زاگرۆس هیوا: بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە ستراتیژی سەردەمی نوێ دیاری دەکات

زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ئاماژەی بە دۆخی ئێستای پرۆسەکە کرد و گوتی: "بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە ستراتیژی ئەم سەردەمە دیاری دەکەن، دانوستان بۆ پرۆسەی ئاشتی هێشتا دەستی پێنەکردووە."

زاگرۆس هیوا

زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاكێن کوردستان (کەجەکە) لە دیمانەیەکی تایبەتیدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک باسی لە ناوەڕۆکی کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکەی کرد و چەندین ڕوونکردنەوەی پێویستیدا تایبەت بە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکە.

زاگرۆس هیوا ئاماژەی بەوەدا کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە ستراتیژی پەڕینەوەیە بۆ سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و دەڵێت: "بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە ناتوانین وەک بڕیاری دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی پێناسە بکەین، باشتر وایە ئەم بڕیارانە وەک بڕیاری سەردەمێکی نوێ بەناوی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێناسە بکەین."

زاگرۆس هیوا جەختی لەوەکردەوە بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەکە پێویستە دەوڵەتی تورکیا زهنیەتی بگۆڕێت و گوتی: "بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ ستراتیژی ئەم سەردەمە دیاری دەکەن، دانوستان بۆ پرۆسەی ئاشتی هێشتا دەستی پێنەکردوە، چونکە هەردوولا لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین، دەوڵەتی تورکیا هێشتاش دەستەواژەی تیرۆر بۆ پرۆسەیە بەکاردەهێنێت، چۆن دەتوانیت لە لایەک باسی ئاشتی بکەیت و لە لایەکی تریش زمانێک بەکاربهێنیت کە هەست و دەرون و ویژدانی گەلی کورد بریندار دەکات، بۆ ئەوەی پرۆسەیەک بە ناوی ئاشتی دەستپێبکات پێویستە سەرەتا زیهنییەتی دەوڵەتی تورک بگۆڕدرێت، ئەو زیهنییەتەی کە کورد وەک تیرۆرست دەبینێت. بۆیە ئەو بڕیارەی کە گیراوە، وەک کۆتایهێنان بە شێوازی چەکداری پێناسەکراوە، هێشتا زووە کە مرۆڤ ئەم دۆخە وەک پرۆسەیەک پێناسە بکات."

زاگرۆس هیوا لە بەردەمییدا گوتی: "کەس باسی دانان و ڕادەستکردنی چەکی نەکردووە، چونکە ئێستا زەمینەی ئەوە لە ئارادا نییە، چونکە هێشتاش تورکیا لە هێرشەکانی دژی گەریلا بەردەوامە، هێشتا تونێل و سەنگەرەکانی بەرخۆدان لە زاپ و مەتینا لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و پەدەکەوە گەمارۆدراون، مەودای نێوان گەریلاکانی ئازادی و سەربازانی تورک ٥٠ بۆ ١٠٠مەترە، لەدۆخێکی وەهادا چۆن دەبێت مرۆڤ چەک دابنێت، بەرلەوەی باسی دانانی چەک بکەین پێویستە باسی پاشەکشێی سوپای داگیرکەری تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان بکەین."

'ئازادای جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مەرجی سەرەکی بەرەپێشچوونی پرۆسەیەکە'

لە درێژە زاگرۆس هیوا جەختی لەوەکردەوە هەموو تێکۆشانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە کە مەرجی سەرکەوتنی پرۆسەیەکە و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ دەستپکی ئەم قۆناغەی دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە سەرپێی خۆی بخرێت و لەچوارچێوەی ئەم سەردەمەدا بڕواتە پێشەوە، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ بە جەستەیی ئازاد بکرێت، لە کەشێکی ئازادانە و تەندروستدا کاربکات خەبات بکات بۆسەرخستنی ئەم پرۆسەیە. ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەش لە ٢٧ـی شوباتەوە تاوەکو ئێستا سێ جار نیازپاکی خۆیان ڕاگەیاندووە و هەنگاوی تاکلایەنەیان ناوە، ئەگەر بەڕاستی دەوڵەتی تورکیا ئاشتی دەوێت پێویستە ڕژێمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمڕاڵی بەتەواوی هەڵبوەشێنێتەوە، هەموارکردنی یاسایی و دەستوری بکات بەشێوەیەک کە کورد مافی هاوڵاتی یەکسان و ئازادی هەبێت لە تورکیادا و وەک پلەدوو سەیر نەکرێت."

 وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەروەی کەجەکە زاگرۆس هیوا لە کۆتاییدا پرۆسەکە وەرچەرخانێکە بۆ دیموکراتیزەکردنی هەرێمەکە و گوتی: "ئەم سەردەمە کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان هەیە لە بواری بەرەوپێشبردنی ماف و ئازادییەکان، وەهەروەها دەستەبەرکردنی دەستکەوتەکان، هەروەها ئەم سەردەمە هاوکار دەبێت بۆ بە دیموکراتیزەبونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

OSZAR »