دوو ڕۆژە هێرشی ئاسمانی و مووشەکی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بۆسەر یەکتر بەردەوامە، میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند مووشەکەکانی ئێران بە ئاراستەی تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل لە کاتژمێر ٠١:٢٠ تەقێندراون و لە بەرەبەیاندا لە خاکی ئیسرائیلدا کەووتوونەتەخوارەوە.
پەیوەست بە دەرنجام و زیانی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران کە بەر تەلئەبیب کەوتوون، بەشی فریاگوزاری ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەهۆی بەرکەوتنی مووشەکێک لە شوێنە ئاوەدانەکان، دوو کەس کوژراون، یەک لە کوژراوەکان ژنە. هەروەها موشەکێک بەر باڵەخانەیەکی شاری ڕشۆن لیزۆنی تەلئەبیب کەووتووە و خاپووری کردووە. لە ئێستادا کارەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بەردەوامە.
هەر سەبارەت بە زیانەکانی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند لە شەپۆلی دووەمی هێرشە مووشەکییەکانی ئێراندا تا ئێستا ٢١ کەس بریندار بوون. ئەمەش لە کاتێکدا سوپای ئاسمانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا بەشێکی زۆر مووشەکەکانی ئێران بە سیستەمی بەرگری لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر ئێران بەردەوامی دەبێت. لە نیوەشەوی ئەمشەودا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ناوەندەکانی وزەی ئەتۆمی ئێرانیان بە ئامانج گرتووە. هەروەها فڕۆکەخانەی سەربازی میهرداد لە تارانی پایتەخت بووە بە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.
لە بارەی زیانی هێرشەکانەوە پارێزگاری ئەسفەهان ڕایگەیاند لە هێرشەکاندا جگە لە زیانی ئەتۆمی هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە.
هەر لە بارەی دۆخی ئاڵۆزی جەنگی نێوان ئیسرائیل-ئێران، فەرماندەی سوپای پاسداران ئەحمەد وەحیدی ڕایگەیاند، توانیمان گورزێکی زۆر بەهێز لە ئیسرائیل بدەین و بەزوویی وەڵامی هێرشە بەردەوامەکانیان بدەینەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت و تاکوو ئەو کاتەی پێویست بکات ئێمە ناوەستین.