئەمە لە بوارە مەدەنییەکانیشدا بەکار بهێنن، بەڵام بە تەواوی نازانن چۆن ئەو کارە بکەن. وا بیر دەکرێتەوە کە بوون بە بەدیل لە بەرەکانی شەڕدا تەنها بەهۆی بەکارهێنانی چەکەوەیە. خەیاڵێکی وەها هەبوو کە "ئەگەر چەکدار نەبیت، ناتوانی کار بکەیت". لە کاتێکدا ئەمە وا نییە. رووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژی بوو. بنەمای سەرکەوتن لە شەڕی گەریلادا هەڵوێستی ئایدیۆلۆژی بوو. راستی کۆمۆن بوون هەبوو. کاری گەریلا کارێکی بەکۆمەڵایەتی کردن بوو. هێز و وزەیەکی زۆر لەم شێوازە ژیانەوە بەرهەم هات. ئێستا گەنجان دەتوانن لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانیشدا ئەم کارە بکەن. دەتوانن بەم شێوەیە لە هونەر، پڕوپاگەندە، بەشداری لە سیاسەت و هەموو بوارەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا ڕەوڵێکی کارا بنوێنن. بۆچی گەنجانی کورد کە لە شەڕی گەریلادا لەم کارەدا سەرکەوتوو بوون، چۆن ناتوانن لە سیاسەت، هونەر، پڕوپاگەندە و بوارەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتیدا سەرکەوتوو بن؟ گەنجان دەتوانن ئەم کارە بکەن. گەنجان دەتوانن لەسەر ئەم بنەمایە پەروەردەی ئایدیۆلۆژی-تیۆری خۆیان باشتر ئەنجام بدەن. دەتوانن زیاتر لە پارادایمی نوێدا قووڵ ببنەوە و پێشەنگایەتی تێکۆشان بگرنە دەست.

OSZAR »