پەیوەست بە پرۆسەکەوە؛ پرسی کورد و لێگەڕینی ئاشتی و دیموکراتییەوە نەک بە تەنها لەسەر ئاستی سیاسی، هاوکات لەسەر ئاستی تیۆریی و ئایدۆلۆژیش باسوخواسی گەرمی لەگەڵ خۆییدا کردووەتەوە. هەروەها پەیوەست بە هەنگاونانی پراکتیکی پرۆسەکەوە؛ بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە و نزیکایەتی و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بە پرۆسەکە لەسەر ئاستی و تورکیا و هەرێمەکەیش وەک نیشانەی هاتنی سەردەمێکی نوێ لێکدەدرێتەوە.
یەک لە نوێنەرە کاریگەرەکانی نەریتی مارکسی، فەیلەسوف و کۆمەڵناس میشێل لۆوی لە ڕێگەی ئاژانسمانەوە هەڵسەنگاندی بۆ بابەتەکە کرد.
میشێل لۆوی ئاماژەی بەوەدا بەر لەچەند هەفتەیەک سەردانی ئامەدی کرد، لەوێ چانسی ئەوەی هەبووە لەگەڵ هەڤاڵە چەپە کوردەکانییدا گفتوگۆ بکات و گوتی: "هەستم بەوەکرد هیوایەکی مەزن لەسەر ئەم پرۆسەیە هەڵچنراوە. هیوادارم ئەمە ببێتە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ. هاوکات هیوادارم لەلایەن حکومەتی ئەردۆغانیشەوە هەنگاوی پراکتیکی بنرێت لە پێناو پرۆسەکەدا. هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی لەلایەن حکومەتەوە نەنرێنراوە.
یانی مەبەستمە بڵێن بە ئێستاشەوە زیندانییە سیاسیە کوردەکان لە زینداندان. بە تایبەت کەسێکی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش بە تاوانی بێ بنەما خراوەتە زیندانەوە. وە چەندین کەس لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە و چەندینی دیکەیش لە زینداندان. هیوادارم ئەردۆغان هەندێک هەنگاو بنێت و بە ڕوونی هەندێک گۆڕانکاری ببیندرێت."
کۆمەڵناس میشێل لۆوی بەم شێوەیە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەی هەڵسەنگاند:
"لەوباوەڕەدام بانگەوازییەکەی ئۆجالان جێبەجێ دەکرێت؛ چونکە دامەزرێنەرە، ئایدۆلۆژیی و سەرکردەیەکی مێژوویییە. پەکەکەش بەرمەبنای بانگەوازییەکەی ئۆجالان دەجوڵێتەوە. ڕایانگەیاند شەڕیان ڕاوەستاندووە و نیازیانە کۆتایی بە کار و چالاکییەکانی لە ژێرناوی پەکەکەدا بهێنن. بێگومان هەندێک گەرەنتییان دەوێت. وە ئەوەی دەبیندرێت تا ئێستا ئەم گەرەنتییانە نەڕەخسێندراون. ئەوەندی تێگەیشتووم، پەکەکە گەرەنتی ئەوەی دەوێت بەشداری ژیانی سیاسی و کۆمەڵگەیی ببێت لە تورکیادا. بۆیە دەبێت چاوەڕێبین بزانین چی ڕوودەدات.
پەکەکە گەیشتە ئەو دەرنجامەی بە تێکۆشانی چەکداری ناگات بە ئامانج و جێگەیەک؛ ئەمەش گەیشتنە بە دەرنجامێکی درووست. باوەڕم وایە لە نێو هەلومەرجی نوێدا ئەمە بەرهەمدار نییە. درێژکردنەوەی تێکۆشانی چەکداری هیچ دەرنجامێکی نییە. لێرەدا مافدارن. بەڵام بەبێ گەرەنتییەک کۆتایهێان بە خەباتی پەکەکە و نەڕەخساوی دەرفەتی خەباتی دیموکراتیکی و یاسایی؛ کردنی ئەمە ژیرانە نییە. بۆیە باش لەوەتێگەم بۆچی مکوڕن و گەرەنتییان دەوێت."
لۆوی ئاماژەی بەوەشدا لەو باوەڕەدایە پەکەکە تا وەڵامی ڕوون و کۆنکرێتی بانگەوازییەکەی لە لایەن حکومەتەوە نەبینێت ئەوا بە ئاسان دەستبەرداری تێکۆشانی چەکداری نابێت و گوتی: "بە ئێستاشەوە نیشانەیەکی ڕوونی هەنگاونانی حکومەت لە ئارادا نییە؛ تاوەکو ئێستایش زیندانیکراوان لە گرتووخانەکاندان. بۆیە ڕەنگە لە ئێستادا پرۆسەیەک دەستپێکرابێت، بەڵام بڕیارەکانی پەکەکە شتێکی لەوجۆرە نییە لەماوەی چەند ڕۆژێکدا پێکبهێندرێت."
فەیلەسوف میشێل لۆیی لە ڕوانگەی مارکسییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ پارادایم و فیکرەکانی ڕێبەر ئاپۆ کرد و ئەمەی گوت: "لەو باوەڕەدام فیکرەکانی ئۆجالان لەشێوەی ڕێکخستنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەڵتەرناتیفی سەرمایەدارییە، ئەم شێوەگیرییە فیکرییە جێگەی سەرنجە. مۆدێلێکە هەم کۆمەڵایەتییە، هاوکات مرۆڤ دەتوانێت بڵێت سۆسیالیسی-ئیکۆلۆژی و فێمنیستییشە. بێگومان هەلومەرجەکان لە ڕۆژئاوا زەحمەتە؛ بۆیە پێکهێنانی تەواوەتی ئەم ڕوانگەیە زەحمەتە، بەڵام وێرای ئەمەش ئەم ڕوانگەیە جێ ئیلهامی چالاکی چالاکوانە شۆڕشگێڕییەکانە کە ڕوودەکەنە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەمەش ڕۆژئاوا دەکاتە یەكێک لە سەرنجڕاکێشترین ئەزموونەکانی جیهان، لەگەڵ بزووتنەوەی زاپاستی لە چیاپاس."
میشێل لۆوی تیۆریست و کۆمەڵناسی مارکسی، ڕەخنەکانی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەیی لە مارکسی بەم شێوەیە شرۆڤە کرد:
"خۆم مارکسیم، بەڵام بە تەواوەتی خۆم وەک مارکسییەکی لیبراڵ (ئازادیخواز) دادەنێم. یانی مارکسییەکی لەوجۆرە کە پێموایە دەوتوانرێت سود لە چەندین فیکری ئانارشیستییەکان وەربگیرێت. بۆیە هاوڕوانگەم لەگەڵ بۆچوون و دیدگاکانی مورای بۆکچیندا کە جێ ئیلهامی ئۆجالانە. هاوکات پێموایە ئیکۆلۆژیایش بابەتەێکی بنەڕەتییە؛ ئەمەش خاڵێکی دیکەی هاوبەشەمانە. هەروەها بە تەواوەتی لەگەڵ ڕوانگەکانی ئۆجالاندام پەیوەست بە ڕۆڵی کاریگەری ژنانەوە.
هەموو ئەمانە سەنگین بەلامەوە. بێگومان هەندێک ڕوانگەی فیکری جیاوازم هەیە بۆ نموونە لە لێگەڕینی پلانسازی ئیکۆسۆسیالیست. ڕەنگە ئەمەش لە پێشنیارەکانی ئۆجالان یانیش ئەوەی هەوڵدەدرێت لە ڕۆژئاوا پێکبهێندرێت هەندێک جیاوازتر بێت. بەڵام بانگەشەی ئەوەناکەم خاوەنی چارەسەری ڕەهای هەموو کێشەیەک بم. وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا وێڕای هەموو زەحمەتییەکان، لەمڕۆدا ئەزموونی ڕۆژئاوا یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین ئەزموونەکانی جیهان. بەڵام ئەوەی کە ئەمە دەڵێم مانای ئەوەنییە کە دەستبەرداری فیکرە مارکستییەکانم بووم."