بە دیمەن

ئاڵدار خەلیل: خواستمان سیستەمێکی ناناوەندییە بۆ هەموو سووریا

ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ئاڵدار خەلیل گوتی: "خواستمان لەبونیاتنانی سیستەمێکی ناناوەندیی بۆ هەموو سووریایە نەک بە تەنها بۆ کورد."

ئاڵدار خەلیل

کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی کە لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥د لە شاری قامیشلۆی باکووری و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام درا، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردرا کە شاندێکی ١٠ کەسی دروستبکرێت کە لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق دانوستان بکات. شاندەکە لە نوێنەرانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، ئەنەکەسە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، پارتەکانی دیکەی کورد، تەڤگەری ژنان و نوێنەرانی سەربەخۆ پێکدێت.

ئامانجی سەرەکی شاندەکە بەشداریکردنە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد و ئامادەکردنی زەمینەیە بۆ بونیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک، بە پێی ئەو بەڵگەنامەیەی لە کۆنفرانسەکەدا پەسەندکرا.

یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ئاڵدار خەلیل، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا ڕێبازی دەوڵەت-نەتەوە و ئیدارەی ناوەندی کە تاوەکو ئیستا سەپێنراوە قبوڵ ناکەن. هەروەها دەشلێت چارەسەری نوێ و هەمیشەیی بە ڕێبازەکانی کۆن نابێت.

پێکهاتەی شاندی کوردی و ئەرکە سەرەکییەکانی چیە؟

ئەو بەڵگەنامەیەی کە لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردییدا پەسەند کرا، بنەمای سەرەکی شاندەکەیە. ئەم بەڵگەنامەیە هەم چارەسەری پرسی کورد و هەم بونیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک بە ئامانج دەگرێت. شاندەکە سیاسەتێکی نوێ پەرەپێنادات؛ ئەو بەڵگەنامەیە دەپارێزێت. چونکە هەموو هێزە کوردییەکان لەسەر ئەم بەڵگەنامەیە ڕێککەوتوون. ئیرادەیەکی هاوبەش نیشاندرا کە هەمووان بەشداری بکەن و نوێنەرایەتیان هەبێت لە شاندەکەدا کە بە گشتی لە ١٠ ئەندام پێکهاتووە. ئەرکی شاندەکە تەنها دروستکردنی دیالۆگێک نییە لەگەڵ دیمەشق، لە هەمانکاتدا ناوەڕۆکی بەڵگەنامەی پەسەندکراو بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە ڕاڤە دەکرێت.

شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامدا؛ تەنها یەک ئەندامی ژن لە عەفرینەوە نەیتوانی بەشداری بکات. ئامانجی سەرەکی شاندە ١٠ کەسییەکە گوزارشتکردنە لە سیستەمی دیموکراتیکی ئێستا هەرێمەکە و پرۆسەی شۆڕشگێڕی. باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پێسەنگایەتی ژن و پێکهاتەی پاراستنی لە هەرێمەکانی دیکەی سووریا جیاوازە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​شاندەکە بە هەستێکی زۆر بە بەرپرسیارێتییەوە لە دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشقدا مامەڵە دەکات. دەزانن هەر هەنگاوێک نەک تەنها بۆ کوردان، بۆ هەموو سووریا کاریگەری جدی لێدەکەوێتەوە. پێیان وایە هەنگاوی ڕاست مۆڕاڵ بە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی لە وڵات دەبەخشن.

ئامانج و ناوەڕۆکی ئەم پڕۆژەیە دەبێت بە گەلانی وەک عەرەبی سوننە و عەلەوی، دروز، سریانی- کلدانی-ئاشووری، ئەرمەنی، تورکمان، چەرکەسی و ئەو کوردانەی لە هەرێمە جیاوازەکان دەژین ڕابگەیەنرێت. هەربۆیە زۆر گرنگە شاندەکە بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە بکات کە هەموو سوریا لەخۆ بگرێت.

ئایا ڕۆژی کۆبوونەوە لەگەڵ دیمەشق دیارە، دەبێت چ بابەتێک تاوتوێ بکرێت؟

تا ئێستا هیچ ڕۆژێکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ دیمەشق دیاری نەکراوە، بەڵام شاندێک کە پێکهاتبوو لە نوێنەرانی کورد، عەرەب، ئاشووری لەم دواییانەدا سەردانی دیمەشقیان کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی سەرەتایییان ئەنجامدا. بڕیارە پرۆسەکە بە پێی پەیوەندییەکان لە دوای جەژنی قوربان ڕوون بکرێتەوە.

 پێشبینی دەکرێت هەر بابەتێک بەپێی شارەزایی لە لیژنە جیاوازەکاندا لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی لەسەر بکرێت. بۆ نموونه بۆ پرسه کانی وەک پرسی سەربازی، سیاسی، ئابووری و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، شاندێک ئامادە دەکرێت که له شارەزایانی پەیوەندیدار پێکدێت. نوێنەرانی سیاسی کورد باس لە پرسەکانی پەیوەست بە چارەسەری دۆزی کورد دەکەن. شاندەکە بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە کاتێک داوای لێدەکرێت.

نزیکایەتی شاندەکە لە بەرانبەرە کەمینەکانی کۆمەڵگە، ئایین و ئەتنیک جگە لە کوردان چیە؟

دیدگای شاندەکە نەک تەنها مافەکانی کوردان، هەموو گروپەکانی کۆمەڵگە و ئایینەکان کە لە سووریا دەژین لە خۆ دەگرێت. بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی لە کۆنفرانسەکەدا پەسەندکراوە، ئامانجی ئەوەیە کە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس سووریایەکی دیموکراتیک بۆ هەموو گەلان بونیات بنێت. ئامانجی ئەوەیە کە گوزارشت لە هەموو بەشە جیاوازەکانی وەک عەلەوی، سوننە، دروز، عەرەب، ئاشووری و ئێزدی لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان بکات.

چارەسەری پرسی کورد بە چارەسەرکردنی پرسەکانی هەموو گەلانی سووریا پێکەوە بە دی دێت. دەبێت ئامانجی سوریایەکی دیموکراتیک و ناناوەندی بێت، کە دیموکراسی، ئازادی و یەکسانی نەک تەنها بۆ کوردان، لە هەمانکاتدا بۆ دروز، عەلەوی، و سوننەی ئۆپۆزسیۆن و پێکهاتەکانی دیکەش مسۆگەر بکرێت. پێویستە لە ئەزموونەکانی ساڵانی ڕابردوو فێربین.

باسی کام ئەزموون دەکەن؟

سووریا لە ساڵی ١٩٦٣ەوە لەبەر پێکهاتەی ناوەندی و دەوڵەت-نەتەوە نەیتوانی پەرە بە کەلتوورێکی دیموکراسی بدات. سەرچاوەی کێشەکان ئەم سیستەمەیە. گەر ئەمڕۆ دیموکراسی بکرێتە ئامانج، بە ئامرازە کۆنەکان (ناوەندگەرایی و مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە) مەحاڵە ئەنجامێکی جیاواز بەدەست بهێنرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بە دڵنیاییەوە نابێ سیستمی ناوەندی دووبارە بکرێتەوە.

کێشەکە ئەوەیە ئەو وڵاتانەی هەژاری، گێژاو و شەڕوپێکدادانی توندیان هەیە زۆرجار لە لایەن دەوڵەتە ناوەندەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. لە لایەکی دیکەوە، زۆرینەی وڵاتانی پێشکەوتوو و ئازاد سیستەمی ناناوەندییان هەیە. هەربۆیە سیستەمێکی لەو شێوەیە بۆ سووریا پێشنیار دەکەین. سەختی و ئەو لە دەستدانانەی لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئەزموونکران، پێویستی گۆڕانکاری نیشان دەدەن. بەو پێیەی ساڵانێک ئیدارەی ناناوەندی بووەتە هۆی شەڕ و وێرانکاری، دەبێت ئێستا سیستەمێکی ناناوەندی لە سووریا دابمەزرێت.

داواکاری سیستەمی ناناوەندی نەک تەنها بۆ کوردان، بۆ هەموو گەلی سووریا گرنگە. هەرچەندە ڕەنگە هەندێک ئەمە بەهەڵە لێکبدەنەوە کە خواستێکی کوردە بۆ جیابوونەوە، بەڵام ئامانجەکە بونیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتیکە. دەبێت زمان و کەلتوری کوردی دانی پێدابنرێت، قەدەغەکردنەکان هەڵبگیرێن؛ دەبێت کورد هەست بکات کە بەشێکی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەیە.

ئامانجمان لە چوون بۆ دیمەشق تەنها ئەوە نییە داواکارییەکانمان ڕابگەیەنین، لە هەمانکاتدا شرۆڤەی ئەوە دەکەین کە سووریا لە دوای شۆڕش چۆن بێت. ئەم پرۆژەیە چارەسەری زۆر گونجاوە کە نەک تەنها پرسی کوردان، لە هەمانکاتدا پرسەکانی عەلەوی، دروز، ئاشووری و هەموو جیاوازیەکانی دیکەش لەخۆ دەگرێت. مێژووی هەزار ساڵەی شارستانیەتی سووریا دەریدەخات کە پێکهاتە جیاوازەکان پێکەوە دەژین. دەبێت بە پێی ئەم ڕاستییانەی ژیان هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتییمان نیشان بدەین و پێکەوە سووریایەکی دیموکراتیک بونیات بنێین.

 

OSZAR »