بە دیمەن

مامۆستایانی ئاینی کەرکوک: ئاینی ئیسلام هەمیشە پشتیوانی ئاشتییە لەگەڵ پرۆسەی ئاشتییداین

مامۆستایانی ئاینی ئیسلام لە کەرکوک، ڕایانگەیاند کە هەموو کۆمەڵگایەک ئەرکی بەرگری لە خۆی هەیە و دەلێن، پێویستە مامۆستایانی ئاینی لە ووتارەکانیان باس لە پرسە نەتەوەییەکان بکەن و کوردیش ببێتە خاوەن مافەکانی خۆیی، هەوڵەکانی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئاشتی گەلێک گرنگە.

کوردستان لە هەموو روویەکەوە لەژێر هێرشدایە، لە لایەک شەڕی سەربازی هەیە، لە لایەکی تر شەڕی تایبەت، شەڕ بە ناوی ئاین و شەڕی کولتووری، بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە، ساڵانێکی زۆرە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی لە خەبات و بەرخۆداندان، وەک دەزانرێت زۆر هێرش و شەڕ لەسەر خاکی کوردستان بە ناوی ئیسلام و باوەڕەوە ئەنجام دراوە، هەموومان دەزانین کە بەڕاستی ئەوان بەناوی ئیسلامەوە بوون، بەڵام ئەو هێز و گروپانەی هێرشیان کردە سەر کوردستان هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلام و باوەڕەوە نەبوو.

مامۆستایانی ئایینی کورد بەدڕێژایی مێژوو لە دژی هێرشەکانی سەر کۆمەڵگا زۆر رەنجیان داوە و خەبات و تێکۆشانیان کردووە، لە وتارەکانیاندا داوایان لە کۆمەڵگا کردووە خۆی بپارێزێت، مامۆستایانی ئایینی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) کرد و جەختیانکردەوە لەوەی کە گرنگە لە ووتارەکانی هەموو مامۆستایانی ئاینی باسی پرسە نەتەوەییەکان بکرێت وە ئەوان هەموو شتێکیان کردووە و دەیکەن بۆ پاراستنی خاک و نشتیمان و ئاین، هەروەها ڕایانگەیاند کە ئەو تاوانانەی بە ناوی ئیسلامەوە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان دژی گەلی کورد و کۆمەڵگا ئەنجام دەدرێن دوورن لە ئایینی ئیسلام.

'دژایەتی بوونمان وەکو کورد دەکرێت'

مامۆستا ئازاد خورشید سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتی زانایانی ئیسلام، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و ڕایگەیاند کە گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان ڕووبەڕووی هێرشی قڕکردن بووەتەوە و دەبێت وەک مامۆستانی ئایینی پێشەنگایەتی بکەن و دژی هەر جۆرە ستەمێک بوەستنەوە و ڕایگەیاند: "ئایینی ئیسلام بێگومان ئایینێکە هاتووە بۆ جێبەجێ کردنی دادپەروەری، هاتووە بۆئەوەی زوڵم و ستەم نەهێڵێت و برایەتی، خۆشەویستی، پێکەوە ژیان لە نێوان میللەتەکاندا دروست بکات، وەکو موسڵمانێک ئەرکی سەرشانی هەموو مامۆستا ئاینییەکانە زوڵم لە هەر جێیەک هەبێت و لە کوێوە هاتبێت نەمینێت، ئەمڕۆ ئەو زوڵمەی کە دژی میللەتی کورد ئەنجامدراوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کە پارچە پارچە کراوین و دژایەتی زمانمان، مێژوومان، کلتوورمان، ژیان و بۆ بوونمان ئەکرێت، وە دژایەتی دوا ڕۆژی خۆمان و ماڵ و مناڵمان ئەکرێت، گومان نیە لەوەی کە ئایینی ئیسلام بە هەموو مامۆستایەکی ئاینی دەلێت ئەگەر بەرگری لە میللەتەکەی خۆت نەکەیت و هەر مامۆستایەکی ئاینی لەم زوڵم و ستەمەی سەر میللەتەکەی خۆی، خۆی بێ ئاگا بکات بێگومان مامۆستا و مەلای ئاینی نییە و ئیسلام لێی بەرییە."

'ئەرکی مامۆستایانی ئاینییە بەرگری لە گەلی خۆیان بکەن و بیپارێزن'

مامۆستا ئازاد خورشید تیشکی خستەسەر ئەرکی مامۆستاکانی ئایینی و ڕایگەیاند کە ئەرکی هەموو مامۆستایەکی ئایینییە کە ئاگاداری کۆمەڵگاکەیان بێت و ڕێگای ڕاستیان پیشان بدات بۆ پاراستنی خۆیان، و وتی: "ئیسلام لەگەڵ ئەوەیە کە تۆ خزمەتی میللەتەکەتی پێ بکەییت، خزمەتی برایەتی پێ بکەیت و هیچ مرۆڤێک بە ستەملێکراوی نەمینێت، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو مامۆستایەکی ئاینییە لە وتەرەکانی خەڵک ئاگادار بکاتەوە و بەرگری لە مافەکانی میللەتی خۆیان بکەن، جەخت لە پێکەوەژیان بکەن، بەڵام ئەگەر دەستیان بۆ مافی من درێژ کرد ئایینی ئیسلام ئەلێ بێدەنگ مەبە ئەو کاتە، بۆیە ئەوەی دەست درێژکە بۆ ماڵت، موڵکت، ناموست، پارە و خاکت ئەوە ئایینی ئیسلام ڕێی داوە بیکوژیت، ئەبێت کەس دەستدرێژی نەکاتە سەر مافە ڕەواکانمان."

'بەکارهێنانی ئاین بۆ کۆمەڵکوژییەکانی دژبە کورد تاوانێکە دژی ئیسلام'

لە کۆتایی قسەکانیدا مامۆستا ئازاد خورشید سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتی زانایانی ئیسلام، ڕایگەیاندووە، ئەو کوشتن و تاڵانکارییەی کە بەناوی ئیسلامەوە دژ بە گەلەکەمان دەکرێت لەلایەن داگیرکاران و دوژمنانی کوردەوە، ئیسلام دوورە لەو تاوانانە، و دەڵێت: "ئەوەی ئەو وڵاتانەی داگیرکەری کوردستان کە ناوی ئیسلامی بەکار دێنن بۆ کوشتنی خەڵکێکی بێ تاوان، بێگومان ئەمە تاوانێکە دژی ئیسلام، پێشەوەی ئەوەی تاوان بێت دژی گەلی کورد، چونکە بەکارهێنانی ئاین بۆ تاوان سووکایەتی کردنە بە قورئانی پیرۆز پێش ئەوەی سووکایەتی بێی بە میللەتی کورد، چونکە بێ ڕێزیان کرد لەگەڵ ئایینی ئیسلامی پیرۆز و لەگەڵ ڕۆحی ئەو خەڵکە بێتاوانەی تاوان لە دژیان ئەیکەن، بۆیە ئەوانە تاوانبارن و ڕوو ڕەشی دونیا و قیامەتن، ئێمەش وەک میللەتی کورد باش دەزانین ئایینی ئیسلام بەرییە لەو نموونانە لەو خوین ڕێژانە."

'مامۆستایانی ئاینی لەسەنگەری پێشووەی بەرگری کردن لە کوردن'

لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتی زانایانی ئیسلام، باسی لە پێشەنگایەتی کەسایەتییە ئاینییەکانی کورد کرد لە شۆرشەکانی دژ بە داگیرکەران و ووتی: "مامۆستایانی ئاینی کورد بەدرێژایی مێژوو پشتیوانی شۆرشەکانی گەلی کورد بوونە دژ بە داگیرکەران و ستەمکاران، هەر مامۆستایەکی ئاینی کە لە ئاین تێگەیشتبوویت هیچ رۆژێک لە رۆژان پشتی لە گەل و میللەتی خۆی نەکردووە، هەموو کورد دەزانێت شۆرشەکانی لەلایەن کەسایەتییە ئاینییەکانەوە بەرپا کراوە لەوانەش 'شێخ سەعیدی پیران، قازی محەمەد، شێخ مەحمودی حەفید و چەندین کەسایەتی دیکە، بێ گومان ئەمرۆش مامۆستایانی ئاینی لە سەنگەرەی پێشەوەی بەرگری کردنن لە گەلەکەیان".

'بە سەرکردایەتی مامۆستای ئایینی شۆرەشەکانی کورد سەرکەوتوون'

لەلایەکی دیکەوە، مامۆستا خەتاب عومەر ئیمامی مزگەوت و ووتاربێژ، باسی لە پێشەنگایەتی کەسایەتییە ئاینییەکانی کورد کرد لە شۆرشەکانی دژ بە داگیرکەران و ووتی: "مامۆستایانی ئاینی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەدرێژایی مێژووی شۆرش و خەباتەکانی گەلەکەمان ڕۆڵی گرنگی هەبووە ئەو شۆڕشانەی کە سەرکەوتووە لەناو گەلی کورددا هەمووی مامۆستای ئایینی سەرپەرشتی کردووە سەرکردایەتی کردووە، وەکو لای هەمووان ئاشکرایە کە قازی محەممەد کۆماری مهاباتی دامەزراند، شێخ مەحمودی حەفید پاشای باشوری کوردستان بوو، هەروەها شێخ سەعیدی پیران لە باکوری کوردستان و تورکیا شۆڕشێکی گەورەی کرد، وە سەلاحەدینی ئەیووبی قودسی رزگار کرد و زۆر کەسایەتی ئاینی دیکەی کورد رۆڵی گەورەیان لە شۆرشەکانی کورد دژ بە داگیرکەر و ستەمکاران هەبووە."

'ئەیانەوێت گەلی کورد بچەوسێننەوە'

لە درێژەی قسەکانیدا خەتاب عومەر ڕوونی کردەوە کە دەوڵەتی تورک خۆی بە موسڵمان دەزانێت بەڵام نادادپەروەری بەرامبەر کورد دەکات و دەیەوێت لەناویان ببات و دەڵێت: "ئیستا ئێمەی کورد لە باشوری کوردستان هەرێمێکمان هەیە ئەتوانین لە ڕێی ئەم هەرێمەوە لە سێ پارچەکەی دیکەش گەشە بە پشتیوانی لە پرسە نەتەوەییەکان بدەین، دەوڵەتی تورکیا بە ئیستاشەوە خۆی بە مەرجەعی دەوڵەتی عوسمانی ئەزانێت کە وەکو دەوڵەتێکی خەلیفەیی ئیسلام بووە ئایا ئەگەر ئەو خەلیفەی ئیسلام بووە و پرانسیپی ئاینی لابووە ئەوە چۆن بەناوی ئاین و قورئانەوە دەستدرێژی دەکاتە سەر گەلی کورد، دەستی دەرەکی ئەیانەوێت گەلی کورد بچەوسێننەوە و جارێکی دیکە شۆرشەکانی سەرهەڵنەدات و نەتوانن وڵاتی خۆیان دروست بکەن و بەسەر بەرزی تیدا بژێن".

'دەبێت ئێمەی کوردیش وەکو گەلانی دیکە بەسەرفرازی بژێین'

لە درێژەی قسەکانیدا، مامۆستا خەتاب عومەر ئیمامی مزگەوت و ووتاربێژ، وتی هەرکەسێک دەستی ئاشتی بۆ کورد درێژ بکات دەستی بەتاڵ ناگەڕێتەوە، و هیوای ژیانێکی سەرکەوتوو و ئارامی خواست، وتی: "پێویستە وەکو مامۆستایانی ئایینی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەوەی لە توانامانە کەمتەرخەمی لێ نەکەین و هەوڵبدەین ووتارەکانمان بگەیەنین بەشێوەیەک کە هەڵوێستی نەتەوەیی و ئیسلامی تێدا بێت و ئێمەی کوردیش وەکو گەلانی دیکە بەسەرفرازی و دوور لە زوڵم و ستەمکاری و ناحەزانی گەلەکەمان بژیین".

'دەستخۆشی لە بەڕێز ئۆجەلان دەکەین کە دەستی ئاشتی درێژ کردووە'

هەروەها ئەو مامۆستا ئاینییە باسی لە گرنگی پەیامە مێژوویەکەی ڕێبەر ئۆجەلان کرد بۆ ئاشتی و ڕایگەیاند: "ئێمە دەستخۆشی لە هەموو سەرکردە و کەسێک دەکەین کە دەستی ئاشتی درێژ ئەکات، بەڕاستی ئێمەی کورد بەتایبەتی مامۆستایانی ئاینی کورد رۆڵیان لاواز بووە چونکە هەمێشە بەو نەتەوانەی کە داگیرکەری کوردستانن ووتمانە براکانمان و نەمان وتووە دوژمنەکانمان داگیرکەرانیش ئەمەیان بە هەل زانیوە و ستەمیان لە کورد کردووە، پێویستە هەمووان بزانن هەر چوار پارچەی کوردستان یەکە و یەک کوردستانە، بۆیە پێمان خۆشە بەرێز ئۆجەلان دەستی برایەتی و دەستی ئاشتی درێژیان کرووە و هیوادارین پەرە بسەنێت تاوەکو گەلی کورد لەژێر زوڵم و ستەمی داگیرکەران دەربچێت، گەلی کورد هیچ کات دەستدرێژیکار نەبووە و هەمیشە بەرگری کردووە، هەر مامۆستایەکی ئاینی لە جێگای خۆمان و لە سەر مینبەری خۆمانەوە وائەکەین ئەم خەڵکە بەجوانی لە ئاشتی تێبگات و چەکداری و یەکتر کوشتن کۆتایی پێبێت تاوەکو هەمووان بە ئاشتی و خۆشی لەگەڵ یەکتر بژێن و گەلی کورد سەرفراز بێت."

OSZAR »