ئەمڕۆ لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی، دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیی کردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە چەند پرسێکی گرنگی میدیایی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.
دیاری محەمەد سەنجی خستەسەر مەترسییەکانی ژیری دەستکرد و گوتی: "ژیری دەستکرد بابەتێکی ترسناکە کە لە ئێستادا هاتووەتە ناو کاری میدیایی، لە کاتێکدا دەتوانرێت سوود بە کاری میدیایی و ڕۆژنامەنووسان بگەیەنێت، جگە لەوەی مەترسیی لەسەر ڕۆژنامەنووسان هەیە بۆ لەدەستدانی کارەکانیان، سەرەڕای ئەوەش لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ژیری دەستکرد هەواڵی ناڕاست بە بینەر دەدرێت.
لە بەردەوامییدا گوتی: "تا ئێستا لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژنامەنووسی تێدایە، کەیسەکانی ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و ڕادەربڕین وەک پێویست لە دادگاکاندا بە یاسای کاری رۆژنامەنووسی کاری پێوە ناکرێت، داواشمان کردووە هاوشێوەی دادگای سلێمانی بەشێک جیا بکرێتەوە بۆ کەیسەکانی ڕۆژنامەنووسان تاکو بە یاسای ڕۆژنامەنووسی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."
سەبارەت بە ڕووماڵکرنی تاوانی کوشتن، دیاری محەمەد بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان ئەمەی گوت: "قەدەغە کردنی ڕووماڵکردنی تاوانی کوشتن لەلایەن داواکاری گشتیی چارەسەر نییە بەلکو دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکریت و دەبێت لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکانەوە چارەسەر بکریت، هەروەها چەند چالاکییەکمان دەبێت بۆ ڕۆژنامەنووسان تاکو شێوازی ڕووماڵی پرسی کوشتن شارەزا بن و ئەو مافە لە ڕۆژنامەنووسان نەسەندرێتەوە."