بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کە لە ٢٧ی شوبات دەرگاکانی بەڕووی پرۆسەیەکی نوێدا کردەوە، لە هەمان کاتدا بووە هۆی گفتوگۆ و دانوستان لەسەر ڕوانگەکان لە تورکیا و دنیای دەرەوە. دوای ئەم بانگەوازە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە وەڵامێکی ئەرێنی، کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری ٥٠ ساڵەی خۆی هێنا.
لە وەڵامی ئەم هەنگاوانەی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەدا، حکومەتی تورکیا تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی دیاریکراوی نەناوە.
ئەکادیمستی هۆڵەندی جۆست جۆنگێردن کە کتێبەکانی بە چەندین زمان وەرگێڕدراوە و بە هۆی کارەکانیەوە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و پەکەکە ناسراوە، کتێبەکانی "نووسینەکان لەسەر پەکەکە" و "لە ڕاپەڕینەوە بۆ ژیانەوە: بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان" کە بە زمانی تورکی وەرگێڕدراوە، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) هەڵسەنگاندنێکی بۆ ئەو پرۆسە نوێیەی کرد کە لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکەدا دەستیپێکردووە.
جۆنگێردن بە ئاماژەدان بەوەی کە بزووتنەوەی ئازادیی کورد ئەم پرۆسەیە بە سەرەتای تێکۆشانی سیاسی نوێ دەزانێت، ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی تورکیا هێشتا جەخت لەسەر سیاسەتەکانی لەناوبردن دەکاتەوە.
'بانگەوازی ئۆجالان پەیوەندی بە سەرەتایەکی نوێیەوە هەیە'
جۆنگێردن بە ئاماژەدان بەوەی ڕێبەر ئاپۆ جەخت لەسەر پێویستی بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکاتەوە، سەبارەت بەو بانگەوازییەکەی ئەمەی گوت: "پەکەکە دوای بانگەوازییەکەی ئۆجالان، بڕیاری خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری ڕاگەیاند، هەروەها دەبێت زمانی هاوکاری دەوڵەت باخچەلی بەرز بنرخێندرێت. بەڵام پێویستە ئاماژە بە دوو خاڵی گرنگ بکرێت.
یەکەم؛ بانگەوازەکەی ئۆجالان تەنیا بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری نەبوو. ئۆجالان هەروەها جەختی لە سەر پێویستی بنیاتنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک کردووە. هەرچەندە ئەم پەیامە وەک مەرجێکی ڕوون چوارچێوەیەکی بۆ دانەنرابوو، بەڵام بە ڕوونی دوو پرۆسەی هاوتەریبی پێشنیار کرد: "یەکێکیان کۆتایی هاتنی چالاکییە چەکدارییەکانی پەکەکە و کۆتایی هاتنی چالاکییەکان لە ژێر ئەو ناوەدا و ئەوی دیکەیان، کردنەوەی کەناڵە دیموکراتیکەکان بوو لەلایەن حکومەتەوە بۆ گۆڕینی بزووتنەوەکە بە ئەکتەرێکی سیاسی ئاشتیخواز. پەکەکە کاتێک وەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجالانی دایەوە، بە ڕوونی ڕایگەیاند کە کۆتاییان بە تێکۆشانی چەکداری و کۆتاییان بەهەر جۆرە چالاکییەک لە ژێر ناوی پەکەکەدا هێناوە ئەوەش گرێدراوە بەو هەنگاوانەی کە حکومەتی تورکیا بۆ دیموکراتیزەکردن هەڵیدەگرێت.
دووهەم؛ بانگەوازەکەی ئۆجالان – هەروەک چۆن لەلایەن پەکەکەوە دووبارە ڕوونکراوەتەوە –هەڵوەشانەوە نییە، بەڵکو سەرەتایەکی نوێیە، کە سیاسەت جێگەی چەک دەگرێتەوە. ئەمەش ڕووبەڕووی پرسی سەرەکیمان دەکاتەوە: بنیاتنانی بواری دیموکراتیک کە ڕێگە بە بەشداری سیاسی گەل دەدات.
راستی پرسەکە لە هەڵسەنگاندنە جیاوازەکانی دۆخەکەدایە. بۆ حکومەت پێدەچێت چارەسەری تەنها چەکدانین بێت. بەڵام بۆ بزووتنەوەی کورد، پرسەکە لە بنەڕەتدا پرسێکی سیاسییە، سەبارەت بە ماف و دانپێدانانە. حکومەت دەیەوێت کۆتایی هاتنی پەکەکە و کۆتایی تێکۆشانی چەکداری وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکان ببینێت؛ لە کاتێکدا بۆ کورد خاڵی دەستپێکی پرۆسەیەکی سیاسی نوێی بەرفراوانە."
'لە بنەرەتی پرسەکاندا سیاسەتەکانی دەوڵەت نەتەوە و ئاسمیلەکردن هەیە'
جۆنگێردن ئاماژەی بەوەدا کە بنەڕەتی پرسەکان لە دەوڵەت نەتەوە و سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردندایە و ئاماژەی بە مەترسی بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان کرد و وتی:
"هۆکاری سەرهەڵدانی پرسی کورد، ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی تورکیا وەک دەوڵەت نەتەوە بوو. ئەمە نیشاندەری گواستنەوەیە لە سیستەمی ناناوەندی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کە گرنگیەکی کەمی بە ناسنامەی نەتەوەیی و کەلتووری دەدا، بۆ مۆدێلێکی دەوڵەت-نەتەوەی مەرکەزی. ئەمەش بەس بەواتای دانپێدان ناسنامەیەکی نەتەوەیی بوو.
لە بنەڕەتی کێشەکەدا نەتەوەپەرەستی و پەرەسەندنی توانایەکانی دەوڵەت نەتەوەیە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی ئاسمیلەکردن لە سەرانسەری کۆمەڵگادایە. مەترسی سەرەکی لەم نەتەوەپەرەستیە شەڕەخوازە کە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە دروست دەکرێت کە گروپێک کە لە دەرەوەی ناسنامەی نەتەوەیی پێناسەکراوە، دەبێت سەرکوت بکرێت، لەناوببرێت یان ئاسمیلە بکرێت."
'رۆژئاوا وەک هەرێمێکی جەماوەری کە بە سیاسەتی هەمەلایەنە، سەریهەڵدا'
جۆنگێردن لە قسەکانیدا پڕۆسەی ڕۆژئاوای بە نموونەیەکی گرنگ هێنایەوە و وتی: "کوردەکانی رۆژئاوا لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرامبەر ڕژێمی ئەسەد، داعش و پێکهاتە ناسیۆنالیستی و ئیسلامییە توندڕەوەکاندا هێزیان بنیات ناوە.
جۆنگێردن وتی: "کوردان لەسوریا میکانیزمی بەرگریکردنیان لە دژی ڕژێمی ئەسەد و ئەلقاعیدە پەرەپێدا، دواتر لە دژی داعش لە دژی گروپە میلیشیا ئیسلامی و نەتەوەپەرستە جۆراوجۆرەکان کە لە ژێر ئاڵای سوپای نیشتمانی سوریادا بەڕێکخستن دەکران خۆیان بە هێز کرد.
بەڵام هێزی سەرەکی بزووتنەوەی کوردی بریتییە لە پەرەپێدانی مۆدێلێکی سیاسیە کە رووبەڕووی دەوڵەت نەتەوەی ناوەندی و خەیاڵی بە یەکسانکردنی هەموو شوناسەکانی هەیە. ئەم مۆدێلە بە زاراوەگەلێکی وەک کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و نەتەوەیی دیموکراتیک دەناسرێت.
گرنگترین تایبەتمەندی ئەم مۆدێلە هاندانی خۆبەڕێکخستنی دیموکراتیکە لە خوارەوە بۆ سەرەوە کە ڕێگە بە کۆمەڵگا دەدات ڕاستەوخۆ بەشداری پرۆسەی بڕیاردان بن. ئەمە لەسەر ئەو تێگەیشتنە دامەزراوە کە ژیان لە جیهاندا هەمیشە مانای ژیانە لەگەڵ هەموو چینەکانی کۆمەڵگا، ئەو چینانەی کە لە لایەنی رەگەزی، کەلتووری، نەتەوەییەوە جیاوازن. لە ئەنجامدا، ڕۆژئاوا وەک هەرێمێکی بەرفراوان بنیات نراوە کە بە سیاسەتی هەمەلایەنە و بەشداربوونی هەموو پێکهاتەکانەوە دامەزراوە.
'پێویستە بەربەستەکانی پەیوەندی لە نێوان ئۆجالان و پەکەکە لاببرێت'
جۆست جۆنگێردن ڕایگەیاند بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشیوەیەکی سەرکەوتوو و دروست بەرەوپێش بچێت، دەبێت بەربەستەکانی پەیوەندی نێوان ڕێبە ئاپۆ و پەکەکە لاببرێن و حکومەت قبووڵی بکات کە پرسەکان تەنها پەیوەندی بە پەکەکەوە نییە؛ بەڵکوو زیاتر لەوەیە. سەبارەت بە پرۆسەکە وەها بەردەوام بوو:
"بانگەوازەکەی ئۆجالان نوێنەرایەتی هەوڵێکی بوێرانە دەکات. بەڵام دوو ئاستەنگی بنەڕەتی هەیە کە پێویستە چارەسەر بکرێن، یەکەمیان پەیوەندی بە پێکهاتە و چوارچێوەی دانوستانەکانەوە هەیە، کە هەوڵەکانی پێشووی بەربەست کردووە، ئۆجالان تاڕادەیەکی زۆر لە دووری پرسەکە هێڵدرابوو، بە پێچەوانەوە کە تورکیا لە پروسەی ئۆسڵۆدا لە ٢٠٠٧تا ٢٠١١ لە ڕێگەی میتەوە نوێنەرایەتی دەکرد، بە گفتوگۆکانی دواتری ئیمرالی (٢٠١٣ -٢٠١٥) ئۆجالان بوو بە کەسایەتییەکی ناوەندی، لە کاتێکدا بەرئوەبەرایەتی پەکەکە ڕۆڵی دووەمی هەبوو بۆ ئەوەی هەر دانوستانێک سەرکەوتوو بێت، دەبێت بەربەستەکانی پەیوەندیکردن لە نێوان ئۆجالان و بەڕێوەبەرایەتی پەکەکەدا لاببرێن و دانوستانەکان ڕاستەوخۆ لە نێوان بەرپرسە سیاسییە پەیوەندیدارەکاندا ئەنجام بدرێت.
'دەبێت حکومەت قبووڵی بکات کە کێشەکان لە دەرەوەی پەکەکە زیاترە'
ئاستەنگی دووەم بنەڕەتیترە: چارەسەری سیاسی پێویستی بەوەیە حکومەت قبووڵی بکات کە کێشەکان لە دەرەوەی پەکەکە زیاترە. ئەوەی پێویستە چارەسەر بکرێت، پرسی بەرفراوانتری کوردە، کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ــەوە بوونی هەبووە، پێشتر دوو جار بینیومانە پرۆسەکانی ئاشتی شکستیان هێنا. لە حاڵەتی شکستی دانوستانەکانی ئۆسلۆدا، ناوەندی ئۆسلۆ کە لە دەستپێکردنی پرۆسەکەدا یارمەتیدەر بوو، دواتر گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە حکومەتی تورکیا کەمتر پابەندە بە چارەسەری دانوستانەوە و ڕووی لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و هاندانە ئابوورییەکان کردووە. لە ساڵی ٢٠١٥دا یاداشتنامەی دۆلمەباخچە ڕاگەیەندرا، کە دە ڕێکاری لە سەر چەمکی کۆمارێکی دیموکراتیک و وڵاتێکی هاوبەش بۆ هاوڵاتیان دەست نیشانکرا. ئەم پێشکەوتنە بە گەشبینییەوە پێشوازی لێکرا، لەوانەش لێدوانی پشتیوانی ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتە بوو. ئۆجالان لە پەیامی سەری ساڵی ٢٠١٥دا ئەم هەستەی دووپاتکردەوە و داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری بهێنێت. بەڵام ئەو کاتە هەموو هیواکان زۆر زوو جێگەی خۆی بە توندوتیژی نوێ بەخشی و حکومەت لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و دەستبەرداری پرۆسەی ئاشتی بوو. بۆیە ئەمجارەیان زۆر گرنگە کە ئەو دەستپێشخەرییانەی کە دەکرێن ببێتە هۆی ئەوەی پرۆسەیەکی ئاشتیانە و ڕاستەقینە و بەردەوام سەرکەوێت. ئەمەش ڕەنگە پێویستی بە چاودێری سەربەخۆ لەلایەن لایەنی سێیەمی بە هێزەوە هەیە."