بە دیمەن

باقرخان: لەبەردەم قۆناغێکی هەستیار و هەڵبژاردنێکی مێژووییداین!

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، هەموو شتێکی وشک و نەگۆڕاو دەبێتە هەڵم و بەهەوادا دەچێت، گوتی: " لەبەردەم قۆناغێکی هەستیار و هەڵبژاردنێکی مێژووییداین".

ئەندامانی ئەنجوومەنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆژەڤەکان لە ناوەندی گشتی پارتەکە کۆبوونەوە، هاوسەرۆکانی گشتی پارتەکە تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەیان کرد.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە

پێش کۆبوونەوەکە باقرخان قسەی کرد و گوتی: "جیهانێکی نوێ، ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ بنیات دەنرێت. لە نیوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، سیاسەتی نێونەتەوەیی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدوای ڕێگەیەکی نوێدا دەگەڕێن. ئۆکرانیا بەهۆی شەڕەوە دەسووتێت، غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە وێران بووە. ڕەوشی عێراق نادیارە، سوریا پارچە پارچەیە. هەروەها بەهۆی هێرشەکنی ئیسرائیل و سیاسەتی ئەمنییەوە، ئێران لەنێو گرژیی هەمەلایەنەدایە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم دۆخەدایە. ڕووداوی مەزن هەن و هەموومان دەگرێتەخۆ. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەرکردایەتی وڵاتانی کەنداو لەڕێگەی شەڕەوە دیزاین دەکرێتەوە".

ڕێککەوتنە کۆنەکان هەڵدەوەشێنەوە، هەموو شتێکی وشک و نەگۆڕاو لەناودەچێت

باقرخان گوتی: "ڕێککەوتنەکانی پێشوو یەک بە یەک هەڵدەوەشێنەوە، ڕێککەوتنی نوێ بنیات دەنرێن. گەڕانی دیپلۆماسی و ئەمنی نوێ بەردەوامە. بێگومان لەم نێوەندەدا، ڕێڕەوی وزە و هاوسەنگیی هێز هەن. ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم جۆرەیە، ئەوانەی ناگۆڕێن ناتوانن بمێننەوە. هەموو شتێکی وشک و نەگۆڕاو دەبنە هەڵم و لەناودەچن. دەبێت ئەمە بەباشی ببینرێت. بڕیاری گۆڕانە مێژووییەکەی پەکەکە، دەرئەنجامی تێگەیشتنە لەم ڕەشەبا جیهانییە. هەم تورکیا و هەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم جیهان، لەم تۆفانە جیۆپۆلەتیکییەدا دەیانەوێت ڕێگەیەکی نوێ بۆ خۆیان دیاری بکەن. لەم خاڵەدا، دوو ڕێگەمان لەپێشە: یان قەیران و پشێویی بەردەوام دەبێت، یان ڕێگەی سەلامەتی و ئاشتی دەگرینەبەر کە ڕێگە درووستەکەیە. دۆخەکە تا ئەم ئاستە هەستیار و چارەنووسسازە".

ئێمە ڕێگەی سەلامەتیمان هەڵبژارد، نەوەک کارەسات

باقرخان ڕایگەیاند هەنگاوەکەی باخچەلی و بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و هەڵوێستی ئەردۆغان و بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە، گرنگ بوون، گوتی: "ئەم هەنگاوانە گرێ‌کوێرەیەکی سەدساڵەی کردەوە، ڕووگەکەی لە شەڕەوە گۆڕی بەرەو ئاشتی. ئێمە ڕێگەی سەلامەتیمان هەڵبژارد نەوەک ڕێگەی کارەسات. بەرپرسیارێتییەکی مەزن لەئەستۆی هەموومانە، دەبێت بێ دواکەوتن، ئاشتی بەدی بهێنین".

ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی مێژووییداین

باقرخان ڕایگەیاند درەنگکەوتنی بەدیهاتنی ئەم ئامانجە زیانی ماددیی و گیانی لێ دەکەوێتەوە، گوتی: "لەبەردەم هەڵبژاردنێکی مێژووییدایین. یان پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک لەسەر بناغەی دیموکراتیک دادەڕێژینەوە، یان لەنێو سیناریۆی کارەساتباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەناودەچین".

OSZAR »