هێزە چەکدارییەکانی ئێران کۆڵبەرێکییان کوشت و کۆڵبەرێکی دیکەشییان بریندار کرد

ڕاگەیاندرا هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێران لەسەر سنووری هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستڕێژی گولـلە کۆڵبەرێکییان کوشتووە و کۆڵبەرێکی دیکەشییان بە سەختی بریندرا کردووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە لە ناوچەی سنووری هەورامان کۆڵبەرێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار كرا و  لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی سنووری ژاڵانەی سەوڵاوا لە ناوچەی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەسڕێژی گولـلە لە ئۆتۆمبیلێک کراوە کە کۆڵبەرانی تێیدا بووە و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو."

لە بەردەوامییدا دەڵێت: "ئۆتۆمبێلەکە هیچ جۆرە کاڵایەکی پێ نەبووە، بەڵام لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژی گولـلەیان لێکراوە."

لە کۆتاییدا ئاماژە بەناوەی قوربانییەکان کراوە و هاتووە: "کۆڵبەرە کوژراوەکە ناوی کووروش مورادییە و تەمەنی ٢٠ ساڵە و جەڵكی گوندی سپیاری سەر بە سەوڵاوایە، هەروەها کۆڵبەرە بریندارەکە ناوی ڕزگار وەتەندۆستە و بە سەختی بریندار بووە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە."

جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٥٣ کۆڵبەری کورد کوژراون و ١٣١ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

OSZAR »