هاوپەیمانی نەدا بەدروشمی "لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک"، یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی لە شاری سلێمانی بە بەشداری ٢٠٠ ژن لە ١٨ وڵاتی ناوچەکە و ئەفریقا و ئاسیا لە ١٥ی ئایار دەستپێکردو دوێنی شەممە بە هەڵبژاردن و لێدوان کۆتایی پێ هات، بەشداربوانی کۆنگرەکە ڕایانگەیاند کە لە ناو ئەو قەیرانە گەورەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێپەڕدەبێیت پێویستی بە ئاشتییەکی مسۆگەر هەیە، ژنان دەتوانن پێشەنگایەتی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.
'خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکان هەڵسەنگێنران'
تارا حسێن، چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار، لە سەرەتاوە سەرنجی بۆ گرنگی کۆنگرە ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە زۆر بابەتی ئەرێنی و نەرێنی پەیوەست بە ژنان تاوتوێ کران و وتی: "بێگومان ڕێککەوتنەکەی نەدا، لە ساڵی ٢٠١ تا ٢٠٢٥ کار و چالاکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ئەنجامداوە بۆ ئازادی ژنان، بەڕاستی ئەمە کارێکی گرنگە و هاوبەشییەکی گرنگە، کۆنفرانسی یەکەم دوای دامەزراندنی و کۆنفرانسی دووەم لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا وە لە ساڵی ٢٠١٦ لە ئامەد کۆنفرانسێک لەسەر ئەم بابەتە بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ژنان لە ڕووی ئازار و توندوتیژی و ژنکوژییەوە کرا، لەهەمان کاتدا هێز و بەشداری ژنان لە ئاستی سیاسییدا هەڵسەنگێندرا، لە ماوەی دوو ڕۆژدا سەرجەم خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکان هەڵسەنگێنران.
'ڕۆڵی ژنان لەم سەدەیە زۆر گرنگە'
تارا حسێن، لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە بڕیاری گرنگ لە کۆنگرەدا دراوە و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە ئەنجامێکی گرنگ بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئاشکرای کرد: "لەماوەی سێ ڕۆژدا پانێڵی زۆر گرنگ بەڕێوەچوو، بڕیاردرا هەوڵی هاوبەش بکرێت و هاوبەش ئەنجام بدرێت. هەروەها بڕیاری دروستکردنی لیژنەی جیاواز هەیە. نزیکەی ٧ لیژنە دەستنیشانکران، بێگومان ئەگەر ئەم لیژنانە کار بکەن، کارەکە بەرەو پێشەوە دەڕوات بۆ دۆزی ئازادی و مافی ژنان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە قۆناغێکی زۆر گرنگداین کە نەخشەی سەدەی ٢١ دادەنرێت، لەم قۆناغەدا ڕۆڵی ژنان زۆر گرنگە لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و ژیانی هاوسەنگی مرۆڤەکاندا، ئەم کۆنگرەیە بە سەرپەرشتی ژنانی کورد بووە و لە شوێنێکدایە کە ژنان کورد ڕۆڵێکی بەهێزی هەیە، ڕۆڵی ژنان زۆر گرنگە بۆ دیزاینە نوێیەکە، لەم کاتەدا ئەم کۆنگرەیە زۆر گرنگ و بەهێزە و ئەنجامەکانیشی بەهێزن".
'بەوردی باس لە کێشە و هەڕەشەکانی بەردەم ژنان کرا'
ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" ، سەرەتا تیشکی خستەسەر ئەو بابەتانەی کە لە کۆنگرەدا باسیان لێکرا، ئاماژەی بەوەدا کە هەموو ئەو کێشە و ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە گفتوگۆیان لەسەر کراوە، و ڕایگەیاند: "کۆنگرەکە سێ ڕۆژی خایاند ولە ١٨ وڵات ٢٠٠ ژنی چالاکوان ئامادەی بوون، چەندین بابەت باس کران، دوای پەیامی پیرۆزبایی زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەستمان بە گفتوگۆ گرنگەکان کرد، لە بەشی پانێڵ و گفتوگۆ-دا دۆخی ژنان لەو وڵاتانە تاوتوێ کرا کە توندوتیژی تێدایە و مەترسیی لەسەر ژنان تیدا هەیە، گفتوگۆ لەسەر ڕۆڵی ژنان بۆ کۆتایی بە دەسەڵاتی پیاوسالاری کرا، هەروەها بە وردی باسمان لە کێشە و هەڕەشەکانی بەردەم ژنان کرد، گفتوگۆی بەرفراوان و وورد لەژێر چوار ناونیشاندا ئەنجامدرا، ڕۆڵی ژن لە پاراستن و ڕێکخستن لە بەرامبەر سیستەمی سەرمایەداریدا چییە و چ جۆرە خەباتێک پێویستە؟ ئەم خاڵانە وەک خاڵە سەرەکییەکان دەستنیشان کران و گفتوگۆ لەسەر کرا".
'کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی رێگای چارەسەریە'
ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" ، باسی لەوەشکرد کە لەم کۆنگرەیەدا زانیمان کە دۆخی ژنان چەندە سەختە و ڕایگەیاندووە کە کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی تاکە چارەسەرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، و ڕاشیگەیاند: "ڕەنگە زۆربەمان یەکترمان نەناسیبێت و لەڕێگەی ئەم کۆنگڕەوە یەکترمان ناسیبێت، لە نزیکەوە زانیمان کە دۆخی ژنان لە سۆماڵ چەندە سەختە و ڕووبەڕووی چ جۆرە ئەشکەنجەیەک دەبنەوە، هەروەها توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران و بە تایبەت دوای شۆڕشی ژن، دەسەڵاتدارانی ئیران سزای لەسێدارەدانیان بەسەر چالاکوانانی ژن دەرکردووە، ئێمە باشتر یەکترمان ناسی و باسی ئەو بابەتانەمان کرد، پرۆسەی ئاشتی دەستی پێکردووە، لەم کۆنگرەیەدا باس لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی کرا، کە چۆن ئێستا دەتوانێت ژیانی گەلان تێکەڵ بکات بە سەرکردایەتی ژنان، ئەم کۆنگرەیە کە زۆر نەتەوەیی بوو، زەمینە بۆ یەکڕیزی نیشتمانیش خۆش دەکات، لەم کۆنگرەیەدا هەم کێشەی ژنان و هەم چارەسەرەکانی تاوتوێ کرا، چارەسەرەکە کۆنفیدرالیزمی دیموکراسییە".