بنەماڵەی قەیتان و ئاڵتون: ئەرکمانە ڕێپێوانەکەیان بە ئازادی تاجدار بکەین!

"لە قامیشلۆوە تا کۆبانێ، دەیان هەزار کەس خاوەندارییان کرد. هیچمان پێ ناگوترێت شایستەی ئەم خاوەندارییە مەزنە بێت. دیسانەوە دەڵێین: ئەرک و بەرپرسیارێتیمانە کە ئەم ڕێپێوانە مەزنەی هاوڕێ قەیتان و ڕەزا ئاڵتون بە ئایندەیەکی ئازاد تاجدار بکەین".

عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتون

بنەماڵەی عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتوون، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەیان کرد کە بەشداری پرسە و یادکردنەوە و چالاکییەکان بوون.

ڕاگەیاندراوی بنەماڵەی عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتوون، بەم جۆرەیە:

"لە ١٢ ی ئایاری ٢٠٢٥، شەهیدبوونی ئەندامانی بنەماڵەکانمان عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتوون ڕاگەیاندرا. ئەم هەواڵە نەک هەر بۆ ئێمە، بۆ هەموو ئەوانەی شەڕی ئازادی و هەبوونی کورد دەکەن، لەدەستدانێکی مەزن بوو. لەبری ئەوەی ببنە برا و کاک و کوڕێک، ئەوەیان هەڵبژارد کە ببنە بەشێک لە خەونی کۆمەڵگەی کوردستان کە هەر ساتێکی بە ڕەنج و خوێن و هیوا، چنراوە و ئافرێندراوە. لەبری گەڕانەوە بۆ نێو ئێمە، ئەوان ویستیان گۆڕانکاری بکەن. ئێمەشیان کرد بە ڕێبواری ڕێگەی خۆیان. بۆیە، ئازار و لەدەستدانەکەی ئێمە، ئازار و لەدەستدانێکی دەستەجەمعییە. وەک بنەماڵەکانیان، بە شکۆ و سەربەرزییەوە ناوەکانیان هەڵدەگرین.

ئەوان میراتێکی بەهێزیان بۆ جێهێشتین. بۆ ئایندەی ئازادیی گەلانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەر مرۆڤێک کە دژی سیستەم تێدەکۆشێت، باوەڕیان ئافراند. بۆ بەجێهێنانی ئەم باوەڕە، ئیرادەیەکی پتەویان ئافراند. ئەوان زیاتر تەمەنی خۆیان بەخشی بە هاوڕێیانی تێکۆشان و ئەو کۆمەڵگەیەی کە پێشەنگایەتییان دەکرد، نەوەک بە ئێمە. بۆیە یادەوەرییان لەگەڵ هاوڕێ و کۆمەڵگەکەیا زیاترە. بۆیە لە ماڵەکانی ئێمە زیاتر، لەو ماڵانەی لە دەرگایان داون، لەو شوێنانەی جامێک ئاویان لێ خواردووەتەوە، لەو شوێنانەی لێی میوان بوون، کاریگەریان دانا و شوێنەواریی خۆیان جێهێشت. بۆیە لە چوار پارچەی کوردستان، گەل ڕۆڵەکانی خۆی لەئامێز گرت. لە قامیشلۆ تا سلێمانی، لە ئامەد تا تۆرنتۆ و شاری کۆڵن کە ئێمە تێیدا نیشتەجێین، دەیان هەزار کورد لە ئاستێکی بەرزدا خاوەندارییان کرد و بەشێوەیەکی شایستە ماڵئاواییان لە پێشەنگەکانیان کرد. هیچمان پێ ناگوترێت شایستەی ئەم خاوەندارییە مەزنە بێت. دیسانەوە دەڵێین: ئەرک و بەرپرسیارێتیمانە کە ئەم ڕێپێوانە مەزنەی هاوڕێ قەیتان و ڕەزا ئاڵتون بە ئایندەیەکی ئازاد تاجدار بکەین.

کوردان لە هەموو جێیەک بە لێشاو خاوەندارییان لە بەهاکانیان کرد، بەشێوەیەکی بێ‌وێنە خۆیان گەیاند بە ڕیشە و جەوهەری خۆیان، ویستیان خۆیان لە سەرچاوەکانیانەوە بناسن و یادیان بکەنەوە. ئەمە بەهایەکی زۆر بەنرخە و قەرەبوو ناکرێتەوە. ئەوەی بۆ ئێمە دەمێنێتەوە، پاراستن و خاوەنداری و مەزنکردنی ئەم بەهایەیە. بۆ ئەمە دەژین و بەرخۆدان دەکەین و بەهێز دەبین.

بەم بۆنەیەوە، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان و هەموو خەباتکارانی تەڤگەری ئازادی و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە ڕێگەی ئەوانیان گرت و هەناسەیان بە ئێمە بەخشی.

بە ناوی بنەماڵە و هاوڕێکانیانەوە بەڵێن دەدەین، ئەم نەریتە نیو سەدەیە بۆ سەدان ساڵ بپارێزین، کە بە ڕەنج و ئیرادەیەکی مەزن بۆ کوردستانێکی ئازاد بنیاتنراوە. لەم قۆناغەی تێکۆشاندا، وەک ئەوەی لە بەشداریی دەیان هەزار کورد لە یادکردنەوەکاندا بینرا، بەڵێن دەدەین دڵسۆزی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان و بەهاکانی تێکۆشانی ئازادی بین، لەسەر ئەم ڕێچکەیە بەردەوام بین.

شەهید نامرن".

OSZAR »