دەهەمین پاکێجی دادوەری کە لەلایەن ئاک پارتیەوە وەک "چاکسازیی دادپەروەری" پێشکەشکرا، سەرەڕای دژایەتی لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان پەسەند کرا.
وردەکارییەکانی پاکێجی دادوەری و کاریگەرییەکانی
لە کۆی ٣٠ بابەتی پاکێجەکە ٨بابەتی لابراون. پارێزەر ئەرجان کانار ئەو بابەتانەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، بەم پاکێجە هیچ کەسێک نامێنێتەوە کە نەکەوێتە زیندان.
کانار ڕایگەیاند کە پێناسەکردنی پاکێجەکە وەک "چاکسازی" دروست نییە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پاکێجەکە بە پێچەوانەوە سزاکان زیاد دەکات. لەو بارەوە نموونەی خستەڕوو و وتی: "پێش ئەم پڕۆژە یاسایە ئەو کەسانەی کە سزای کەمتر لە ٥ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرابوو، دەستبەسەر نەدەکران، بەڵام ئێستا ئەوانەی کە تەنانەت ٢ ساڵ زیندانیشیان بەسەردا سەپێنرابێت بۆ ماوەی ٥ڕۆژ زیندان دەکرێن."
سەختی و ئاستەنگەکان لەبەردەم ئازادکردنی زیندانییە نەخۆشەکان
کانار ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو پاکێجە هیچ ئاسانکارییەکی بچووکی بۆ زیندانیانی سیاسی و سزادراوان نەکردووە، بەپێچەوانەوە ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆشی ئاستەنگ کردووە و ڕایگەیاند کە بۆ ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش دەبێت ڕاپۆرتێک لە ڕێکخراوی پزیشکی دادوەرییەوە وەربگیرێت و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە زۆر کێشەیە.
ئەرجان کەنار بە بیری هێنایەوە کە ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری دامەزراوەیەکە و بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدایە، بۆیە ئەستەمە ڕاپۆرتێکی ئەرێنی بۆ زیندانیانی نەخۆشی سیاسی ڕابگەیەنێت.
پاكێجەکە خزمەت بە ئاشتی ناکات
کانار باسی لەوەشکرد کە پاکێجی ١٠هەمی دادوەری پاکێجێکی فشارە لەدژی ئۆپۆزسیۆن و وتی: "بەتایبەت لەکاتێکدا پڕۆسەیەک سەبارەت بە (چارەسەری) پرسی کورد بەڕێوەدەچێت، ئەم پاکێجە هیچ پەیوەندییەکی بە چارەسەرییەوە نییە. بە پێچەوانەوە پاکێجەکە کێشەی چارەسەری زیادتر دەکات. پاکێجێکی لەو جۆرە نییە کە خزمەت بە ئاشتی بکات. بۆیە مەحاڵە چاوەڕوانی هەنگاوێکی جددی بەرەو چارەسەر و ئاشتی لە حکوومەتی ئێستادا بکرێت.
بۆ نموونە ئەگەر ئەمڕۆش پەکەکە چەک دابنێت، هێرشەکان بەردەوام دەبن. لە شاری وان ماوەی ٦ ساڵە ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان نادرێت هیچ لێدوانێک بڵاوبکەنەوە. ژمارەی زیندانیان و سزادراوان لە زیندانەکاندا ٤١٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە. لە کاتێکدا کە ئاکەپە هاتە سەر دەسەڵات ژمارەی زیندانەکان تەنها ٤٩ هەزار کەس بوو. ١٠هەمین پاکێجی دادوەری کە پەرلەمان پەسەندی کردووە، بەتەواوی سزادراوان و زیندانیانی ئاسایی لەخۆدەگرێت. مەبەست لێی کەمکردنەوەی ژمارەی زیندانەکانە و بە "پاکێجی چاکسازی" ناودەبرێت بەڵام بۆ فریودانی خەڵکە. تەنانەت بچوکترین گەڕان و داواکاری بۆ مافە دیموکراتیکەکان سزا دەدات. ئەمەش بەو مانایەیە کە هیچ کەسێک کە بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕێت نامێنێتەوە کە دەستگیر و زیندان نەکرێت."
حکومەت لە تاقیکردنەوەی ڕاستگۆییدا سەرنەکەوت
ئەرجان کانار ڕایگەیاند کە ئەم پاکێجە نیشانیدا کە حکومەت لە تاقیکردنەوەی ڕاستگۆییدا دەرنەچووە و وتی: "ئەم پاکێجە بە عەقڵیەتی زیندان ئامادە کراوە. ژمارەی زیندانەکان ٣٩٥ زیندانە و لە ئێستادا نزیکەی ٧٥ زیندانی نوێ لە قۆناغی دروستکردندان. ئەو کەسانەی کە تەنانەت لەسەر چالاکیەکی بچووکیش سزا دراون، دەستبەسەر دەکرێن. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە حکومەت ڕاستگۆ نییە لە چارەسەرکردنی پرسەکان.
هەروەها نیشاندەری ئەوەیە کە ئاکەپە مەبەستی ئاشتی نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە دەسەڵات، دەیەوێت سیاسەتە کلاسیکیەکانی گوشار بەردەوامی پێ بدات."